لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

رێژەی توندوتیژی خێزانی لە عێراق زیادیكردووە

04/08/2020


 
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراق داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات بە پەلە یاسای توندوتیژی خێزانی دەربكات، بەوپێیەی لە ساڵانی دواییدا رێژەیەكی بەرچاو لە حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانی جۆراوجۆر هەر لە خنكاندن و سوتاندن و لێدانی بە ئەنقەست زیادیان كردووە، پاش ئەوەی یاساكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكرا و نێردرا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

فازڵ غەزاوی ئەندامی كۆمسیۆنەكە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند :" حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانی بەهۆی كۆرۆناوە زیادیان كردووە و قوربانیەكانیش ژنان و منداڵانن تەنانەت پیاوانیشی گرتووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا غەزاوی پێداگری لەسەر پرۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی دەكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بەو پێشێلكاریانەی كە رووبەڕووی خێزان دەبنەوە ".

هەر بە پێی بەیاننامەكە، لە ساڵانی رابردوودا توندوتیژی خێزانی بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك هەندێك لە هاوسەران منداڵەكانیان سوتاندووە یان خنكاندووە یان كچەكانیان بە زۆر ناچاری هاوسەرگیری كردووە، هەربۆیە داواكارە لە پەرلەمان پەلە بكات لە دارشتنی یاسایەك و داوا لە حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری دەكات رێوشوێنی پێویست دژی ئەو كەسانە بگرنەبەر كە توندوتیژی ئەنجام دەدەن ".

لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد تەڵاڵ وتەبێژی موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " سەرۆك وەزیران پرۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی پەسەند كردووە ناردوویەتیە ئەنجومەنی نوێنەران تا دەنگی لەسەر بدرێت ".

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure