سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بەهۆی كۆرۆناوە توندوتیژی بەرامبەر ژنانی كوردستان و جیهانیش زیادیكردووە

25/11/2020


 لە جیهاندا ساڵانە رۆژی 25ی نۆڤەمبەر مانگی ١١ ی هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە، لەم رۆژەدا لە تەواوی جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر رێكدەخرێت بۆ روبەروبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هاوكات، چالاكوانێكی ژنان دەڵێت، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا توندوتیژی دژی ژنان زیادیكردووە بە جۆرێك لە ١٠ ژندا دوو ژنیان لەكاتی كەرەنتینەدا روبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.پێچەوانەی هەموو كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە توندوتیژی بەرامبەر ژنان كەمیكردووە و ئەمساڵ هیچ حاڵەتێكی كوشتنی ژنان تۆمارنەكراوە.

 

 رێژەی توندوتیژیەكان دژی ژنان  لە جیهاندا بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە

بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەری بی بی سی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێژەی توندوتیژیەكان دژی ژنان  لە جیهاندا بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی توندوتیژی خێزانی.

لە هەرێمی كوردستانیشدا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دروستبوونی قەیرانەكان لە ساڵانی رابردوودا، رێژەی توندوتیژی دژی ژنان زیادیكردووە، لەو بارەشەوە، هانا شوان چالاكوانی ژنان دەڵێت، توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆمەڵگای كوردیدا زیادیكردووە، بە شێوەیەك لە ١٠ ژندا دوو ژنیان لەكاتی كەرەنتینەدا رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

بەراورد بەساڵی رابردوو، رێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە بۆ نیوە كەمی كردووە
موقەدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە  لەراگەیەندراوێكدا ئامارەكانی توندوتیژی خستەروو، كە تیایدا هاتووە: ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە رووی لەكەمی كردووە، لەساڵی 2019 دا (75) دۆسیەی لێكۆڵینەوە تۆمار كرابوو، بەڵام ئەمساڵ لەماوەی 11 مانگی رابردوودا 37 دۆسیەی توندوتیژی دژ بەژنان تۆمار كراوە. 
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە  ڕاشیدەگەیەنێت، كە هیچ حاڵەتێكی كوشتنی ژنان لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار نەكراوە.

لە نۆ وڵاتی عەرەبیدا  لە راپرسییەكدا نیوەی ژنانی بەشداربوو ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە، كە دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا رێژەی توندوتیژیەكان دژیان زیادیكردووە

بەپێی راپرسییەكی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، كە لە نۆ وڵاتی عەرەبیدا ئەنجامیداوە و لە راپرسییەكەدا نیوەی ژنانی بەشداربوو ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە،  دوای بڵاوبوونەوەی ڤایۆسی كۆرۆنا و لە كاتی كەرەنتینەدا رێژەی توندوتیژیەكان دژیان زیادیكردووە، هاوكات، زۆرێك لە ژنە بەشداربووەكان جەختیان لەوەشكردووەتەوە، كە پێویستە لە كاتی پەتا و قەیرانەكانیشدا روبەروبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پێشینە بێت.

 

 لەساڵی 1981 ەوە چالاكوانانی ئەمریكای لاتین  25ی تشرینی دووەمیان وەكو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناساندووە

لە وڵاتانی عەرەبی هەژاری و بێكاری و قەیرانی كۆرۆنا كاریگەری بەرچاوی هەبووە، لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژیەكان دژی ژنان و قەیرانی ئابوری فشاری راستەقینەی لەسەر خێزانەكان دروستكردووە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، لەساڵی 1981 ـەوە چالاكوانانی ئەمریكای لاتین و دورگەی كاریبی 25ی تشرینی دووەمیان وەكو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناساندووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كوشتنی سێ چالاكوانی سیاسی لە ساڵی ١٩٦٠دا، لە كۆماری دۆمينیكا، هاوكات، نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەساڵی ١٩٩٩دا ئەو رۆژەی بەفەرمی ناساندووە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.