ئەحمەدی كسرەوی، یەكێكە لەدیارترین بیرمەندانی گەورەی سەدەی بیستەمی ئێران، كە پاش تێپەڕینی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر تیرۆركردنیدا هێشتا مشتومڕ دەربارەی بۆچون و كتێبەكانی دەكرێ، ئەو هێندە شێلگیرانە بەدیدێكی رەخنەگرانەوە كاری لەسەر مێژوی ئێرانو ئایین و مەزهەب و تەریقەتەكانی ئەو وڵاتە كرد، تا سەرەنجام لەلایەن "فیدائییەكانی ئیسلام"ەوە تیرۆر كرا، كسرەوی لەكتێبی "سۆفیگەری"دا دەڵێت "سۆفیگەری لەسەر بنەمای قۆڵبڕین و ساختەكاری بنیاتنراوەو پێشەواو شێخانی تەریقەتیش مشەخۆر و مایەی بەدبەختین".
ئەحمەدی كسرەوی لەسەرەتای ئەم كتێبە قەبارە بچوكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە "سۆفی و دەروێشەكان تەنها گروپێكی بچوكی سەرلێشێواو نین تا شایستەی ئەوە نەبن سەرنجیان بدەینێ، دەروێش و سۆفی تەنها ئەو پرچ درێژە چڵكنانە نین كە شمشێر و كەشكۆڵیان بەدەستەوەیە، بەڵكو هەزارانی دیكە بێ تەور و بێ شمشێر و بێ كەشكۆڵ و پرچ و قژی درێژ، مێشك و مەغزیان پڕە لەخورافاتی سۆفیگەری، لەنێو كاربەدەستانی دەوڵەت و بەڕێوەبەرانی ئیداریدا زۆرێك دەدۆزیتەوە كە شێخ و سۆفی و دەروێشن و هەریەكەو خۆیان بەئەندامی فڵانە تەریقەت و فیسار جەنابعالی دەزانن و زۆرێكیش هەن كە بێ پەروا دەڵێن: بابە دنیا كاروانسەرایە و ژیان تەنها چەند رۆژێكە و باش یان خراپ هەر تێدەپەڕێ...". كە كسرەوی ئەم قسانە بەوڕێنە ناودەبات.
كسرەوی ئەوەش روندەكاتەوە كە سۆفیگەری لەچەندین بواردا ریشەی داكوتیوە، بەتایبەتی لەئەدەبیات و سیاسەتدا. ئەو پێیوایە "سۆفیگەری یەكێكە لەئامڕازەكانی سیاسەت كە ساڵەهای ساڵە رۆژهەڵاتناسانی ئەوروپا گرنگی پێئەدەن و بڕەویشی پێئەدەن، پێشكەوتنەكانی دنیای ئەمڕۆش نەیانتوانیوە كۆتایی پێبهێنن، هەرچەندە سۆفیگەری خەڵكی سست و تەمەڵ كردوە و لەسەر بنەمای قۆڵبڕین و ساختەكاری بنیاتنراوە و پێشەوا و شێخانی تەریقەتیش مشەخۆر و مایەی بەدبەختین".
سۆفیگەری چۆن سەریهەڵدا؟
كسرەوی دەربارەی رەگ و ریشەی سۆفیگەری دەڵێت "سۆفیگەری هەروەك زۆر شتی دیكە لەفەلسەفەی یۆنانیەوە سەریهەڵداوە، دامەرێنەرەكەی پلوتینۆس-ی فەیلەسوفە كە پێیوایە سەرچاوەی جیهان و هەموی ئەوەی هەیە یەك شتە ئەویش خودایە، هەمو شتەكانی تر لەو جودا بونەتەوە، بۆیە پێویستە مرۆڤ گیرۆدەی مادیگەری نەبێ و خۆی رادەستی چێژ و خۆشییەكانی دنیا نەكات، ئەوەی گۆشەگیر و بێخود بێت دەتوانێت پەیوەست بێتەوە بەخودا و پەروەردگارەوە".
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەدەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئەم جۆرە بیركردنەوە فەلسەفییە یۆنانیانە رویانكردە وڵاتی موسڵمانان و رۆژهەڵات و ئەمانیش زیاتر بڕەویان پێدا و زۆری نەخایاند سۆفیگەری گەشەی كرد و تەكیە و خانەقا دامەزرا بۆ ئەوانەی تەركی دنیایان دەكرد و جلوبەرگێكی زبریان دەپۆشی، ئەو دەڵێت "ئیتر شێخەكانی سۆفیگەریش پاگەندەی ئەوەیان دەكرد كە نوێنەری پێغەمبەر و خودان، هەمو شتێكی ئەم دنیایە بەدەستی ئەوان دەسوڕێ و تەنانەت كار گەیشت بەوەی بڵێن ئیزرائیلیش بەبێ رەزامەندی شێخ عەبدولقادری گەیلانی گیانی كەسی پێناكێشرێت"!
موعجیزە و كەراماتی شێخەكان درۆی شاخدارن
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات لەرۆژگارێكدا نەزانی بەسەر عەوامدا باڵادەست دەبێ، شێخەكان كە خەڵكێكی قۆڵبڕ و مشەخۆر بون، پاگەندەی ئەوە دەكەن نوێنەری پێغەمبەر و خودان و زۆربەشیان بنەچە و رەچەڵەكی خۆیان دەبردەوە سەر ئیمامی عەلی كوڕی ئەبی تالیب و ئەبوبەكری سدیق، ئەو دەڵێت "پێشەوا و شێخ و پیرانی تەریقەت پاگەندەی ئەوە دەكەن كە پێغەمبەر دو جۆرە ئامۆژگاری و فێركردنی هەبوە یەكێكیان بەناوی شەریعەت بۆ هەموانە و ئەویتریان بەناوی تەریقەت كە تەنها بۆ كەسانی سەربژاردە و تایبەتە، پێغەمبەر تەریقەتی بەئەبوبەكری سدیق و عەلی كوڕی ئەبوتالیب وتوە و لەوانیشەوە گەیشتوە بەشێخ و پێشەوایانی سۆفیگەری و دەروێشەكان".
ئەو پێیوایە بەشێك لەوتە و رەفتاری سۆفیگەریی پێچەوانەی قورئان و شەریعەتی ئیسلامیشە و پڕە لەخورافات بەناوی موعجیزە و كەراماتەوە بۆ گەمژاندنی ئەوانەی دوایان كەوتون. لەم كتێبە بچوكەدا كسرەوی بەوردی چەندین نمونەی نائەقڵانی و خورافاتی سۆفیگەری دەهێنێتەوە، بەسودوەرگرتن لەكتێبی "تەزكرەی ئەولیا"ی فەرەدەدینی عەتار و "ئەسراری تەوحید"ی ئەبو سەعیدی ئەبو خێر، ئەو باس لەو چیرۆكە ناواقیعی و وڕێنە ئاسایانە دەكات دەربارەی بایەزیدی بستامی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی و مەولانا جەلالەدینی رۆمی و شەمسی تەبریزی و چەندان شێخ و پێشەوای دیكەی سۆفیگەری دروستكراون.
كسرەوی دەڵێت "لەكتێبی تەزكرەی ئەولیادا هاتوە، كەسێك لەشێخ عەبدولقادری گەیلانی پرسی: بۆچی ناچی بۆ مەكە؟ شێخ دەستی بەزر كردەوە و نێوانی دو پەنجەی خۆی نیشانی پرسیاركەرەكە دا، وتی: سەیركە، پرسیاركەر كە سەیری كرد كەعبەی بینی بەسەر سەری شێخەوە دەسوڕایەوە!".
هاوكات ئاماژە بەوە دەكات شێخەكان هەمیشە وا خۆیان دەردەخەن كە لەگەڵ خوادا لەراز و گفتوگۆدان و دەیان نمونەی ئەو شێخانە دەهێنێتەوە كە بۆ گەوجاندنی خەڵكی چیرۆكی بەسەر ئاودا رۆشتن و بەشەوێك چونە حەج و چاككردنەوەی نەخۆش و زیندوكردنەوەی مردو و سەدان چیرۆكی سەیر و سەمەرەی تریان دروستكردوە كە كسرەوی بە"درۆی شاخدار" ناویدەبات و پێیوایە شاعیرانی گەورەی وەك مەولانا جەلالەدینی رۆمی و عەتار و سەعدی شیرازیش لەڕێگەی شیعرەكانیانەوە بڕەویان بەم خورافات و خورافەپەرستییە داوە.
ئەحمەدی كسرەوی یەكێك لە دیارترین بیرمەندانی گەورەی سەدەی بیستەمی ئێران
كسرەوی بەسەرسوڕمانەوە باس لەوە دەكات كە چۆن لەگەشتی بیابانێَكدا گوێدرێژەكەی رابیعەی عەدەوی دەمرێ، پاش ئەوەی موناجاتی خودا دەكات گوێدرێژەكەی بۆ زیندو دەكاتەوە، یاخود باس لەوە دەكات ئیبراهیمی ئادەم لەسەر قەراغی روباری دیجلە كە خەریكی دورینەوەی كراسەكەی دەبێ سوژنەكەی لێدەكەوێتە ناو ئاوەكەوە و هەزار ماسی لەنێو روبارەكەوە سەر دەردەهێنن و هەریەكەو سوژنێكی زێڕینیان بەدەمەوە بوە، بەڵام ئیبراهیم وتویەتی تەنها سوژنەكەی خۆمم دەوێ"!
كسرەوی دەڵێت "ئەمانە باكیان نییە لەدرۆ كردن و وەستای درۆن، هەمو ئەوەی ناویان ناوە كەرامات دەربارەی پیر و پێشەوا و شێخەكانی خۆیان درۆ و كاری نەكردەن، تەنها بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی خۆیان لای عەوام دروستیان كردوە، ئەگینا چ عەقڵێك باوەڕ بەوە دەكات كەعبە لەجێی خۆی هەستێ و بێت پێشوازی لە شێخێك بكات؟ یان ئەم گەردونە چۆن دەبێ بەیاری و بازیچە بەدەست ئەوانەوە؟ چۆن شێخ رازی دڵی هەر كەسێكی زانیوە؟ یاخود چۆن شێخ زمانی جانەوارانی زانیوە و لەگەڵ چوارپێ قسەی كردوە و توانیویەتی بەئاسمانا بفڕێ و بگاتە حەج؟ جا ساویلكەیی باوەڕكردن بەم موعجیزە و كەراماتانە كە ئەسڵ و ئەساسیان نییە، ئەوەیە ئەمانە بە(ئەولیا) بزانرێ و دوایان بكەون، كە بەپێی بەشێك لە گێڕانەوەكان ژمارەیەك لەم شێخانە نەك هەر خۆیان بە(ئەولیا) دەزانن بەڵكو هەندێكجار خۆیان لە (ئەنبیا) بەگەورەتریش دەزانن".
بێكاری و تەمەڵی ماڵی وێران كردین
كسرەوی ئاماژە بەوە دەكات كە لەسەرهەڵدانی ئیسلامەوە تا ئێستا یەكێك لەو هۆكارانەی مایەی بەدبەختی بوە سۆفیگەرییە. سۆفیگەری كاریگەری لەسەر هەمو شتێكی ژیان هەبوە، هەر لەجیهانبینی و خوداناسی و دەرونناسی و خوێندن و كار و پیشەوە بگرە تا دەگات بەئاوەدانی شارەكان و هاوسەرگیریی و ماڵداری و ئەدەبیات.
رەخنەیەكی گەورەی كسرەوی لەسۆفیگەری، هاندانی بێكاری و تەمەڵی و گەدایی كردن و دەستهەڵگرتن لەدنیاو ژیان و بڕەودان بەگۆشەگیری و تەكیە و خانەقانشینی بوە، كە خەڵكی تریان بە"ئەهلی دنیا" ناوبردوە. ئیتر تەقدیسی هەژاریی و كار نەكردن گەیشتوە بەوەی وەك مەزهەبێكی لێهاتوە لەكۆمەڵگەدا، لەكاتێكدا بنەمای پێشكەوتنی وڵاتان و گەشەی كۆمەڵگەكان كاركردن و كۆكردنەوەی سەرمایە بوە.
كسرەوی دەڵێت "لەسەدەی حەفتەمی كۆچیدا كە كاتی هاتنی مەغۆلەكانە، ئێران و هند و بوخارا و توركمانستان و توركیا و عێراق و سوریا و میسر پڕ دەبن لەخانەقا و تەكیە، كە یەكێك بوە لە هۆكارەكانی زاڵبونی مەغۆلەكان بەسەر ئەم روبەرە فراوانەدا، ئەم تەریقەتانە وڵاتەكانیان بەدوژمن سپارد و كچ و ژنەكانیان لەلایەن داگیركەرانی مەغۆلەوە بەتاڵان بران، بەڵام جوامێریی بەرەنگاری و تۆڵەكردنەوەیان نەبو، بەڵكو مانای ژیانیان تەنها كورت بۆوە بۆ خواردن و خەوتن و رۆژ بەسەربردن، بۆ ئارامی دڵیش خۆیان خستە باوەشی سۆفیگەری و خەراباتەوە! مەغۆلەكانیش كە لەبەرژەوەندییان بو، هانی ئەم جۆرە تەریقاتانەیان دا تا سەری خۆیان بەشتی هیچ و پوچەوە گەرم بكەن و خەریكی قەلەندەریی بن و پرچ و قژیان بەربەنەوە و بەناو ئاگرا بڕۆن و لەگەڵ ماردا گەمەو یاری بكەن"!
هاوكات لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا بەشێك لەپیران و پێشەوا و شێخەكان ئارەزوی دەستگەیشتن بەتەخت و تاجی پاشایەتی بەهاوكاری دەروێشەكانیان بزواندنی، وەك میری مەرعەشیان و شێخ جونیدی سەفەوی كە خۆی و حەیدەری كوڕیشی لەو پێناوەدا كوژران، بەڵام سەرەنجام شا ئیسماعیلی سەفەوی كوڕی حەیدەر و نەوەی شێخ جونید، دەوڵەتی سەفەوی دامەزراند، بنەماڵەی سەفەوی لەنێو سۆفیگەرییەوە سەریانهەڵدا.
هاوڕەگەزبازی و دژایەتی ئەقڵانیەت
كسرەوی تیشك دەخاتە سەر لایەنە خراپەكانی مێژوی سۆفیگەری و پێیوایە گومڕاییەكانی سۆفیگەری لەژماردن نایەن، كە زۆر لەكردار و وتەیان پێچەوانەی ئیسلامی راستەقینەیە و هەندێكجار پەل دەكێشێ بۆ خانەی نكوڵیكردن لەخوداش، كە بەشێك لەپێشەوایانی تەریقەت خۆیان بەخودا زانیوە و خودایان لەخۆیاندا بینیوە.
كسرەوی چەندان نمونە دەهێنێتەوە كە ئاماژەن بۆ منداڵبازی و هاوڕەگەزبازی، لەبەرئەوەی ئەوەی تەركی دنیایان كردوە ژنیان نەهێناوە، توشی لادان و خەریكی منداڵبازی بون و چەندین شیعر و قەسیدەش بۆ پیاهەڵدانی جوانی روخساری كوڕان نوسراوە و شێخ هەبوە ئاگری عەشقی كوڕێكی روخسار جوان سەری پێهەڵگرتوە بۆ هندستان و بەگومانیشەوە باسی پەیوەندی نێوان مەولانا جەلالەدینی رۆمی و شەمسی تەبرێزی دەكات.
كسرەوی جەخت لەوەش دەكاتەوە كە سۆفیگەری لەرەگ و ریشەوە دوژمنی ئەقڵ و ئەقڵانیەتە كە گەورەترین سەرمایەیە خودا بەمرۆڤی بەخشیبێت، ئەو دەڵێت "لەئەسراری تەوحیدا هاتوە كاتێك دەروێشێك پرسیاری لەشێخی ئێمە كرد: عەقڵ چییە؟ شێخ وتی: عەقڵ ئامرازی كۆیلایەتییە!".
دەشڵێت "لەكتێبی سۆفییەكاندا زۆر باسی ئەوە كراوە كە عەقڵ ناوباتەوە سەر ڕێ كەواتە پێبخەرە رێی (سیر و سلوك)ەوە، مەولاناش دەڵێت كە عەشق هات عەقڵ ئاوارە بو".
كسرەوی و دوژمنەكانی
كسرەوی كە ساڵی 1890 لەتەبرێز لەدایكبوە و لەساڵی 1946 لەتاران تیرۆر كراوە، بەهۆی نوسینەكانیەوە دژایەتی زۆر كراوە، نەك هەر لەلایەن توندڕەوانی شیعەوە كە بە"مورتەد"یان داناوەو فەتوای كوشتنیان داوەو لەلایەن فیدائییەكانی ئیسلامەوە تیرۆر كراوە، بەڵكو بەشێك لەروناكبیرانی ئێرانیش دژایەتییان كردوە بەهۆی زمان زبری و رەخنە توندەكانیەوە لەشاعیرانی گەورەی وەك حافز و سەعدی شیرازی و جەلالەدینی رۆمی كە بە"مایەی دواكەوتویی و تەمەڵیی كۆمەڵگەی ئێران" ناویبردون.
هاوكات بەهۆی كتێبەكانیەوە دەربارەی شیعەگەری و بەهاییگەری و سۆفیگەری لەلایەن پەیڕەوانی ئەم ئایین و مەزهەب و تەریقەتانەوە دژایەتی كراوە، بەڵام كسرەوی هەمیشە ویستویەتی بەئەقڵانیەت و دیدێكی رەخنەگرانەوە مێژووی ئێران بخوێنێتەوە، لەم كتێبەشیدا "سۆفیگەری" خوازیارە پەیامێك بەخەڵك بگەیەنێت ئەویش ئەوەیە كە مەرج نییە شێخ و پێشەوایانی سۆفیگەری پیاوی پاك و پیرۆز بن.
سەرچاوە/ ئاوێنە