هەتاوەكو ئێستاش هەر كە باسی فەلسەفەی بوونیاتگەریی بكەین، یەكسەر مەلی هزرمان بۆ چەند ناوێك دەڕوات، یەكێكیش لەو ناوانە فەیلەسوفی فەرەنسی "Claude Lévi-Strauss كلۆد لێڤی شتراوس" ئەم پیاوە لە جیهاندا كۆمەڵێك نازناوی هەیە لەوانە: "شێخی بوونیاتگەراكان، یان سەرمەشقی بوونیاتگەراكان" هۆكاری ئەمەش بۆ كاروبەرهەمەكانی دەگەڕێتەوە، كە لەم بوارەدا نووسیویەتی، بەتایبەتی لە رووی ئەنترۆپۆلۆژیاوە. كلۆد لیفی شتراوس" یەكێكە لە فەیلەسوفە ناودارەكانی فەرەنساو جیهان.
لەساڵی 1908 لەدایكبووەو لەساڵی 2009 كۆچی دوایی كردووە. شتراوس چ لەبواری كۆمەڵنناسیو فەلسەفیدا، رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، بەتایبەتی لەكۆتاییەكانی سەدەی بیستەم، یەكێكبوو لەو ناوانەی كە لەناو بازنەی فكرو فەلسەفی جیهاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەبوو. خاوەنی كۆمەڵێك كتێبی گرنگە لەوانە: تەوتەویزم لەمڕۆدا، ئەنترۆپۆلۆژیای بوونیاتگەری، رەگەزومێژوو" جگە لە كۆمەڵێك كتێبی گرنگی تر لە بارەی ئەفسانەوە.
یەكێكیش لەكتێبە گرنگەكانی "ئەفسانەو مانا"یە كە لەساڵی 1978دا بەزمانی ئینگلیزی نووسیویەتی. ئەم كتێبەش لەلایەن برای وەرگێڕمان "سەلاح حەسەن پاڵەوان" كراوە بەكوردیو دەزگای جەمال عیرفان چاپی كردووە. دیارە وەرگێڕانی كتێبەكانی شتراوس كارێكی ئاسان نییە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی كاك سەلاح ماوەیەكی زۆرە لە بواری فەلسەفە و ئەفسانەدا كار دەكات، بۆیە باش توانیویەتی دەقەكە بە خوێنەری كوردی بگەیەنێت. جگە لەوەش كتێبەكەی لە زمانی ئینگلیزییەوە كردووە بە كوردی، واتە لە زمانی یەكەمەوە وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی. لێرەدا هەوڵدەدەم تیشكێكبخەمەسەر ئەم كتێبە گرنگەو كەمێك بەخوێنەری كوردی بناسێنم.
ناوەڕۆكی كتێبەكە
شتراوس یەكێكە لەو فەیلەسوفانەی كە گرنگی باشی بە ئەفسانەكان و رۆڵیان لە ناوكۆمەڵگە داوە، هەربۆیە ماوەیەكی زۆر خەریكی لێكۆڵینەوەو پشكنین بوو لە ئەفسانەكانی جیهان، ئەم كتێبەش بەرهەمی ئەو چەند ساڵەی لێكۆڵینەوەیەتی. لەم كتێبەدا خوێندنەوەی خۆی بۆ ئەفسانەكان، ماناكان و پەیوەندییان، هەروەها پەیوەندی ئەفسانە بە " زمان و هونەر بەگشتی و موزیك بەتایبەتی و مێژوو" باسكردووە. لەهەمانكاتیشدا رۆڵی ئەفسانەكان بەسەر كەسایەتی تاك دەرخستووە .
وەكو وەرگێڕیش دەڵێت:
نووسەر لەم كتێبەدا هەوڵ دەدات لە كەناردا بمێنێتەوە، لەوێوە بگەڕێت بە دوای رێچكەیەك و لەوێوە بڕێك زانیاری بخاتە زەینی خوێنەرەوە، ئەو دەزانێت خوێنەر بەم كەمە زانیارییە تینوێتی ناشكێت و ناتوانێت هەموو درز و كەلێنەكانی بیری ئەفسانەیی دابڕاو لە ناخی مرۆڤ پڕ بكاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات. ل 12
هەروەها نووسەر دوو بابەتی زۆر گرنگی تریشی باسكردووە، ئەوانیش قسەكردن لە بارەی ئەو گەلانەی كە زمانی نووسینیان نییە، كە زۆرجار بە ناڕەوا بە گەلانی سەرەتایی" زۆرجاریش دواكەوتوو، وەحشی" وەسفكراون، بەڵام شتراوس دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە. هەروەها شتراوس بەوە ناسراوە، كە خاوەنی پڕەنسیپێكی تایبەتە لە بواری پێناسەكردنی " كەلتوور" دا، لەمەشدا تێڕوانیینەكانی زۆر هومانیست و نا غەرەبزادەییە، چونكە غەربزادەكان هەمیشە رۆژئاوا بە سەنتەر دادەنێن و نكووڵی لە كەلتووری نەتەوەكانی غەیرە ئەوروپی دەكەن، شتراوس دژی ئەمەشە، هەربۆیە ئەم فەیلەسوفە بۆچوونەكانی لای من مایەی رێزو خۆشەویستین.
ئەفسانە
نووسەر لەم كتێبەیدا بە چڕی باسی ئەفسانە و رۆڵی بەسەر مرۆڤ و كۆمەڵگەوە دەكات. لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت: ئەفسانەكان لای مرۆڤ بیرۆكەكان بەجێ دەهێڵن، بەبێ ئەوەی مرۆڤ خۆی هەست بەمە بكات ل21
دەشڵێت: ئەفسانە دەبێت لە هەموو لایەكەوە بناسرێتەوە، مانای بونیادی ئەفسانە لە زنجیرەی یەكبەدوایەكی رووداوەكاندا خۆی حەشار نەداوە، بەڵكو لە كۆی گشتی هەموو رووداوەكان جێگەی تێگەیشتنە،،،ئەفسانە كەم تا زۆر دەبێت وەك تۆنای ئۆكسترایەك بخوێنرێتەوە، نەك خوێندنەوەی پارچە پارچە، بەڵكو دەبێت هەمووی پێكەوە بناسرێت ،،ل87
دواتریش هەر ئەمەش وا دەكات نووسەر قسەی زیاتر لە بارەی پەیوەندی و نزیكایەتی ئەفسانە و موزیك بكات.
پەیوەندی موزیك و ئەفسانە
بابەتێكی گرنگی تر كە نووسەر قسەی لە بارەوە دەكات، پەیوەندیی و نزیكایەتی نێوان ئەفسانە و موزیكە. بەتایبەتی لە رووی تێگەیشتن و خوێندنەوەوە، نووسەر پێی وایە ئەم دووانە زۆر لە یەكترییەوە نزیكن. شتراوس دەڵێت: لە نێوان ئەفسانە و موزیكدا نەك یەك پەیوەندی هەیە، بەڵكو دوو پەیوەندی جیاواز هەیە: یەكێكیان پەیوەندی نزیكایەتیی، هاوسێیەتی" Contiguity, " ئەوی تریان هاوشێوەیەتییە " Similarty " هەروەها ئەوەشم بۆ ئاشكرا بوو كە ئەم دوو پەیوەندییە لە بناغەدا یەكن، بەڵام لەسەرەتای كارمدا لەم شتە بێ ئاگا بووم. ل 86
خاڵێكی سەرنجراكێشی تریش بەلای منەوە، پەیوەندی بە خوێندنەوەی دەقی ئەفسانەیی و موزیكەوە هەیە.
شتراوس دەڵێت: ئەفسانە لە چەپەوە بۆ راست ناخوێنرێتەوە، بەڵكو دەبێت وەكو نۆتای ئوكسترایەك لە سەرەوە بۆ خوارەوە بخوێنرێتەوە، تەنها بەمشێوەیە دەتوانین بەتەواوەتی لە مانای ئەفسانەكە بگەین. ل 88
پەیوەندی ئەفسانە و موزیك و زمان
بابەتێكی گرنگی تر پەیوەندی ئەفسانەیە بە زمانەوە، ئەمەش پانتایی باش لە كتێبەكە داگیر دەكات و نووسەر بەوپەڕی زانستییەوە هەوڵی شرۆڤەكردنی ئەم بابەتەی داوە. بەتایبەتی پەیوەندی نێوان زمان و ئەفسانە و موزیك زۆر بە جوانی باسی دەكات. شتراوس پێی وایە: موزیك و ئەفسانە هەردووكیان لە زمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام لە چەند رێڕەوێكی جیاواز و پارچە پارچەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، لە حاڵەتێكدا موزیك جەخت لەسەر لایەنی دەنگ دەكات كە رەگی لە زماندایە، كەچی میتۆلۆژیا جەخت لەسەر لایەنی هەست دەكاتەوە، كە ئەویش لە نێو زماندا رەگی داكوتاوەو لێی جیا نابێتەوە. لە موزیكدا رەگەزی زاڵ دەنگە و لە ئەفسانەدا رەگەزی زاڵ مانایە،،ل101-102
دواتریش دەڵێت: كاتێك زانیم كە موزیك و ئەفسانە هەروەك دوو خوشكن و لە زمانەوە سەرچاوەیان گرتووەو هەریەكەشیان بەلایەكدا رۆیشتووە، ل103
زانست و ئەفسانە
شتراوس بەپێچەوانەی بەشێكی زۆری فەیلەسوفان و كۆمەڵنناسانەوە پێیوایە كە زانستو ئەفسانە دژی یەكترنین، شتراوس دەڵێت: لە راستیدا زانست و ئەفسانەكان لە یەكتری جیا نین، تەنها ئەم بارەی ئێستای نێو زانستە كە ئەو توانایەمان پێ دەبەخشێت تا ئەوەی لە ئەفسانەدا هەیە لێی تێبگەین،ل 50
دواتریش هۆكاری ئەم بۆچوونە دەخاتەڕوو و دەڵێت: لە راستیدا ئەم دابڕانە لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم رووی دا، ئەوكاتە لەگەڵ بیكۆن، دیكارت، نیوتن و كەسانی تر رووی دا، بۆ زانست پێویست بوو بە شێوەیەكی پتەو پایەكانی خۆی دابكوتێت بۆ ئەوەی سەخت بێت لە رووبەروبونەوە بەرانبەر بە بیركردنەوەی كۆنی وەكو بیركردنەوەی ئەفسانەیی و جادووگەری ،،ل 33
بیركردنەوەی زانستی
بابەتێكی گرنگی تر كە شتراوس قسەی زۆری لە بارەوە دەكات مەسەلەی زانست و بیركردنەوەی زانستە، لەهەمانكاتیشدا پەیوەندی بە ئەفسانەوە. نووسەر پێی وایە ئەفسانە جۆرێكە لە رێكوپێكی، زانستیش بەهەمانشێوە. شتراوس دەڵێت: هەموو دەستكەوتە عەقڵییەكانی رەگەزی مرۆڤ بەو جۆرەی لە سەرانسەری جیهاندا پارێزراوە، هەمیشە سەر بەیەك شتی هاوبەش بوون و ئەو شتەش پیشاندەری جۆرێك لە رێكوپێكی بووە.ل34
دواتریش لەبارەی كامڵی زانستەوە دەڵێت:
من ناتوانم مەزندەی ئەوە بكەم رۆژێك دێت، زانست دەبێتە زانستێكی كامڵ و دەگاتە هەموو شتێك، هەمیشە گرفتی نوێ دەردەكەون، زانست هەرگیز ناتوانێت هەموو وەڵامەكان بداتەوە، ئەوەی دەتوانین هەوڵی ئەنجامی بددەین، ئەوەیە زۆر بە هێواشی ژمارە و جۆرایەتی وەڵامەكان زیاد بكەین،ل 36
باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەی شتراوس، ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بینیمان مرۆڤایەتی ماوەی ساڵێكە خەریكە بەم ڤایرۆسەوەو هێشتاش زانست نەیتوانیوە بەشێوەیەكی تەواوەتی بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵ بێت، جێگەی ئاماژەیە شتراوس ئەم قسەیەی پێش 43 ساڵ كردووە، هێشتا ئەم ڤایرۆسە پەیدا نەبووە، بەڵام ئەو وەكو فەیلەسوفێك زانیویەتی كە ئەو قسانەی دەكرێت بە ناوی زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشتدا، یان زاڵبوونی زانست بەسەر كێشەكان، قسەیەكی راست و دروست نییە.
مانا واتای چییە؟
هەر لەناونیشانی كتێبەكەوە دیارە كە " مانا" پانتایی باش لەم كتێبە داگیر دەكات، نووسەر هەوڵ دەدات كە پێناسەیەكی تایبەت بە "مانا" بكات، لەهەمانكاتیشدا پەیوەندی لەگەڵ: ئەفسانەدا دەردەخات. نووسەر دەڵێت" وشەی "مانا" واتە توانای هەر جۆرێك لە زانیاری بكرێت بۆ زمانی هەمەچەشن وەربگێڕدرێت، مەبەستم لە زمانی هەمەچەشن فەڕەنسی یان ئەڵمانی نییە، بەڵكو مەبەستم وشەی جیاواز لە ئاستی جیاواز ل33
كەلتوور
وەكو لەپێشیشدا ئاماژەم پێدا، شتراوس یەكێكە لەو فەیلەسوفانەی كە گرنگییەكی زۆری بە كەلتوورەكانی جیهان داوە، بگرە ئەو توانی پێناسەیەكی نوێ بۆ كەلتوور دابنێت كە دەتوانین بڵێین تاڕادەیەكی زۆر هومانیست بوو، هەروەها چیتر تەنها كەلتووری ئەوروپی بە سەنتەر دانانێت، بگرە بەچاوی رێزەوە سەیری كەلتووری جیهان دەكات. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، دان بە بوونی جیاوازی كەلتوورەكانی جیهان دادەنێت و بەكارێكی باشیشی دادەنێت.
شتراوس دەڵێت: تۆ ناتوانیت یەك جار هەموو توانا عەقڵییەكانی هەموو مرۆڤایەتی گەشە پێ بددەیت، دەتوانیت سوود لە بەشێكی بچووكی وەربگریت و ئەم بەشەش بە پێی كەلتوور یەكسان نییە.
دواتریش دەڵێت: بڕوا ناكەم كەلتوورەكان بە شێوەیەكی سیستماتیك یان بە میتۆدی تایبەت هەوڵی ئەوەیان دابێت خۆیان لە یەكتری جیابكەنەوە، لەراستیدا ئەوەیە لە ماوەی سەدان هەزار ساڵ گرووپگەلی مرۆیی بچووك لە گۆشە و جێگەكانی جیهان بە دابڕاوی لەسەر ئەم زەوییە دەژیان، بۆیە ئاسایی بووە تایبەتمەندییە تایبەتییەكانی خۆیان گەشە پێ بددەن و لە یەكتری جیاواز بن ، ئەمە شتێك نەبوو بەدەستی ئەنقەست كرابێت، بەڵكو ئەوەی رووی دا دەرئەنجامی ئەو بارودۆخە بوو كە بۆ ماوەیەكی زۆر دوورودرێژ بەربڵاوبوو بوو.ل45
پاشانیش باسی خاڵێكی گرنگی تر دەكات كە ئەویش پەیوەندی بە " رەسەنایەتی كەلتوورەكان" هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: لە پێناوی ئەوەی كەلتوورێك رەسەنیی خۆی بپارێزێت و لەهەمانكاتیشدا بەرهەمهێنەری شتێكیش بێت، دەبێت كەلتوور و تاكەكانی ئەو كەلتوورە بڕوایان بە رەسەنی خۆیان هەبێت، تەنانەت تا ئەو ڕادەیەش بڕوایان بە باڵادەستی كەلتوورەكەی خۆیان هەبێت بەسەر كەلتوورەكانی تردا،ل46
هەرچەندە تەفسیری خراپیش بۆ ئەم قسەیە دەكرا، گوایە شتراوس هانی فاشیزم بددات، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كە شتراوس مەبەستی هاندانی فاشیزم بێت، چونكە ئەو دژی زاڵبوونی یەك كەلتوور بووە بەسەر جیهاندا، شتراوس دژی ئەم بۆچوونەش دەوەستێتەوەو دەڵێت: من بڕوا ناكەم ئەمە روو بدات،چونكە ئارەزووە ناچوونیەكەكان هەمیشە لە ئارادان و كاری خۆیان دەكەن، لە لایەكەوە بەرەو یەكشێوەیی و لە لایەكی ترەوە بەرەو جیاوازی نوێ دەڕۆن. تا زیاتر شارستانییەكان بەرەو یەكشێوەیی بڕۆن، ئەوە زیاتر خاڵە ناوخۆییە جیاوازەكان ئاشكراتر دەبن، ئەوەی لە ئاستێكدا بەدەست دێت، یەكسەر لە ئاستێكی تردا لەناودەبرێت.ل 46
نەتەوە سەرەتاییەكان
بەشێكی زۆری كۆمەڵناس و فەیلەسوفەكانی ئەوروپا بە چاوێكی كەمەوە سەیری ئەو گەلانەیان دەكرد كە زمانی نووسینیان نییە، ئەمانەیان بە نەتەوەی سەرەتایی زۆرجاریش بە دواكەوتوو یان وەحشی وەسف دەكرد، لێ شتراوس بەشێوەیەكی زانستیانە دژی ئەم بۆچوونانە دەوەستێتەوە.
شتراوس دەڵێت: شێوازی بیركردنەوەی لە نێوان ئەو خەڵكانەی كە ئێمە هەمیشە بە هەڵە پێیان دەلێێن " سەرەتایی" یان ئەو نەتەوانەی نووسینیان نەزانییوە یان بێ نووسین بوون، چونكە من بڕوام وایە لە راستیدا ئەمە ئەو فاكتەرەیە ئێمە لەوان جیا دەكاتەوە، بەدوو شێوازی جیاواز لێكدراوەتەوە، بە بڕوای من هەردوو شێوازەكە بەهەمان رادەی چوونیەك هەڵەن. ل 37
نووسەر
پاشانیش باس لە رۆڵ و كاریگەری نووسەر دەكات بەسەر خوێنەرەوە، لەمبارەیەوە دەڵێت: هەر نووسەرێك، بەهەر شێوەیەكی تایبەت كە بیردەكاتەوە یان دەنووسێت، ڕوانینێكی نوێ بە ڕووی مرۆڤدا دەكاتەوە. ل20
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم كتێبە هەرچەندە لە رووی قەبارەوە بچووكە، بەڵام لەرووی مانای فەلسەفی و فكرییەوە، زۆر گەورەیە و بە یەكێكیش لە كتێبە گرنگەكانی شتراوس دادەنرێت، لەهەمانكاتیشدا ئەم كتێبە ئاشنایەتیمان دەكات بە بەشێك لە بیركردنەوەی ئەم فەیلەسوفە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە كاك سەلاح پاڵەوان بكەین بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە فەلسەفییە گرنگە و هیوای كاری باشتری بۆ دەخوازین.
سەرچاوە:
كلۆد لیڤی شتراوس. ئەفسانە و مانا. لە ئینگلیزییەوە: سەلاح حەسەن پاڵەوان. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان. چاپی یەكەم.سلێمانی. 2020
سەرچاوە/ شارپرێس