دانیال دێنیت
وەرگێڕانى: وريا ئەحمەد
سەرچاوە: وێبسايتى گرووپى نێگەتيڤ
لەنێو هیندۆسەکاندا، لەمەڕ ئەوەی شیڤا (Shiva) و ڤیشنۆ (Vishnu) کامیان باڵاترن، بیروڕای جیاواز هەیە، زۆرێک لەسەر ئەم جیاوازییە کوژراون. کتێبی پیرۆزی لینگاپۆرانا (Lingapurana) بەڵێنی بەهەشتی شیڤا بەو کەسە دەدات، هەستێت بە کوشتن یان بڕینی زمانی ئەوەی سوکایەتی بە شیڤا دەکات (Klostermaier: 1994).
لەنێو هۆزی زۆلۆ (Zulu)دا و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی جادووگەرانی هۆزەکە، ئەو سەروەختەی ژنێک ژانی منداڵبوون دەیگرێت، هەندێکجار "ڕۆحی مارئاسای پیرەژنێک" دەردەکەوێت و ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی، کە دەبێت بزنێک یان هەر گیاندارێکی تر، بۆ پێشینانی هۆز، بکرێت بەقووربانی (Lawson and McCauley:1990; 116 ).
گەلی ژیڤارۆ (Jivaro) لە ئیکوادۆر باوەڕیانوایە، ئێوە خاوەنی سێ گیانن. گیانی ڕاستەقینە، هەر ئەو گیانەیە، کە لەسەروەختی لەدایکبوونەوە لەگەڵتاندایە. ئەو سەروەختەی دەمرن، ئەم گیانە بۆ زادگا و شوێنی لەدایکبوونتان دەگەڕێتەوە و لەوێدا بۆ ئەهریمەنێک دەگۆڕێت، دواتر ئەم ئەهریمەنەش دەبێت بە پەپوولەیەکی مەزن و لەکۆتاییدا پەپوولەکەش بۆ گەردوغووبار دەگۆڕێت. گیانی دووەم، بە ئاروتام (arutam) ناسراوە. ئەم گیانە، لەڕێگەی رۆژوگرتن، خۆشۆرین لەژێر تاڤگە و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەدەستدەهێنرێت. ئەم گیانە، فێری نەسرەوتن و بوێرییتان دەکات، وەلێ لە ڕەوتارە چەوتەکانی ئەم گیانە، ئەوەیە، کە لەڕۆژی تەنگانەدا پشتان تێدەکات. دواهەمینیان، گیانی سێیەم، بە موسیاک (musiak) ناسراوە. ئەم گیانە، ئەویدەم خاوەنەکەی دەکوژرێت، هەوڵدەدات لەسەری خاوەنەکەیەوە بێتەدەرەوەو بابای بکوژ، بکوژێتەوە! هەربۆیە دەبێت هەمیشە لەبیرتان بێت، سەری قووربانییەکانتان پانبکەنەوە!
گرنگ نییە پەیڕەوانی ئەم ئایینو بیروباوەڕانە، چی دەڵێن، ئەوەی گرنگە، ئەم چەشنە سرووتو نەریتانە، "ئەزەلیی" نینو هەمیشە بوونیان نەبووە. مارسێل گۆشێ، لەسەرەتای کتێبەکەی لەمەڕ مێژووی سیاسی ئایین، دەنووسێت: ''ئەوەندەی زانیبێتمان، بەبێ هیچ بواردنێک، ئایین لەهەموو شوێن و سەردەمەکاندا بوونی هەبووە''(Marcel Gauchet:1997; 2). بەڵام ڕاستی ئەوەیە، ئەم بۆچوونە، بۆچوونێکی سنووردار و ناڕاستە. لە مێژوودا قۆناغێکیش هەبووە، کە کەوتووەتە پێش سەرهەڵدانی سرووت و بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە. هەرچۆنێک بێت، سەردەمانێک هەبووە، کە هیچ باوەڕدارێک لەسەر ئەم هەسارەیە بوونی نەبووە، سەردەمێک، کە هیچ چەشنە باوەڕێک لەمەڕ هیچ شتێکەوە بوونی نەبووە. بەشێک لە بیروباوەڕە ئایینیەکان، بەڕاستی گەلەک دێرینن (بە گوێرەی پێوەری مێژوویی)، لێ هەندێکی تریان، هێندە تازەن، دەشێت لە ئەرشیفی ڕۆژنامەکاندا، مێژووی سەرهەڵدانیان بدۆزینەوە. هەموو ئەمانە، چۆنچۆنی سەریانهەڵدا؟
هەندێکجار و بەتایبەت کاتێک لەبارەی مێژووی نزیکەوە، بەڵگەی بەهێزمان لەبەردەستدایە، وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، بەئەندازەی پێویست ئەرخەیانمان دەکات. ئەو سەروەختەی ئەورووپاییەکان لە سەدەی هەژدەیەم، لەڕێگەی کەشتییە شکۆمەندەکانی خۆیانەوە، بۆ یەکەمینجار پێیان لەسەر دوورگەکانی ئۆقیانووسی هێمن دانا، دانیشتوانی ئەو دوورگانە، کە بە مێلانیزییەکان (Melanesians) ناسراوبوون، لەبینینی کەشتییەکان و ئەو هەموو خەڵاتو سەوقات و پۆشاکە سەیروسەمەرەی، کە بۆیان هەڵڕێژرا، حەپاسان! تا چاوبڕبکات، ئامراز و کەرەستەی لە پۆڵا دروستکراو، سەدان بوخچەو ڕەفەی پڕ لە پۆشاک و شووشە و کاڵاکانی تر هەبوون، کە هەموو ئەمانە، لە بازنەی تێگەیشتنی دانیشتوانە ڕەسەنکە بەدەربوو. ئەگەر لەمڕۆدا، میوانگەلێکی ناوەخت لە بۆشایی ئاسمانەوە دابارێن بەسەرماندا و خاوەنی تەکنۆلۆژیای سەیروسەمەر بن، بەجۆرێک هەرکات ویستیان، بتوانن بەسەرماندا زاڵببن، ئەویدەم پەچەکرداری ئێمەش، تاڕادەیەک هاوشێوەی هەمان ئەو پەچەکردارەی مێلانزییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەبێت. ''دەبێت بەشێک لەم کاڵا و کەرەستانە بۆ خۆمان فەراهەمبکەین، دەبێت فێربین چۆنچۆنی هێزی جادوویی ئەم میوانانە وەچنگبخەین''. بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بارودۆخەکەو وەچنگخستنەوەی ئاسایش و دەسەڵاتمان لەبەرانبەر بێگانەکاندا، ئەگەر نەختێک زیاتر هەوڵ و کۆشش بدەین و لەم پێناوەدا پشت بە زانینی خۆمان ببەستین، دەشێت ئەم بێگانە پێشکەوتووانە، کە لەئێمە باڵاترن، دووچاری شۆک بکەین. ئەو ئەنجامەی، کە مێلانزییەکان بەدەستیان هێنا، جێگای سەرسووڕمان بوو. ئەوان پێیانوابوو، ئەورووپاییەکان، هەر هەمان پێشینان و باووباپیرانی خودی ئەوانن، کە بەپۆشاکی سەیروسەمەرەوەو بە سەرەوەت و سامانی بێ ئەندازەوە، لە دونیای مردووەکان گەڕاونەتەوە، ئەمانە نیوەخودایانێکن، دەبێت بپەرەسترێن! کاتێک، لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، موژدەدەرانی لۆتەریی(Lutheran) گەیشتنە پاپواگینای نوێ(Papua New Guinea)، تاوەکو مێلانزییەکان بۆ ئایینی مەسیحیی بانگهێشت بکەن، خۆیان لەبەرانبەر ژمارەیەک مرۆڤی بەدگوومان و سەرسەختدا بینیەوە! مێلانزییەکان، بەو جۆرە تێدەفکرین، کە بۆچی ئەمجارە ئەم پێشینانە چرووکو چاوچنۆکانە، بەم پۆشاکە نامۆ و گۆڕاوەیانەوە، کاڵا و کەرەستەکانیان بۆ خۆیان گلداوەتەوە و تەنیا هەوڵدەدەن ناچارمان بکەن وێردی سوپاس و ستایش بخوێنین؟
چەندین و چەندجار، ئەم چەشنە فیرقە و گرووپە کاڵاپەرەستانە، لە زۆنی ئۆقیانووسی هێمندا دەرکەوتوون. لەسەروەختی جەنگی دووەمی جییهانیدا، هێزەکانی ئەمریکا چوونە ناو دوورگەی تانا (Tana)ەوە. ئامانجی ئەم هێزە ئەوەبوو، هەزار کەس لەدانیشتوانی دوورگەکە وەک کرێکار ناونووس بکەن، تاوەکو بنەکەیەکی ئاسمانی و بنکەیەکی زەمینییان لەدوورگەی ئێفات (Efate Island)ی دراوسێی دوورگەی تانادا، پێدروستبکەن. ئەو دەمەی، ئەم کرێکارانە ئەرکەکەیان تەواو دەبێت و بۆ دوورگەکەی خۆیان (تانا) دەگەڕێنەوە، ڕستێک حەکایەت و بەسەرهاتیان لەبارەی ئادەمیزادە سپیپێست و ڕەشپێستەکان، بۆ دانیشتوانی دوورگەکە گێڕایەوە. ناوەڕۆکی ئەو حەکایەت و بەسەرهاتانە، هەمووی ئەوەبوو، کە گوایە ئەو مرۆڤانە خاوەنی شتانێکن، لە خەیاڵدانی خەڵکانی تانادا جێگەی نابێتەوە. هەر ئەوەندەی ئەم بەسەرهاتانە بەنێو هەموو دانیشتووانی تانادا بڵاوبوویەوە، هەیاوهوویەک بەرپابوو، ئەو سەری دیارنەبێت. زۆرێک لەدانیشتوانی ئەم دوورگەیە، کە لە سەردەمانی زوودا و لەڕابردوودا، لەڕێگەی موژدەدەرە بەریتانیایەکانەوە، باوەڕیان بە ئایینی مەسیحیی هێنابوو، دەمودەست وازیان لە کەنیسە هێناو لەبری ئەمە، هەستان بەدروستکردن و بونیاتنانی بنەکەی ئاسمانی، کۆگا و بورجی رادیۆ، هەموو ئەمانەشیان لە قەدی درەختی بامبۆ دروستکرد! ئەم تاقمە باوەڕیانوابوو، ئەگەر ئەنجامدانی ئەم ڕێوڕەسمانە بۆ ئەمریکایەکان لەدوورگەی ئێفات، وەڵامگۆ بووبێت، کەواتە بۆ ئەمانیش لەدوورگەی تانا وەڵامگۆ دەبێتو مرازیان حاسڵ دەبێت! لە درەختی بامبۆ، پەیکەری فڕۆکە، کڵاوخوود و چەکی ئەمریکیی دادەتاشراو وەک ڕەمزو هێمای مەزهەبی، بەکاردەهێنران. دوورگەنیشینانی تانا، لەڕێگەی تاتۆ و خاڵکوتانەوە، ناوی وڵاتی ئەمریکایان لەسەر جەستەی خۆیان دەنووسیو بەکۆمەڵ ڕێپێوانیان ئەنجامدەدا، سەرئەنجام، کار بە ئەو شوێنە گەیشت، کە جۆن فرۆم (John Frum) وەک مەسیحی بەڵێن پێدراوی خۆیان بناسێنن! گوایە ئەم جۆن فرۆمە، سەربازێکی ئەمریکایی بووە. هەڵبەت دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە لەئەرشیفی سەربازیی و سوپای ئەمریکادا، ناوێکی لەم شێوەیە بوونی نییە! واتە هیچ بەڵگە و مەدرەکێک، بوونی نییە، کە بیسەلمێنێت، سەربازێک بەو ناوەوە بوونی هەبووە!
سەروەختێک جەنگ دوایی پێهات و کۆتا سەربازی ئەمریکی ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت، دوورگەنیشینان پێشبینیانکرد، کە گوایە جۆن فرۆم ڕۆژێک لەڕۆژان دەگەڕێتەوە. ئەم بزاڤە شێوە ئایینیە، درێژەی بە هەبوونی خۆی دا و لە ١٥ی فێبریوەری ساڵی ١٩٥٧دا، ئاڵای ئەمریکای بەسەر کەنداوی سۆلفۆر (Sulphur)ەوە هەڵکرد، تاوەکو بەکردەیی، ئایینی جۆن فرۆم ڕابگەیەنێت. هەموو ساڵێک لەو مێژووەدا، یادی ڕۆژی جۆن فرۆم دەکرێتەوەو جەژن بەرپادەکرێت. ئەم خەڵکە باوەڕیانوایە، جۆن فرۆم هاوڕێ لەگەڵ دەستەو تاقمەکەیدا، لە گڕکانی یاسوور (Yasur) چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکات، تاوەکو کاڵا وکەرەستەکانی خۆی، بە دانیشتوانی تانا ببەخشێت. لەسەروەختی بەرپاکردنی جەژن و کەرنەڤاڵی جۆن فرۆمدا، ئەوانەی بەئەزموونن، هاوشێوەی سوپایەکی ڕەمزی و بەدەم سەمای سوونەتیی ناوچەکەوە، مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەدەن. هەندێک چەکی ڕەمزی لە قەدی بامبۆ دروستکراو بەدەستەوە دەگرن، یان وەک یادەوەرییەک کڵاو، تی شێرت و چاکەت لەبەردەکەن. ئەم خەڵکە پێیانوایە، ڕێوڕەسمەکانیان، کە ساڵانە ئەنجامیدەدەن، جۆن فرۆمی خودا لە هەناوی گڕکانەکە دەردەهێنێت و کاڵای خۆشبەختی بەسەر هەموو دانیشتوانی دوورگەکە دەبەخشێتەوە (MotDoc: 2004).
دیسان سەرهەڵدانی ئایینێکی تر، کەمێک پاشتر و لەساڵی ١٩٦٠، لە دوورگەی بەریتانیای نوێ(New Britain Island) و لە پاپوا گینیای نوێ، فیرقەی پۆمیو کییڤونگ (Pomio Kivung) بونیاتنرا و تائێستاش بەردەوامن!
فێرکارییە ئایینیەکانی ئەم فیرقەیە، لەسەر چەند بنەمایەکی هەمەجۆر دامەزراوە: پابەندبوون بە دە فەرمانەکەی تەورات(ڤێرجنە ڕیفۆرمکراوەکەی!)، جێبەجێکردنی وردو دەقیقی ڕستێک سرووتو ڕێوڕەسمی دیاریکراو، وەک پارەدان بۆ کڕینەوەی سزاکان، کە ئامانج لەمە، ئەوەیە مرۆ لەگوناهەکانی پاک ببێتەوە، هەروەتر، ئەم کارە بۆ سەلامەتی دڵو دەروون باشە، سەلامەتی دڵ و دەروونیش دەبێتەهۆی ئەوەی هەرچی زووتر، پێشینان بگەڕێنەوە. گرنگترین بەشی ئەم ڕێوڕەسمانە، بەئامانجی دڵدانەوەو ئاسوودەکردنی پێشینان، ئەنجامدەدرێت. گوایە پێشینان، کۆمەڵەیەکیان بەناوی (دەوڵەتی گوند) پێکهێناوە، کە خودی خودا ڕابەرایەتی دەکات. کۆمەڵەکە، ئەو دەستەیە لە پێشینانو باووباپیران لەخۆدەگرێت، کە بەر ڕەحمەت و لووتفی ئیلاهی کەوتوون.
ڕێبەرانی ڕۆحیی فیرقەی پۆمیۆ کیڤۆنگ ئەمانەن، کۆریام (Koriam)بونیاتنەری فیرقەکە، بێرنارد (Bernard)ی یاریدەدەری سەرەکیی کۆریامو، کۆڵمان (Kolman)ی جێنشینی کۆریام. ئەم سێ کەسە، لەڕوانگەی پەیڕەوانی فیرقەکەوە، ئەندامی دەوڵەتی گوندنو بەپیرۆز و مەلەکووتی ئەژماردەکرێن. سەربار، ئەم سێ کەسە، لە دونیای ماددیدا، لەسەر زەویو بەتایبەت لەناوچەی پۆمیۆ نیشتەجێبوون، وەلێ بەدرێژایی ماوەی مانەوەیان، گیانیان هاونیشینی گیانی پێشینان بووە.
خۆپاریزیو پاکژبوونەوە لەگوناە لەئاستی گشتیدا و بەگوێرەی پێویست، مەرجی یەکلاکەرەوەیە لە ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گەڕانەوەی پێشینانو دەستپێکی سەردەمی کۆمپانیاکان (Period of the Companies)! سەردەمی کۆمپانیاکان، چاخێکە لێوانلێو لەخۆشگوزرانی بێوێنە. ئەم چاخە، چاخی گواستنەوەی زانین و بونیاتنانی ژێرخانی پیشەسازییە بۆ بەرهەمهێنانی شمەکە سەرسوڕهێنەرەکانی دونیای تەکنۆلۆژیا و کەڵەکە کردنی سامانی ماددی، کە دونیای خۆرئاوا لەم بوارەدا سوودمەندە (2002; 90 :Lawson and McCauley).
پێدەچێت ئەم نموونانە، دەگمەن و جیاوازبن. ڕەنگە پێتانوابێت، ئایینی ئێوە، ئەو زەمانە سەریهەڵدا، کە حەقیقەتی ڕەسەن لەلاین خوداوە، بۆ کەسێک نازڵکراو ئەویش بۆ ئەوانیتری گواستەوە. ئایینەکەی ئێوە، لەمڕۆدا گەشاوەتەوەو پەرەی سەندووە، چونکە ئێوە و هەموو هاوئایینەکانتان، ئەوە دەزانن، کە ئایینی ئێوە ئایینی ڕاستییە، کەواتە خودا ڕەحم و بەزەیی بەسەر ئێوەدا باراندووە و هانیداون دەست بە باوەڕی خۆتانەوە بگرن. ئەم بابەتە بۆ ئێوە، بەم جۆرە سادە و ساکارە! بۆچی ئایینەکانی تر بوونیان هەیە؟ ئەگەر ئایینەکانی تر، بەهەڵەداچوون، کەواتە بۆچی سرووت و ڕێوڕەسمەکانیان، هاوشێوەی تیۆری و نەریتە هەڵە و فەرامۆشکراوەکانی بواری کشوکاڵ و تەلارسازی، لەنێو نەچووەو فەرامۆشنەکراوە؟ ڕەنگە وا بیربکەنەوەو پێتانوابێت، بەکاتی خۆی ئەوانیش لەنێو دەچنو تەنیا تاکە یەک ئایینی ڕاست و دروست دەمێنێتەوە، کە ئەویش ئایینەکەی ئێوەیە. بەدڵنیاییەوە، ڕستێک بەڵگەو بیانوو لەپشتەوەی ئەم باوەڕە، بوونیان هەیە. جیا لەو چەند ئایینە سەرەکییەی دونیای ئەمڕۆ (واتە ئەو ئایینانەی، ژمارەی پەیڕەوکارانیان، لەسەدان هەزارکەس یان لە سەدان ملیۆن کەس تێپەڕدەکات)، هەزاران ئایینی تر بوونی هەیە، کە ژمارەی پەیڕەوانیان کەمترە. ڕۆژانە دەرکەوتنی دوو یان سێ ئایینی تازە تۆماردەکرێت، کە درێژی تەمەنیان، لە دەساڵ تێپەڕناکات. هیچ ڕێگایەک بۆ ناسینی ئەو ئایینانەی بەدرێژایی دە یان پەنجا یاخۆ سەدان هەزاساڵی ڕابردوو، پشکووتن، بوونی نییە. تەنانەت ڕێیتێدەچێت، ژمارەی ئەو ئایینانە لە ملیۆن تێپەڕبکات، وەلێ هیچ پاشماوەیەکیان لێ نەماوەتەوە و بۆ هەمیشە لەنێوچوون.
ئەگەر کەمێک چاو لەو دیرۆکە ئێجگار دێرینانە بپۆشینو نەختێک مروونەت بنوێنین و سەرنجی مێژووی ئایینەکانی تریش بدەین، دەبینین مێژووی هەندێک لەئایینەکان بۆ چەند هەزارەیەکی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. کەنیسەی مۆرمۆن، وەک بەناوە فەرمییەکەیدا دیارە، دووسەدساڵ نابێت دەرکەوتووە. تەمەنی پرۆتستانس پێنجسەدساڵ، تەمەنی ئیسلام هەزار و پێنج سەد ساڵ، تەمەنی مەسیحییەت دوو هەزار ساڵ و تەمەنی ئایینی جوو چوار هەزار ساڵ تێپەڕناکات.
لەڕوانگەی بایۆلۆژییەوە، ئەوەی هێمای بۆ کرا، بە ماوەیەکی گەلەک کورت دێتەئەژماردن. تەنانەت بە بەراورد بە ماوە کولتوورییەکانی تریش، هێشتا تەمەنی ئەم ئایینانە، یەکجار کەمە. پێشینەی کولتووری کشتوکاڵی، بۆ زیاتر لە دەهەزارساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، نووسین، پێنج هەزارساڵێکە سەریهەڵداوە، مێژووی زمان، کێ دەیزانێت؟! پێدەچێت تەمەنی زمان چل هەزارساڵ و ڕەنگە دەجار و بیستجار زیاتریش بێت. تەمەنی زمان، بابەتی توێژینەوەیەکی بێوچانە. لەبەرئەوەی هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن، کە زمانی ئاخاوتنی سرووشتی، لە منداڵدانی زمانە سەرەتاییەکانەوە لەدایکبووە (پێدەچێت خودی ئەم زمانە سەرەتاییانەش، بەدرێژایی سەدان هەزارساڵ پەرەیانسەندبێت)، هەر بۆیە لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی زمانەوە، هیچ کۆڕاییەک بوونی نییە. داخۆ زمان لەئایین دێرینتر نییە؟ بە هەرچەشنێک مێژووی سەرهەڵدانی زمان دیاری بکەین، هێشتا زمان زۆر زۆر لە هەموو ئایینەکانی ئەمڕۆ یان لە هەر جۆرە ئایینێک، کە سەرەداوێکی مێژووییمان لەسەری هەبێت، کۆنتر و دێرینترە. کۆنترین بەڵگەی دیرۆکیی، کە لەسەر ئایین لەبەردەستدا بێت، گۆڕستانە پر لە نەخشونیگارەکەی کرۆماگنۆن (Cro-Magnon)ی کۆماری چییکە، مێژووی ئەم گۆڕستانە بۆ بیستوپێنج هەزارساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە. هەرچەند وتنی ئەمە ئاسان نییە، وەلێ دەشێت دیاردەیەکی هاوشێوەی ئایین، هەر لەسەرەتاکانی پژانی زمانەوە، یان تەنانەت پێش ئەوەش، بوونی هەبووبێت. پێش ئەوەی دیاردەیەکی وەکو ئایین سەرهەڵبدات، پێشینانی ئێمە چۆنچۆنی بوون؟ ئایا وەکو دەستەو گرووپی شەمپانزەکان وا بوون؟ ئەگەر لەسەر بابەتێکی جیا لە خۆراک، ڕاوچی و ململانێ بۆ وەچنگخستنی ڕەگەزی بەرانبەر، گفتوگۆیان کردبێت، ئەوا ئەو بابەتە چی بووە؟ ئاووهەوا؟ درۆودەلەسە؟ ئەو خاکو زەمینە دەروونیی و کولتوورییە چۆنچۆنی بووە، کە بۆیەکەمینجار، ئایین ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتا؟
...ئایین، وەڵامگۆی نیازێکی مەزنە و بەدەردی مرۆڤایەتی دەخوات! ئەم دەربڕینە، پاساوێکی گونجاوە بۆ ئەو کات و وزەیەی، لەپای ئاییندا بەفێڕۆدراوە. ئەو بەڵگە فەرمییانەی وەک بیانوویەک، بۆ زەروورەتی هەبوونی ئایین دەهێنرێنەوە، بەم شێوەیەن:
دەوای ئازار و مەینەتییەکانەو چارەی ترسی ئێمەیە لەمەرگ.
ڕوونکردنەوەیەکی گونجاوە بۆ ئەو دیاردە و باباتانەی، کە بە ڕێگای تر ڕوون ناکرێنەوە.
هاندانێکە، بۆ هاوبەشی و هاریکاریی و دەستگرۆیی کردن لە دەمی مەینەتی و جەنگ دا.
هەزاران کتێب و نامە، بەمەبەستی بەرگریکردن لەو بانگەشانەی لای سەرەوە، نووسراون، هەڵبەت دەبێت تاڕادەیەک هەق بدرێت بەم ئایدیا ئاشنایانە، کە لەهەوڵی قنیات پێهێنانی ئێمەدان. دەشێت ڕاست بن. بەڵام ئەگەر بەو سێ خاڵەی سەرەوە، یان بە یەکێکیان ڕازی بیت، ئەوا لەئاست ئەو بێ سەرەوبەرەییەی، کە یەخەی زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی گرتووە، ڕازیت؛ ئەمەش واتە ئەرخەیان بوون، پێش ئەوەی کاتی بنجکۆڵی دەست پێبکات (ئاوهاتنەوە. پێش ئەوەی پرۆسە راستەقینەکە دەست پێبکات). هێشتا زۆر بابەت ماون، کە پێویستە لەبارەیانەوە پرسیار بکرێت و تێگەیشتن دروستبکرێت. بۆچی هەندێک ئایدیای تایبەت، ئارامی و ئاسوودەیی بە خەڵکی دەبەخشن؟ (بەدروستی بۆچی مایەی ئارامی و ئاسوودەیین؟ ئایا ناشێت و ناکرێت ئایدیای تر بدۆزرێتەوە، کە ئارامی و ئاسوودەیی زیاتری تێدابێت؟). بۆچی هەندێک ئایدیای تایبەت، کە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوە تەمومژاوییەکان بەگەڕدەخرێن، لەگەڵ زەوق و سەلیقەی خەڵکیدا دێنەوە؟ (چۆنچۆنی ئەم ئایدیایانە سەریانهەڵدا، ئایا کەسێک، کە دەشێت دواتر بە زڕەزانای_بەدەوی بانگی بکەین، دەستی بە تیۆرییەکی میتافیزیکیی ڕاگەیشت و دواتر لەنێو دەرودراوسێیاندا بڵاوی کردەوە و لیرەوە ئایدیاکان سەریانهەڵدا؟). چۆنچۆنی هەندێک لە ئایدیا تایبەتەکان، لەناو هەلومەرجێکدا، کە دڵەخوورپەو بەدگوومانیو بێمتمانەیی بوونیان هەبوو، توانیان سەرکەوتووانە هاریکاریی بەکۆمەڵ بەباربهێنن؟ (دیسان دەپرسینەوە، چۆنچۆنی ئەم ئایدیایانە سەریانهەڵدا؟ داخۆ سەرەک هۆزێک، زیرەکانەو بەمەبەست دەستی بۆ داهێنانی ئایین برد، تاوەکو هۆزەکەی لە مەیدانی ململانێ لەگەڵ هۆزی نەیاردا، خاوەندارییەتی لە تایبەتمەندیی کاری پێکەوەیی بکەن؟).
هەندێک پێیانوایە، لەمەڕ پرۆسە و لێکەوتەکانی نێو هەناوی رابردووە دوورەکان، جگە لەم گریمانەو گوومانە سادانە، کارێکی باشترمان لەدەست نایەت. بەهەق، ژمارەیەک لەوان، لەسەر ئەم بابەتە گەلەک پێداگرنو هەڵبەت ئەم تینوتاوەیان، ترسە لەوەی نەوەک شێوازی تێفکرینی خۆیان هەڵەبێت، کە هەڵەیە. لەسایەی خێرو بەرەکەتی پێشکەوتنەکانی زانست لە کایە و بوارە جیاجیاکاندا، ئەمڕۆکە ئێمە دەتوانین چەقۆی پرسیار تیژبکەین و میوەی وەڵام پاک بکەین.