لە پاش حەفتا ساڵ لە ڕاگواستنیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزمانە، هێشتا جووە عێراقییەكان سۆزیان بۆ وڵاتەكەیان هەیە كە بەشێكیان بە نهێنی دەگەڕێنەوە یان نامەی ئەلیكترۆنی بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكانیان دەنێرن و بە دوای مێژووی خانەوادەكانیان و موڵكە زەوتكراوەكانیاندا دەگەڕێن، كە بە نزیكەی ١٣ هەزار موڵك دەخەمڵێنرێت.
جووەكانی عێراق لەبەر مەترسیی بەئامانجگرتنیان ناوێرن خۆیان ئاشكرا بكەن. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بە پێی بەدواداواچوونی “ئاژانس” ئەو ژمارە كەمەش كە هێشتا مابوونەوە عێراقیان جێ هێشتووە.
ئەو جێهێشتنە كە لەسەر خواستنی خۆیان نەبووە وای لێ كردوون هاوسۆزییان بۆ زێدی پێشوویان بمێنێت.
بە پێی زانیارییەكان، لە دوای كۆتاییهاتنی داعش و مەترسییەكانی لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، بەشێك لە جووەكان بە نهێنی گەڕاونەتەوە بۆ بەسەركردنەوەی ئەو مێژووە بەجێماوەی پێشتر هەیانبووە.
ئەو ڕەوشە وای كرد كە موقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سائیروون لە ساڵی ٢٠١٨ پێشوازی لە گەڕانەوەیان بكات كاتێك وتی: “ئەو جووانەی عێراق دەخەنە پێش ئیسڕائیل و دەگەڕێنەوە، جیاوازییان نییە لەگەڵ مسوڵمان و مەسیحییەكاندا“.
لە پاش دروستكردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە چلەكانی سەدەی ڕابردوودا، سەرەتا جووەكان بە ویستی خۆیان لە عێراقەوە كۆچیان كرد و دواتریش بە زۆرەملێ دەسەڵاتدانی عێراق ناچاریان كردن وڵات بەجێ بهێڵن كە بەشێكیان فریای ئەوە نەكەوتن موڵك و ماڵەكانیان لەگەڵ خۆیان ببەن .
غەسان مەجید لێكۆڵەر لە كاروباری جووەكانی عێراق وتی: “لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ زۆربەی موڵكوماڵی جووەكان دەستیان بەسەردا گیراوە، هەرچەندە پێشتر ئەو موڵكانە وەك بەشێك لە ئاسەواری مێژوویی پارێزگارییان لێ كراوە و دۆسییەی ئەو موڵكانەش یەكێكە لە پرسە هەستیار و ئاڵۆزەكان“.
وتیشی:“گەڕانەوەی جووەكان بۆ عێراق بە پێی دەستوور مافی پێ دراوە وەك خاوەن زەوی بە تایبەت كە خاوەنی نۆ پێگەی ئایینین و لە بۆنەكانیاندا پێویستە سەردانی بكەن، لەوانە مەزاری یوشەع كۆهین لە بەغدا و نزارگەی یوسی جەلیلی و یوسی هەجیلی لە سنووری موسڵ و مەزاری حزقیال لە حللە”.
لە ئێستادا ژمارەی ئەو جووە عێراقییانەی لە ئیسڕائیل دەژین ٤٥٠ هەزار كەس دەبن كە كەسایەتیی دیاریان تێدایە، لەوانە عوفادیا یوسف حاخامی بەناوبانگی ئیسڕائیلی و سەرۆكی جووە سەفاردییەكان.
لە دوای دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عێراق، جووەكان وەك نەخوازراو مامەڵەیان لەگەڵدا كرا بە تایبەت كە بەغدا ئەو كات بە ڕووكەش لە ململانێدا بوو لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەو ڕەوشە بۆ دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەرێژەی كێشا بە تایبەت كە گرووپە ئایینییە شیعەكان لە عێراق باڵادەست بوون.
فازل غەڕاوی ئەندامی دەستی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند:“دەبێت جیاوازی بكرێت لەنێوان زایۆنیزم و جووەكانی عێراقدا كە دەیانەوێت ڕەگەزنامەكانیان وەربگرنەوە و بگەڕێنەوە وڵات و موڵكوماڵەكانیان بە دەست بهێننەوە”.
وتیشی:“پێویستە لەسەر پەرلەمانی عێراق بەسەر ئەو بڕیارانەدا بچێتەوە كە پێشتر سەبارەت بە جووەكان دەركراون”.
ئەوەی لای جووەكانی عێراق بووەتە كێشە سەرەكییەكە ڕەگەزنامە و موڵكوماڵەكانیانە كە دەستیان بەسەردا گیراوە و خواستیشیان ئەوەیە لە پاش وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەكانیان پێوەی بگەڕێنەوە بۆ عێراق.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەغداد كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی:“موڵكوماڵی جووەكان لە بەغدا لە گرانترین شوێنەكانن كە بازرگانین و بەشێكیان بە پاساوی وەبەرهێنانەوە لە لایەن سەرمایەداران و حزبە باڵادەستەكانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە”.
وتیشی: “لە سەرانسەری عێراقدا ١٢ هەزار و ٧٣٦ موڵكوماڵی جووەكان هەن كە ٢٠٦٦ موڵكیان دراون بە وەزارەت و فەرمانگەكان و جاربەجار لە ڕێگەی نامەی ئەلیكترۆنییەوە جووەكانی عێراق داواكارییمان پێ دەگەیەنن كە پرسیار لە موڵكەكانیان دەكەن”.
سەرچاوە/ ئاژانس