سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بزووتنەوەیەكی مەزهەبی بەتامی سۆسیالیزم

15/03/2021



ئامادەكردنی: پێشڕەو ئیسماعیل

قەرمەتییەكان (871-976ز)

بزووتنەوەی قەرمەتییەكان لە شكڵدا جوڵانەوەیەكی ئایینی مەزهەبی بوو، بەڵام لە ناوەڕۆكدا جوڵانەوەیەكی جوتیاری- كۆیلایەتی چینایەتی بوو دژ بە دەسەڵاتی فیودالیزم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی عەباسییەكان.

لە دوای خولەفای راشدیینەوە سێ دەوڵەتی ئیسلامی یان سێ ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی دروست بوون (ئەمەوی، عەباسی، عوسمانی) كە هەر سێكیان مەزهەبی سوننەیان پەیڕەو كردووە، بۆیە ژمارەیەكی زۆر رێچكە و جوڵانەوەی مەزهەبی شیعە دژی دەسەڵاتدارانی ئەم دەوڵەتانە سەریهەڵداوەو دروست بوون، وەك جوڵانەوەی زەیدییەكان لەیەمەن و تەبەرستان، قەرمەتییەكان لە خواروی ئێران و بەسرەو بەحرەین، فاتمییەكان و ئیسماعیلییەكان لە میسر، حەمدانییەكان لە وڵاتی شام و نزارییەكان لە چەند ناوچەیەكی ئێران.

قەرمەتییەكان بە پێچەوانەی رەوتە ئایینی و مەزهەبیەكانی ترەوە، پەیڕەوییان لە ئایین نەدەكردو رێوڕەسمی موسڵمانانیان وەكو نوێژ و رۆژ و حەج بەجێ نەدەهێنا، گرنگترین جوڵانەوەشیان ئەوە بوو كە لە ساڵی 317ی كۆچی بەرامبەر 930 زاینی هێرشیان كردە سەر شاری مەككە و بەردە رەشەكەیان دەرهێنا و بۆ ماوەیەك گوێزایانەوە بۆ ناوەندی خۆیان لە بەحرەین.

قەرمەتییەكان باوەڕیان وابوو كە لە ئایین دا (ڤاهروباگن) واتا ئاشكراو شاراوە هەیە، رواڵەتە ئاشكراكان بریتییە لە رێوڕەسمە ئاینیەكان وەكو نوێژ و رۆژ و حەج و شتی تر كە تەنیا كاری خەڵكانێكی عەوامەو مرۆڤە گێلەكان سەیری رواڵەتی دین دەكەن و واتا سەیری لایەنە ئاشكراكەی دین دەكەن، لە حاڵێكدا دەبێ رووی سەرنج بۆ لای باگن واتا شاراوە بێ و ئەمەش كاری كەسانێكی تایبەتە و دیارە ئەو كەسانە پێویستیان بەم شتە رواڵەتیانە نییە. ئەم رەوتە مەزهەبی شیعە بووە، حەوت ئیمامیان قبووڵ بوو، واتە لە جێگەی ئیمامی حەوتەمی شیعەی جەعفەری(موسا ئیبن جەعفەر سادق) ناسراو بە ئیمام موسای كازم 183كۆچی، (محەمەد كوڕی ئیسماعیل كوڕی جەعفەر سادق) یان قبوڵ بوو، بە (سابع تام)یان ناو دەبرد.

یەكەم حكومەتی قەرمەتییەكان لە ساڵی 286ی كۆچی بەهۆی (ئەبو سەعید جنابی) لە بەحرەین دامەزرا و تا ساڵی 366 كۆچی درێژەی كێشا كە لە نێوان خۆیان دا تا رادەیەكی زۆر یەكسانیان دابین كرد بوو. قەرمەتییەكان بە زۆری لە جوتیاران و عەشیرەتە بەدەویەكان زەحمەتكێشانی شار پێكهاتبوون و دژی دەسەڵاتی فیودالیزم و دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتی مەللاكە گەورەكان بوون. قەرمەتییەكان هەموویان بە یەكسانی دەژیان موڵكایەتی تایبەتی و هەژاریان نەهێشت و بزوتنەوەكەیان بەتامی چەپ و نزیك لە سۆسیالیزم بوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.