لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بایكۆتی فەلسەفە

پێش 4 هەفتە


هونەر تۆفیق

لەوتاری دەستبەكاربونیدا وەك سەرۆكی فەرەنسا ساڵی 1981 فرانسوا مێتران ئاماژەی بەتواناكانی وڵاتەكەیدا لەكایە پیشەسازی و ئابووری و سیاسیەكاندا، پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی بەجیهانی دەرەوەو قەبارەی هەناردەی فەرەنسی بۆ دەرەوە باسكرد، یەكێك لەو هەناردە فەرەنسیانەی مێتران ئاماژەی پێداو چۆنیەتی سودپێگەیاندنی بەجیهان فەلسەفەبو. 

فەلسەفەی فەرەنسی وەك لەشۆڕشی فەرەنسی 1789و دواتر شۆڕشی خوێندكاران مایی 1968دا بەرجەستەبووە لەسەر بنەمای ئازادی، یەكسانی، برایەتی دامەزراوەو جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی لەسەر داڕێژراوە. 

پەیوەندی سیاسی فەرەنسی بەجیهانی ئیسلامەوە لەجەنگەكانی خاچیەكانەوە تا سەردەمی سوڵتان سەلیمی عوسمانی هیچ ڕێكەوتن و هاوپەیمانیەكی تیادا ڕوینەداوە. لە 1568دا هاوپەیمانی فەرەنسی و ئیسلامی (عوسمانی) مۆردەكرێت، فەرەنسیەكان بەتوراس و فیكری ئیسلام ئاشنادەبن. 

لەپاش ئەزموونی ئەندەلوسەوە، فەرەنسا یەكەم وڵاتی ئەوروپیە كە ئەو توراس و فیكرە لە ئیبنو روشد و ئیبنوسینا و فارابیەوە تا دەقی قورئان وەردەگێڕنە سەر زمانەكەیان. دەستەی یەكەمی ڕیفۆرمی سیاسی لە كۆتاییەكانی سەردەمی عوسمانیدا، رەشید ڕەزا، تەهتەهاوی و دواتر نەوەی تەها حسەین و عەقاد لە فەرەنساوە دێنەوە و هەوڵی ریفۆرم لە فیكر و سیاسەتی دنیای ئیسلامدا ئەدەن، جگە لەوەی یەكەم زانكۆ لەجیهانی ئیسلامدا لەكاتی ناپلیۆندا لە قاهیرە دەكرێتەوە  یاسای میسری كە یاسای مەدەنی زۆربەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكانی لەسەر داڕێژراوە فەرەنسیەكان هاوكاری نووسینەوەی بوون. 
تەنانەت ئەم ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستانیش دوو هاوڕێی فەرەنسی نەوەكانی بەدرخان لەساڵی 1936دا نەخشەیان كێشاوە. 

فەرەنسا تەنیا وڵاتی هەناردەی شەراب‌و بۆن‌و پەنیرو سەیارەی پیجۆ نیە تابایكۆت بكرێت، وڵاتێكە زۆربەی بنەما فەلسەفیەكانی حوكمداری‌و سیاسەت‌و فیكری مرۆڤایەتی‌و ئازادی بۆجیهان هەناردەكردووە. ئەگەر پەنیرەكەی نەخۆن‌و عەترەكانی لەخۆ نەدەن، ناتوانین دروشمە سیاسی‌و فیكریەكانی ئەوان بۆ  ماف‌و ئازادی مرۆڤ بەكارنەهێنین.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure