شادی نەوزاد
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017 كە كۆتایی بەجەنگی دژی داعش ڕاگەیەندرا، لە پۆستێكی فەیسبوكدا باسم لەم ساتەوەختە كردوە.
داعش لە جەنگدا تێكشكا، بەڵام وەك فیكر كاری خۆی لە گەڕەك و شەقامەكان و پۆلی خوێندنی منداڵەكانمان و مزگەوتەكانماندا دەكات.
یەكێك لە دەرهاویشتەكانی فیكری توندڕەوی داعش بوو، باسەكەی ئێستا توندڕەوی لە چەند مەزهەبێك و ڕەوتی سیاسی دیاریكراو كە سەلەفییەت و ئیخوانەكانە.
دەبوو هەر ئەوكات بە بەرنامە و پرۆگرامی زۆر گەورە كار لەسەر ئەو ڕەوشە بكرایە و ڕێگری لە تەشەنەی ئەو فیكرە توندڕەویە بكرایە، نەك بەبێ هیچ سانسۆرێك هەموو ئەو كتێبانەش كە لە دونیای ئیسلامی قەدەغەن لەناو پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لەهەولێر و سلێمانی و هەردوو چاپخانەكەی هەولێر و سلێمانی چاپ و بڵاو بكرێنەوە، كەسیش نەبێ بڵێت ئەمانە چ ژەهرێكی كۆمەڵایەتین و بەرەو چی ئاقارێكمان دەبەن.
خانەنوستوەكانی فكری توندڕەوی هەر ئەوە نییە كە لەناو ماڵەكانیاندا دەستنوس و ڕەشنوسی هێرش و چەك و تەقەمەنی بگیرێت، بێگومان ئەوانەشن كە پێیان وایە بێغیرەتییە باوەڕت بە ئازادی و یەكسانی هەبێت، باوەڕت بە پێكەوەژیان هەبێت، باوەڕت بە سنوری ئازادی خۆت هەبێت و پێتوانەبێت دونیا لە بۆسەدایە بۆ تێكدانی دینەكەی تۆ و تۆ مەجبوریت هێرش بكەیت تا دینەكەت بپارێزیت و جیهادی لەپێناودا بكەیت، كە بێ دوودڵی وانیە و هیچكەس لەدژایەتی دینێك و ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو ئاكارێكی دیاریكراوی نەكردوە.
گەر حكومەت لەڕێی ستراتیجێكی دورمەودای تۆكمەوە كار لەسەر كاڵكردنەوەی ئەم فكرە نەكات، لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر دەبێتە ڕەققە و سلێمانیش دەبێتە موسڵ.