لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

فەرەنسا و موسڵمانەكانی: سەرنجێكی كورت لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و تێرۆر

پێش 4 هەفتە


مەریوان وریا قانع

فەرەنسا وڵاتی نزیكەی ٦ ملیۆن موسڵمانە لە كۆی نزیكەی ٦٧ ملیۆن، ئەمەش مانای ئەوەیە نزیكەی ٩% دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسڵمانن. ئەم ژمارە لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەها مزگەوت و ڕێكخراو و ناوەندیی دینیی و نادینین. زۆرینەی هەرەزۆری ئەم موسڵمانانە وەك كۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە و لە ساڵانی شەستەوە بە ژمارەی گەورە لەو وڵاتەدا جێگیربوون، موسڵمانەكانی فەرەنسا سەر بە شوێن و جێی جیاوازن، هەیانە عەرەب، هەیانە تورك و فارس و كورد هتد... لەو ٦ ملیۆن موسڵمانە تەنها نزیكەی ٤٠% ڕۆژانە نوێژ دەكەن، تەنها ٢٣% دەچنە نوێژی جەماعەت لە ڕۆژی هەینیدا. ژمارەی ئەو موسڵمانانەش كە مەشروبخۆرن ڕێژەیان ٣٤%. ئەم لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەها مزگەوت و ڕێكخراو و ناوەندیی دینیی و نادینیی هەمەجۆرن. لەناو ئەم گشتە ئاڵۆزەدا كەسانێكیان هەن وەزیر و پرۆفیسۆری زانكۆ و هونەرمەند و وەرزشەوان و گۆرانیبێژ و نووسەری گەورەن و لەناوە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتەن، زۆرینەی ئەو موسڵمانانە كەسانێكی بێوەین و خەریكی كاركردن و باشتركردنی ژیانی خۆیان ماڵ و منداڵەكانیانن، هەشیانە جیهادیست و تێرۆریستن و كاری سەرەكییان كوشتن و وێرانكردنە.

لە ساڵانی نەوەدەوە، چ لە فەرەنسادا و چ لە زۆرێك لە وڵاتە ئەوروپییەكانی تردا، شەپۆلێك لە سەلەفیەت لەناو موسڵمانانی كۆچبەردا بڵاوبۆتەوە، كە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا بە ”ئیسلامی پێترۆ دۆلار“، واتە ”ئیسلامی دۆلاری نەوت“، ناودەبرێت. ئەم ئیسلامە ئیسلامی ”وەهابیی سەلەفیی“ سعودی و وڵاتانی خەلیجە، كە لەڕێگای دۆلاری زۆری نەوتەوە بە جیهاندا بڵاوكراوەتەوە. باڵێكی ئەم ئیسلامە سەلەفییە بە ”سەلەفیەتی جیهادیی“ ناودەبرێت كە ڕێكخراوەكانی وەك ئەل قاعیدە و داعش و چەندانی تر نوێنەرایەتی دەكەن. ئەوەی لەناو ئەوروپادا لە تێرۆر و كوشتن و وێرانكردن بەرپرسە، ، ئەم بەشە سەلەفییە جیهادییەی ئیسلامە. ئەمانە نوخبەیەكن لە گەنجانی ئەو وڵاتانە و وەك سەلەفییەكی توندڕەویی جیهادیی خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام دەزانن و بەناوی ئەم نوێنەرایەتیكردنەشەوە ئەوەی بەڕاستی دەزانن، ئەنجامیئەدەن. ئەمانە نەك تەنها دژ بە سیستمی عەلمانی فەرەنسیی و دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە تاكەكەسیی و دەستەجەمعییەكانی تری ناو كۆمەڵگای فەرەنسین، بەڵكو دژ بە سەرجەمی ئەو فۆرمانەی تری ئیسلامیشن كە لەگەڵ دیدە سەلەفییە جیهادییە داخراوەكەی ئەواندا ناگونجێت. لەڕووی فیكریەوە زۆرینەی ئەمانە منداڵەكانی سەید قوتبن. وەكچۆن سەید قوتب لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیستەمدا جیهانی سەردەمەكەی خۆی بە ”جاهیلیەتێكی نوێ“ دەزانی، بە خودی كۆمەڵگا ئیسلامییەكانەوە وەك بەشێك لەو جاهیلیەتە، ئەم نەوە تازانەی سەلەفیەتی جیهادیش هەمان دیدی سەید قوتبیان هەڵگرتوە و هەموو جیهان بە ”جیهانێكی جاهیلیی“ دەزانن. خۆشیان وەك جەنگاوەێكی جیهادیی دژ بەم ”جاهیلیەتە تازە“ وێنادەكەن. زۆرینەی ئەمانە كەسانێكن لە پەراوێزیی كۆمەڵگای فەرەنسیدا و لەو ژینگانەدا دەژین كە پڕە لە بێئیشیی و توڕەیی و بێمتمانەیی و تاوان و دزیی و یاساشكێنیی. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە فەرەنسا ڕوویدا لەناو ئەم وێنە گشتییەدا ڕوویدا. سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە ڕووداوی ناو ئەو ژینگە دینیی و كۆمەڵایەتییە كە لەسەرەوە باسمكرد.

ئەو كەسەی مامۆستاكەی سەربڕیی بە ڕەچەڵەل شیشانیە و تەمەنی ١٨ ساڵە. ئەم كوڕە لە تەمەنی ٦ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا بەرەو فەرەنسا ڕادەكەن و لەوێ دەبن بە پەنابەر و نیشتەجێدەبن. مامۆستا فەرنسییەكە مامۆستای مێژو و جوگرافیا بووە و لە پۆلەكانیدا هەندێك منداڵی خێزانە موسڵمانەكانی هەبووە. ئەم مامۆستایە ساڵانە كۆمەڵە وانەیەكی لەسەر ”هاوڵاتیبوون“ گوتۆتەوە. ”ئازادی ڕادەربڕین“یش یەكێك بووە لەو بابەتانەی بۆ قوتابییەكان باسیكردوە و گرنگیی پێداوە. لە وانەیەكیدا لەسەر ئەم بابەتە ئەو وێنە كاریكاتۆریانەی نیشانداوە كە گۆڤاری شارلی هێبدۆ، Charlie Hebdo، لەسەر پێغەمبەری موسڵمامان بڵاویكردبووەوە. باوكی یەكێك لە خوێندكارە موسڵمانەكان، كە تەمەنی ٤٨ ساڵە، لای پۆلیس و لای ئیدارەی قوتابخانەكە شكات لە مامۆستاكە دەكات، دواییتر گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەسەر ئەو مامۆستایە بڵاودەكاتەوە و بە ”پۆخڵەوات“ ناویدەبات. ناو و ناونیشانی مامۆستاكە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەكرێتەوە. دوای ماوەیەك ئەو كوڕە شیشانییە پەیدادەبێت، ئەم كوڕە مامۆستاكە ناناسێت، بۆیە لە قوتابخانەكە بڕی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ئێرۆ ئەدات بە دوو خوێندكار بۆئەوەی مامۆستاكەی نیشانبدەن. ئەوانیش پارەكە وەردەگرن و مامۆستاكەی نیشانەئدەن. دواتر كوڕە شیشانیەكە لە یەكێك لە كۆمەڵانەكانی پاریسدا پەلاماری مامۆستاكە ئەدات و سەریدەبڕێت. وێنەی پەلاماردانەكەش دەگرێت و لەسەر تویتەرەكەی خۆی بڵاویدەكاتەوە. ئیسلامییەكی توندڕەوی تریش لەم تاوانەدا بەشداربووە كە پێشوەخت لای پۆلیسی فەرەنسی ناسراوبووە. بە كورتییەكەی ئەوەی ڕوویداوە كارێكی خۆبەخۆ و هەڵچوونێكی كوتوپڕ نەبووە، بەڵكو ئیشێكی ڕێكخراو و پلان بۆدانراو بووە.

پرسیارەكە ئەوەیە ئەم ڕووداوە چیمان پێدەڵێت؟

بە بۆچونی من ئەم ڕووداوە بە خەڵكی جیاواز شتی جیاواز دەڵێت. ئەوەی ئەم ڕووداوە، بۆ نموونە، بە موسڵمانەكان و بە ئیسلام وەك دینێك دەیڵێت جیاوازە لەوەی بە فەرەنسییەكان و ئەوروپییەكانی دەڵێت. ئەم ڕووداوە پێویستە بە موسڵمانەكان بڵێت كە دینەكەیان هەڵگری ئەگەری جۆرێك لە تەفیسر و لێكدانەوەیە، كە جگە لە كوشتنی ئینسان و وێرانەكاریی و سوكایەتییكردن بە ژیان، ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ، شتێكی دیكەی لێ سەوزنابێت. ”سەلەفیەتی جیهادیی“ لە ئاسمانەوە نەكەوتۆتەخوارەوە، كافرەكان دروستیان نەكردوە، لە دەرەوەی جیهانی ئیسلامیدا بەرهەمنەهاتوە، بەڵكو لەناو لێكدانەوە وتەفسیر و تێگەیشتنێكی تایبەتەوە بۆ قورئان و حەدیس و كەلەپوری ئیسلام خۆیەوە هاتووە. ئینكاركردنی ئەم ڕاستییە سادەیە بەشداربوونە لە دروستكردنی ئەم هێزە تاریكەدا. ”سەلەفیەتی جیهاندیی“ دەركەوتێكی هێجگار تاریك و ترسناك و وێرانكەری ئیسلامە، چەندە ڕووی لە كەسانی ناموسڵمانە، هێندەش ڕووی لەو موسڵمانانەیە كە لە خۆیان ناچن. بنبڕكردنی ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و تەفسیركردنی ئیسلام، ئەركی ژمارە یەكی هەموو ئەوانەیە خۆیان بە موسڵمان و دیندار دەزانن و لە خەمی دین و پێغەمبەر و خوداكەیاندان. پاكژكردنەوەی ئیسلام لەم ئەگەری تەفسیركردنە تاریكە، كردەیەكی مێژوویی هێجگار گرنگە و پێویستیی بە عەقڵێكی دینیی كراوە و بە ویژدانێكی ئینسانیی گەشەكردو و بە ڕۆحیەتی هاریكاریی و بەدەم یەكەوەچوون هەیە، كە بەداخەوە بەو قیڕەقیڕ و خۆنمایشكردن و هەڵا و زەنایە دروستنابێت، كە ئێستا لەلایەن هێزە دینییەكانەوە دەیبینین. زۆرینەی ئەوەی لە كوردستاندا دەیبینین كاردانەوەیەكی دۆگمایی و ترسناكە كە ئاو بە ئاشی ئەم تێگەیشتنە سەلەفیە جیهادییەدا دەكات كە وەك سەرەتانێكی دینیی و فەرهەنگیی، لەگەشەكردندایە.

هەرچی ئەوروپییەكانە لە پەیوەندیاندا بەم تاوانەوە، جارێكی تر پێ لەسەر كۆمەڵێك پرنسیپ دادەگرن كە بە بنەمای شوناسی سەرەكیی خۆیان و كۆمەڵگاكانیان دەزانن، لەوانەش پرنسیپی ”ئازادیی ڕادەربڕین“ و بەرگریكردن لە ”مەدەنیی“ و ”عەلمانیی“ بوونی دەوڵەتەكەیان، كە لە فانتازیایی زۆرینەیاندا ئەو پرنسیپانە وەك بنەمای دیموكراسیەت كاردەكەن. هاوكات هەست بە جۆرێك لە ترس دەكەن كە لەناو كۆمەڵگاكانیاندا دروستبووە و هەڕەشە لەو بەهاكان و لەو فۆرمانەی ژیانیان دەكات كە بە چەندان سەدە دروستیانكردوە. كاردانەوەكانی سەرۆكی فەرەنسیی و زۆر كاردانەوەی تری سیاسییەكانی ئەووپا لەم ڕەوتەدا دروستدەبێت. بەشێوەیەكی گشتیی دەكرێت لە زۆرێك لە وڵاتە ئەوروپییەكاندا دوو شێوازیی جیاواز لە كاردانەوە لەیەكتری جیابكەینەوە. یەكەمیان كارادانەوەی كەسان و هێزە ڕاستڕەوەكانە، كە باس سەندنەوەی ڕەگەزنامە و لە دەركردن و گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرە موسڵمانانە دەكەن بۆ وڵاتی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەیان سالە لەو وڵاتانەدا دەژین و زیاد لە نەوەیەكیان لەو وڵاتانەدا لەدایكبوون. زۆرشیان جگە لە زمانی فەرەنسیی هیچ زمانێكی تر نازانن. دووهەمیان، كاردانەوەی كەسان و هێزگەلێكی ترە كە باس لە ڕیشەكێشكردنی ئەو ژینگە كۆمەڵایەتیی و ئابورییە دەكەن كە لەناو پاریسدا منداڵێكی شیشانی پەنابەر، دەگۆڕێت بۆ تێرۆریست و پیاوكوژێك.

بێگومان دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كارە تێرۆریستیانە و بەهێزبوونی زیاتری ئەم شەپۆلە سەلەفییە، لەناو ئەوروپادا دۆخی ژیانی ئەو چەند ملیۆن كۆچبەرە موسڵمانانە تەواو زەحمەت و ناڕەحەتتر دەكات كە لە خەمی دابینكردنی ژیانێكی باشتردان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ و كەسوكارەكانیان. لە دەرەوەی ئەوروپاشدا لەشكرێك لە توندڕەو ئامادەدەكات لە دەیەكانی داهاتوودا ژیانی ئەوانەش كە هێشتا لەدایكنەبوون، وێرانبكەن.

بەگژاچوونەوەی ئەم فۆرمە لە دین و دینداریی، ئەم فۆرمە لە ئیسلامێكی ترسناك، ئەم مۆدێلە تاریكە لە موسڵمانبوون، بەر لەوەی ئەركی كەسێكی نادینیی بێت، ئەركی كەسێك لە دیندا بەدوای شوناسی خۆیدا ئەگەڕێت، ئەركی هەموو ئەوانەیە كە ئیسلام بەلایانەوە بنەمای شوناس و دونیابینیانە. ئەو ئیسلامەی كە گەنجێكی شیشانی لەناو پاریسدا دەگۆڕێت بۆ پیاوكوژ، ئیسلامێكە لە قەیراندایە، لە قەیرانێكی هەمەلایەنە و هەمە ڕەهەندا.

هەرچی ئازادیی ڕادەربڕینە بەهایەكی گەردونیی هێجگار گرنگ و بنەڕەتییە و پێویستیی بە پاراستن و بەرگریلێكردنی بەردەوام هەیە، بەرامبەر هەموو ئەوانەی بەناوی جیاواز و لەژێر دروشمی جیاوازدا بەگژیدادەچنەوە و دەیانەوێت سنوورداریبكەن. داخستنی دەمی مرۆڤ سڕینەوەی یەكێك لەو ئاكارە هەرە سەرەكییانەیە، كە مرۆڤ دەكات بە مرۆڤ و لە ئاژەڵەكانی تری جیادەكاتەوە.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure