سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

نیچە، ڕەگەزپەرەستیی چینایەتی و خەیاڵی ئەوروپا

08/12/2020


ئەلبێرتۆ تۆسکانۆ
وەرگێڕانى: وریا ئەحمەد

سەرچاوە: وێبسايتى گروپى نێگەتيڤ

 

لەبری پێشەکی

نیچە خۆی لە جێگەیەکدا دەبێژێت، کە تاقانە بابەتی دڵخوازی وی، مرۆڤی باڵایە و، مرۆڤی باڵا سەراپای ئاوەزی داگیرکردووە. بەدیدی وی، مرۆڤی باڵا، سوبێکتێکی گەردوونییە و، جییهان وەک یەک یەکەی سیاسیی، نیشتمانی ئەم تایپەیە لەمرۆڤ. ئەو یەکە سیاسییەی، مرۆڤی باڵا تێیدا نەشونوما دەکات، قەوارەیەکی جییهانیی و ئینتەرناسیۆنالە و، سەراپای شووناسە پۆپۆلیستیی و لۆکاڵییەکان تێدەپەڕێنێت و، لەسەرووی قەوارەی دەوڵەت_نەتەوەوە دێتە چێ­کردن.

کە نیچە تاڕادەی پیرۆزکردن، تامەرزۆ و شەیدای مرۆڤی باڵا بووبێت، کە (مرۆڤی باڵا)ی لەچەقی جییهانی پاش ''مەرگی خودا''دا دانابێت، کە بۆ کۆتاییهێنان بە (کایۆس) و (نێهیلییزم)ی پاش ''مەرگی خودا ''، چاوی هیوای بڕییبێتە مرۆڤی باڵا، ئاساییە لەپێناو دەرکەوتنی وەها مرۆڤێک­دا، خەون بە قەوارەیەکی سیاسیی مەزن و گەردوونییەوە ببینێت. هەروەتر، ئاساییە لەپێناو دەرکەوتنتی مرڤی باڵادا، داوای تێپەڕاندنی مرۆڤی (زۆر مرۆڤانە) بکات و، تایپی (دواهەمین مرۆڤ)یش سووک و ڕسوا بکات و، داوا لە (مرۆڤە بەرزەکان) بکات، هەوڵەکانیان لەپێناو دەرکەوتنی مرۆڤی باڵادا یەکبخەن. سەربار، ئەوەش چاوەڕوانکراوە، کە نیچە لووتبەرزی نەتەوەکان و خەونی پۆپۆلیستییان سووک و ڕسوا بکات و، عەوام و پاتاڵە خەڵکی ڕۆژگار و چینەکانی خوارەوە، وەک (ڕەگەزێکی پەست و نەوی)، نەک وەکو (چین و توێژ)، مامەڵە بکات و تەنها لەو ڕەهەندەوە بیانرخێنێت، کە وەکو کۆیلە، لەخزمەتی مرۆڤی باڵا و ئامانجە گەردوونییەکانی وی­دا بن. ئەم هەنگاوەی نیچە، بە بۆچوونی (لۆسۆردۆ)، لە خانەی جۆرە ڕاسییزمێکی نوێ­دا جێکەوت دەبێت، کە بە ڕاسییزمی چینایەتیی، یان ڕەگەزپەرەستیی ستوونیی ناسراوە. ئاخر نیچە دەکۆشا، ڕەگەزپەرەستی نەتەوەیی تێپەڕێنێت و، لەبری ئەمە، چینەکانی خوارەوە و مرۆڤە بوودەڵە و لاواز و لانەوازەکان، وەک (ڕەگەز) و (نەژاد)ێکی پەست و نەوی، مامەڵە بکات! لێرەدا گرنگ نییە، چینەکانی خوارەوە، سەر بە چ نەتەوە، یان گەل یانژی ئایین و ئایینزایەکن، بەدیدی نیچە، هەموویان سەر بە یەک تۆورەمەن و وەک ڕەگەزێکی پەست دەناسرێن. هەر بۆیەش (لۆسۆردۆ)، جووڵەی ڕادیکاڵیستییانەی نیچەی، وەک (شۆڕشێکی ئەشرافی)ـى ناودەبرد.

ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت گەر ئەم بەراوردە بکەین و بێژین، گەر مارکس لەپێناو ڕۆنانی دەسەڵاتێکی گەردوونیی و ئینتەرناسیۆنال، وتبێتی (کرێکارانی جییهان یەکبگرن)، ئەوا نیچەش لەپێناو چێ کردنی هەمان دەسەڵات­دا، بەزمانی حاڵ وتوویەتی (ئەشرافزادەکانی جییهان یەکبگرن)، یانژی (مرۆڤە بەرزەکان یەکبگرن). هەردوو بانگەوازەکە، لەوەدا هاوبەشن، کە سنووری گەل و نەتەوە و شووناسە لۆکاڵییەکان تێدەپەڕێنن و خەون بە پاوەرێکی گەردوونییەوە دەبینن، لێ دووری نێوان ئامانجی ئەم دووە، وەک دووری نێوان ئاسمان و ڕێسمان وایە. یەکەمیان دەرکەوتنی دەوڵەتی گەردوونیی پرۆلیتاریا و دووەمیان نەوەک هەر پرۆلیتاریای وەک ڕەگەزێکی پەست وێنا دەکرد، بەڵکوو دەرکەوتنی مرۆڤی باڵای بە ئامانج دەکرد. لێرەدا دەپرسین، تا چەندێک ڕەوایە تۆمەتی دژە سۆشیالییزم­بوون بدرێتە پاڵ نیچە؟ داخۆ تێزەکانی وی، بەهەق لەخزمەتی کۆڵۆنیالییزمی ئەورووپیی­دا بوون؟ خودی نیچە تا چەندێک ئاشنای ڕەهەندە قووڵەکانی هزری سۆشیالییزم بوو؟ لەمانەش گرنگتر دەپرسین، ماهییەتی ئەو یەکێتییە سیاسییە چی بوو، کە نیچە خەونی پێوە دەبینی؟ یەکێتیی ئەورووپا، لەدیدی نیچەوە، دەبوو خاوەنی چ جۆرە پەیکەرێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بێت؟ دەبوو پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پۆلێنبەندیی چینەکان لەناو ئەو قەوارە سیاسییە گەردوونییەی نیچە خەونی پێوە دەبینی، چۆنچۆنی بوونایە؟ پرۆسەی دیمۆکراتییزەکردن و چەسپاندنی یەکسانیی لەئەورووپا، چلۆن لەدیدی نیچەوە وەک نێهیلییزمی پاسیڤ وێنادەکرا، کە دەبوو تێپەڕێنرێت؟ بۆچی نیچە بەرگری لە تواندنەوەی کولتوورە لۆکاڵییەکان لە یەک بۆتەقەی کولتوورێکی باڵادا، دەکرد؟ مرۆڤە بەرزەکان، یان نەژادە بڵند پایەکان، بەدیدی نیچە، دەبوو چۆنچۆنی دەگەڵ پرۆلیتاریا و چینەکانی خوارەوە مامەڵەبکەن؟ بۆچی نیچە پێداگریی تووندی لەسەر زەروورەتی جیاکاریی چینایەتیی دەکرد؟

ئەورووپای یەکگرتوو، دژبە خۆی دەوەستێتەوە

فریدریش نیچە، سەبارەت بە ڕەشنووسی پەیمانی (TCE) چ بۆچوونێکی دەبوو؟ ئەو پەیماننامەیەی کە لەساڵی ٢٠٠٤دا واژۆ کرا، تاوەکو لەسەر بنەمای وی، دەستووری ئەورووپا دیاری­بکرێت (ئەم ڕەشنووسە دواتر پشتگوێ خرا، ئەویش پاش ئەوەی لەمیانی دوو گشتپرسی­ لە هەریەک لە وڵاتانی فەڕەنسا و هۆڵەندا، ڕەت کرایەوە.)(١) ئامانج لەخستنەڕووی ئەم پرسیارە سەرگەرمکەرە هەر ئەوەیە، هێما بۆ ئەو خاڵە بکەین، کە دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشیی ئەورووپا لەلایەن ئەم فەیلەسووفە ئەڵمانییەوە و، هەروەتر ڕۆڵی ڕەمزیی ئەو وەک (ئەورووپاییەکی باش)، چەندە نامۆیە  بەو مۆژیارییە ڕیفۆرمیستییانەی کە وەک پێشەکی، لەدەستپێکی پەیماننامەکەدا هاتوون و، چەندە لەگەڵیان­دا جیاوازە، بەتایبەت پاش ئەو ڕێککردنەوە هەڵاسازەی، کە لە هەڵوێستی پەیماننامەکە دەرهەق بە ئایینی مەسیحیی کرا. وەک بڵێی نیچە لە دۆڵێک بێت و ئاوازی ڕیفۆرمیستیی نێو پەیماننامەکەش لە دۆڵێکی تر. پەیماننامەکە بە ئاماژەدان بەم خاڵە دەستپێدەکات، کە گوایە میراتی کولتووریی، ئایینیی و هیومانیستیی ئەورووپا، سەرچاوەی ئیلهامی پەیمانەکەن (ئەو میراتەی، کە بەها گەردوونییەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، دیمۆکراسی، یەکسانی و حکومەتی یاسا، لەهەناوییەوە هاتوونەتە دەرەوە.) وەلێ گەلۆ، داخۆ بەدیدی نیچە، هەموو ئەمانە داینەمۆی بەلاڕێ­دابردنی ئەورووپا نین؟ داخۆ دەبێت لیستێکی لەمە کامڵتر بوونی هەبێت و، تێیدا هەموو ئەو فاکتەرانە ڕیزکرابن، کە بەدیدی نیچە ئەورووپا بەرەو لاڕێ و خەرەندی ئەخلاقی کۆیلەکان دەبەن؟ ئەویش پاش ''دواهەمین شۆڕشی مەزنی کۆیلەکان، کە بە شۆڕشی فەرەنسا سەرپێ­کەوت''؟(٢). داخۆ ئەو بانگەشەیەی پەیاماننامەکە دەیکات، بەوەی گوایە درێژەپێدەری ڕێگای شارستانییەتیی و پێشەکەوتنی ئەورووپا دەبێت، ئەوەش لەپێناوی ''چاکەی هەموو دانیشتوانی ئەورووپا، بە لاوازترین و لانەوازترینیشیانەوە''، لەدیدی نیچەدا، جگە لە دەستووری کەسە گڵاوەکان و '' ئاوێتەیەک لە مرۆڤە ناڕەسەنەکان''(٣)، دەبێت چیتر بێت؟ ئەمە، هەمان ئەو ئەورووپا ''نامەردانە''یە، نیچە هەمیشە هێرشی دەکردەسەر، هەمان ئەو ئەورووپایەی دووچاری سەلیقەی نەوی و پەستی خۆگەوزاندن لەنێو بەزەیی و ''هەستیارییەکی بیمار و هەردەم ئامادە بۆ چەشتنی ڕەنج و ئازار''(٤) ببوو.

ئەو وێنایەی سیستەمی پەڕلەمانتارییزمی سەرمایەداریی هاوچەرخ بۆ ئەورووپایەکی یەکگرتووی دامەزراو لەسەر بنەمای ڕێککەوتن، دەیکێشێت، جیاوازە لە هەوڵە بەردەوامەکانی نیچە، لەپێناو بیرکردنەوە لە ئەورووپا وەک پانتاییەک، هەم بۆ بەلاڕێداچوون و هەم بۆ ئافەراندنی بەهای نوێ. ڕاستی ئەوەیە، تەنانەت دەتوانرێت بوترێت، ئەم مۆدێلە لە ئەورووپا، هەر ئەو بنبەستەیە، کە نیچە لە چێوەی بەرهەمەکانی­دا پێشبینی دەکات(٥). هەرچەندە دەشێت ئەم ڕەخنە نیچەییە سوودمەندبێت، لانیکەم لەو سۆنگەیەوە، کە لە وەتەری متمانە و غرووری فووتێکراوی ئەورووپایەکی سەرگەردان دەدات، وەلێ خواستی من ئەوەیە، دواجار خودی ئەم رەخنەیەش شەنوکەو بکرێت و لەسەنگی مەحەک بدرێت و، بەهۆی پشتەستنی بە خەرمانەیەک لە چەمکی دڵخوازی خۆی، بەکارهێنانی ڕستێک دەستەواژەی کۆنەپارێزانە و نەزۆک، بەر ڕێژنەی ڕەخنەی قووڵ بدرێت؛ {گرنگترینی ئەو چەمک و دەستەواژانە، لە چێوەی تێزی فەرمانەڕەوایی و زنجیرەی پلەپەندیی چینایەتی­دا دەکاربراون و، هەروەتر شێوازی بەرخوردی نیچە لەگەڵ مەینەتی و ئازاری لەدایکبوونی شارستانییەتی وەک جۆرە سایکۆدرامێک(psychodrama)ی گەردوونیی، هیچ پەیوەندییەکی بە هەوراز و نشێوەکانی ناو مێژوو و ئەوەی پێی دەوترێت "گەشەپێدانی لاسەنگ و ئاوێتەی نێهیلییزم"ەوە، نییە}. بە دەربڕینێکی ڕوونتر و، هەروەتر بە پەیڕەوی لە کۆششە مەزنەکەی دۆمێنیکۆ لۆسۆردۆ(Domenico Losurdo)، کە لەسیاقی پەرتووکی (نیچە، شۆڕشێکی ئەشرافیی)(6)دا، روانگەی نیچەی لە چێوەیەکی ڕەخنەیی­دا دڕاێژاوەتەوە، وەها ئەنجامگیری دەکەم، کە ئەندێشەی نیچە، هەرچەندە لەبەر پێشبینییە وێرانکەرەکانی لەمەڕ دەستنیشانکردنی بیماریی شیاوی بەگەرخستنەوە بێت، وەلێ هیچ گومان لەوەدا نییە، لە سەر ئاستی پلان و دانانی چارەسەر(دەرمان)، بێجگە لە بنبەست یان سەرەتاییەکی مەرگبار، هیچی دیکەی لەهەگبەدا نییە. دەشێت بۆ ناسینەوەی نەخۆشیی ئەورووپا، پشت بە ئەندێشەی نیچە ببەسترێت، وەلێ بەوەدا، کە ئەندێشەی وی، لەبری پێشنیازکردنی چارەسەر، ڕێگای بنبەست و خەرەندی کارەسات پیشان دەدات، ناکرێت بەتەواوەتی پشتی پێ ببەسترێت.

بەڵام، یەکێتیی ئەورووپا بۆ نیچە، چ مانایەک دەگەیەنێت؟ نیچە لە سیاقی پەرتووکی (ئەو دیوی چاکەوخراپە)دا، وێنای ئەورووپایەک دەکێشێت، ڕێبەرانی و خەڵکەکەی، بە ئەنقەست ڕوو لە یەکێتیی و زەروورەتی ئەم یەکێتییە وەردەگێڕن. لێرەدا لەگەڵ یەکێک لە تێزە تاڕادەیەک جێگیرەکان، لە ئەندێشەی قاڵبووەوەی نیچەدا رووبەڕوودەبینەوە؛ ئەم تێزە پاش تامەزرۆیی هەرزەکارانەی نیچە دەرهەق بە ((زات یان فیترەتی ئەڵمانی)) خەمڵی، تێزەکە هەر هەمان نیگای تژی لە سووکایەتیی نیچەیە دەرهەق بە ((ئەو جیابوونەوە و نامۆییە هیسترییەی، کە پەتای نەتەوەخوازیی لەنێو گەلانی ئەورووپادا ورووژاندی و هێشتاش دەیورووژێنێت.))(٧) هەر ئەم هەستکردن بە نامۆییە دەرهەق بە ئەویتری ئەورووپایی، لەگەڵ ((خەسڵەتی فریودانی عەوام و عەوامگەرایی، کە خاڵی هاوبەشی هەموو پارتە سیاسییەکان بوو))(٨)، هەلومەرجی نالەباری ئەورووپای سەدەی نۆزدەیەمی خوڵقاند. نیچە لەبەرانبەر کورتبینی سیاسەتمەدارانی پۆپۆلیست و سیاسەتی (جوداخوازی)یی شکستخواردوویان، پێداگری لەسەر ئەو خاڵە دەکرد کە((ئەورووپا یەکێتیی دەوێت.))(٩) مانای ئەم یەکێتییە چییە؟ سەرەتا وەک خاڵی یەکەم، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، لە چێوەی ڕستێک تێکستی پەرشوبڵاودا لەمەڕ کەسایەتییە بلیمەتەکانی وەک (ناپلیۆن، گۆتە، بیتهۆڤن، ستاندال، هایینە، شۆپنهاوەر و تاڕادەیەک ڤاگنەریش)، "ئایندەی ئەورووپا" بەرباس­دراوە و تاقیکراوەتەوە. دووەم، ئەو پێوابوونەی، کە گوایە ئەم فیگەرە مەزنانە، بەستەری سەرەکیی ژانی لەدایکبوونی ئەورووپان، خۆی لەخۆی­دا پاڵپشتی ئەو ڕاستییەیە، کە مانای یەکێتیی ئەورووپا لای نیچە، نە سیاسیی بووە و نە جیپۆلەتیکیی، بەڵکوو مانایەکی "ڕۆحی"ی هەبووە. نیچە بەهێماکردن بۆ ئەو فیگەرانەی پێشوو، کە نموونەی مرۆڤی ئەورووپایی بوون، دەنووسێت: '' ئەوان لە سەراپای هەورازو نشێوی نیازەکانیان­دا، پەیوەستن پێکەوە، بەشێوازێکی بنچینیەیی پێکەوە پەیوەستن؛ ئەمە هەمان ئەو ئەورووپایەیە، ئەورووپای تاقانە، کە گیانی بەرەو بڵندیی هەڵدەکشێت و بە هەموو بوونیەوە دەکۆشێت، تاوەکو بە کۆمەک و نێوەندگیری هونەری ڕەنگاڵەیی و تژی لە جۆش­وخرۆشی ئەوان، زێدەتر بۆ پێشەوە و بەرەو باڵایی بکشێت''(١٠) و هەڵبەت ئەمە ئەورووپایەکە، هێشتا چارەنووسی یەکلانەبووەتەوە. سێیەم، یەکێتی ئەورووپا بۆ نیچە، پرسێکە بە (زنجیرەی پلەبەندیی مرۆڤەکان)ەوە پەیوەستە؛ بە گوتەی خۆی، ئەم بیرمەندە مەزنانە، وانەی ''مرۆڤی بەرز''یان فێری ''سەردەمەکەی خۆیان.... سەردەمی عەوام'' کرد(١١).

ڕۆنان و پێکەوەنانی ئەورووپایەکی ڕۆحیی، بەمەبەستی لەدایکبوون یان گەشەسەندنی ڕەگەزێکی باڵاتری ئادەمیزاد، ئا ئەمەیە پاڵنەری جۆش­وخرۆشی نیچە بۆ یەکبوونی ئەورووپا. هەڵبەت نیچە دەستبەرداری دۆزینەوەی مانایەکی سیاسیی، یان دروست­تر بڵێین ئارکییتایپێکی­ سیاسیی(arche_political)، بۆ ئەورووپا نابێت؛ بەمەرجێک ئەگەر بە شوێنپێ هەڵگرتنی بادیۆ، ئەم ئارکییتایپە سیاسییە، وەک هاوتەرازی ئەو ڕاگەیاندنە هەژماربکەیەن، کە خۆی لە چێوەی جۆرێک لە ''ڕاڤە و خۆدەرخستنی سۆبێکتیڤ''دا دەنوێنێتەوە(ڕاگەیاندنێک، کە دواجار لە چێوەی شێتێتیی سیاسیی نیچەدا خۆی ئاشکرا دەکات)، ئاخر ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە، کە بە هیچ چەشنە ڕووداوێک مەرجدار نەکراوە، لەسەر ئەو گریمانەیە ڕۆنراوە، گوایە سیاسەت دەتوانێت لەهەناوی کردەیەکی فیکریی پەتییەوە هەڵقووڵێت. کەواتە ئەم چەشنە ڕاگەیاندنە، ناتوانێت '' جیاوازی لەنێوان خۆبەیانکردن و جێبەجێکردن­''دا بکات(١٢)(ڕوونتر بدوێین، نیچە تەنیا ڕاگەیاندنێکی خستەڕوو، گریمانەی روودانی تشتێکی ورووژاند، بێ ئەوەی ئەم کردەیەی وی، لە زەمینی واقیع­دا رووداوی ئافەراندبێت، یانژی بەدیهاتێبێت. بەڵکوو خودی ئەم ڕاگەیاندنەی وی، دەبێت بە رووداوەکە). هەروەک بادیۆ لە چێوەی وتاری (نیچە کێیە)، دەبێژێت: ''کردەی دژە فەلەسەفییانەی نیچە، کە هاوزەمان خودی وی  پەیامهێن، ئەکتەر و ناونیشانی کردەکە بوو، بێجگە لە دووکەرتکردنی مێژووی جییهان، هیچ ئامانجێکی دیکەی لەهەگبەدا نەبوو. من ئەم کردەیە بە ئارکییتایپی سیاسیی ناودەبەم، ئاخر مەبەستی ئەم کردەیە، سەرنگوونکردنی هەموو مرۆڤایەتییە لەئاستێکی گەلەک قووڵتر و ڕیشەیی تر بەبەراورد بە هەموو پێودانگە سیاسییەکانی دیکە. لێرەدا مەبەست لە ئارکییتاپی سیاسیی، ئەو پەیامە فەلسەفییە نییە، دەخوازێت بونیادێک بۆ سیاسەت وەدۆزێ. لۆژێکی ویش، دیسان لۆژیکی ململانێیە، نەوەک لۆژیکی دەستپێشخەری لە ڕۆنانی بنەمادا.''(١٣)  

کارل لویس(Karl Lowith) لە سیاقی وتاری ''نێهیلییزمی ئەورووپایی''دا (وتارێک کە وی لەساڵی ١٩٣٩و لەمەنفا، لە وڵاتی ژاپۆن نووسی و، بەمەبەست ناونیشانی لاوەکیی ''تێڕامانێک سەبارەت بە باگراوەندی ڕۆحیی و مێژوویی جەنگ لەئەورووپا''(١٤)ی بۆ دانا)، ئەورووپا وەک چەمکێکی بنچینەیی لەدووتوێی تێگەیشتنی نیچە بۆ جۆرە ڕێکخستنێکی نوێ، هەژماردەکات، کە دواجار بەسەر هەموو بنبەستەکانی نێهیلییزم­دا زاڵدەبێت: '' ئامانجی مەزن و سەرەکی بۆ نیچە، بریتیی بوو لە هەژموونی ڕۆحی و سیاسیی ئەورووپییەکان بەسەر هەسارەی زەمین­دا. لێخووڕینی ئەورووپا بەرەو ئەم (سیاسەتە مەزنە)، هاوزەمان وەک (جەنگی نێوان ڕۆحەکان) وایە. خاڵی سەرەکی ئەوەیە، داخۆ ئەورووپا بەسەر نێهیلییزمی خۆی­دا زاڵدەبێت یان نا، ئایا دیسان خۆی وەک (گشتێک) و وەک دیاردەیەکی یەکلاکەرەوە وێنادەکات یان نا؟ ئەم نێهیلییزمە ئەکتیڤ و (تژی لە جۆش­وخرۆش)ە، بزوێنەرێکی بەهێزە و هاوزەمان چەکووشێکە، ئەژنۆی نەتەوە پەستەکان و ڕووسەکان دەشکێنێت و نەزمێکی تازە بۆ ژیان دەئافەرێنێت.''

دیسان بە لەبەرچاوگرتنی پێناسەکەی بادیۆ دەبێژین، ئەوی لە هەڵوەستەی نیچەدا، وەک ئارکییتاپی سیاسیی دەردەکەوێت، یەکسانکردنەوەی ئەورووپایە بە کەسێتیی خودی وی. هەروەک لویس دەیگوت: ''چارەنووسی ئەورووپا هاوتەراز و یەکسانە بە فیکر و هەستی نیچە دەرهەق بەخۆی.'' وەلێ لەودیوی ئەم هاوتەرازییەوە، نیچە بەدوای چ مۆدێلێکی یەکێتیی سیاسییەوە عەوداڵە؟ ئەگەر خۆمان لە هەڵوێستی ''هێرمۆنێتیکی بێ گوناهیی''، ئەوی کە سەراپای دەربڕینەکانی نیچە دەئاخنێتە قاڵبی میتافۆرەوە، بەدووربگرین (لەمەش خراپتر، ئەم هەڵوێستە، فیکری نیچە دەمرێنێت و نیچە وەک کۆمیدیانێکی لیبراڵیی ڕیچارد ڕۆرتییانە یان وەک ئانارشیستێکی پەشێوحاڵ پیشان دەدات)، سەختە نکۆڵی لەوە بکەیەن، کە بنەمای تێگەیشتنی نیچە بۆ ئەورووپا، بریتییە لە دەرکەوتنی زنجیرەیەکی پلەبەندیی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ، کە دەشێت فۆرم و شێوە بە ئاژاوە و پەشێوی سیاسیی ئەم کیشوەرە ببەخشێت و، لەبەرژوەندی نەزمێکی تازەی گەردوونی­دا، هەموو جۆرەکانی پۆپۆلییزمی گەلەیی وردوخاش بکات. هەروەک لویس هێمای بۆ دەکات، بۆ پێکەوەنانی وەها ئیرادەیەکی یەکگرتوو و یەکلاکەرەوە، کە بۆ ئەم چەشنە لە ''سیاسەتی مەزن'' پێویستە، بەتایبەت لە ئێستادا کە ''سەردەمی سیاسەتی گچکە و پەستی نەتەوەخوازیی بەسەرچووە''، نیچە پێشنیازێکی نوێ دەخاتەڕوو: ''دەرکەوتنی توێژێکی هەژموونگەر، کە خاوەندارییەتی لە ئامانجی دوورمەودا دەکەن و، دەتوانن عەوام و چین و توێژەکانی تر دەستەمۆبکەن و لەڕاستای خزمەتکردن بەم ئامانجە، ئاڕاستەیان بکەن.''

دیمۆکراسی، ڕەگەزپەرەستیی چینایەتیی و ''ئەورووپیی باش'': ڕاسییزم بەبێ ڕەگەز

ئاسۆی سیاسیی دەرکەوتنی ئەورووپایەکی یەکگرتوو و پۆلێنبەندی­کراو لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کە لەسەر بنەمای بەڵێ­کردن بۆ ژیان ڕۆنرابێت، تووند بە مانایەکی دیکەی ئەورووپاوە گرێدراوە. لەدیدی نیچەدا، ئەم مانایەی تری ئەورووپا، هاوواتای نێهیلیزمی پاسیڤە و هاوزەمان، دەرفەتێکیشە بۆ مۆدێلێکی تازەی نوێبوونەوەی ژیان، لە پاش مەسیحییەت. لێرەوە، بەواتا (دێریدا)ییەکەی، دیمۆکراتیزەکردن جۆرە (فارماکۆن)ێکە، یانژی لانیکەم دەرفەتێکە، کە دەشێت لەبەرانبەر ''ئەخلاقی کۆیلەکان''دا، بە هەندی وەربگرین. لێ ئەو هاوئاستکردنەی، پرۆسەی ''دیمۆکراتیزەکردن'' دەگەڵ خۆی­دا دەیهێنێت، چۆنچۆنی دەتوانێت پاڵپشتی پرۆسیسی بەڵێ­کردن بۆ ژیان بێت؟ بەهەرحاڵ، یەکێک لەباوەڕە نەگۆڕ و هەمیشەییەکانی نیچە، لە چێوەی بەرهەمە سەرەتاییەکانییەوە تا ئەوانەی دوای، ئەوە بووە پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی و (بەشێوەیەکی تووندتر، پۆلێنکردنی کۆیلەکان و جیاکرندەوەیان)ی(١٥)، بە پێویست زانیووە. ئەم پێویستییەش، لەپێناو گەشەپێدانی کولتووریی و تین­وتاو بەخشین بەژیانی مەعنەوی­دا بووە. نیچە لە چێوەی (کورتە وتارێک)دا بەنێونیشانی ''کولتوور و توێژ''، دەنووسێت: ''کولتوورێکی باڵا، بە تەنیا لە هەلومەرجێک­دا دێتەبوون، کۆمەڵگا دوو چینی جیاواز لەخۆ بگرێت: چینی کرێکاران و چینی ئەوانەی کار ناکەن و دەتوانن ئەزموونی دەستبەتاڵیی و پشووی ڕاستین بکەن؛ یانژی بە دەربڕینێکی تژی لەجۆش­وخرۆش: چینی ئەوانەی ناچارن کاربکەن و چینی ئەوانەی تەنیا لەکاتێک­دا کاردەکەن، کە خۆیان خواستیان لەسەری بێت.''(١٦) ئەم وانە بەڕووکەش کڵێشەییە، کە لە یۆنانی کۆن و کۆمەڵگای چینایەتیی هیندەوە وەرگیراوە و، ژاک ڕانسێر پووچی وەها پێوابوونێکی سەلماندووە(١٧)، لە شوێنێکی تر و لەچێوەی (کورتە دەربڕین)ێکی دیکە لە سیاقی پەرتووکی (مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە)دا، بەناونیشانی ''یۆتۆپیای من''، جارێکی­تر لەلاین نیچەوە دەخرێتەڕوو. لەم کورتەدەربڕینەدا هاتووە، ''لە کۆمەڵگایەک­دا، کە خاوەنداریی لە نەزمێکی تۆکمە دەکات، کاری قوورس و فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی ژیان، دەبێت بە ئەرکی کەسانێک، کە لەوانیتر کەمتر، زیانی ئەنجامی کارەکانیان وێ دەکەوێت و زیاتر بەرگە دەگرن.'' لە قاڵبی زنجیرەی پلەبەندیی ڕێکخراودا، پلەکان لە ''بێ هەست­ترین''ی کرێکارانەوە دەست­پێدەکات و بە ''هەستیارترین''ی ئاغاکان کۆتایی دێت، ئەو ئاغایانەی، تەنانەت لە لووتکەی خۆشگوزرانیش­دا، هێشتا ئەزموونی ئازار و دەرد دەکەن.(١٨)

بەمجۆرە، لەڕووی ''هەستیاری''ییەوە، لەنێوان فەرمانڕەوایان و ژێردەستەکان­دا، ئاغاکان و کۆیلەکان­دا، جۆرە جیاوازییەکی چلۆنایەتیی یان (فیتری)ی بوونی هەیە. کەواتە، یۆتپیاکەی نیچە، بێجگە لەوەرگێڕانێکی سرووشتیی ئەم بەهرە و توانا ناسیاسیانە بۆسەر زمانی جۆرە نەزمێکی کۆمەڵایەتیی، هیچی تر نییە و، ئەم نەزمە کۆمەڵایەتییەش، بەگوێرەی دابەشکردنی (کار) پێناسەدەکرێت (بەتایبەت دابەشکردنی کار بۆ دوو جۆری: کاری فیزیکی و کاری فیکری). لێ، ئەو پرۆسیسی هاوئاستکردن و یەکسان­سازییەی، کە وا دەردەکەوێت بەشێکی جیانەکراوە لە پرۆسەی ''پەرەسەندی ئەورووپا'' بێت، چۆنچۆنی دەتوانێت زەمینە بۆ ئەم جۆرە وەرگێڕانە سیاسییەی جیاوازییە سرووشتییەکان خۆشبکات؟ ڕوونتر بدوێین، داخۆ دیمۆکراتیزەکردن، ڕێگا بەم بەسیاسییکردنەی جیاوازییە سرووشتییەکان دەدات؟ لەوەش گرنگتر، داخۆ ئەم چەشنە شووناس­بەخشینە بە ڕەگەزە سیاسییەکان، دەگەڵ هێرشی تووندی نیچە لە چێوەی (جێنالۆجیای ئەخلاق) بۆسەر ئایدیای میتافیزیکیی وجوودی بکەرێک یان سوبێکتێک لە پشتەوەی هەر(کار)ێک، وێک­دێتەوە؟ (هێرشی نیچە بۆسەر ئەو وێنا میتافیزیکییە، دەشێت ببەسترێتەوە بە بەرخوردی نیچە لەگەڵ ئەورووپا وەک ڕۆحێک یان وەک سوبێکتێک.)

نیچە، ئەو سەروەختەی وا دەردەکەوت بەبێ هیچ توڕەیی و جۆش­وخرۆشێک، سەرگەرمی دەستوپەنجەنەرمکردنە لەگەڵ ''بزاڤی دیمۆکراسی''ی ئەورووپا، جۆرە پرۆسیسێکی ئاوێتەکردن و هێڵکێشانی دەستدابوویە: '' ئەورووپاییەکان، تا دێت زیاتر لەیەکدی دەچن؛ ئەوان تادێت زیاتر لەو هەلومەرجانە دادەبڕدرێن، کە سەروەختێک لەژێرسایەیان­دا، ڕەگەزگەلێکی وابەستە بە جۆرە ئاووهەوایەکی دیاریکراوەوە، لەدایکدەبوون. ئەوان، تادێت زیاتر و زیاتر، لەهەرچ چەشنە کەش و فەزایەکی دیاریکراو، ڕزگاریان دەبێت.''(١٩) بەڵام، نیگای تیژبین و تژی لەئومێدی نیچە، وەک هەمیشە بەدوای لێکەوتە دەستەجەمعییەکانی ئەم بارگۆڕانە ''فیزیۆلۆژییە''وە نەبوو، بەڵکوو نیگای ئەو، پەیگیری ئەو ئیمکانە جۆربەجۆرانە بوو، کە ئەم بارگۆڕانە بۆ پەروەردەکردنی ڕەگەزێکی نوێی ئادمیزادی داهێنەر و ئەرێنیی، دەیڕەخساند. لەم رووەوە، ئادەمیزادی ئەورووپیی، کە تازە پێکدەهێنرا و پارچەکانی پێکەوە دەبەسترا، '' لەبنەڕەتەوە، ئادەمیزادێکی ئینتەرناسیۆنال و بیابان­گەڕ بوو... ڕەگەزێک بوو، لەرووی فیزیۆلۆژییەوە، خاوەندارییەتی لە زۆرترین بڕی هێز و بەهرەی خۆگوونجاندن دەکرد و، ئەم تواناییەش، خاڵی جیاکەرەوەی ڕەگەزی وی بوو.''(٢٠) لێ نیچە وەک بیرمەندێکی خانەدان، لەوە ماتریاڵیست­ترە، بکەوێتە داوی خۆش خەیاڵییەوە و وا گومان ببات، کە گوایە دەشێت، دەرکەوتنی ئەم ئادەمیزادە نوێیە، بەبێ سەرهەڵدانی نابەرابەریی قووڵ و تژی لە تووندوتیژی، ڕووبدات.

هەر بۆیەش، لەپێناو ئەوەی پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردن و یەکبوونی ئەورووپا، بتوانێت بەهەق زەمینەی خۆلادان لە پیسبوونی وزە کولتوورییەکان فەراهەمبکات و بەهای نوێ، واتە زنجیرەی پلەبەندیی نوێ بئافەرێنێت، تەنانەت گەر بەشێوەی نەستەکییش بووە، دەبوو شێوەیەکی نوێی جیاوازیی و پۆلێنبەندیی کۆمەڵایەتیی بەباربهێنێت. ئەمەش دروست هەر ئەو خاڵەیە، نیچە بەرباسی دەدات: ''ڕێک و ڕاست هەر ئەو هەلومەرجانەی، کە لەئاستی مامناوەند، دەبنەهۆی هاوئاستبوون و پاتاڵێتیی مرۆڤەکان (واتە گیاندارێکی گەلەیی بەسوود، ڕەنجەدەر و چەندڕوو)، دەشێت لەباڵاترین ئاستی شیمانەکراوی خۆیان­دا، ببنەهۆی هاتنەبوونی مرۆڤی سەرپەلیش، کە لە رووی چلۆنایەتییەوە، مەترسیدارترین و سەرنجڕاکێشترینن.''(٢١) بەمجۆرە، هاتنەبوونی ئەم ڕەگەزە نوێیە لە مرۆڤی گونجاو و ژیاندۆست لە ئەورووپا، هاوزەمان دەبێت لەگەڵ ''سەرهەڵدانی جۆرە ئادەمییەک، کە سەراپا ئامادەیە ئەزموونی ژیانی کۆیلایەتیی بکات''، ئەویش لە قاڵب و شێوەی ''ژمارەیەکی زۆر و جۆراوجۆر لە کرێکاری دەم پڕ لەهاتوهاوار، کە لەڕووی ئیرادەوە لاوازن، وەلێ هەردەم ئامادەی بەکارهێنانن و، چەندێک پێویستییان بە پاروی شێوانە، هێندەش پێویستییان بە ئاغا و سەروەرە.''(٢٢) کەواتە نیچە بە لێکگرێدانی پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردن و سەرهەڵدانی جۆرێک لە ستەمکاریی، هەر هەمان ئەو ئارگۆمێنتە دەکاردەهێنێتەوە، کە لەپاری ٩٥٦ی پەرتووکی (ئیرادەی هێز)دا بە شێوازێکی چڕکراوە، هێمای پێ داوە: ''هەمان ئەو هەلومەرجەی، خێرایی بە پەرەسەندنی ئاژەڵی گەلەیی دەبەخشێت، هاوزەمان خێراییش بە پەرەسەندنی ئاژەڵی پێشەنگ دەبەخشێت.''(٢٣) بەدەربڕینێکی تر: ''ویست بۆ ئافەراندنی مەودا'' یانژی ''پاتۆسی مەودا''، دەکرێت لەڕێگەی پرۆسەی هاوئاستکردن و یەکسانسازیی فیسۆلۆژییەوە، دووبارە بەرهەمبهێنرێتەوە(ڕوونتر بدوێین، پرۆسیسی یەکسانکردن و هاوئاستکردنی مرۆڤەکان، بوار بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی پاتۆسی مەودا دەڕەخسێنێت؛ یانژی دەرفەتی یەکسان بەهەمووان بدە، کۆیلەکان کۆیلایەتیی خۆیان و ڕەسەنزادەکانیش ڕەسەنایەتی خۆیان دەسەلمێننەوە): ئەمەیە هیوای نیچە بۆ ئەورووپا، وەک زێدێک، کە تێیایدا نەزمی زنجیرەی پلەبەندیی، دەشێت هاتنەبوونی ڕەگەزێکی باڵاتر یان (Herrenvolk)ی سەروونەتەوەخوازیی لێبکەوێتەوەو، ئەم ڕەگەزە باڵاترەش، بە تۆپەڵەیەک لە پرۆلیتاریای کۆیلە و داماڵدراو لەهەست، پشت­ئەستوورە. وەک لۆسۆردۆ هێمای پێ داوە، ئەم جۆرە ڕوانگەیە بۆ گریمانەی سەرهەڵدانی چینێک یان ڕەگەزێکی ئەشرافیی، کە گوایە ئەندامەکانی خۆیان بە هاوتەرازی یەکدی دەبینن، لەسەراپای ئەندێشەی سەدەی نۆزدەیەم­دا بوونی هەیە و، بە شێوەیەکی بنجبڕ و بێ پەردە، درزی نێوان ''لیبراڵەکان'' و ''موحافیزکارەکان'' پڕدەکاتەوە. ئەمە هیوایەکە، هەر زوو لە نەخشەکەی نیچە بۆ کەسێتیی مەعنەویی و ڕووخساری ئارکییتایپی سیاسیی ''ئەورووپییەکی باش''، لە چێوەی کتێبی (مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە)دا، بەدیاردەکەوێت. لە کورتەدەربڕینی ژمارە ٤٧٥ی ئەو کتێبەدا، بەنێونیشانی ''مرۆڤی ئەورووپیی و سڕینەوەی نەتەوەکان''، نیچە پێشوازی لە ''لەناوچوونی نەتەوەکان'' دەکات و، بۆ هاتنەبوونی ڕەگەزێکی نوێ و ئاوێتە، کە خەسڵەتی بیابانگەردیی و ''تێپەڕیینی بەردەوام''ی هەیە، بەڵێ دەڵێت.(٢٤) وی، شیکارییەکی بەهێز بۆ کارایی عەوام­فریودەری ناسیۆنالییزم دەخاتەڕوو، ناسیۆنالییزمێک، کە هەردەم لەخزمەت ''زنجیرە پادشایەتییەکان'' و ''چینێکی تایبەتی بازرگانیی و کۆمەڵایەتیی''دا بووە و، ئەم فۆرمە لە یەکێتیی ئەورووپاش، وەک تاقانە چارەسەر بۆ بیماریی (رقبوونەوە لە یەهوودی) دەخاتەڕوو. نەخۆشی (رقبوونەوە لە یەهوودی)، خۆی بەرئەنجامی لۆژیکیی تەسکبینی و وشک­ئەندێشیی هیسترییانە و بەرهەمی ئەو نەخشە سیاسییانەیە، کە بە نەتەوەکانەوە پەیوەستن. داخۆ ئەم دژەناسیۆنالییزم­بوونە بەڕووکەش (پێشکەوتووخوازانەیە)، دەگەڵ پێداگریی تووند لەسەر زنجیرەی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی و پرۆسەی وەچەخستنەوە لەنێوان ڕەگەزە جیاوازەکان­دا، وێک­دێتەوە؟ داخۆ پەسندان و پێداهەڵگوتنی پرۆسەی ''وەچەخستنەوە و ژن­وژنخوازیی لەنێوان ڕەگەزە جیاوازەکان)دا، ئەو دەزووانە دەپچڕێنێت، کە نیچەیان بە ڕەگەزپەرەستیی و داروینییزمی کۆمەڵایەتیی سەدەی نۆزدەیەمەوە دەبەستەوە؟

دۆمێنیکۆ لۆسۆردۆ، مارکسیستی ئیتاڵیی خاوەن (ڕا) لە مەیدانی مێژووی فیکردا، هاوسوو لەگەڵ ئەوەی دەخوازێت بەرخووردی ڕووکەشانەی (لۆکاچ) لەگەڵ مەیەلی نیچە بەلای ئایدۆلۆژیای ئیمپریالییزم و ''بەرگری ناڕاستەوخۆ''ی نیچە لە سەرمایەداریی(٢٥)، تێپەڕێنێت، ئەوەشمان بۆ دەخاتەڕوو، کە چۆنچۆنی دەتوانرێت هێڵێکی فیکریی لەمەڕ ڕەگەز و زنجیرەی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی لە بەرهەمەکانی نیچەدا، وەدۆزرێت، بەبێ ئەوەی لەپرسی هەڵە و لێکدژی ناساندنی نیچە وەک ناسیۆنالیستێکی ئەڵمانیی یان دژەیەهوودێک، بگلێین. لۆسۆردۆ، لەچێوەی پەرتووکی (نیچە، شۆڕشێکی ئەشرافی)دا، لەنێوان ئەوەی خۆی بە ''ڕاسییزمی ئاسۆیی'' ناوی دەبات و ''ڕاسییزمی ستوونیی''دا، جیاوازییەکی واتایی گرنگ دەکات.(٢٦)ئەوی یەکەم، واتە (راسییزمی ئاسۆیی)، بە پرۆسەی شووناسخوازیی ناواخنگەراییانەی نەتەوە یان گرووپە جیاوازەکانەوە پەیوەستە و، بەسادەیی و لەهەرچ دۆخێک­دا، یان باڵاترن یانژی نەوی و پەستن(دەشێت پێیشی بوترێت ڕاسیزمی باو، کە جیاوازە لەو ڕاسیزمە نوێیەی نیچە خەونی پێوە دەبینێت). ڕاڤەی نیچە بۆ پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردنی ئەورووپا، بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو، کە وی بەهیچ جۆرێک ناخوازێت و ناشتوانێت، بەتەنیا پاڵنەرەکانی ''تاییفەگەری''ی پۆپۆلیستیی و سوونەتیی بجوێتەوە و بەوەندە قایل ببێت. ئەو، هەڵوەدای پاڵنەری نوێیە، هەروەتر، وەک لە نەخشە تیۆریی و ئاییندەبینەکانی وی­ لەمەڕ باشترکردنی ڕەگەزدا دیارە، پرۆسەی دەرکەوتنی زنجیرەی پلەبەندیی بەهای نوێ و پەروەردەکردنی جۆر و ڕەگەزی تازە(بەتایبەت لەڕێگەی ژن­وژنخوازیی و وەچەخستنەوە لەنێوان جۆر و رەگەزە جیاوازەکان­دا)، پرۆسەیەکە، جیاوازییە نەتەوەیی و نەژادییە باوەکان تێدەپەڕێنێت. ئەوەی لەکۆی ئەم پرۆسانەدا بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە، هەر هەمان ئایدیای زنجیرەی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی و بەسرووشتیی پیشاندانی نابەرابەرییە، کە نیچە پێش­تر و لەچێوەی ''یۆتۆپیای من''دا و لەپەرتووکی (مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە)دا، خستبوویەڕوو.(٢٧) بەدەربڕینێکی ڕوونتر، دەشێت یان تەنانەت دەبێت ڕەگەزی باڵا، بەرئەنجامی ئاوێتەبوونی ڕەگەزە جیاوازەکان بێت.

بەگوێرەی بۆچوونی لۆسۆردۆ، ڕاسییزمی چینایەتیی، بابەتی سەرەکیی ناو هەوڵەکانی نیچەیە. ڕوونتر بدوێین، لەپەیوەندی­دا بە نیچەوە، ڕاسییزم، بە پرسی چیین و توێژەکانەوە، نەوەک نەتەوەکانەوە، پەیوەست دەبێت. واتە، ڕاسییزمی چینایەتی بەدەستی نیچەوە، ئەو تیغی نەشتەرەیە، کە وی پرۆسەی یەکسان­سازیی و هاوئاستبوونی ئەورووپای پێ هەڵدەدڕێت و زنجیرەی پلەبەندییەکانی پێ لێکجیادەکاتەوە. ئەم ڕاسییزمە، بەشێوازی ستوونی هەڵدەسووڕێت، ئاخر سەرلەبەری جیاوازییە هەمیشەییەکانی نێوان ڕەگەزەکان و نەتەوەکان(ئەڵمانی، فەرەنسایی، یەهوودیی و ئەوانیتر...) ڕادەماڵێت: ''مەیلی نیچە بۆ ئەوەی چین و توێژە پاتاڵ و گرگنەکان وەک ڕەگەز و نەژادێک نیشان­بدات، خاڵی نەگۆڕی نێو ئەو پرۆسەی پەرەسەندنە ئاڵۆزەیە، کە دڵخوازی وییە''(٢٨)، ئەوی چین و توێژانەی، کە وەک کلک و پاشکۆ دەناسرێن: کۆیلە بەربەریی و کێوییەکان، کۆمەڵەیەک لە دەرمارگیرە تووندڕۆکان، ڕستێک ئامراز و ژمارەیەک کەرەستەی کاریی بەدەست چینی فەرمانڕەواوە، حەشاماتێک لە بوونەوەری ''نیوە حەیوانیی''، یان وەک ئاوێتەیەکی شێواو لە کەسانی شکستخواردوو و ئەوانەی لەڕووی بایۆلۆژییەوە ناتەواون. بەمجۆرە، نیچە دەگەڵ ئەو مەیلەی ناو ئەندێشەی لیبراڵ و دژەشۆڕش لەئەورووپادا هاوڕا دەبێت، کە پرۆلیتار بە جۆرە ''ئامرازێکی ئاخێوەر''(Instrumentum Vocale)­ یان ''کەرەستەیەکی دوو پێ'' هەژماردەکات! هەر لەبەرئەمەشە، بە وتەی لۆسۆردۆ، پرۆسەی ئاوێتەکردنی ''مرۆڤە بەرزەکان'' و دەستەبژێرەکانی نێو گەلانی جیاواز، لە تێفکرینی نیچەدا، پرۆسەیەکە، بەتەواوی هاوشێوەی ''جەنگێکی نێوخۆیی نێونەتەوەییە و، سنوور و مەرزەکانی دەوڵەت تێدەپەڕێنێت و، ئەوەمان نیشان دەدات، کە چلۆن دەستەبژێرەکانی ئەورووپای (شارستانیی)، هەموو پێکەوە، رووبەڕووی هەڕەشەی (بەربەرییەکان) دەبنەوە، ئەو بەربەرییانەی، دەشێت لەپەیوەندی­دا بە خۆرئاواوە، خەڵکانی نێوخۆیی یان دەرەکیی بن.(٢٩) لێرەوە دەتوانین لەوە تێبگەین، بۆچی بۆ نیچە، مەسیحییەت و سۆشیالییزم، دوژمنێک بوون لە دووبەرگی جیاوازدا، بەتایبەت تا ئەو رادەیەی مەسیحییەت وەک ڕەنگدانەوەی (شۆڕشی گشتیی ستەملێکراوان، دەست­کورتەکان و، ئادەمیزادە شکستخواردووە بەدبیچمەکان) دەبینێت، لەدژی هەموو ئەوانەی  (ڕەگوڕیشەیان هەیە و نەجیبزادەن)، هەمان تۆڵەی ئەبەدیی گڵاوەکان لە سەردەستەکان، کە بەرگی ئایینی عیشقی پۆشیوە.''(٣٠)

لەم سۆنگەیەوە، دەتوانرێت جارێکی تر بۆچوونەکانی نیچە وەک پێش­زەمینەی نەریتی تازەپیاکەوتووی هزری دژەسۆشیالییزمی سەدەی نۆزدە، هەژماربکرێت، کە بە وتەی ئتێین بالیبار(Etienne Balibar) بنەمای ئەم نەریتە، ''ڕاسییزمی ڕێکخراوە لەپەیوەندی­دا بەکاری جەستەییەوە.''(٣١)هاوزەمان دەبێت ئەوە بەبیر بهێنینەوە، ئەم هەڵوەستەکردنە، لەسەر تێگەیشتنێکی نەشیاوو نۆستالۆژیی لە پەیوەندیی نێوان (فراوانکردن و گەشەپێدان)ی کولتووری، ئیستیسمار و دابەشکردنی کار، ڕۆنراوە. سەرنجی هەڵوەستە بەردەوامەکانی نیچە لەسەر سیستەمەکانی پەیوەست بە چین و توێژ و زنجیرەی پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان بدەن، لەچێوەی ئەم هەڵوەستانەدا، هیچ نیشانەیەک لەمەڕ پێکهاتەی پلەبەندی، ئاسیمیلاسیۆن و ڕقی چینایەتیی بوونی نییە، کە ئەمانە پێناسی ئەورووپای سەدەی نۆزدەیەم بوون. واتە، وێنای نیچە بۆ ئەورووپایەکی یەکگرتوو و خاوەن زنجیرەی پلەبەندیی کۆمەڵایەتی، کە تێیایدا دەسەڵاتی ناوەکی، هێمایە بۆ هێزی دەرەکیی، وێنایەکە، دەشێت بە هاوتای دیاردەیەک هەژماریبکەین، کە پەیوەستە بە ''ڕەگەزپەرەستیی نوێی چاخی بۆرژوایی... ڕەگەزپەرەستییەک، پرۆلیتاریا وەک ئامانجی سەرەکی بۆ پێکان، وێنا دەکات. ئەم ڕەگەزپەرەستییە، پرۆلیتاریا لەسەر بنەمای پێگەی دوولایەنەی ئەم چینە، هەم وەک خەڵکانێکی بەکارهێنراو و هەم وەک خەڵکانێکی مەترسیدار لەڕووی سیاسییەوە، بەئامانج دەکات.''(٣٢)دەبێت ئەوەش نادیدە نەگرین، بالیبار، لەبەر ڕۆشنایی بەرخووردی بەردەوامی نیچە لەگەڵ پرسی ''گڵاوەکان''دا، باوەڕی وایە، ڕەگەزپەرەستیی هاوچەرخ، جیالەوەی خەباتی چینایەتی کاری لێدەکات، ناسێنەر و گوێزەرەوەی چەمک و کردەی پەیوەست بە چینەکانیشە.(٣٣)

ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی بەشداریی نیچە لەم شێوە ڕاسییزمە چینایەتییە دژە سۆشیالیستییەی سەدەی نۆزدەیەم­، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە وی نەیتوانیووە لەنێوان جۆرە پێدراوێکی هاوتەرازکردن و شێوەیەکی جۆرایەتیی لە بەرابەری­دا­(کە لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی بەها باوەکان ڕۆنراوە)، جیاکاری بکات. سەروەختێک کە ماتزینۆ مۆنتیناری بیانووی بە لۆکاچ دەگرت، هەر هەمان بەڵگەی لەدژ دەهێنایەوە. ئەم چەشنە بەدگومانییە، گەر نەڵێین ڕەخنە لە (بەرابەریی) وەک پرسێکی سیاسیی، تەنانەت لە چێوەی تێفکرینی کەسانێکی وەک ئەنگڵسیش­دا بوونی هەبووە. لەدرێژەی ئەم بابەتەدا، دەتوانرێت بگوترێت، خودی نیچە، زیاتر لەگەڵ جۆرە سۆشیالییزمێکی مەسیحیی (شلە سۆشیالییزم)دا سەروکاری هەبووە، نەوەک ئاشنای ڕەهەندە ئەرێنیی و تۆکمەکانی فیکری مارکسیستیی و کۆمۆنیستیی بووبێت.(٣٤)کە وی، دەرهەق بە ئاکت و پێشهاتەکانی کۆمۆنەی پاریس، فۆبیای چینایەتی هەبووە، ئەمە وا لە ئێمە ناکات پەنا بەربەر ئەو پاساوە بەرین، گوایە گەر نیچە زیاتر لەمەڕ بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی زانیبای، ئەوا کەمتر دوژمنایەتی دەنواند. شێوازی مامەڵەی نیچە لەگەڵ پرسی پرۆلیتاریا لەچێوەی بەرهەمەکانی­دا، هیچکات لەم دووڕییانە بەدەر نییە: خۆبەدەستەوەدانی زەرووریی (بۆ نموونە بڕواننە تیۆرییەکانی لەمەڕ زەروورەتی ''بەچاینی بوون''ی چینی کرێکار لەئەورووپا_ واتە بەناچاری دەبێت ڕێگەبدەین کرێکارانی ئەورووپا لەخەڵکانی ئاسیایی پێکبێن)(٣٥) لەلایەک و، لەلایەکی ترەوە، برەودان بە ئیمپریالییزم، بەکۆمەکی ڕەگەزی لۆمپن یان پێکهاتە کرێکارییەکانی ناو کۆمەڵگای ئەورووپی. بە دەربڕینێکی تر، وا دەردەکەوێت بزوتن بەئاڕاستەی ئەوەی چین­وتوێژەکان پێناسی ڕەگەزێتییان بکرێت بەبەردا و، لەپاڵ جۆرە ئیمپریالیزمێکی پەرەپێدراودا دابنرێن، تاقانە ئەنجامی شاراوەی نێو هەناوی یۆتۆپیای دەسەڵاتی ڕۆنراوە، لەسەر پایەی نیشتمانی گەردوونیی. هەروەتر، لەچێوەی پەرتووکی (سپێدە)دا، هێرشی بەڕووکەش تژی لەجۆش­وخرۆشی نیچە بۆسەر پرۆسەی ئۆتۆماسیۆنی دەستی کار و ''بە کۆیلەکردنی ئامرازی نامرۆیی'' دەبینین، سەربار، ئایدیای سەپاندنی نەزمی سۆشیال دیمۆکراتیک بەسەر چینی کرێکارکاردا لەپێناو دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکانی داهاتوو، لەلایەن نیچەوە بەر ڕەخنە دەدرێت؛ ئەم هێرش و رەخنانەی نیچە، ئەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە، کە وی باوەڕی وابووە، ئەم ڕێکارانە هیچ بەرئەنجامێکیان نابێت، مەگەر ئەوەی جۆرە هەیەجانێکی سۆشیال_ئیمپریالیستیی پیشبخرێت، کە دەستەبەری گەشانەوە و نوێبوونەوەی ژیانی ئەورووپا بکات، ئەمەش لە میانی ''چاخێکەوە دەلوێت، کە چاخی تین­وتاو و گوڕخواردنەوەی مەزنە و، تا هەنووکە، وەها تین­وتاوێک بوونی نەبووە، چاخی کۆچی ئازاد بە پێشەنگ و پێودانگی ئەشرافیی، ئەویش بە ئاڕاستەی پێچەوانەی دەسەڵاتی ئامێرو سەرمایە و، بەپێچەوانەی ئەو بژاردەیەی کە ڕووەو ئەوە ملدەنێت، هەمووان ناچاربکات یان ببن بە کۆیلەی دەوڵەت یان ببن بە کۆیلەی ڕەوتی بەرگرییکار لە پەشێوی و کایۆس.''(٣٦)لێرەدایە ئەو درووشمە بەنێوبانگەی وی جێکەوت دەبێت، کە دەبێژێت: ''لێگەڕی دەبا ئەورووپا لە بەڵای یەک لەسەر چواری دانیشتوانەکەی ڕزگاری ببێت! ئەم پرسە هەم لەسوودی ئەوان و هەم لەسوودی ئەورووپا دەشکێتەوە!'' بەمجۆرە، لەخەیاڵدانی نیچەدا، هاوزەمان لەگەڵ سووڕانەوەی فەزیڵەت و ڕەندییەکانی ئەورووپا لەسەراپای گۆی زەوی­ و '' لە زێدە دووردەستەکان، لەقاڵبی ئەو ڕێ­وشوێنانەی کە ئیمپریالییستەکان دەیگرنەبەر''، دواجار لادان و سەرپێچی چینی کرێکار، بۆ جۆرە ''دیاردەیەکی سرووشتیی جوان و کێویی و پاڵەوانبازیی'' دەگۆڕێت (و خودی ئەورووپاش، ڕەنگە بتوانێت لەگەڵ '''ژمارەی زۆری چاینییەکان و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیان، کە هەر دەڵێی مۆرییانەی ڕەنجدەرن'' خۆی بگوونجێنیت و، تەنانەت بە پێودانگی ''ئاوێتەکردنی ڕەگەزەکان''، دەشێت بەشێک لە سەرسەختیی ئاسیایی تێکەڵ بە گیانی ئەورووپا بکات).(٣٧)     
_______________________________

پەراوێزەکان:

1. Alberto Toscano. “Race, Class, Tragedy. Nietzsche and the Fantasies of Europe” in Crisis & Critique, Vol. ۷/ Issue, 2020
2. Beyond Good and Evil, par. 46, Nietzsche 1966 610
3. ''Improving'' Humanity, in the Twilight of the Idols, Nietzsche 2005 p 184
4. Beyond Good and Evil, Nietzsche 1966, p 231
5. see also Elbe 2002
6. Losurdo 2002 and 2019. See also the précis 1999
7. Beyond Good and Evil, Nietzsche 1966, p 196
8. Human, All Too Human, Volume I, 438, Nietzsche 1996, p 161
9. Beyond Good and Evil, 256, Nietzsche 1966, p 196
10. Ibid
11. Ibidm p 197
12. Badiou 1992, p 14, see also Badiou 2015
13. Badiou 2002, p 4
14. Lowith 1995
15. Ruehl 2018
16. Human, All Too Human, Volume I, 439, Nietzsche 1999, p 162
17. Ranciere 2004
18. Ibid, 462, pp, 168-9
19. Beyond Good and Evil, 242, Nietzsche 1966, p 176
20. Ibid
21. Ibid
22. Ibid
23. Nietzsche 1968, p, 501
24. Nietzsche 1996, p, 174
25. Lukace 1981, esp. ch. 3: ''Nietzsche as founder of irrationalism in imperialist period.
26. Losurdo 2002, pp. 433-7 and 823-6
27. see all Nietzsche Books
28. Losurdo 2002, pp, 823
29. Losurdo 2002, pp, 426
30. ''Improving'' Humanity; in the Twilight of the Idols, Nietzsche 2005, p 185.
31. Blibar 1992, p 210
32. Blibar 1992, p 209
33 . Blibar 1992, p 207. See also Cox 1948
34. Montinari 2003
35. Losurdo 2002, pp 330-4
36. Daybreak, 206, Nietzsche 1997, p, 207, p see Brennan 2014, pp. 173-4-37 Ibid.
37. Ibid   

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.