سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژمارەی دەستگیركراوانی داعش لەهەرێم ئاشكرا دەكرێت

23/11/2020


لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندی تاوانەكانی داعش یەكەم كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانیش رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2016ەوە تا 2018 زیاتر لە هەزار و 600 تاوانباری داعشیان دەستگركردوە، ئەوانیش دادگایی كراون یان ڕادەستی حكومەتی عیراق كراونەتەوە، لە ئێستاشدا زیاتر لە 300 تیرۆرستی داعش لە بەندیخانەكانی كوردستان ماون.

لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندی تاوانەكانی داعش یەكەم كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا، كە وەزیرانی ناوخۆ، داد، كاروباری كۆمەڵایەتی، شەهیدان و كاروباری پەرلەمان و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندیدارەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربون تیایدا.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دوای كۆبونەوەكە رایگەیاند، "ئەم كۆبونەوەیە دوای بڕیاری دامەزراندن یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی وەزاری بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعشە كە لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆی كردوە، تەوەری یەكەم هەماهەنگی لەگەڵ یونی تات كە لە ساڵی 1975وە دامەزراوە و هەماهەنگی دەكات لە كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش".

ئاماژەی بەوەشكردوە، وەزیری ناوخۆ باسی هەنگاوەكانی كردوە و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دادگاییكردنی تاوانباران و تیرۆرستانی داعشە، بۆ ئەوەی لە داهاتویەكی نزیكدا دادگاییكردنی سەرانی داعش لە كوردستان و عیراق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بكرێت، تەوەری دوەمیش قۆناغەكانی بەئەلیكترۆنی كردنی داتا و بەڵگەكانی جینۆسایدە بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بە ستاندەری نێودەوڵەتی بێت و بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش بەكاربێن.

وتیشی"هەرێمی كوردستان و عیراق بەسێ یاسای نێودەوڵەتی لە دادگاییەكی نیشتمانی بە پێوەری نێودەوڵەتی پرۆسەی دادگایی سەرانی داعش ئەنجام دەدەن، ئەوەش پرەنسپێكی تازەیە لە یاسایی و پراكتیكی".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دیندار زێباری وتی، لەگەڵ ئەوەی عێراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و رێككەوتنی رۆمای ئیمزا نەكردوە، بەڵام بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو رێكارەی دیاریكردوە بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش.

رونیشیكردەوە، "لەساڵی 2016 تا 2018 زیاتر لە هەزار و 600 تاوانباری داعشمان دەستگركردوە، ئەوانیش دادگایی كراون یان ڕادەستی حكومەتی عیراق كراونەتەوە و ئێستاش زیاتر لە 300 تیرۆرستی داعش لە بەندیخانەكانی كوردستان ماون".

راشیگەیاند"بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە تا ئێستا 6 هەزار كەس تۆماركراون كە لەلایەن تیرۆرستانی داعش رێفینراون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 3 هەزاریان ڕزگاركراون و دوو سەنتەری تۆماری زانیارییەكان لەو چوارچێوەیەدا دامەزراوە و ئەو زانیارییانەش وەك بەڵگەی دادگاییكردن ئامادەكراون".

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure