سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مێژووی ئیسلام لە چاخەكانی ناوەنددا: عەلى دەبێت بە جێنشين

26/10/2020


جۆن جۆسێف ساندەرس
لە بڵاوكراوەكانی ڕاتلێج
وەرگێڕانی: دیاری سابیر 

كوشتنی عوسمان یەكێك بوو لە ڕوداوە چارەنوسازەكانی مێژووی ئیسلام. بە وەرگرتنی گوزارەی مێژوونوس تاسیتوس؛ نهێنی ئیمپراتۆرییەكە ئاشكرابوو, خەلافەت چیتر ئۆفیسێكی پیرۆز نەبوو, بەڵكو دیارییەك بوو كە دەكرا لە ڕێی توندوتیژییەوە وەچنگبخرێت. هەتا ئێستا شمشێری باوەڕداران دژی بێبڕوایان لەكاردابوو, بەڵام لێرەوە ئەو شمێشێرانە دژی یەكتر ڕاكێشرابوون و خوێنی مسوڵمان لە لایەن مسوڵمانەوە ڕژێنرا لە دووەم پیرۆزترین شاری نێو عەرەبستان. لەو جەنگە ناوخۆییە توندوتیژەی دروست بوو, شوێنی حكومەت لە عەرەبستان نەما (عوسمان دووا خەلیفە بوو لە مەدینە بمێنێتەوە), لایەنە دژەكان بە دوای پاڵپشتی مسوڵمانە ناعەرەبەكاندا وێڵ بوون. هەروەها جیابوونەوەی مەزنی شیعە ڕوویدا كە تا ئێستاش ئیسلام دابەشدەكات و, كەسە سەرڕاستەكان ڕووبەڕووی پرسیاری دژواری ڕەوشتی بوونەوە دەربارەی سروشت و سنوری دەسەڵاتی سیاسی.

بۆ پاراستنی خۆیان لە توڕەیی معاویە, كودەتاچییەكان لە ڕۆژی دوای كوشتنی عوسمان گەیشتن بەو دەرەنجامەی كورسی خەلافەت پێشكەشی دیاترین هاوەڵ بكەن كە لە ژیاندا ماوە؛ ئەگەر عەلی ئەم شەرەفە مەترسیدارە قبوڵ بكات, ناوبانگ و پێگەی لە نێو خەڵكیدا لەوانەیە خێزانی عوسمان ناچار بكات كاردانەوەیان نەبێت, هەروەها سوپاسگوزاربوونی دەكرێت وای لێبكات ئەو كەسانە سزا نەیات كە بكوژی عوسمان بوون, بەڵام عەلی بەهۆی ئەوانەوە پلەی بەرزكرایەوە. كارەكتەر و پیشەی عەلی, كە ناوبانگی لە كاتی ژیانیدا زۆر لە خوار ناوبانگی دوای مردنی بوو, چەندین خاسییەتی ئاڵۆزی تیادا بەدی دەكرێت. لە مناڵیدا بە جۆش و خرۆش و دڵسۆزییەوە ئەركە پەیامبەرانەكەی ئامۆزاكەی قبوڵ كرد, لە لاوێتیدا هێز و بوێری جەنگاوەرانەی لە جەنگەكانی بەدر, خەیبر و حونەیندا پیشاندا. هاوسەرگیری لەگەڵ فاتیمەی كچی موحەمەد بەیەكگەیشتنێك بوو لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز؛ بۆیە لە ژیانیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی دیكەدا نەكرد و, كوڕەكانی حەسەن و حوسێن, كە زۆربەی كات لە باوەشی پەیامبەردا بوون, وەك شوێنگەرەوەی سروشتی دوای باوكیان دەبیندران و لە نەوەی دروستكەری ئیسلام بوون, ئەمە ئەگەر عەرەبەكان پەیوەست بوونایە بە بنەمای مافی گواستنەوەی پشتاوپشتی دەسەڵات.

كاتێك موحەمەد كۆچی دوایی كرد, عەلی تەمەنی زیاتر نەبوو لە ٣٠ ساڵ؛ لەم كاتەدا عەلی نەیویست زۆر بكات تا ببێت بە جێنشینی مسوڵمانان لە كاتێك بە مافی خۆی دەزانی, بەڵام دواتر هەڵنەبژاردنی وەك سوكایەتی سەیركرد و تا دوای شەش مانگ دانی بە دەسەڵاتی ئەبوبەكردا نەنا. دوو جاری دیكەش عەلی بۆ پلەی جێنشینی پشتگوێ خرا كە ئەمە وای دەردەخست هاوەڵەكانی بە گونجاوی نەزانن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارەتەكانی جێنشینی. لە شۆڕشەكە دژی عوسماندا ڕۆڵێكی نادیاری هەبوو و ئەم خۆ یەكلا نەكردنەوەیەی زیانی باشی لە ناوبانگی دا. هەڵوێستێكی توندی ئەو دەیتوانی ژیانی عوسمان ڕزگار بكات, بەڵام هیچ هەنگاوێكی جیدی هەڵنەگرت بۆ پاراستنی جێنشینی مسوڵمانان. ئەم بێ هەڵوێستییەی گومانی ئەوەی دروستكرد كە خۆی بەشداربووە لە پیلانی كوشتنی عوسماندا بە ئامانجی ئەوەی لە كۆتاییدا ببێت بە جێنشینی مسوڵمانان. لە بڕیارێكی سەختدا, جێنشینی قبوڵكرد و لەلایەن بكوژ و هەڵگەڕاوەكانەوە كورسی دەسەڵاتی پێ بەخشرا. لەو كاتەدا پیاوێكی باڵاكورت لە كۆتایی پەنجاكانی تەمەنیدا, عەلی چواردەوری پڕبوو لە دوژمن لە نێویاندا توندترین بلیمەتی سیاسی ئەو كاتە, معاویە. دوژمنەكەی جێنشینی مسوڵمانان ئێستا كەسی یەكەمی هۆزی ئومەییە بوو و دابونەریتی عەرەب بەسەریدا سەپاندبوو تۆڵەی خوێنی خزمەكەی بكاتەوە. معاوییە ڕەتی كردەوە دان بە دەسەڵاتی عەلیدا بنێت وەك جێنشین, هەروەها لە مزگەوتی دیمەشق پۆشاكە خوێناوییەكانی عوسمان و پەنجە بڕاوەكانی ژنەكەی, كە بە دزییەوە لە مەدینەوە پێیان گەیشتبوون, پیشانی خەڵكیان دان تا توڕەییان دژ بە كودەتاچییەكان بوروژێنن. هەر زوو ڕونبوویەوە كە دەبێت عەلی بجەنگێت بۆ پاراستنی كورسییەكەی. 

_____________________

بەشى يەكەم

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.