سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سێكيولاريزم لە كۆمەڵگە خۆرئاواييەكان: مەسیحییەت و بیرۆكەی سێكیولاریزم (بەشى يەكەم)

22/11/2020


ئەندريو كۆپسۆن
وەرگێڕانی لە ئينگليزييەوە: ديارى سابير

تايبەت بە دابڕان

 

هەرچەندە پەرستگای گشتییان هەبوو و فێستیڤاڵەكانیان بۆنەی گرنگی گرنگی شارستانی بوون, وەلێ لە شارە كلاسیكییەكانی یۆنان خودا و ژنەخوداكان لە سیاسەت (بە یۆنانی بە مانای "كاروباری شار" دێت) تێوەنەگلێندرابوون, بە واتای ڕێكخستنی كاروبارەكانی كۆمەڵگەی مرۆیی. ئەریستۆتڵ (٣٢٢-٣٨٤ پێش زایین), كە یەكەمین ئەوروپی بوو شیكارییەكی سیستەماتیكییانەی سیاسەت بنووسێت, وتوویەتی ئامانجی شار  بریتییە لە فەراهەمكردنی باشترین و بەرزترین شێوازی ژیان. پرسیاری ئەوەی "باشترین و بەرزترین" چییە, بە تەواوی بە جەختكردنەوە لەسەر دونیای ئێرە كاری لەسەر دەكرا, نەوەك بە جەختكردنەوە لەسەر دەسەڵاتی خودایی. ئەو خاسییەتانەی ڕەند بوون لە مرۆڤدا, وەك دادپەروەری, لە نێو شاریشدا بە هەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا. هاوشێوەی بیركردنەوەی یۆنانی دێرین دەربارەی ئاكار, دونیای مرۆیی و دونیای خودایی لە ئاستی ئاكاریدا زۆر جیاوازبوون. 

ئەمە جۆرێكە لە سێكیولاریزم, كە تیایدا ئامانجەكانی دەوڵەت جوودان لە ئامانجە ئایینییەكان, بەڵام سێكیولایزم نییە بە مانا تەواو مۆدێرنەكەی. هێشتاكە, جیا لە فارسی كۆن, كە تییادا پاشا تەنها ڕێبەرێكی سیاسی نەبوو بەڵكو نوێنەرێكی دونیایی یەكێك لە خوداكان بوو, یان لە كۆمەڵگەی جولەكەی كۆندا, فەرمایشتە خوداییەكان هێزی یاسایان هەبوو, زۆرێك لە دەوڵەتەكانی یۆنانی كۆن لە سەدەكانی دوای ئەریستۆتڵ مۆدێلێكی ئەڵتەرناتیڤییان پێشەكەش كرد. ئەم مۆدێلەی شارێك كە بە ستانداردە مرۆییەكان هەڵبەسەنگێندرێت و سنورەكانی جیاوازبن لەوانەی خودا, وەك بیرۆكە مایەوە لە بیری سیاسیدا. كاتێك ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی دەستیگرت بەسەر دەوڵەتە فرەشارەكانی دونیای یۆناندا, نەرییتە ڕۆشنبیرییەكانی یۆنانیان وەرگرت و لەگەڵ شێوازی ئایینداریكردنی تایبەتی خۆیان, كە زۆربەی كات بە شێوەیەكی پراگماتیكی فرەگەرا بوو, یەكیانخست. 

فرەخودایی دونیای كلاسیكی, پێش سەرهەڵدانی هەر هەوڵێكی جیدی و ڕاستگۆیانە بۆ جیاكردنەوە دەوڵەت و ئایین بە مەبەست, هەرەسی هێنا و ڕێگەی خۆشكرد بۆ ئایدۆلۆژییەك كە هەردووكیان بەیەكەوە دەبەستێتەوە بە شێوەیەك پێشتر نەكرابوو. 

مەسیحییەت و بیرۆكەی  سێكیولاریزم

لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی مەسیحییەت, بە گێڕانەی چیرۆكی جولەكەیەكی بانگخواز, كە شوێنكەوتووانی دوای مردنی بە عیسای مەسیح ناویان دەهێنا, سەریهەڵدا. شوێنەكەوتووانی دەگەڕان بە دوای ئەوانەی جولەكە نەبوون تا بیانهێننە سەر ئایینی خۆیان, هەروەها هەندێك لە بیرۆكەكانی فەلسەفەی یۆنانی و ڕێبازە بەناوبانگەكانی تریان وەرگرت و لە بەرەوپێشچوون بەردەوامبوون تا بوون بە هێزێكی گرنگی كۆمەڵایەتی. ئەم گەشەسەندنە دوور نەبوو لە دژواری. ئیمپراتۆرییەكە لە ڕووی ئایینییەوە هەمەچەشن بوو: خەڵكی تیادا بوو بڕوایان بە چەندین خودای جیاواز هەبوو, هەروەها تیاشیدا بوو بڕوای بە هیچ خودایەك نەبوو. بەڵام هەموو ئەوانەی لە نێو ئیمپراتۆییەتەكەدا بوون داوایان لێكرابوو ملكەچ بن بۆ پەرستنی خوداكان و ئیمپراتۆرە خودائاساكان. بۆ ئەمە دەبوو لانی كەم پاڵپشتی خۆیان دەربڕن لە ڕێی سوێندخواردن كاتێك لێیان داوابكرایە. مەسیحییەكان, هاوشێوەی جولەكەكان, بڕوایان تەنها بە یەك خودا هەبوو و  هیچ مەیلێكیان نەبوو دان بنێن بە هیچ یەكێكی دیكەدا. بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونیان, لە دوو سەدەی سەرەتایی دروستبوونیاندا, ڕووبەڕووی دابڕانی كۆمەڵایەتی و هەراسانكردنی فەڕمی بوونەوە.  

سەرەڕای (یاخود بەهۆی) باوەڕە دژەباوەكانیان و چەوساندنەوەیان, مەسیحییەكان بەردەوام بوون لە هێنانی خەڵكی بۆ نێو ئایینەكەیان و كاریگەری كۆمەڵایەتییان بەردەوام بوو لە گەشەكردن. لە ٣١٣, چیتر نەدەكردا پەراوێز بخرێن, بۆیە ئیمپراتۆر لیسنیوس (٢٦٣-٣٢٥ زایینی) و كۆنستانتین (٢٧٢-٣٣٧ زایینی) ئازادی ئایینییان پێ بەخشین. لە ٣٢٥ كۆنستانتین, كە خۆی لە دواتردا بوو بە مەسیحی, كۆبوونەیەكی بۆ ڕێبەرە مەسیحییەكان ڕێكخست لە نایكیا, توركیای ئێستا, تا ناكۆكیی و تەنگەژە ئاینییەكان یەكلایی بكەنەوە. بەشداربووانی ئەم كۆبوونەوەیە دۆكومێنتێكی بەسیستەمكراویان بەرهەمهێنا كە بە سیستەمی بنەمایی نایكیا ناسرابوو و, لە دەیەكانی دواتردا سیاسەتی ئیمپراتۆری بریتیبوو لە سنگفراوانی بەرانبەر مەسیحییەكان و ڕێبازە نەریتییەكانی دیكە. لە ٣٨٠, مەسیحییەكان لە قبوڵكردنیانەوە ڕۆیشتن بەرەو زاڵبوون كاتێك ئیمپراتۆر تیۆدۆسیوس فەرمانی تێسالۆنیكای دەركرد كە تیایدا مەسیحیبوون سەپێندرا بەسەر هەموو ئەوانەی لە نێو خاكی ڕۆمدا بوون (بە دیاریكراوی ئەو مەسیحییانەی سیستەمی بنەمایی نایكیایان پێ پەسەند بوو: هەموو ئەوانەی دیكە بە فەڕمی وەك لادەر ‹‹كافر›› مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا). لە كەمتر لە سەدەیەكدا, لە یەكێك لە گۆڕانە هەرە خێراكانی چارەنووسی گروپێك لە مێژوودا, مەسیحییەت لە كەمینەیەكی بە كەم تەماشاكراوەوە بوو بە ئایینی فەڕمی دەوڵەت لە ئیمپراتۆرییەتێكی كیشوەریدا. 

هەڵوێستی سیاسی مەسیحییەكانی سەرەتا زۆر بە خێرایی گۆڕا: لە ڕاوەدوونان و چەوساندنەوەی فەڕمی لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ئایینێكی ڕكابەر, بۆ سنگفراوانی بەرانبەریان, كە سیاسەتێكی زیاتر هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ فرەیی ئایینی, و لە كۆتاییادا دانانی بە ڕێبازی فەڕمی بەهێزترین دەوڵەتی ئەو سەردەمە لەلایەن دەسەڵاتەوە. بیری مەسیحییەت پەیوەندیدار بە سیاسەت و پەیوەندی نێوان كەنیسە-دەوڵەت كە بە تێپەڕبوونی سەدەكانی دواتر شێوەی خۆی وەرگرت, بە هەمان شێوە ئاڵۆز بوو. مەسیحییەت چەمكی نوێی لادان و باوەڕی باویان دروستكرد, كە بە تێپەڕبوونی سەدەكانی دواتر زیاتر بڵاوبوونەوە. هەروەها لایەنی كەم تۆوی جیابوونەوەی دەوڵەت و كەنیسەی لە خۆگرتبوو, كە ئەمە زۆر گرنگە بۆ مێژووی سێكیولاریزم و, بەشێكی بەهۆی میراتی یۆنانەوە بوو, بەشێكی بەهۆی گەشەسەندنی سەرچاوە ئایینییەكانی نێو خودی مەسیحییەت بوو و, بەشێكی بەهۆی بارودۆخی مێژووییەوە بوو.

بە دڵنیاییەوە چەكەرەكردنی ئەم تۆوە ماوەیەكی پێچوو. بیری سەرەتایی بەربڵاو لە مەسیحییەتدا دانانی دەوڵەت بوو لە خزمەتی ئاییندا, وەك چۆن پێشتر دەوڵەت خزمەتی ڕێبازی ئیمپراتۆرەكان و خودا نەرییتییەكانیان دەكرد. ڕێبەرێكی دیاری مەسیحی بە ناوی ئەمبرۆس (٣٤٠-٣٩٧ زایینی) كاری سەرەكی ئەمە بوو. بە سەركەوتوویی توانی تیۆدۆسیوس قایل بكات كە ئەوانەی مەسیحیی نین بیانچەوسێنێتەوە و هەروەها قایلی كرد سزای ژمارەیەك مەسیحی نەدات كە شوێنێكی پەرستشی جولەكەكانیان لەناوبردبوو؛ ئەمبرۆس وتبووی ئەوە شوێنی بێباوەڕی بووە و خودا خۆی مەحكومی كردووە. چوونە دەرەوە لە یاسا و شكاندنی لەسەر بنەمای مەسیحی بوون شتێكی باوو بوو. بە درێژایی سەدەكانی دواتر قەشە و پیاوە ئاینییەكان هانی حكومەتە جۆراوجۆرەكانیان دەدا تا مەسیحییەت زاڵبكەن, نامەسیحییەكان هەراسان بكەن و ئەو بنەما ئاكارییانە لەڕێی یاساوە زاڵبكرێن كە لە مەسیحییەتدا هاتبوون.

سەرەڕای هەموو ئەمانە, جیاكاری لە نێوان بابەتە دونیاییەكان و بابەتە ئاینییەكان ئەگەرێكی ئاشكرا بوو لە بیری مەسیحییەتدا, چونكە هەرگیز دەوڵەتێك دروست نەبووبوو كە لە ڕێی كەسی یەكەمی, واتە ئیمپراتۆرەكەی وەك ڕێبەرێكی سیاسی, قەشەیەكی پایەبەرز, یاخود شتێكی نزیك لە خوداوە, ئایین و دەوڵەت لە یەك گرێدرابن. هەر لە دەستپێكی بیركدنەوەی ئەكادیمی مەسیحییەتدا, قەشە ئوگۆستین (٣٥٤-٤٣٠ زایینی) لە نوسینەكانیدا جیاكاری كرد لە نێوان "شاری خودا" و شارێك لە نێو دەوڵەتە ئاساییەكانی دونیادا, كە بە دەسەڵات و یاسای دونیای بەڕێوەببرێت.

دوای تێپەڕینی نزیكەی هەزارەیەك, تۆماس ئەكویناس (١٢٢٥-١٢٧٤ زایینی) یەكەمین وەڵامی گرنگی مەسیحییەتی لەسەر پرسی پەیوەندییەكانی نێوان كەنیسە و دەوڵەت نووسی. لە نوسینەكانیدا جیاكاری خستەڕوو لە نێوان ئەو یاسایانەی مرۆڤەكان دروستییان كردوون (Lex Humana) لەگەڵ ئەو یاسایانەی خودا لەڕێی سرووشەوە بۆ مرۆڤەكانی گواستووەتەوە (Lex Divina). ئەكویناس بە ئەریستۆتڵ كاریگەر بوو, وەك لە پێشتردا باسمان كرد بیرۆكەكانی ئاماژەی بۆ سێكیولاریزم لە خۆدەگرت, وەلێ هیچ هاوڕا نەبوو لەگەڵ ئەو بیرۆكەیەی ئەریستۆتڵ كە پێی وابوو مرۆڤەكان یاسا مرۆییەكان بە گوێرەی پێداویستییەكانی خۆیان دادەتاشن. بە لای تۆماس ئەكویناسەوە یاسا مرۆییەكان تەنها ڕەنگدانەوەی ئەو یاسايانەی سروشتن كە لەلایەن خوداوە فەرمانیان بۆ كراوە و, هەتا ئەو شوێنە باشن كە بە وردی یاسا خوداییەكان تیایاندا ڕەنگبداتەوە. هەروەها یاسا مرۆییەكان لە خوار یاسا خوداییەكانەوەن و هەمیشە دەكرێت پشتگوێ بخرێن. لەگەڵ ئەمەشدا جەختی كردەوە هەرچەندە پاشاكان لەلایەن خوداوە كراون بە نوێنەری ناوچەی خۆیان, لە بواری ئاكاریدا كەنیسە لەسەرووترە. وادیارە ڕێی تێناچێت هەموو ئەم نوسینانە هیچ شتێك ببەخشن بە بیرۆكەی سێكیولاریزم. بەڵام لە نوسینەكانیدا بە وردی چوارچێوەی ڕۆڵی هێزە دونیاییەكان و هێزە ئاینییەكانی دیاریكرد و, پاشا و كەنیسە بە جودا دەبینی نەك هاوتا.

لە نێوان كۆتایی دونیای دێرین و دەستپێكی دونیای سەرەتایی مۆدرێندا, مەسیحییەتی ڕێكخراو لەگەڵ ئایینبوونیدا هێزێكی سیاسیش بوو. بە درێژایی ئەم ماوەیە گرژی بەردەوام هەبوو لە نێوان هێزی دونیایی لە فۆڕمی پاشا و دەست میرییەكاندا و, ئەوانەی زیاتر ڕاستەوخۆیانە خۆان تەرخانكردبوو بۆ عیسا و خودا لە فۆڕمی قەشە, پاپا و پیاوە ئاینییەكانی دیكە. بیرۆكەكانی تۆماس ئەكویناس ڕەنگدانەوەی ئەم گرژییە بوون. لە نێو دونیای سیاسەتدا ئەم گرژییە وەك هەوڵ و تێكۆشان بۆ دەسەڵات خۆی پیشاندا لە نێوان ڕوانگەی میریی جیاوازدا.

نوێنەرایەتیكردنی یەكێك لەم دوو لایەنە فەرمانێكی فەڕمی بوو كە بە (Unam Sanctam) ناسرابوو و لە ساڵی ١٣٠٢ لەلایەن پاپا بۆنیفاچێی هەشتەمەوە (١٢٣٠-١٣٠٣) دەركرا و تیایدا جاڕیدا هیچ ڕزگارییەك نییە بۆ هەر مرۆڤێك لە دەرەوەی كەنیسەی كاسۆلیكی و, هەمووان دەبێت دڵسۆز بن بۆ پاپا بەهۆی پێگەكەی وەك ڕێبەری كەنیسەی كاسۆلیكی, بە تایبەت دەبێت هەموو پاشا و یاسا جێبەجێكارەكان خۆیان بخەنە ژێر دەسەڵاتی پاپا, كە ئەمە پاشاكان بە دڵیان نەبوو. پاشای فەڕەنسا, كە لە فەرمانەكەی پاپادا بە ئامانجگیرابوو و فەرمانەكە بە دیاریكراوی ئاڕاستەی ئەو كرابوو, بە تاوانباركردنی پاپا و دەستگیركردن و زیندانی كردنی بۆ ماویەكی كورت ئەم فەرمانەی ڕەتكردەوە. 

نوێنەرایەتیكردنی لایەنی دووەمی ئەم ناكۆكییە یاسایەك بوو لە لایەن هێنری هەشتەم (١٤٩١-١٥٤٧) پاشای ئینگلتەرا لە ساڵی ١٥٣٤ دەركرا. یاساكە بە كردەی سەروەری ناسرابوو و تیایدا جاڕدرا كە پاشا تاكە سەركردەی كەنیسەی ئینگلتەرایە لەسەر زەوی. لە ساڵی ١٥٣٩ كردەی نەهێشتنی فرەیی لە ڕا و بۆچووندا دووبارە جەختیكردەوە لەو هەقیقەتەی كە پاشا ڕێبەری كەنیسەیە - بەپێی یاسا خوداییەكانی ئەو كاتە سەرجەم كەنیسە و كۆبەندە ئاینییەكان لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری كەنیسەدان – و, فەرماندرا هەموو هاوڵاتییەكی ئینگلیز بۆچوونە ئاینییەكانی لە ژێر هەژموونی ڕێبەری كەنیسدا بن. هەر كەسێك گوێڕایڵ نەبووایە ڕووبەڕووی سزای یاسایی, كە مردنیشی لە خۆ دەگرت, دەبوویەوە. ئایین لە ژێر دەسەڵاتی پاشادا بوو, كە خۆی و دەوڵەتەكەی لە كاسۆلیكی دەبینی و, ڕۆڵی تەقلیدی كەنیسەی بۆ خۆی داگیر كرد.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.