لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كۆمەڵی ئیسلامی گۆشتی قوربانیی تەنیا دەداتە لایەنگرانی حزبەكەی

04/08/2020


تایبەت بە دابڕان

  لە شارۆچكەی بەردەقارەمان كۆمەڵی ئیسلامی لە دووەم رۆژی جەژنی قوربانەوە دەستیكردووە بە دابەشكردنی گۆشتی قوربانی، بەڵام تەنها داویەتی بەو ماڵانەی نزیكن لە حزبەكەوە یاخود ئەندامی حزبەكەن، بەرپرسی ئەنجومەنی بەردەقارەمانی ئەو حزبەش دەڵێت "ئێمە وەكو ئەنجومەن ڕاسپێردراین كە ئاژەڵەكان بەسەر ماڵی هەژاران دا دابەش بكەین ، جگە لە هەژاری هیچ مەرجێكی تریش نەكراوەتە پێوەر".

 

هەندێك ماڵ كە دواتر دەركەوتووە سەر بە كۆمەڵ نین گۆشتەكەیان لێ وەرگیراوەتەوە
چەند سەرچاوەیەك لە شارۆچكەی بەردەقارەمان بە ماڵپەڕی دابڕانیان وت :" كۆمەڵی ئیسلامی لە بەردەقارەمان تەنها گۆشتی خێریان داوەتە ئەو ماڵانەی كە سەر بە حزبەكەن، بە پیكاب ئەو گۆشتەیان دابەش كردووە و هەندێك ماڵ كە دواتر دەركەوتووە سەر بە كۆمەڵ نین یاخود ئیسلامی نین، بەبیانووی ئەوەی بە هەڵە گۆشتیان بۆ هاتووە گۆشتەكەیان لێ وەرگیراوەتەوە.

 

ئەو گۆشتە خێرخوازان داویانەتە ئەنجومەنی كۆمەڵی ئیسلامی
سەرچاوەیەكی تریش بۆ دابڕان وتی:" ئەو گۆشتەی كۆمەڵی ئیسلامی لە بەردەقارەمان دابەشی كردووە چەند كەسێكی نزیكی ئێمە وەریان گرتووە كە ئیسلامین، لەكاتێكدا ئەو گۆشتە خێرخوازان داویانەتە ئەنجومەنی كۆمەڵی ئیسلامی لەم شارۆچكەیە و ئەوان تەنها دابەشیان كردووە و داویانەتە ئەو كەسانەی لە خۆیانەوە نزیكن".

 

بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامی روونكردنەوە دەدات
لەبەرامبەردا كەیوان حسێن ، بەرپرسی ئەنجومەنی بەردەقارەمانی كۆمەڵی ئیسلامی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە:"‎پاش بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە كە گوایە ئەنجومەنی كۆمەڵ لێرە قوربانی ئەنجام داوە و  تەنها بەشی ئەندامانی خۆی لێ داوە بە پێویستمان زانی ئەم بەرچاوڕوونییە بخەینە بەر دیدەی گشت لایەك، قوربانی دروشمێكی ئیسلامە و ئامانج لێی پاككردنەوەی دەروونی ساماندارەكان و تێركردنی هەژارانە ، وە بە گوێرەی شەریعەت دروستە بەسەر سێ بەش دا دابەش بكرێت بەشێك بۆ خۆت و. ماڵ و منداڵت ، بەشێكی بۆ دۆست و. خزم و خوێش و بەشێك بۆ هەژاران ".

‎كەیوان حسێن ئەوەشی خستووەتەڕوو:" دوای ئەوەی لەلایەن خێرخوازێكەوە لە شاری سلێمانی چەند ئاژەڵێك لێرە كرانە قوربانی ئێمە وەكو ئەنجومەن ڕاسپێردراین كە ئاژەڵەكان بەسەر ماڵی هەژاران دا دابەش بكەین ، جگە لە هەژاری هیچ مەرجێكی تریش نەكراوەتە پێوەر ، ماڵە هەژارە یەكێتی و پارتی و گۆڕان و بێلایەنەكان پشكیان بەركەوتووە و جگەلە كورد ٧٠بۆ٨٠ماڵی سوری و عەرەب پێیان گەیشتوە كوائەمانە دەتوانن ببن بە كۆمەڵی ئیسلامی؟ خەڵكی بە ویژدان شاهیدی ئەم ڕاستییەیە".
‎لەبەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەی ، بەرپرسی ئەنجومەنی بەردەقارەمانی كۆمەڵی ئیسلامی هاتووە:" بە داخەوە خەڵكی بێ هیچ سڵەمینەوە و هەڵوەستەیەك و حیسابكردن بۆ قیامەت و ئابڕوو وكەسایەتی هەرچی بیست بێ لێكۆڵینەوە دەست دەكات بە بڵاوكردنەوەی لە كاتێك دا خودای گەورە فەرموویەتی (ۆڵا تَقْفُ مَا ڵیْسَ ڵكَ بِهِ عِلْمٌ] وە لە شتێكیشدا كە زانیاریت نەبوو قسەی تیا مەكە بەتایبەتی لە دیندا، یاخود شایەتی ناحەق مەدە [إِنَّ السَّمْعَ ۆالْبَصَرَ ۆالْفُۆَادَ كُلُّ أُوڵئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا (36)] بەراستی بیستن و بینین و دڵی مرۆڤ هەر هەموو ئەمانە لە ڕۆژی قیامەت خوای گەورە پرسیاریان لێ ئەكات و ئەیانهێنێتە قسە، هەروەها پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی ئەوەندە بەسە مرۆڤ ناوی بە درۆزن دەربكات كە هەرچی بیست بڵاوی بكاتەوە" .

‎لە كۆتایی روونكردنەوەكەشدا بەرپرسەكەی كۆمەڵ نوسیویەتی:" پاشانیش خەڵكی لولەی تفەنگیان كردۆتە شوێنێكی هەڵە ، بە جێی ئەوەی لەسەر كەڕامەت و ئازادی و داهاتی تاك و كۆمەڵ بدوێن،و مافی خوراوی خۆیان لە ستەمكاران  بسەننەوە داوێنی ئەوانە دەگرن  كە سواڵ نەماوە بۆیان نەكەن و نەك ماڵ و مافیان ناخۆن بەڵكو باج نەماوە لەسەر ماڵ و مافی ئەوان نەیدەن، لە كۆتاییش دا وەكو عەرەب دەڵێن. الاقربون اولی بمعروف ، شەرم ناكەین هاوكاری خەڵكی هەژاری خۆمان بكەین لەپێش خەڵكێكی تر". 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure