لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئیسلامی سیاسی هەم درۆ دەكا، هەم چەواشەكارە

پێش 4 هەفتە


ئەحمەدی مەلا

شتێك نییە لە نێو سیاسەتی فەڕەنسادا بە ناوی دژایەتیكردنی ئیسلام. وێنەكە تەواو بە پێچەوانەوەیە. ئیسلامی سیاسیی لە وڵاتێكی وەكو فەڕەنسا تەنها بیر لە خوداپەرستی ناكاتەوە كە بە گوێرەی یاسای فەڕەنسی هەموو تاكێك بۆی هەیە ئاینی خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، جا ئەم ئاینە ئیسلام بێ یا مەسیحی، جوو بێ یا بودی، هەروەها بە گوێرەی هەمان یاسا بێ دینیشیان قبوڵە، چونكە دەوڵەتی فەڕەنسا نە بێ دینە نە دیندارە لەو رووەوە بێلایەنە. بەڵام ئیسلامێكی سیاسیی هەیە دەیەوێ شتێك لە فەڕەنسا پێكەوەبنێ و خۆی لە سەرووی یاساكانی فەڕەنساوە ببینێ. ئەمڕۆ گەنجی ١٤ و ١٥ ساڵ هەن كە لە قۆناغەكانی ناوەندی پێیانگوتراوە كە دەبێ بە مامۆستاكانتان بڵێن كە شەریعەت لەسەرووی یاساوەیە.

هەر ئەو یاسایانە پێی وایە كە ئازادی رادەربڕێن بەشێكە لە كەلتووری فەڕەنسی و بۆ ئەمەش فەڕەنسییەكان خەباتیان كردووە، بۆیە داكۆكی لەم ئازادییانە دەكەن، ئەمە بەشێكە لە مێژووی ئەو وڵاتە. بۆ دژایەتی نییە بەڵكو بۆ رادەربڕینە. بۆ نموونە، ئەوەی چاوێك بە كاریكاتێرەكانی شارلی ئێبدۆ بخشێنێ ئەم راستییە دەبینێ.

ئەمڕۆ، لە نێو گەنجانی موسڵمانان لە فەڕەنسا ٢٥٪ پێیان وایە شەریعەتی ئیسلام لە یاساكانی فەڕەنسا گرنگترە، ئەمە بە بێ ئەوەی بزانن شەریعەت چییە، ئەگەر بێت و لە پشتەوە ماكینەیەكی پڕۆپاگەندە نەبێت كە ئەم گەنجانە هان بدات و ژینگەیەكی نا تەندروست لە فەڕەنسا بخوڵقێنێ تاكو ئەم گرووپە شكستخواردووانە دەستی خۆیان بوەشێنن ؛ لە كاتیكدا ئەم گەنجانە نازانن ئەگەر شەریعەت لە وڵاتێكی وەكو فەڕەنسا جێبەجێ بكرێ خودی خۆیان زیانلێكەوتوەكانن بە پلەی یەكەم.

دوای ئەوەی شكست بە داعش هێنرا كە خەلافەتەكەی لە سەر خاكی عێراق و سوریا بنیات بنێت، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان پشێویی و پاشاگەردانیی لە وڵاتانی ئەوروپا دروست بكەن، ئیسلامی سیاسی پڕۆژەیەكە تەنها لە نێو پاشەگەردانیی و تەنگژەی كۆمەڵایەتیدا گەشە دەكات.

تێبینی :
سووكایەتی ئەوە نییە كاریكاتیریستێك كە كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلام یا هی مەسیح یا هی موسا بكا، بەڵكو سووكایەتی راستەقینە بە نیسبەت ئێمەوە ئەو هەموو بێكارەیە كە لە وڵاتانی موسڵماندا هەن و هەموو لە ئاستی بێدەنگن، سووكایەتی ئەوەیە كە مرۆڤی موسڵمان ناچار دەكرێ خاكی ئیسلام جێبهێڵێت و پەنا بەرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا، سووكایەتی ئەوەیە ئەو هەموو سواڵكەرە دەبنیرێت لە وڵاتانی ئێمە...دەتوانم تاكو بەیانی لەسەر تێكڕای ئەو سووكایەتییانە بنووسم و  كەچی ئیسلامی سیاسی لە ئاست ئەو هەموو سووكایەتیی پێكردنە بێدەنگە...
خوێندندەوەی دروستی ئێمە دەبێ لەسەر ئەوە بگیرسێتەوە، بۆچی شكستمان هێنا؟

 

ڕوانگە و ڕەخنە

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure