نیاز سەعید
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، بۆ بووژانەوەی كەرتی گەشتوگوزار، داوا ئەكات بە چەشنی مەراسیمی عاشورا، ساڵانە یادی گیانلەدەستدانی پێشەوای تەریقەتی كەسنەزانیی لەسلێمانی بكرێتەوە و پانزە بیست ڕۆژێك بخایەنێت و تیایدا ژمارەیەكی زۆری دەروێش و موریدان، بۆ سەردانی ئارامگەی شێخ بێن بۆ سلێمانی و سەردانەكەیان ببێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی گەشتیاریی.
بەڵام كێشەكە ئەوەیە دەروێش زاهیدە، لەڕیستۆرانت نان ناخوات و خواردنی زۆر سادەی پریاسكەكەی خۆی ئەخوات، یان كە هات بۆ سەر ئارامگەی شێخ، لەماڵی شێخ بە تیكەیە نان و شۆربایەك ڕازییە، ناشچێتە هۆتێل، لەماڵی شێخ پاڵی لێ ئەداتەوە، هەروەها دەروێش مەیخۆریش نییە تا بچێتە باڕ و یانەكان، ئەوە باسی بایكۆتی دەروێشەكان بۆ كافیتریا و قومارخانەی هەندێك شوێنی گەشتیاریی هەر ناكەم، باوەڕیش ناكەم دەروێش و موریدەكان بچن بۆ سواری جۆلانەكەی شاسوار عەبدولواحیدیش لەچاڤیلاند، تەنانەت ئەو كاتەشی كە بەشێكی زۆر لەدەروێشان و موریدان لە ئێرانەوە خۆیان ئەكەن بەمدیودا، بە شیری هەڵكێشراو و بە زیكرەوە، خۆیان بە مەرزەكەدا ئەكەن و پارەی دخوللیە و ڤیزاش نادەن، لەتەكیەكەی شێخ تەزبیحەكەش بە دیاریی وەرئەگرن، ئیتر نازانم چۆن مورید و دەروێشەكانی شێخ لەساڵڕۆژەكەیدا، لەهاتنیاندا بۆ سلێمانی، كەرتی گەشتوگوزار و بازاڕ لەسلێمانی ئەبووژێننەوە؟!