سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گوزەرێك بەنێو هزر و ئایدیای وەهابییەكاندا

12/04/2021



ئامادەكردنی: پێشڕەو ئیسماعیل

وەهابیزم رێبازێكی ئایینیە كە هەموو شتێكی پێش خۆی رەتدەكاتەوە، هەرچییەك نامۆ بێت پێی و لە دەرەوەی خۆی بێت لە خۆی دووردەخاتەوە، جیاوازییەكانی خۆی لەگەڵ بەرامبەرەكانیدا بە تەكفیركردن یەكلایی دەكاتەوە. وەهابیزم رێك وەكو پڕۆتستانتیزمی ناو مەسیحییەتە، خۆیان دەخەنە جێگەی ئەسحابەكان و(موحەمەدی كوڕی عەبولوەهابی) دامەزرێنەریان دەخەنە جێگەی پێغەمبەر.

دوای ئەوەی بنەماڵەی ئال سعود بە یارمەتیی سەلەفییەتی وەهابیەكان و یارمەتیی ئینگلیزەكان توانییان دەست بگرن بەسەر هەموو ناوچەكانی حیجاز و سەرجەم تیرە و خێڵ و عەشیرەتەكانی ناوچەكەیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، لە دوای دۆزینەوەی نەوت لە چارەكی یەكەمی سەدەی بیستەمدا لەو وڵاتە، كە بووەهۆی دروستبوونی لافاوی دۆلار و داهات بۆ ئەو بنەماڵەیە، لە ماوەیەكی كەمدا زیاتر لە 42 كۆشكی گەورەی بۆ خۆی و بنەماڵەكەی دروستكرد. لە ماوەی ساڵانی (1934-1940) ژمارەی ئۆتۆمبێلە كادیلاكەكانی لە(250)ئۆتۆمبیلەوە بەرزبۆوە بۆ (1000) دانە، كە هەرهەموویان دەرگاكانیان بە زێڕ نەخشێنرابوون، مەلیك سعود زیاتر لە (200) ژنی هێناوە و زیاتر لە (12500) كەنیزەك و غوڵام لە كۆشكەكانی ئەودا خزمەتیان دەكرد، هەر لەسەردەمی ئەودا بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كۆیلە لەبازاڕەكانی سعودیەدا گەشەی كرد و نرخی هەر كەنیزەكێك گەیشتە دوو هەزار دۆلار.

وەهابیزم كە ئایدۆلۆژیای فەرمی سعودییەكانە، بە سەرچاوەی یەكەمی بیری داعش دادەنرێت، چونكە بنەمای سەرەكیی وەهابیزم پشت بەوە دەبەستێت كە ئیسلامی راستەقینە ئەو ئیسلامەیە كە لە سەدەی حەوتەمدا پەیڕەو كراوە. وەهابییەكان پێش داعش ئافرەتی موسڵمانانی بە كۆیلە بردووە، داعش لە زۆر رووەوە لە رەفتاری زبری، لە تەكفیركردنی خەڵك، لە كوشتن و تاڵانی، لە دژایەتی هەموو موسڵمانانی دەرەوەی بازنەی خۆیان، كۆپییەكی كتومتی ئیسلامێكی مێژوویی و وەهابییەتە.

لە رووی مێژووییەوە لە ساڵی (1837ز) بە رێبەرایەتی(محەمەد بن عەبدولوهاب تەمیمی) لە نەجدی (عەرەبستانی سعودیە) دامەزرا و هەر لەو ساڵەدا راپەڕین و بیروباوەڕی خۆیان لەسەر مەسەلە مەزهەبییەكان راگەیاند. لە ساڵی (1835ز) محەمەد بن سعود باپیرە گەورەی پادشاكانی سعودیە بیرو بۆچوونەكانی محەمەد عەبدولوهابیان قبووڵ كرد و بوونە پشتیوانی ئەم جووڵانەوەیە و دەوڵەتی وەهابی لە عەرەبستان لە حیجاز دامەزرا.

وەهابییەكان بڕوایان وایە كە هەندێك بیرو كردار لە ئیسلامی سەردەمدا هەیە، بیدعەیە و لە ئەسڵی ئیسلامدا نییە و پەیڕەوكردنی كفرە، زیارەتی گۆڕستان كفرە و وەكو بت پەرستی وایە، تەئویلی قورئان كفرە، بڕوا بوون بە قەدریە و موعتەزیلە كفرە. وەهابییەكان لەگەڵ پێشكەوتنخوازیی و كەلتوور و زانستی خۆرئاواش بەتوندی بەربەرەكانێیان دەكرد و هەر جۆرە نوێخوازییەكیان بە كفر دادەنا.

لە ساڵی (1876ز) هێرشیان كردە سەر كەربەلا و نەجەف و حەوت هەزار شیعەیان كوشت و گۆڕی ئیمامەكانی شیعەیان تێكدا.

بە كورتی بیری وەهابییەت، بیروباوەڕێكی سەلەفی جیهادی توندڕەوە، درێژكراوەی بیری خەواریجەكانە، زۆر دژی خەلافەتی عوسمانی بوون، دژی قەبرو چوونە سەر قەبری ئەسحابەكان بوون و زۆربەیان تێكدا بەو بیانووەی كە ئەمە دیاردەی بت پەرستییە، دواتریش لە لایەن خۆرئاواوە پشتگیریی ئەم بزووتنەوەیە كرا دژ بە كۆمۆنیزم و یەكێتیی سۆڤێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.