سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كاكەییەكان: دەست بۆ پیرۆزییەكانمان مەبەن

21/09/2020


كاكەییەكان كە باوەڕیان بە"دۆناودۆن" هەیەو سمێڵیش بەلایانەوە نیشانەیەكی‌ جیاكەرەوەیانە، نیگەرانن لەوەی‌ وەك كەمایەتی‌ مامەڵەیان لەگەڵ‌ دەكرێ‌‌و لەهەندێك شوێنیش سوكایەتی‌ بەپیرۆزییەكانیان دەكرێت.
 
كاكەییەكان یان ئەهلی‌ یارو یارسانەكان یەكێكە لەئایینەكانی‌ كوردستان‌و لێرەو لەوێ زۆر شتی‌ جیاواز لەسەریان دەوترێ‌‌و لەهەر چوار پارچەی‌ كوردستاندا دابەشبوون‌و لەهەرێمی‌ كوردستاندا مەڵبەندی‌ سەرەكییان دێی‌ هاوارو هەوارەكۆن‌و داری‌ تووە كە زۆربەی‌ نزرگەی‌ كەسایەتییەكانیان لەو شوێنەیەو ئەوانیش بەجێگەیەكی‌ پیرۆزی‌ خۆیانی‌ دەزانن.

مامۆستای‌ مێژوو لەزانكۆی‌ راپەڕین "د.سەیوان عەلی‌ ڕەزا" سەبارەت بەسەرەتاكانی‌ سەرهەڵدانی‌ ئایینی‌ كاكەیی‌ ئاماژە بەوە دەكات كە "كاكەییەكان چەند ناوێكیان هەیەو بە "یارسان"‌و "ئەهلی‌ هەق"‌و "عەلی‌ ئیلاهی‌"‌و "عەلەوی‌" دەناسرێن‌و مێژووی‌ دروستبوونی‌ ئەوان بەوردی‌ رووننییەو بۆچوونی‌ جیاواز هەیە لەسەری‌ كە دەگەڕێتەوە بۆ پێش درووستبوونی‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام، ئەو وتی‌ "بەپێی‌ ئەو لێكۆلینەوانەی‌ كراون ئاینی‌ یارسان یان ئەهلی‌ هەق بەشێك بووە لەئایینی‌ زەردەشت‌و میتراییەكان، چونكە ئەم ئایینانە زۆر لێكەوە نزیكن‌و بۆ نموونە هەریەكەیان ڕۆژو ڕووناكی‌‌و ئاگریان خۆشویستوەو موقەدەس بووە بەلایانەوە، بۆیە بەگشتی‌ میژوویەكی‌ دیاریكراو‌و ساڵێكی‌ دیاریكراو نییە تاوەكو دیاری‌ بكەین بۆ سەرهەڵدانیان".

د. سەیوان باسی‌ لەوەش كرد كە ئاینی‌ یارسان گەشەی‌ سەندووەو بڵاوبوەتەوە لەزەمانی‌ بالولی‌ ماهی‌‌و پاشان شاخوەشێن‌و پاشان سوڵتان ئیسحاق‌و لەوێ بارگەی‌ خۆی‌ داناوەو  هەر لەوێش ماوەتەوە ئیستاش یارانی‌ ئەهلی‌ هەق  بۆ تەوافكردن سەردانی‌ مەزارگەكەیان ئەكەن.

لەجوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كاكەیی‌و عەلەوییەكان‌ لەچەند شوێن‌و وڵات‌و مەڵبەندی جیا جیای كوردستان‌و ئێران‌و توركیاو سوریاو لوبناندا دابەش بون، هەڵكسانی ململانێی تائیفی لەم ناوچەیەدا جۆرێك لەهاودەردی لەنێوان ئەواندا دروست كردوە كە لەچەندین باوەڕی وەك دۆناودۆن‌و دابونەریتی ئایینی تایبەت بەخۆیاندا یەكدەگرنەوە.

شوێنی‌ جوگرافی‌ ئایینی‌ كاكەیی‌و یارسانەكان لەڕۆژهەڵاتی‌ كوردستاندا هەمەدان‌و داڵاهۆو قەسری‌ شیرین‌و كرماشان‌و جوانڕۆیەو لەوێشەوە درێژدەبێتەوە بۆ ناو سنوری‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و هەورامان‌و هاوارو هەوارەكۆن‌و دارە توو هەڵەبجە، هەروەها كاكەییەكان لەموسڵ‌‌و كەركوك‌و زەنقڕو پاشان هەولێرو سلێمانی‌‌و كۆیەو خانەقینیش هەن. ئایینی‌ كاكەیی‌ وەك هەر ئایینێكی‌ دیكە پەیڕەوو بەرنامەی‌ تایبەت بەخۆی‌ هەیەو كتێبە پیرۆزەكەشی‌ بەناوی‌ "سەرنجام"‌و باوەڕیان بەدۆستایەتی‌‌و ركیان لەتوندوتیژییە.

ئاكۆ محەمەد كە مامۆستایەكی‌ كاكەییە، وتی‌ "ئایینی‌ كاكەیی‌ بەدوو شت بەناوبانگەو مایەی‌ پرسیارە لای‌ خەڵكی‌، پێمخۆشە ئاماژەی‌ پێبدەم ئەویش ئەوەیە یارسانیان یان پەیڕەوانی‌ ئەهلی‌ هەق باوەڕیان بەدۆناودۆن هەیە واتە ئەگەر كردارو ڕەفتارت لەژیاندا باش بێت‌و تاوان‌و گوناهت نەكردبێت ئەوا دوای‌ مردن جارێكیتر دەكرێیتەوە بەمرۆڤ  یان شتیكی‌ باشتر، هەروەها سمێڵ كە زۆر پرسیاری‌ دەربارە دەكرێ‌ بۆ یارانی‌ ئەهلی‌ هەق دەیهێڵنەوە، بەلای‌ ئەوان بەیەكێك لەرەمزەكانی‌ كاكەییەكان دادەنرێت‌و سوكایەتیپێكردنی‌ سمێڵ واتە سوكایەتی‌ بەئایینی‌ كاكەیی"‌.

م.ئاكۆ باسی‌ لەو هاودینانەی‌ خۆی كرد كە لەكرماشان چەند ساڵێك لەمەوبەر سێ لەیارانی‌ ئەهلی‌ حەق گیران‌و بەهۆی‌ سوكایەتیپێكردنیانەوە لەڕێگەی‌ سمێڵ‌ تاشینیانەوە ئاگریان لەخۆیان بەردا، لێرەوە بەهۆی‌ ئەوەی‌ هیچ شتێكیان پێنەكراوە لەئاست كۆماری ئیسلامی‌ ئێراندا هاوخەمی‌‌و پرسەیان بۆ هەریەك لەكۆچكردوان داناوە.

سەبارەت بەوەی‌ كە ئایا توشی‌ گیروگرفت نابن لەگەڵ ئاینەكانی‌ تردا، ناوبراو وتی‌ "ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو ئایینەكاندا باشەو گونجاوەو ڕێز لەیەكتر دەگرین، بەڵام كۆمەڵێك ئیشوكار هەن بۆ كاكەییەكان گونجاو نییەو ناكرێت چونكە موشتەرییان نابێت‌و بەغەیرەدینیان دادەنێن، بەحوكمی‌ ئەوەی‌ كەمینەشن زۆربەی‌ كاكەییەكان خاوەنی‌ بڕوانامەن‌و هەوڵدەدەن لەڕێگەی‌ دام‌ودەزگا حكومییەكانەوە دابمەزرێن".
سەرچاوە/ ئاوێنە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.