سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەید قوتب

05/09/2016



(سید بن  الحاج قطب ابراهیم) ناسراو بە سەید قوتب (1906 – 1966) لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای (ئەسیوت) لە میسر لە خێزانێکی ئاینی و ناسراو لەدایکبووە. لەتەمەنی گەنجیدا خەریکی کاری رۆژنامەنوسی بووە و ساڵی 1948 گۆڤاری (الفکر الجدید) بە هاوکاری جەماعەتی ئیخوان موسلمین و بەمەبەستی چاکسازی و گۆڕانکاری شێوازەکانی حوکمی دەرکردووە.
 
سەید قوتب ماوەیەک مامۆستای سەرەتایی بووە، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتانەیەوە کەلەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری میسر دروست بوو، نەیتوانی درێژە بەکارەکەی بدات، لەبەر ئەوە ساڵی 1948 رۆیشتووە بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنەکەی بدات.
 
دوای ئەوەی ساڵی 1951 لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بەهۆی ئەو ئەزمونەیەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی جیهانی رۆژئاوا بەدەستیهێنا بوو، بێجگە لە ئەندامێتی رەسمی لە ناو ئیخوان موسلمین، دەستی کرد بە نوسین دژی بێ باوەڕی و سکۆلاریزم، کە دواتر ئەندێشە و کتێبەکانی بوونە سەرچاوەی گفتوگۆی تەکفیر، تا ئەوی پێیان وت (مامۆستای گفتوگۆی تەکفیر) لە سەدەی بیستەمدا.
ئەندێشەکانی سەید قوتب بەتایبەتی لە کتێبی (معالم فی الطریق) کەلە کودستان بە ناوی (مەشخەڵی رێ) بڵاوکراوەتەوە، کاریگەری گەورەی خستە سەر ئایدۆلۆژیای بزوتنەوە و گروپە تەکفیری و جیهادی و سەلەفیەکان.
 
ئەم تیۆریسینە ئیسلامگەرایە ساڵی 1965 لەلایەن حکومەتی جەمال عەبدولناسرەوە لە سێدارە درا.
 
- سەید قوتب مامۆستای بیری تەکفیری
سەید قوتب بە مامۆستای باسی تەکفیری لە سەدەی بیستەم ناوبراوە. سەید قوتب خۆی لە ئەندێشەی میانەڕەوانەوە بەرەو ئەندێشەی توندڕەوی هەنگاوی نا و زۆربەی ئیسلامگەراکانیش کەلە توندڕەویەوە دوور بوون بە خوێندنەوەی نوسینەکانی ئەو و کاریگەری لەسەریان رویان لە توندڕەوی کرد.
 
ساڵی 1949 تیرۆر کردنی حەسەن بەننا شۆکێکی گەورە بۆ ئەندامانی ئیخوان موسلین بوو. کەلێنی ئایدۆلۆژی حەسەن بەننا بەڕونی لە ئیوان موسلیندا دەرکەوت.
بێجگە لە ئەمانە ئیخوان بەردەوام داگیرکەری بەریتانیای بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانی. کاتێک ساڵی 1952 (ئەفسەرانی ئازاد) گەیشتنە دەسەڵات و ئۆردوگای کاریان بۆ ئەندامانی ئیخوان دروستکرد و بە توندی سەرکوتیان کردن.
بەمشێوەیە ئیخوان ناچار بوو کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرمایەداری بە دوژمنی ژمارە یەکی خۆیان دابنێن.
بەلام چۆن دەبوو حکومەتێک کە لە کۆمەڵگەی موسوڵمانانەوە سەری دەرهێنا بوو، دوژمن بێت؟ بۆ بە دوژمن دانان تیۆرێک پێویست بوو کە هێشتا ئیخوان نەیبوو.
 
لەم کاتەدا سەید قوتب لە ئەمریکا گەڕایەوە و لە ئیخوان نزیک کەوتەوە. کاتێک ساڵی 1954 خرایە بەندیخانەوە دوبارە لە ئەندێشەی میانەڕەوانەی خۆی روانیەوە و وەلای نا و روی لە باسێکیتر کرد.
 
لە ژێر ئەشکەنجە و ئازارەکانی بەندیخانەدا ئەو بیرەی لە هزری خۆیدا پەروەردە کرد کە ئەمە سیستمی سیاسی ئەو کاتە نیە کە ئەوی وەدەرناوە، بەڵکو ئەوە خۆیەتی کە ئەو سیستمە سیاسیە دەردەکات.
 
سەید قوتب لە کتێبی (نەزانی سەدەی بیستەم)دا دەنوسێت نەک تەنها تاکەکان  و دەوڵەت لە جیهان دوورن، بەڵکو جیهان بەشێوەیەکی نا ئیسلامی دەژیت و ژیانێکی نەزانانە (جاهلی) هەیە.
 
تا سەرکوتکردن و دیکتاتۆری دەوڵەت زیاتر دەبوو، سەید قوتب لەسەر ئەو رایەی خۆی سورتر دەبوو کە حکومەت لە یاسا و دەسەلاتی خوا روی وەرگێڕاوە و بە شێوەیەکی نەزانانە و کافرانە هاوڵاتیان بەڕێوە دەبات.
 
بەمشێوەیە بوو کە سەید قوتب تیۆرێکی دانا بۆ پێویستی تەکفیر وەک شێوازێکی سیاسی. تا ساڵی 1964 کەلە بەندیخانەدا بەسەری برد، بەرهەمێکی نوسی کە بوو بە سەرمایەی ئایدۆلۆژی ئیخوان موسلمین.
 
سەید قوتب لە شۆڕشگێڕانەترین بەرهەمی خۆیدا بە ناوی (نیشانەکانی سەرەڕێگا) کەلە کوردستان بە (مەشخەڵی ڕێ) لەلایەن ئیسلامیەکانەوە ناسراوە، تاکە بەرنامەی ڕێکخراوی سیاسی رەوای ئیسلامی داڕشت.
 
دەبوو ئەم ڕێکخراوە سیاسیە بەیەکەوە گونجان و لێکتێگەیشتن وەلاوە بنێت و هەوڵ بدات بۆ تەکفیری تاکەکان و کۆمەڵگەکان و حکومەتە جاهیلەکان و جیهاد دژی ئەوان لە پانتایی جیهاندا بۆ بەدیهێنانی سیستمی ئیسلامی. ئەو وتویەتی "رەوایە ئەگەر کەسێک گیانی خۆی ببەخشێت بۆ ئەوەی تەنیا ناوی ئەمجۆرە ڕێکخراوە ئاشکرا بکات."
 
 
- مشتومڕی تەکفیر
 
ئایدیای تەکفیر لە سێ رەگەزی بنچینەیی پێکدێت: دەسەڵاتداری خوا، نەزانی جیهان و جیهانی بوونی ئیسلام، جیهاد.
 
لە سەردەمێکدا کە مارکسیزم بوبوو بە ئایدۆلۆژیای فریودەری زۆر رۆشنبیری جیهان – لەوانە لە جیهانی ئیسلامدا – زۆر موسوڵمان هەوڵیان دەدا تێگەیشتنێکی نوێ و ئایدۆلۆژی بە واژەی (تەوحید) ببەخشن. بۆ سەید قوتبیش، تەوحید لە بنچینەی کەلام و باوەڕدا سنوردار نابێت.
 
واتای راستەقینەی (تەوحید) لە دیدی سەید قوتبەوە، بێجگە لە دەسەڵاتداری خوای تاک لەسەر زەوی نایەتە دی.. دەسەڵاتداری خوا سەرچاوەی سیاسی (تەوحید) بوو کە لە بەندیخانە و ئازادی، لەسەرزەویە ئیسلامی و نائیسلامیەکاندا، سیاسەتی ناوخۆ و پەیوەندی نێودەوڵەتی، بەردەوام و لە هەمو شوێنێک پێویستە روو بدات.
 
بنەمای دەسەڵاتداری خوا پێویست بوو سروشتی حکومەت و سنورە پیویستەکان بۆ ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵایەتی دیاری بکات. بۆ سەید قوتب رون بوو کە دەسەڵاتداری خوا بێ پابەند بوونی تاک و کۆمەڵگە و دەوڵەت بە یەکە یەکەی حوکمەکانی شەریعەت/فیقه نابێت.
 
کەواتە هەر کەسێک یان کۆمەڵگەیەک یان دەوڵەتێک کە بەپێی حوکمەکانی شەریعەت نەجوڵێتەوە، لە سەردەمی جاهلی و لەسەر سوننەتی پێش ئیسلام ژیان بەسەر دەبات و بە کافر هەژمار دەکرێت. پابەند بوون بە شەریعەت لە دیدی سەید قوتبەوە نابێت لە موسوڵمانان یان دەوڵەتی ئیسلامیدا کورت بکرێتەوە.
 
هەمو جیهان هی خوایە و دەسەڵاتداریش تەنیا بۆ خوایە. نابێت لە پابەند بوون بە شەریعەتدا هیچ جیاوازیەک بکرێت. رەوایی دەوڵەت بە شەریعەتەوە گرێ دراوە و ئەگەر دەوڵەتێک شەریعەت لەبەرچاو نەگرێت، موسوڵمانانی راستەقینە ماف و ئەرکیانە دژی راپەڕن و جیهاد بکەن.
 
پێویستە موسوڵمانان حکومەتی (جاهیل) بڕوخێنن و حکومەتی ئیسلامی دابمەزرێنن کە دەسەڵاتەکانی جێبەجێ کردن و دادوەری و یاسادانان لەسەر بنەمای بنەڕەتی شورا، بنەماکانی شەریعەت بە تەواوی جێبەجێ بکەن.
 
بۆ فەقێ کۆنەکان جیهان بۆ (دار الاسلام) و (دارالکفر) دابەش دەبوو، بەڵام بۆ سەید قوتب جیهان یان لەناو (دار الاسلام) دەگونجا یان لەناو (دار الحرب)، بەرزەخێک لە نێواندا نەبوو.
 
کاتێک سەید قوتب ساڵی 1964 لە بەندیخانە ئازادکرا، گرنگی بە پەروەردەکردنی کادر دەدا، بەڵام پێش ئەوەی هیچ ئەنجامێک بەدەستبێنێت بە فەرمانی جەمال عەبدولناسر لەسێدارە درا.
 
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا ئەندێشەکانی ئەو کاریگەری لەسەر ئایدۆلۆژیای بزوتنەوە و گروپە ئیسلامگەرا تەکفیری و جیهادی و سەلەفیەکان دروستکرد و هەروەها واتاکانی (نەزانی جیهان، دەسەڵاتداری خوا، جیهانی بونی ئیسلام، تەکفیر، شۆڕش، توندوتیژی) بە ئەوەوە گرێی دان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.