لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هیند- بەردی بناغەی پەرستگایەكی هیندۆس لە جێگەی مزگەوتێك دادەنرێت

06/08/2020


تایبەت بە دابڕان

 لەماوەی رابردوودا، كردنی كڵێسای ئایا سۆفیا لە ئیستەنبوڵی توركیا بە مزگەوت كریستیانەكانی جیهانی تووڕە كرد و چەندین وڵات كە دانیشتوانەكەی زۆرینە كریستیانن  ناڕەزاییان بەرامبەر توركیا نیشاندا و یونسكۆش بڕیارەكەی توركیای بە هەڵە و تێكدانی پێكەوەژیانی ئایینی لە توركیا ناوبرد، ئێستاش دروستكردنی پەرستگایەكی هیندۆسەكان لە جێگایەكدا كە پێشتر مزگەوت بووە، بووەتە جێگەی نیگەرانی موسوڵمان بەتایبەتیش موسوڵمانانی هیند، چاوەڕوانیش دەكرێت مەسەلەی دروستكردنی ئەم پەرستگا هیندۆسییە وەك بەنزین گڕ بەربداتە ناكۆكییە ئایینیەكان لە وڵاتێكی فرە ئایینی وەك هیند.

 سەرۆكوەزیرانی هیند بەردی بناغەی پەرستگایەكی هیندۆسەكان لەجێگەی مزگەوتێك دادەنێت
دوای نزیكەی 30 ساڵ لە رووخاندنی مزگەوتی بابری لە شاری ئەیودیا لە هیندستان، بە بڕیاری ناریندرا مۆدی، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە دەست بە دروستكردنی پەرستگایەكی هیندۆسی كرا.

مزگەوتی بابری لە مانگی 12ی ساڵی 1992 لەلایەن هیندۆسەكانەوە رووخێنرا و بەهۆی رووخانی مزگەوتەكەش تووندوتیژی كەوتەوە، بەشێوەیەك كە نزیكەی دوو هەزار كەس كوژران، كە زۆرینەیان موسڵمانان بوون.

بڕیاری كردنەوەی پەرستگاكەش لەلایەن دادگای باڵای هیندستانەوە دراوە، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەش بۆ دەستپێكی بونیادنانی پەرستگاكە، لە بەرامبەر خوداوەندێكی هیندۆس بەناوی (رام) نوێژی ئەنجامدا.

ناریندرا مۆدی لەكاتی دانانی بەردی بناغەی پەرستگاكە وتی "خۆشحاڵم كە شاهیدی تۆماركردنی مێژووم، ملیۆنان هاووڵاتیی هیندی باوەڕیان بەوە نەبوو كە ئەم رۆژە دێتە پێش، تەواوی وڵات لەژێر سایەی رام-دایە،رام دروشمی هەمەچەشنەیی و یەكگرتوویی هیندستانە".

سەرۆكوەزیرانی هیندستان وتیشی "چاوەڕوانیی چەندین سەدە ئەمڕۆ كۆتاییهات".

هیندۆسەكان پێیان وایە شوێنی مزگەوتەكە پێشتر پەرستگای ئەوان بووە
بەشێكی بەرچاو لە هیندۆسەكان باوەڕیان وایە كە شوێنی مزگەوتەكە پێشتر پەرستگا بووە و لەلایەن ئەو ئیمپراتۆرە موسڵمانانەوە رووخێنراوە كە لە سەدەی 16 بۆ 19 فەرمانڕەوایی بەشێكی زۆری هیندستانیان كردووە، بەڵام شوێنەوارناسان هاوڕانین لەسەر ئەمە.

ساڵی 1992 مزگەوتەكە لەگەڵ چەند ماڵێكی دەوروبەری ڕووخێندران
ساڵی 1992 هیندۆسەكان سەرەڕای رووخاندنی مزگەوتی بابری، ماڵی چەندین موسڵمانی نزیكی مزگەوتەكەشیان رووخاند.
بەپێی دەستوور، هیندستان وڵاتێكی كۆماریی سیكۆلارە، بەڵام ناریندرا مۆدی و حیزبەكەی دەخوازن بیكەن بە وڵاتێك كە تێیدا هیندۆسەكان مافی تایبەتیان هەبێت.

پەرستگاكە 72 مەتر پان، 91.5 مەتر درێژ و 49 مەتر بەرزییەكەی دەبێت، پێنج گومەزی دەبێت و لەسەر رووبەری حەوت هەزار و 804 مەتر دروستدەكرێت، لە هۆڵێكی نوێژكردن، هۆڵێكی وانەوتنەوە، شوێنی سەردانیكاران و مۆزەخانەیەك پێكدێت، لەبەرامبەریشدا زەوییەكی پێنج دۆنمیی دەدرێتە موسوڵمانان بۆئەوەی مزگەوتێكی نوێی تێدا دروستبكەن.

رووخاندنی مزگەوتی بابری گرژی و ئاڵۆزیی تووندی لەنێوان موسڵمانان و هیندۆسەكاندا دروستكرد، هیندوسەكان دەڵێن، خوداوەندی رام هەزاران ساڵ لەوێدا فەرمانڕەوایی كردووە و شوێنەكە بە پیرۆز دەزانن.

چاوەڕوان دەكرێت بە دروستكردنی ئەو پەرستگایەی هیندۆسەكان لە شوێنی مزگەوتێكی موسوڵمانەكان، گرژی و ئاڵۆزی تووند لەنێوان هیندۆس و موسوڵمانەكان دروست ببێت، وەك چۆن لە رابردوودا چەند جارێك روویداوە.
موسوڵمانانی هیندستان 14%ی رێژەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێكدەهێنن كە دانیشتوانەكەی نزیكەی ملیارێك و 300 ملیۆن كەس دەبێت.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure