لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

%87 ی ژنانی ئەفغانی توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت

05/08/2020


 ڕاپۆرتی دابڕان

 زاركا تۆزێك ئومێدی بۆ گەڕایەوە ، پاش ئەوەی دوای 10 هەفتە لە ئەشكەنجە رزگاری بوو،كاتێك پزیكشەكان جلوبەرگەكانیان بۆ دەگۆڕی دوای نەشتەرگەرییەكی جوانكاری بۆ لووتی، پێی وتن " من زۆر دڵخۆشم لووتم بۆ گەڕایەوە ئەمە زۆر باشە ".

چیرۆكی یەكێك لە قوربانییەكانی توندوتیژی خێزانی
زاركا ژنێكی ئەفغانییە ، یەكێكە لە قوربانییەكانی توندوتیژی خێزانی، ئەو بۆ یەكەمجار كە لووتی لەبەر ئاوێنە بینی دڵخۆش بوو.

%87 ی ژنانی ئەفغانی توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت
توندوتیژی لەناو ماڵەكاندا دژ بە ژنان لە ئەفغانسان شتێكی نامۆ نییە ، بەپێی راپرسییەك كە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامی داوە، %87 ی ژنانی ئەفغانستان بەدەست یەكێك لە جۆرەكانی توندوتیژی جەستەیی ، سێكسی ، دەروونی ، یەوە دەناڵێنن.

هەر بەپێی ئەو راپرسییە ، ژنانی ئەفغانی تەنها لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە لێیان نادرێت، بەڵكو كەسوكاری هاوسەرەكانیشیان توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدەن .
زاركا دەڵێت " پێشتریش هاوسەرەكەم زۆری لێداوم ، بەڵام ئەمجارەیان چەقۆیەكی هەڵگرت و لووتی بڕیم ".

هاوسەرەكەم گوومانی لە هەموو شتێك هەیە
وتیشی " هاوسەرەكەم گوومانی لە هەموو شتێك هەیە،  بۆیە هەركات گومانی هەبوایە توڕە دەبوو، ئاسانترین رێگاش بۆ دامركاندنەوەی توڕەییەكەی لێدانی من بوو ".
وەك خۆی دەڵێت 10 ساڵە هاوسەرگیری كردووە ، خاوەنی كوڕێكی شەش ساڵە .

ئەو ژنە ئەفغانییە كە تەمەنی 28 ساڵە ، هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەكردووە لووتی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە ببڕدرێت ".

زاڵمای خان ئەحمەد ، ئەو پزیشكەی نەشتەرگەری جوانكاری لووتی بۆ زاركا ئەنجامداوە ، دەڵێت " ئەو نەشتەرگەرییەی بۆمان ئەنجامداوە یەكێكە لەو نەشتەرگەرییانەی زۆر بە كەمی لە وڵاتی ئێمە ئەنجام دەدرێت ، وتیشی ئەمە یەكەمجار نییە نەشتەرگەری جوانكاری بۆ ژنان ئەنجام بدەین كاتێك رووبەڕووی ئەشكەنجە دەبنەوە لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بەڵكو ئەمە بووەتە كارێكی ئاسایی لێرە .

لە خێزانێكی هەژار لەدایكبووە و خوێندەواری نییە
زاركا لە خێزانێكی زۆر هەژار لەدایكبووە، لە ناوچەیەك بەناوی "خێركوت" كە 250 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و نزیكی سنووری پاكستان ، ئەو بە منداڵی نەخراوەتە بەرخوێندن نە دەزانێت بنووسێت نە دەزانێت بخوێنێتەوە، هەر كە تەمەنیشی گەیشتووەتە 18 ساڵ بە زۆر هاوسەرگیرییان پێ كردووە.

گوندەكەیان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە
ئەوەی بێ بەختی زاركای زیاتر كردووە، گوندەكەیان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە، بۆیە ژمارەیەك لە كەسایەتی ناوچەكە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوچەیە كەوتوونەتە گفتوگۆ تا رێگە بدەن زاركا ببەنە كابوڵ بۆ ئەوەی چارەسەری بكەن.

وەك پزیشكەكەی دەڵێت "كاتێك زاركایان هێنا بۆلام دۆخی زۆر خراپ بوو، لووتی خوێنی زۆری لەبەر رۆشتبوو، بەشێوەیەكی خراپ بڕدرابوو ".
زاركا سەبارەت بە هاوسەرەكەی دەڵێت ، 10 ساڵ لەمەوبەر ماڵەوەمان بەهۆی هەژارییەوە بەزۆر منیان دا بەو پیاوە ، سەرەڕای ئەوەی دۆخی ماددی ئەویش زۆر خراپە و بە خێری دراوسێ و خەڵكی دیكە ژیان بەڕێدەكەین ، دەشڵێت ئەو كاتەی هاوسەرگیریم كرد هیچم لەبارەیەوە نەدەزانی تەنانەت نەمدەزانی تەمەنم چەندە.

دوای چەند ساڵێك دەزانێت ژن بە ژنی پێكراوە
زاركا دەڵێت دوای چەند ساڵێك زانیم مامم بۆ ئەوە هاوسەرگیری بە من ئەنجامداوە، تا خۆی ژنێك لەو ماڵە بخوازێت كە منی پێداون، سەرەرای ئەوەش هاوسەرەكەم دەیەوێت ژنی دیكە بهێنێت و دەڵێت من تۆم خۆشناوێت بۆیە ئەو كارە دەكەم، ترسیشم لە ژیانم هەیە چونكە هەركات توڕە ببێت پەنا بۆ لێدانم دەبات.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure