وەرگێڕان : چـــێنــەر
پرسیار : ئایا هەر بەڕاستی پەیوەندییەکی مەبەستدار لەنێوان ــ دەقەکانی تەورات و میسۆلۆجیای شارستانێتییەکانی عێراق ـ ی دێریندا هەیە؟ شێوازی ئەم پەیوەندییە چۆنە و سەرنج و بۆچوونی ئێوە دەربارەی ئەو نوسین و تابلۆ و تاتە قوڕینە مێژووییانە چییە ؟ ئایا ئەمانە بەڵگەیەکی ڕاستن بۆ هەبوونی ئەم پەیوەندیە؟
وەڵام : بەڵێ، پەیـوەندی و هاوتابوونێکی گەورە و ڕوون لە نێوان دەقەکانی تەورات و نوســراوە بەجێماوەکانی شارسـتانێتی دۆڵـی دوو ڕووبار(عـێراق)دا هــەیە، ئەم پەیوەندیە بە ڕادەیەکە ئەتوانین بڵێین گەورەترین پێکهێنەر و داڕێژەری تەورات وەرگیراوی میسولۆجیای وڵاتی ڕافیدەینە، ئەم باسە بابەتێکی ڕوون و یەکلابووەوەیە لەنێوان هەموو زانایان و توێژەرانی بواری ئاین، کاتێک کە زانیمان دەقەکانی تەورات سەرچاوەی مەسیحیەت و ئاینەکانی پاشترە، ئەوکاتە دەیشزانین دەقە ئەفسانییەکانی شارستانیەتی عێراقی کۆن سەرچاوەی هەموو ئاینە تاکخواییەکانە، لەم نێوەندەیشا ئاینی [میندائی]ش ئەگرێتەوە کە لەم گواستەوەیەدا پێش تەوراتیش کەوتووە. ئێستا نموونەی هەندێ لەو باسانە دەدەم بە گوێتا کە هاوبەشی نێوان تەورات و دەقە ئەفسانەییەکانی شارستانێتی سۆمەری و پاشان بابلیین، بە نموونەی[ بەدیهاتنی بوون، ئادەم و حەوا، لافاوەکە مەزنەکە "بەسەرهاتی لافاوە گەورەکە لە زۆرینەی گەلانی کۆندا بەربڵاوە، تەنانەت لەنێو شارستانێتی چینیەکانیشدا بەڕوونی ئاماژەی پێدراوە"، مناڵێتی موسا و سەرجۆنی ئەکەدی، غەزەلیاتی دیمۆزی و ئینانا، سرودەکانی سولەیمان ، سفری کۆکردنەوە ، مەزامیر و ..هتد]
پرسیار: گوایە [یەهوا] خودای گەورەی نێو تەوڕات لە خودای کەنعانی [ئیل]وە سەرچاوەی گرتووە، پاشان چووەتە نێو ناکۆکی و ململانێکردنەوە لەگەڵ خوداوەند [بەعل]دا، ئەگەر ئەم بیروڕایەمان زیاتر بۆ ڕوون کەیتەوە؟
وەڵام: سەرەتا [یەهوا] تەنها خودای طقوس و دروشمەکان بوو لەلای عیبرییە کۆنەکان ، [عیبرییەکان]زۆر پێش یەهودیەکان و لەسەردەمی دۆزینەوەی ئاسندا لەو ناوچەیە ژیاون، عیبرییەکان لە چەندین نەتەوەی تێکەڵبوو پێک هاتبوون، کە دواتر بەناوی کەنعانییەکان ناسێنران و بوونە دانیشتوانی ڕەسەنی شام و فەلەستین، [یەهوا] بەوێنەی کوڕێک بوو بۆ خوداوەندی باوک [ئیل]، واتە ئەمیش هاوئاستی خوداوەند [بەعل] بوو ، بەڵام گەلی یەهود لە قۆناغی ــ تاکگەرایی ــ واتە پێش قۆناغی ــ تاکپەرستی ــ هەستان [یەهوا] یان کردە خودای سەرەکی خۆیان، لەکاتێکدا یەهوا لە " ئیل"وە سەرچاوەی گرتبوو کە هەردووکیان خوداوەندی کەنعانیەکان بوون!
پاشان ـ یەهواـ یان کردە گەورەی هەردوو خواوەند ـ ("ئیل و "یەم) و لە پاڵ یەهوای مەزندا ئەمانەیشان ئەپەرست بۆ ئەوەی بەردەوامی بە تاکگەرایەتیەکەی خۆیان بدەن.
بەڵام لە قۆناغی تاکپەرستیدا پلەو پایەی (یەهوا) زۆر زیاتر بەرزکرایەوە، بەشێوەیەک خوداکانی تری بە یەکجاری تێپەڕاند و ڕەتکردەوە و نازناوی خودای [شام]ی پێ بەخشرا، شام بەزمانی عیبری بە واتای ئاسمان دەهات، لەکاتێکا ئەم ناوە کەنعانیەکان بۆ [ئیل] بەکاریان دەهێنا و پێیان دەوت خودای ئاسمان، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەییان یەهود ئەمەیشان کردە موڵکی خۆیان!! جا گاڵتە جاڕییەکە لێرەدا ئەوەیە گەلی یەهود دواتر وتیان ئێمە نەوەی [سامی کوڕی نوحین] ، بەڵکو ئێمە تاکە نەتەوەی سامیین، لەکاتێکا وشەی (سام) وەرگیراوی وشەی (شام)ە و بەواتای ئاسمان دێت و هیچ پەیوەندیەکی بەم ناوەوە نیە! پاشان دەستیان کرد بە ڕاوەدونانی کەنعانیەکان لەناوچەکە و خۆیان کردە نەتەوەی هەڵبژێرداوی خودای گەورەی ئاسمان [یەهوا].
لێرەوە ئیتر هەموو شتێکیان تێکدا. بەڵام من تەواوی گەمەکەیانم بۆ هەمووان کەشف کردووە، بۆ زانیاری ورد و ڕوون لەسەر ئەم باسانە، ئەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم کتێبانەم: ( خوداکانی کەنعان، خوداکانی شام، میسۆلۆجیای شام)
پرسیار : ئەی چی شتێکیان لە زەردەشتییەوە وەرگرتووە؟؟
وەڵام: خودی ئاینی زەردەشتی لە ژێر کاریگەری ئاینەکانی ئاشوری و بابلیدا بووە، زەردەشیەت لە پولێنکردنی گشتیدا سەر بە ئاینە هیندیەکانە، هەروەها زەردەشتیەت زۆر بە بەهێزی کاریگەری داناوە لەسەر ڕەوتە عیرفانیەکان و هەرسێ ئاینەکانی یەهودی و مەسیحی و ئیسلامیش، سەرەڕای ئەوەی کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئاینە ئیبراهیمیەکان و ئاینە هیندیەکان، بەڵام هاوبەشیەکی زۆریش هەیە لەنێوانیاندا. یەهودیەت زۆۆرێک لە بیروباوەڕ و پەرستش و حوکمەکانی نێو ئاینەکەی لە ئاینی زەردەشتیەوە وەرگرتووە، ئەمەیش پاش بەکۆیلەکردنی یەهودیەکان بوو بۆ بابل لەسەردەمی نەبوخەزنەسڕدا، کە بۆ ماوەی چل و پێنج ساڵ له بابلدا مانەوە، لەم ماوەیەدا یەهودیەکان زانیاریەکی ئێجگار زۆریان لە ئەفسانەکانی شارستانیەتی سۆمەری و بابلی و ئاینی زەردەشتیەوە گواستەوە لەگەل خۆیان بۆ ئورشەلیم، هەر لێرەوە بیرۆکەی نوسینەوەی تەورات لە سەر دەستی عوزرای کاتب(عوزێر) وە سەری هەڵدا.. بۆ زانیاری ڕوونتر و زیاتر لەم بارەوە ئەتوانن کتێبی (علم المقارن الادیان) بخوێننەوە..
پرسیار : ئایا ئەفسانە درۆیە و تەنها بەرهەمی مێشکێکی خەیاڵییە و پێویستە ڕەتی بکەینەوە؟ یان نەخێر پێویستە بەڕاستی بزانین چونکە هەڵقوڵاوی ناخی مێژوو و ویژدانی مرۆڤایەتییە؟؟
وەڵام : عەقڵی مرۆڤ درۆ لەگەڵ خودی خۆیدا ناکات، بەڵکو پلەبەندی ئەکا بۆ تێگەیشتن و وێناکردنی بابەتەکانی ژیان، لەهەر سەردەمێکدا تێگەیشتنی مرۆڤ پێشکەوتبێت تێگەشتنی سەردەمەکەی پێش خۆی ڕەتکردۆتەوە و بەهەڵەی زانیووە ، لەکاتێکا هەموو تێگەشتنەکان بۆ سەردەمەکەی خۆیان بەشێک بوون لە زانست، مرۆڤ سەرەتا بە سیحر و جادوو دەستی پێکرد کەخۆی لە خۆیدا جۆرێک بوو لە زانست ، پاشان ئاین و ئەفسانە هات و سیحری بە درۆ و فرت و فێڵ زانی و ڕەتی کردەوە، هەروەها پێی وابوو زانین لە سیحردا شتێکی کۆن و سەرەتاییە و هەڵەیە، پاشان فەلسەفە هات و ئاینی خستە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە، یاخود بەڵگەی لۆژیکی لەبەرامبەریدا هێنایەوە، پاشان زانست بە سەلماندنەوە لەدایک بوو ئەرکی فەلسەفەی قورس کرد و ڕۆڵەکەیشی بچووکتر کردەوە..
"کەواتە" بابەتەکە پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤەوە هەیە بۆ ژیان، ئەگەر مرۆڤ وا تێبگات ژیان هێزێکه دەبێ زاڵ ببیت بە سەریدا، ئەوا سیحر بۆی دەبێتە زانست، بەڵام ئەگەر وا تێبگات ژیان هێزێکە دەبێ ملکەچ بیت بۆی، ئاین و ئەفسانەکان دەبێتە زانست و وەڵام بۆ مرۆڤ، ئەگەر وا تێبگات ژیان بابەتێکە پێویستە تەنها لە ڕێی عەقڵەوە شی بکرێتەوە. فەلسەفە دێتە ئاراوە، خۆ ئەگەر وا تێبگات جیهان لەسەر بنەمای یاساکانی ووزە و فیزیا و کیمیا و بیرکاری...هتد پێک هاتووە، ئیتر زانست و سەلماندن ئەبێتە وەڵام و تێگەیشتن بۆ مرۆڤ، بەم شێوەیه........
لە ئەكاونتى فەيسبوكى وەرگێڕ وەرگيراوە