لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لێكۆڵەرانی ئیتاڵیا: حزبوڵا دەستیكردووە بە قاچاغچێتی ماددەی هۆشبەر

06/08/2020


تایبەت بە دابڕان

 لێكۆڵەرە ئیتاڵییەكان ماددەی هۆشبەریان لەناو كەشتییەكدا دۆزییەوە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گواستراوەتەوە بۆ ئیتاڵیا،دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو ماددەیە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سووریاوە نێردرابوو.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا كەشتییەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەیشتە كەناری سالیرمۆ لە ئیتاڵیا،پۆلیسی ئیتاڵیا دوای پكشنین بۆیان دەركەوت بڕێكی زۆر لە حەبی ئەمفیتاماین لەناو شتومەكی سەر كەشتییەكدا شاردرابوویەوە ، سەرەتا پێیانوابوو ئەو حەبانە لەلایەن چەكدارەكانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە نێردراوە، بەڵام دوای چەند هەفتەیەك لە لێكۆڵینەوە ئێستا باس لەوە دەكرێت گرووپە چەكدارییەكانی ناو سووریا ئەو ماددەیان ناردووەتە ئیتاڵیا.

ماددەكە چییە و چۆن ئامادەكراوە؟
 ماددەكە بەشێوەی حەب ئامادەكراوە و هەمووی ماددەی ئەمفیتاماینی تێدایە كە ماددەیەكی هۆشبەرە و بە قاچاخ دەفرۆشرێت، ئەمفیتاماین وەكو پاڵنەرێكی خێرای هاتووچۆی خوێن خێرایی گەیاندنی پەیامی مێشك بۆ جەستە بەرزدەكاتەوە.
 پۆلیسی ئیتاڵیا دەڵێت كەشتییەكە نزیكەی 84 ملیۆن حەبی ئەمفیتاماینی تێدابووە كە نرخەكەی لە بازاڕی رەشدا بە یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئیتاڵی ئاشكرایان كردووە، ئەو حەبانە لە سووریاوە هاتوون و لە بەندەری لازقیەوە گواستراونەتەوە، بەلای ئەوانیشەوە لازقیە ناوەندی كارە قاچاغەكانی حیزبوڵایە.

 شوێنی باركردنی ماددەكان لەژێر دەسەڵاتی حیزبوڵادایە
هەرچەندە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نییە كە ئایا حیزبوڵا راستەوخۆ لە گواستنەوەی ئەو ماددەیە بەرپرسە یان نا، بەڵام شوێنی باركردنی ماددەكان لەژێر دەسەڵاتی حیزبوڵادایە، لێكۆڵینەوەكانی پێشووتریش ئاماژەیان بەوە كردووە كە گرووپی چەكداریی حیزبوڵا لایەنێكی چالاكی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرن لە سووریاوە بۆ ئیتاڵیا.

 چاودێرانی رۆژهەڵاتناس چی دەڵێن؟
چاودێرانی رۆژهەڵاتناس دەڵێن، كێشە ئابوورییەكانی لوبنان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا وایانكردووە لە چەند مانگی رابردوودا حیزبوڵا دەستی كردووەتەوە بە قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر لە لوبنان و سوریاوە بۆ ئەوروپا.
هەروەها دەشڵێن ماددەی جۆری كاپتاگۆن یەكێكە لەو ماددانەی كە حیزبوڵا لە 10 ساڵی رابردوودا كاری لەسەر كردووە و ناردوویەتی بۆ ئەوروپا، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەكی دارایی ئەو رێكخراوە.

 

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، حیزبوڵا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە سەرچاوە داراییەكانی كەمیكردووە و لە 10 ساڵی رابردووشدا بە فراوانی كاری لەسەر دروستكردنی ماددەی كاپتاگۆن كردووە و بە قاچاخ گواستوویەتیەوە.

مانگی رابردووش پۆلیسی ئیتاڵیا دەستی بەسەر بڕێكی زۆر لە كاپتاگۆندا گرت و ئەوانەشی كە بە تۆمەتی گواستنەوەی دەستگیركرابوون، پەیوەندییان بە حیزبوڵاوە هەبووە.
 هەروەها لە مانگی شووباتی رابردووشدا، لە ئیمارات پێنج تەن حەبی كاپتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا و لە سعودیە، میسر، ئوردن و یۆنانیش بە هەمان شێوە چەندن تۆن لە حەبی كاپتاگۆن و ئەمفیتاماین دەستیان بەسەردا گیراوە.

پێشتریش ئینتەرپووڵ هۆشداریی دابوو لەوەی حیزبوڵا دەستی لە دروستكردن و گواستنەوەی ئەو ماددانەدا هەیە،جگە لەوەش لە مانگی حوزەیراندا جارێكی دیكە ئینتەرپووڵ ئاماژەی بەوە كرد كە حیزبوڵا دەستیكردووە بە كاری قاچاخچێتی لە بواری ئەڵماسدا و بۆ وڵاتانی ئەوروپای دەگوازنەوە.
چاودێرە ئەمنییەكانی ئەمریكاش پێیان وایە، ئێران هاوكاریی حیزبوڵا دەكات و هەردوولا پێكەوە كاریانكردووە، تەنانەت چەند جارێك بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی كردووە.

 

پەیوەندییان لەگەڵ بازرگانەكانی ئەمریكای لاتین دروستكردووە
لەوبارەیەوە ماتیۆ لۆڤیت، بەرپرسی پێشوو لە ئێف بی ئای دەڵێت " حیزبوڵا لەدوای دروستبوونی و جیابوونەوەی لە هێزی چەكداریی لوبنان، دەستیكردووە بە قاچاغچێتیی ماددە هۆشبەرەكان و ئێستاش پەیوەندییان لەگەڵ بازرگانەكانی ئەمریكای لاتین دروستكردووە.
ئەو بەرپرسەی ئێف بی ئای دەشڵێت " لەدوای شەڕی 2006 لەنێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل، ئێران دەستیكردووە بە ناردنی كەرەستەی دەرمانسازی بۆ حیزبوڵا و ئەوانیش سوود لەو كەرەستەیە وەردەگرن بۆ دروستكردنی ماددەی هۆشبەر كە لە شێوەی حەبدا دروستی دەكەن.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure