سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

پەيامبەر محەمەد و عیسا: چۆن ئەپۆکریفای مەسیحی کاریگەری لەسەر قورئان داناوە

10/04/2021


 

نوسین: بی ئەی جۆنسن
وەرگێڕان: دەشتی مەحمود

 

وێنەیەک لە دەستنووسێکی فارسی سەدەکانی ناوەڕاست کە موحەمەد پیشان دەدات پێشنوێژی بۆ ئیبراهیم و موسا و عیسای دەکات.

 

عیسا لە قورئاندا

 

قورئان عیسایەکی زۆر جیاوازتر لەمەی کە لە ئینجیلدا دەیدۆزینەوە پیشان دەدات. ڕەخنەگران زۆرجار دەڵێن  دەکرێت زیاتر عیسا وەک ئارگومێنتێک نەک مرۆڤێک ببینین، لە زۆر ڕووەوەش ئەم هەڵسەنگاندنەی [ڕەخنەگرەکان] پاساودراوە. زۆر زەحمەتە سروشتی بەرگرییانە لە زۆرێک لە نوسراوەکان لەسەر عیسا نەبینین، بەتایبەت دەربارەی ئەو بیروباوەڕانەی پەیوەندییان بە [ژیانی] عیساوە هەیە، کە نوسەری [وتارە] بە ناشایستەیان دەبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا چەند ساتێک [لەژیانی عیسا] هەیە کە تێیدا ئاماژە بە نەریتێکی قووڵتر دەکەین کە ڕەنگە شێوەی بە تێگەیشتنی موحەمەد و تەنانەت خودی قورئانیش لەسەر عیسا پێگرتبێت.

 

ئەوەی کە لە هەمووشی سەرسوڕهێنەرترە ئەوەیە کە عیسای قورئان لە ئینجیلی پەسەندکراو (ئینجیلی پەسەندکراو لەلایەن زۆربەری کڵێساکانی مەسیحی) یان نوسەر و ئاینپەروەرانی مەسیحیەوە بۆ موحەمەد نەهاتووە، بەڵکو لە " ئەپۆکریفای مەسیحی"ـی کۆتایی سەدەی دووەمەوە هاتووە.

 

ئەپۆکریفاکان چین؟

 

چەندین کاری جۆراوجۆر هەن کە دەکەونە ژێر ناونیشانی " ئەپۆکریفای مەسیحی"ـیەوە. لەڕووی ئاینناسییەوە ئەم دەستنوسانە پانتاییەکی فراوان دادەپۆشن، لە ئینجیلی بنەڕەتی ئەرسۆدۆکسەوە بۆ دەقەکانی دواتر کە جۆرە گنۆستیسیزمێک پێشکەوتووە کە ئیتر ناکرێت تەنانەت لە ژێر ناونیشانی دەقی "شێوە-مەسیحی" ـــ ئەو دەقانەی کە بەناوی یەکێک لە قوتابییەکانی عیسا یاخود ئاینناسانی گەورەی مەسیحییەوە بڵاوکراونەتەوەـــ دا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

 

هەندێک دەقی (وەک " ئینجیلی ئیگێرتۆن") بە ئاشکرا لەسەر بنەمای زانیاری دەستی دوویی ئینجیلی پەسەندکراو نوسراوە. هەندێکی تر لەلایەن قوتابی مامۆستا گنۆستیکە ناسراوەکانی سەدەی دووەمەوە نووسراوون (وەک "ئینجیلی هەقیقەت"، کە دەقێکی ڤالانتینییە)، ئەم دەقانە لە هەوڵێکدا بۆ دامەزراندنی دەسەڵات و پڕۆژەیەکی دامەزراو بۆ بیروباوەڕەکانیانی گنۆستییسیزمەوە نوسراون.[1] لەکۆتایدا، ژانرێکی ئەدەبی باوەڕداری هەبوو کە لە نیوەی کۆتایی سەدەی دووەمدا لەناو جەماوەردا ناوبانگی بەدەستهێنا. ئەم دوا کاتگۆرییە دەبێت سەرنجی سەرەکی ئەم وتارە.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی باوەڕی مەسیحی، هەروەها ئارەزووی زیاتری زانین دەربارەی عیسا و ژیانی سەر زەوی و فێرکردنەکانی بڵاوبووەوە. ئینجیلەکانی مەتا و لۆقا باس لە لەدایکبوونی عیسا دەکەن و لۆقاش سەرنجێکی کورت دەخاتە سەر منداڵی عیسا،[2] بەڵام، لەمەزیاتر هیچ شتێکی تر لەسەر ژیانی ناگوترێ هەتا سەرەتای فێرکارییەکانی ساڵانی کۆتایی تەمەنی. تەنانەت خوێنەری هاوچەرخیش لە خۆی دەپرسێت کە عیسا وەک منداڵێک دەبێت چۆن بووبێت، دەبێت ئەم بۆشاییەی ژیانی عیسا زیاتر خەڵکی کۆنی توشی کێشەکردبێت ـــ ئەو ماوەیەی تەمەنی منداڵی کە چاوەڕوانکراوبوو ژیاننامەکان نیشانی بدەن کە چۆن هەر لە لاوێتیدا پێشبینی بوون بە کەسێکی گرنگ و مەزنی لێکراوە.

 

بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە ئاشکرایە پڕبکرێتەوە، ئەفسانەکان دەربارەی منداڵی عیسا سەریان هەڵدا. ئەمانەش لەڕێگەی ئینجیلێکەوە بەناوی ''ئینجلی منداڵی''ـیەوە بە ئێمە گەیشتووە.

 

ئینجلی منداڵی

 

 هەروەک ئینجیلی منداڵی لە پێویستی ڕازیکردنی زانینخوازی [ژیانی منداڵی عیسا] و پێکهاتە ئەدەبییەکانەوە پەرەیسەند، دەتوانرێت شتێکی کەم لەسەر لێهاتوویی خواناسیی نوسەرانی بگوترێت. دەکرێت زۆر هەڵەشەبن، خۆیان بخزێننە سەر یەکتر لە هەوڵێکدا بۆ بەرگریکردن لە لایەنێکی ڕەسەنی بیروباوەڕی عیسا لەسەر حسابی کەسێکی تر. بۆ خراپترکردنی بابەتەکان، هەندێک وا دەردەکەون کە لە بازنەی گنۆستیکیدا نووسرابن، بەبێ ئەوەی خوێنەرانی تێگەیشتنێکی وەهایان تێیدا هەبێت، لەهەرکوێیەک کە ئەرسۆدۆکسەکان بە ڕوونی داوایان کردبا گۆڕانکاری تێدا دەکرا و [بەپێی باوەڕیی ئەوان] بەمشێوەیە بڵاودەکرایەوە. زۆرێک لەو دەقانە هیچ فۆڕمێکی جێگیریان نییە و دەستنووسەکانیان چەند دەقێکی دەستکاریکراوی جیاوازمان پێشکەش دەکەن. هەرچەندە ناکرێت گێڕانەوەکانیان بە مێژوویی هەژمار بکرێت، بەڵام تۆمارگەلێکی سەرنجکێشن لە پێشکەوتنی بیری مەسیحی و شیێوەـ مەسیحی.

 

ڕەنگە دوو ئینجیلی هەرە گرنگی منداڵیی " Protevangelium of James (پرۆتیڤانگێلیۆمی جەیمس )" و " ئینجیلی منداڵیی تۆماس" بن ( نابێت ئەم ئینجیلەمان لەگەڵ ئینجیلی تۆماس لێتێکبچێت کە جیاواز لە ئینجیلی منداڵی تۆماس، ئینجیلێکی تری سەربەخۆیە کە دەگوترێت لەلایەن تۆماسی قوتابی عیسا نوسراوە). هەردووکیان دەقی زۆر بەربڵاوبوون و ناوەڕۆکی زۆریان بەخشیوە بە ئینجیلە منداڵییەکانی دوای خۆیان کە شتی زیاتریان خستووەتە سەریان [لەسەر ژیانی منداڵی عیسا]. دەقێکی تری لەو جۆرە ئینجیلی منداڵی عەرەبی یە کە بە ئاشکرا و بەرچاو لە هەردوو ئینجیلەکەی لەسەرەوە ناویان هات وەرگیراوە ـــ بە تایبەتی پرۆتیڤانگێلیۆمی جەیمس لەهەمانکاتدا زیادەشی خستووەتەسەر. هەردووکیان، ئینجیلی منداڵی تۆماس و ئینجیلی منداڵی عەرەبی ژیانی عیسای تێدایە کە هاوتەریبە لەگەڵ سوورەتە قورئانییەکانی 5:110 سورەتی ١٩:٢٢-٣٤.

 


دەستنووسی نوسخەی عەرەبی ئینجیلی منداڵی (مۆزەخانەی قبوتی، قاهیرە ـ‌میسر)

 

ئینجیلی منداڵیی تۆماس

 

 ئینجیلی منداڵی تۆماس لە پڕۆسەی گواستنەوەیدا خراپ و شێواو بە سێ دەقی جیاوازی زمانی یۆنانی بە ئێمە گەیشتووە. بەشی یەکەم لە دەقە درێژەکەی [کە بەدەستمان گەیشتووە] تۆماس وەک نووسەر دیاری دەکات، بەڵام وادەردەکەوێت ئەم بەشە دواتر دەستکاری کرابێت لەبەرئەوەی دەقەکانی تر نوسەری جیاواز دەستنیشاندەکەن، لەوانە جەیمس. ناوەڕۆکە بنەڕەتییەکانی ئینجیلی منداڵی تۆماس لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای کۆتایی سەدەی دووەمی زاینی کە بەئەگەرێکی زۆر لەلایەن نوسەری نەناسراوەوە نوسراون. ئەم دەقە بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە، لەوانە زمانی عەرەبی کە بە دوو دەستنووس بۆمان پارێزراوە.[3]

لە بەشی یەکەمی دەقە عەرەبییەکەی ئینجلی منداڵی تۆماس ئەم گێڕانەوەیە دەخوێنینەوە:

 

«کاتێک عیسا پێنج ساڵ بوو، شەممەیەک چووە دەرەوە بۆ یاریکردن لەگەڵ کوڕانی دیکە. عیسا هەندێک قوڕی برد و دوازدە باڵندەی لێ درووستکرد. کاتێک خەڵک ئەمەیان بینی، بە یوسفی [باوکیان] گوت: «سەیری بکە، ئەو شتانە دەکات کە ڕۆژی شەممە ڕێپێنەدراون.» عیسا کە گوێبیستی ئەمە بوو، چەپڵەی بە ئاراستەی قوڕەکە ڵیداو گوتی: «بفڕن، باڵندەکان!» ئەوانیش فڕین. هەموو کەس سەرسام بوو و هەموویان پێکەوە ستایشی خودایان کرد.»[4]

 

سوورەتی 5:110 ی قورئان ئەم هاوتەریبیە دەگوازێتەوە :

 

«ئه‌وسا (له‌ناو هه‌موو پێغه‌مبه‌راندا ڕوو به عیسای کوڕی مه‌ریه‌م) خوا فه‌رمووی: ئه‌ی عیسای کوڕی مه‌ریه‌م یادی ئه‌و نازو نیعمه‌ته‌ی من بکه‌ره‌وه که ڕژاندم به‌سه‌ر خۆت و دایکتدا، کاتێک من به‌هۆی فریشته جوبره‌ئیلی پیرۆزه‌وه پشتیوانیم لێکردیت، ئه‌وکاته‌ی له بێشکه‌داو به‌پیریش به‌ڕه‌وانی قسه‌ت بۆ خه‌ڵکی ده‌کرد، هه‌روه‌ها کاتێک فێری نووسین و دانایی و ته‌ورات و ئینجیلم کردیت، کاتێکیش له قوڕ وه‌ک شێوه‌ی باڵنده‌ت دروست ده‌کرد به‌فه‌رمانی من، ئه‌مجا فووت پیاده‌کرد، جا ده‌بوو به‌باڵنده...»[5]

 

ئەم دەستەواژە و وردکاریانە وا نیشانی دەدات کە موحەمەدی پێغەمبەری ئیسلام دەستگەیشتنێکی ڕاستەوخۆی بە ئینجیلی منداڵی تۆماس یان گێڕانەوە هاوتەریبییەکەی ئینجیلی منداڵی عەرەبی نەبووە. پێدەچێت زیاتر ئاشنایی لەگەڵ گێڕانەوەی زارەکیدا هەبووبێت. هەبوونی دەقی ئینجلی منداڵی تۆماس بە زمانی عەرەبی و دواتریش ئینجیلی منداڵی عەرەبی ئەمە نیشان دەدات کە ئەم چیرۆکە لەگەڵ زۆر لە چیرۆکانی تر لەنێو کۆمەڵی مەسیحی و شێوەـ مەسیحیەکانی ناوچەی عەرەبدا بڵاوبوبوونەوە لەو کاتەی موحەمەد دەستی بە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕەکانی کرد.

 


دەستنووسی عەرەبیی ئینجلی منداڵی تۆماس (بیبلۆتیکا ئەمبرۆسینا، میلان ـ‌ئیتاڵیا)

 

پرۆتیڤانگێلیۆمی جەیمس و ئینجیلی منداڵی عەرەبی

 

 پرۆتیڤانگێلیۆمی جەیمس پێدەچێت لە کۆتایی سەدەی دووەم یان لە سەرەتای سەدەی سێیەمدا نووسرابێت. ئەم دەقە کەمتر پەیوەندی بە ژیانی عیساوە هەیە بەڵکو مەریەم شکۆدار دەکات.  هەندێک پێشنیاریان کردووە کە  دەقەکە وەک بەرگرینامەیەک نوسرابێت لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە دژی مەریەم کراون لەلایەن ڕەوانبێژە بتپەرستەکانی ئەو سەردەمە. هاوشێوەی ئینجیلی منداڵی تۆماس، پرۆتیڤانگێلیۆمی جەیمسیش ناوەڕۆکی بەخشیوە بە ژمارەیک دەقی دواتر کە ئەمانیش بە زەوقی خۆیان زیادەیان خستووەتە سەر. یەکێ لەم دەقانەی دواتریش ئینجیلی منداڵی عەرەبییە.

 

باوەڕوایە ئینجیلی منداڵی عەرەبی لە سەدەی شەشەمدا هاتووەتە نوسین، کە ڕەنگە لەسەر بنەمای دەقێکی پێشووی سریانی ئینجیلی منداڵی نوسرابێت. هەرچەندە دیسان هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین موحەمەد ئاگاداری ڕاستەوخۆی لە ئینجیلی منداڵی عەرەبی هەبووبێت، بەڵام دیسان هاوتەریبێکی حاشاهەڵنەگرانە [لە قورئاندا] دەدۆزینەوە.

 

لە بەشی یەکەمی دەقی عەرەبی ئینجلی منداڵی تۆماس ـدا دەخوێنینەوە:

 

«فەرمووی کە عیسا قسەی کرد و بە ڕاستی کاتێک لە بێشکە دابوو، بە مەریەمی دایکی گوت: من عیسای کوڕی خودام، کەلیمەم، کە تۆ لە تۆوە هاتووتە بوون، هەروەک جبرائیلی فریشتە بە تۆی فەرموو؛ باوکم منی بۆ ڕزگاریی جیهان ناردووە.»[6]

 

ئەوەی یەکەم جار لەم گێڕانەوەیە سەرنجمانڕادەکێشێت وەکویەکییەتی لەگەڵ سورەتی 19:29-33 یە، کە عیسا لە بێشکەدا گووتی:

 

«به‌ڕاستی من به‌نده‌ی خوام، کتێبی ئینجیلی پێ به‌خشیووم و کردوومی به پێغه‌مبه‌ری خۆی؛ منی موباره‌ک و پیرۆزیش کردووه له هه‌ر کوێدا بم و ئامۆژگاری کردووم که نوێژه‌کانم ئه‌نجام بده‌م و له زه‌کاتدانیش درێغی نه‌که‌م هه‌تا له ژیاندا هه‌م... سڵاوی په‌روه‌ردگارم له‌سه‌ره ئه‌و ڕۆژه‌ی که له‌دایک بووم و ئه ڕۆژه‌ش که ده‌مرم، ئه‌و ڕۆژه‌ش که زیندوو ده‌کرێمه‌وه‌.»

 

بێگومان، لەم دەقەی دواییدا [قورئان] بەرگرینامەیکی دژیی بە جەوهەری شێوەـ مەسیحی دەدۆزینەوە. عیسا لە بێشکەوە دوای ئەوەی لە پاکیزەیەک لەدایک بووە قسە دەکات، بەڵام خۆی بە "پێغەمبەر" ناودەبات، قورئانیش خێرایە بۆ زیادکردنی چەند دێڕێک لەدواییدا کە خوا کوڕی نەبوووە.

 

[لە ئایەتی ٣٥ ـی هەمان سوڕەتدا لە قورئاندا دەخوێنینەوە]:

 

«بێگومان ناگونجێت بۆ خوای گه‌وره‌، که‌س بکاته ڕۆڵه‌ی خۆی (چونکه پێوستی پێی نیه‌) پاکی و بێگه‌ردی شایسته‌ی ئه‌وه‌، کاتێک هه‌رشتێک بڕیار بدات، ئه‌وه به‌ڕاستی ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وێت که فه‌رمان بدات و بڵێت: ببه‌، ده‌ستبه‌جێ ده‌بێت.»[7]

 

ئینجیلی شێوەـ‌ مەتا

 

 هاوتەریبی کۆتایی [پەیوەند بە ژیانی عیسا]ـوە لە ئینجیلێکی منداڵی دیکەیەوە بەناوی ئینجیلی شێوەـ مەتا دێت کە لەسەر بنەمای پرۆتیڤانگێلیۆمی جەیمس نوسراوە. ئەم دەقە بەرپرس بوو لە پاراستنی پرۆتیڤانگێلیۆم لە ڕۆژئاوا و هۆکاری کۆششکردنی مەیلی مەریەمناسی لە بیری ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا بوو.

 

لە بەشی ٢٠ ـی ئینجیلی شێوەـ مەتا دا، گێڕانەوەیەک هەیە کە باس لە کۆچی خێزانی عیسا دەکات بۆ میسر، لە ڕێگادا دارخورمایەک دەچەمێتەوە بۆ ئەوەی مەریەم بەرەکەی بخوات و جۆگەیەک لە ژێر ڕەگەکانیەوە هەڵدەقوڵێت.

 

لە سورەتی 19:23-25، کاتێک مەریەم لە شوێنێکی دوورە و ئازاری ژانی منداڵبوونی هەیە، پێمان دەگوترێ:

 

«ئینجا ژانی منداڵبوون گرتی و بردی بۆ لای قه‌دی دارخورمایه‌ک... له ژێریه‌وه [عیسا] بانگی کردو گوتی: «خه‌فه‌ت مه‌خۆ! ئه‌وه‌ته په‌روه‌ردگارت به به‌رده‌متدا جۆگه‌له‌یه‌کی جاری کردووه‌؛  ئه‌و دارخورمایه‌ش (که پاڵت پێوه‌داوه‌) که‌مێک ڕایوه‌شێنه خورمای گه‌ییوت به‌سه‌ردا ده‌بارێنێت.»

 

هەرچەندە ئینجیلی شێوەـ مەتا بەبەڵگەنامەیەکی خۆرئاوایی دادەنرێ، بەڵام هەندێ ناوەڕۆکی نەریتیی هاوبەش لەنێوانی ئەم ئینجیلە و ئینجیلی منداڵی عەرەبیدا هەن، بۆیە نابێت هیچ سەرسوڕمانێک هەبێت کە ئەم چیرۆکەش لەناوچەی عەرەبیدا بڵابووە، تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆش لەلایەن ئینجیلی شێوەـ مەتاوە کاریگەری وەرنەگیرابێت.

 


سورەتی 19 ئەفسانەیەک کە لە ئینجیلی شێوەـ مەتا بۆ لەدایکبوونی عیسا وەردەگرێت (مەریەم و دارخورما)

 

دەرەئەنجامەکان

 
زۆر شتی تریش هەیە کە دەکرێت سەبارەت بە کاریگەری ئەدەبی ئەپۆکریفا لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بگوترێت. بۆ نموونە، ئایا دەکرێت ئەوە زیادەڕەوی پرۆتیڤانگلیۆم بێت لە مەریەمناسیدا کە وای کردووە لە موحەمەد لە هزریدا بە پێویستی بزانێت لە سوڕەتی ٥:٧٥ دا نکۆڵی لە خوایی بوونی مەریەم بکات؟ ئایا دەکرێت ئەو مشتومڕەی کە عیسا بە ڕاستی لە خاچ نەدراوە [وەکو لە] سوڕەتی ٤: ١٥٧-١٥٨ لەژێر کاریگەری گروپی دۆسیتی مەسیحی کە هەندێک نزیکایەتیان لەگەڵ دەقی پرۆتیڤانگێلیۆمی و دەقە پەیوەندیدارەکانی تردا هەبوو؟ بەڵام ئەم مەسەلانە کاتی زیاتریان دەوێت لەوەی کە ئەم وتارە هەقی خۆیان پێبدات.

 

کاتێک وێناکردنی عیسا لە قورئاندا دەبینین، هیچ گومانێک نامێنێت کە موحەمەد بە ئەفسانەکانی ئەپۆکریفاڵ کاریگەر بووە. ئەم ئەفسانانە لە ڕێگەی نوسخە عەرەبیی زمانەکان و ئەم کتێبانەی لەسەریان نوسراون بە نیمچە دوورگەی عەرەبی گەیشتوون. لە سەدەی حەوتەمدا ئەم دەقانە ئیتر بوبوون بە نەریتێکی زۆر کۆن، زۆر بە زەحمەت چاوەڕوانی لە موحەمەد دەکرێت کە ئەم دەقانە بە دەقی ناهاوسەردەمی مێژوویی و هەڵەتێگەیشتن لە ڕێوڕەسمی یەهوودیی زانیبا کە ئەمەش دەبوو بە خیانەتێک بەرانبەر بە دەقەکان ئەگەر وەکو هەڵبەستراوی نامێژوویی سەیرکرابان.

 

ئەوە وامان لێ دەکات بهزرین کە دەبێت موحەمەد پێشبینی چی کردبێت کاتێک وشەکانی سورەتی 10:94 نوسیووە:

 

«جا ئه‌گه‌ر تۆ (ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی که بۆمان دابه‌زاندوویت له‌باره‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیله‌وه له شک و گوماندایت، ئه‌وه پرسیار بکه له‌و که‌سانه‌ی که پێش تۆ له ته‌ورات شاره‌زان و ده‌یخوێننه‌وه‌، سوێند به‌خوا به‌ڕاستی حه‌ق و ڕاستیت له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه بۆ هاتووه‌، که‌وابوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک گومانت نه‌بێت و مه‌چۆره ڕیزی گوماندارانه‌وه‌.»[8]

 

کاتێک موحەمەد گوێی لە چیرۆکە فۆلکلۆرەکانی شێوەـ مەسیحی ئەپۆکریفاکان بووە، ئایا ئەو وشانەی بیستووە: «چونکە خودا ئەو جیهانەی زۆر خۆش دەوێت کە کوڕە تاقانەکەی بەخشی، هەموو ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە نابێت لە ناو بچن بەڵکو ژیانی هەتاهەتاییان دەبێت؟»[9] ڕەنگە موحەمەد ئەم چیرۆکانەی نەشیبیستبێت. یان لەوانەیە جوبرائلی فریشتە [ئەم چیرۆکانەی] بۆ گێڕابێتەوە کاتێک موحەمەد لە ئەشکەوتە دابڕاوەکەیدا بوووە. هەر کام لەمانەبێت، موحەمەد بۆمان وەک ئاگادارییەک بەرامبەر بە دابونەریتی مرۆڤ و تەنانەت ڕاگەیەندراوی فریشتەکان دەردەکەوێ.

 

هەروەکو قەشە پۆڵ لەنامەکەیدا بۆ کڵێسای گەلاتیا دەنوسێت:

 

«بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان مزگێنییەکمان پێدان، جگە لەو مزگێنییەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەتی لێ بێت.» [10]

___________________________
سەرچاوە:
https://owlcation.com/humanities/Muhammad-and-Jesus-How-Christian-Apocrypha-Informed-the-Quran

پەراوێزەكان

[1] . Klauck, Apocryphal Gospels: An Introduction
[2] . c.f. Matt 1-2, Luke 1-2
[3]. Burke, The Arabic Infancy Gospel of Thomas, Ceplo translation - http://www.tonyburke.ca/infancy-gospel-of-thomas/the-arabic-infancy-gospel-of-thomas/
[4] . Burke, The Arabic Infancy Gospel of Thomas, Ceplo translation - http://www.tonyburke.ca/infancy-gospel-of-thomas/the-arabic-infancy-gospel-of-thomas/... Chapter 2 in the Greek Long Form (A). Also see the Arabic Infancy Gospel chapter 36.
[5] The Quran, Surah 5 Wright-House translation - http://www.wright-house.com/religions/islam/Quran/5-table.php
[6] Arabic Infancy Gospel, chapter 1 - http://www.newadvent.org/fathers/0806.htm
[7] The Quran, Surah 19, Wright-House translation - http://www.wright-house.com/religions/islam/Quran/19-mary.php
[8] The Quran, Surah 10 - http://www.wright-house.com/religions/islam/Quran/10-jonah.php
[9] The Gospel According to John, 3:16
[10] Galatians 1:8

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.