سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی، بەهەشت و دۆزەخ : مێژووی ئەودنیا

08/05/2021


 

دەشتی مەحمود
سەرچاوە: وێبسايتی چەپی نوێ

 

 '' بەهەشت و دۆزەخ: مێژووی ئەودنیا'' کتێبی نووسەری ئەمریکی بارت دێنتن ئێرمانە، پرۆفیسۆری خوێندنە ئاینییەکانە لە زانکۆی کارۆلینای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە لە ڕووپەڕی نزیکەی ٤٠٠ لاپەڕەدا بەوردی و بەشێوەیەکی زۆر نایاب باس لە بنەوانی سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئەودنیا دەکات هەر لە سۆمەرەوە تاوەکو یۆنان و ڕۆم، دواتر لەلای یەهوودییەکان و گواستنەوەی بۆ ناو مەسیحییەت هەتاوەکو نها دەکات.

 

نووسەر لە دەستپێکی کتێبەکەیدا دەنووسێت، ''کاتێک بە منداڵی بیرم لە خودا دەکردەوە بیرم لە ژیانی دوای مردن دەکردەوە من بە ئاشکرا هیچ تێگەیشتنێکی ڕوونم بۆ مردن نەبوو. بەڵام باوەڕم وابوو کە دوای مردنم یان بۆ بەهەشت یان دۆزەخ دەچم. [بێگومان] پەیوەستبووم و سوور بووم لەسەر ئەوەی کە بچم بۆ بەهەشت نەک دۆزەخ.''ل٨.

 

بێرمان دواتر دێتەسەر ئەوەی کە چۆن کەسێک پەروەردەیەکی ئایینی توندی هەبێت و هزری بە ترسی دۆزەخ و بەختەوەری بەهەشت شێوەی گرتبێت، لە ڕێگەی خوێندنەوە و هزرکردنەوە تێدەگات کە لەبەرئەوەی هەمووشتێک مێژووی هەیە، دەگونجێت بیرۆکەی ئەودنیاش مێژووی هەبێت. بێرمان باس لەوە دەکات کە دەکرێت هەر ناونیشانی کتێبەکەی بۆ باوەڕداران جێگای سەرسوڕمان بێت و لەوانەشە زۆرێک لە خواپەرستان هەست بە سوکایەتی بکەن، بەڵام نووسەر دڵنیامان دەکاتەوە کە مەبەستی نییە بڵێت کە بەهەشت و دۆزەخ بەناو گۆڕانێکی مێژوویدا ڕۆیشتوون هەروەکو چۆن شارێک بەناو گۆڕانی مێژوویدا دەڕوات، بەڵکو دەڵێت:'' بیرۆکەکانی بەهەشت و دۆزەخ داهێنراون و بەساڵان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە.''ل١٢

 

دواتر لە هەمان ڕووپەڕدا نووسەر بەردەوام دەبێت و دەنووسێت: ''
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کاتێک هەبووە کە هیچ کەسێک لەسەر ئەم هەسارەیە باوەڕی بەوە نەبوو کە لە کۆتایی کاتدا ڕۆژی دادوەریکردن دەبێت. [بەڵام] لە کاتێکی تری مێژوودا خەڵکانێک بڕوایان پێی هەبووە. لە کۆتاییدا بوو بە باوەڕێکی بنچینەیی مەسیحی و لەلایەن چەندین ملیۆن کەسەوە ئەمڕۆ وەک ڕاستییەکی ئەرتۆدۆکس پەسەند دەکرێت. لە نێوان ئەو کاتەی کە کەس بڕوای پێ نەدەکرد و زۆر کەسیش بڕوای پێ دەکرد، هەندێک لە مرۆڤەکان بیرۆکەکەیان داهێنا... ئەمە بەواتای ئەوە نایەت کە ئەم بیرۆکانە هەڵەن بەڵکو ئەوە نیشان دەدات کە لە ساتێکی مێژوویدا ئەم بیرۆکانەی ئەودنیا نەبوون و دواتر هاتوونەتە بوون [هەتاوەکو ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر وەکو ڕاستییەکی موتڵەق باوەڕی پێیان هەیە].''

 

دواتر نووسەر دەچێتە سەر بنکۆڵکردنی سەرهەڵدانی ئەم بیرۆکەیە و بە چاوێکی زانستیانە و شارەزا لە ئایینناسی لەگەڵ خۆیدا بە شوێن سەرهەڵدانی ئەم باوەڕانەدا لەگەڵ خۆیمان دەبات. نووسەر دەیەوێت بزانێت، کە ئایا ئەم بیرۆکانە لەکوێوە هاتوون؟ ئایا ئەوانە لە ئینجیلیەوە سەریان هەڵداوە؟ عیسا چی گوتووە دەربارەی ژیانی پاش مردن؟ لەگەڵ گەشتەکەیدا بێرمان پێمان دەڵێت، بەهەشت و دۆزەخ هەرگیز لەسەر بەرد و دە فەرمان و ڕاسپاردەکەی خوا بۆ موسا نەهاتووەتە خوارەوە، بەڵکو لەسەرەخۆ لە جیهانێکی کۆنەوە چەکەرەی کردووە و بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤ و ئاینە جیاوازەکان بیرۆکەکە فراوان بووە هەتاوەکو بە نوکە گەیشتووە.

 

ئێرمان لە جیهانی پێش‌ـمەسیحیدا دەست بە گەشتی لێکۆڵینەوەکەی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ میزۆپۆتامیای کەون و پێمان دەڵێت کە خەڵکی میزۆپۆتامیا باوەڕیان بە ژیانی دوای مردن هەبووە، بەڵام چاوەڕوانییان لە ژیانی دوای مەرگ نەبووە و حەزیان لێی نەبووە و ئاخیان بۆ نەخواستووە. ئەوان باوەڕیان وابووە کە ڕەنگە ژیان لەودیو گۆڕەوە بەردەوامی هەبێت، بەڵام ژیانی دوای مەرگ ڕەنگدانەوەیەکی بەزەییانەی دنیای زیندوو بوونە، ژیانێک بووە پڕ ڕەنگ بووە بەتیشکی گەرمی هەتاو. لە زاری ئینکیدۆوە، لە بەشێکی داستانی گیڵگامێش-ی میزۆپۆتامیای کۆندا (٢١٠٠پ.ز)، مەرگ و ئەودنیامان وەک "ماڵە تاریکێک،" شوێنێک "کە ئەوانەی دەمێننەوە لە ڕووناکی بێبەشن" بۆ وێنا دەکرێت،ل٣٢. نووسەر دواتر لە میزۆپۆتامیاوە دەچێت بۆ یۆنان و لەناو ئۆدیسەی هۆمەردا (٨٠٠٠ پ.ز)، باس لە سەردانێکی ئۆدیسە بۆ ژێرزەوی‌ـ هادس‌ـ دەکات. ئۆدیس لەژێر زەویدا ڕۆحەکان وەکو غوبارێکی سوکەڵە و هەڵمیی و بەزەیی ئاسا وەسف دەکات. لە باوەڕی یۆنانیەکاندا ئەودنیا، خەمگین و لێڵ و بێڕەنگ بووە، لەکاتێکدا ئەم شوێنە سەرکۆچی هەموو مرۆڤان بووە، بەڵام پێیان زۆر باشتر بوو هەتا ئەو کاتەی کە دەکرێت بەزیندوویی بمێنینەوە وەک لەوەی بمرن و بچنە ژێر زەوی. لەژێر زەویدا ئۆدیس لەگەڵ ئەخیلی جەنگاوەری مردووی دانیشتووی ژێر زەوی دەکەوێتە گوتوێژ و ئەخیلی بە شیوەن کردنەوە دەڵێت، "من زیاتر ئارەزوو دەکەم لەسەر زەوی کۆیلەم بم... نەک لێرە فەرمانڕەوایی بەسەر هەموو مردووە هەناسەسوارەکاندا بکەم.''ل٥٠

 

پێویستە ئەوە بگوترێت کە بە بڕوای نووسەر ئەفڵاتوون کاریگەریی زۆری لەسەر گۆڕین و ڕوانگەی مرۆڤەکانی سەردەمی ئەوکات و دوای خۆی هەبووە بەتایبەت لە دیالۆگی فایدۆندا کە سۆقرات لەسەر ڕۆح و نەمری قسە دەکات، ئەم ڕوانگانەی سۆقرات کاریگەریی زۆری لەسەر فەیلەسوفانی دوای خۆی لە یۆنان و ڕۆم و خواناسانی ئەو سەردەم هەبووە کە ئەمانیش شێوەیان بە تێگەیشتنی هاوچەرخ پەیوەند بە ئەودنیان ڕۆح و نەمری داوە.

 

نووسەر لەگەڵ خۆیدا لە یۆنانەوە بەرەو ڕۆمامان دەبات. چەند سەدەیەک دواتر شاعیری ڕۆمانی ڤیرجێل خوێنەر دەباتەوە بۆ ژێر زەوی لە شاکارە بەناوبانگەکەی بەناوی ئەینیەد (١٠٠ پ.ز)، بەڵام ئەمجارە شوێنەکە سەرلەنوێ گۆڕانکاری و ڕازاندنەوەی گەورەی بەسەردا هاتووە. لە جیاتی پاشایەتییە ساردوسڕ و بێئاوازەکەی هۆمەر، ژێر زەوی ڤیرجڵ بە پاداشت و سزای پاشمردن ڕێکوپێک دەڕازێنێتەوە. لێرەدا هەندێک لە بەدبەختەکان لەناو تارتارۆس، لەناو ''ڕووباری ئاگر'' سزا وەردەگرن، ل٥٧. هەروەها  خۆشبەختەکانی تریش لە ئیلیزیوم لەناو ''کێڵگە سەوزە تازەکان'' ڕادەبوێرن و بەخۆشی ژیان دەکەن، ل٥٨. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، تەنانەت لە جیهان و باوەڕی بتپەرستیشدا، ژیانێکی یەک چارەنووس چیتر ڕازیکەر نییە و ئەوان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە سیستەمێکی دادوەری دوای مەرگ بۆ ژیانی سەر زەوی پێویستییە.

 

کاتێک کە ئێرمان دەمانگوازێتەوە سەر پەرتووکی پیرۆز (پەرتووکی کۆن) ڕەنگە خوێنەر چاوەڕێی بەهەشت و دۆزەخی هاوچەرخ بکات لە ڕووپەرەکانەوە خۆی نمایش بکات، بەڵام شتی وەها ڕوونادات. ئێرمان ئاماژە بە چەند ڕوانگەیەکی پاشمردن دەکات لە کۆنترین بەشەکانی چەند دەقێکی پەرتووکی پیرۆز، یەکێک لەم ڕوانگە سەرسوڕهێنەرانە ئەوەیە کە پاشمەرگ هیچ شتێک چاوەڕێی مردووان ناکات.  نووسەری زەبوور ١١٥:١٧ بەشیوەنەوە دەڵێن: "نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،"ل٨٥. ئێرمان دەڵێت کە بۆ زۆر لە جولەکە دێرینەکان مردن کۆتا شت بووە و تەنانەت لە گۆڕدا کەس نەیتوانیوە ستایشی خواش بکات.

 

نووسەر دەڵێت کە پێویستە بەوردی سەیری نیگەرانی سیاسیی و سەربازی ئیسرائیلییە کۆنەکان بکەین کە هۆکاری پەرەسەندنی ڕوانگەیەکی هیوابەخشتر لە هەموو نووسراوە عیبریەکانە. ئێرمان تێبینی ئەوە دەکات کە پێغەمبەرە جولەکەکان بەو بیرۆکەیەی کە گەلی ئیسرائیل، نەک تاکێکی جولەکە، بەڵکو خودی نەتەوەکە بە سزای خوا لەناودەچێت (یان  بەواتایەکی تر ''دەکوژرێن''). بەڵام تێکەڵ بەم بیرۆکەیە پێغەمبەرانی یەهوودی هیوایەکیان هەبوو کە گەلی ئیسرائیل ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕێگەی بەزەیی ئیلاهییەوە بتوانرێت سازبکرێتەوە و وەکو خۆی لێبکرێتەوە (یان بە واتایەکی تر "زیندوو بکرێتەوە"). ڕەنگە بتوانین بڵێین کە شکستی سیاسی و سەربازی جولەکەکان سەرەتا بەرانبەر بە میسری فیرعەونەکان و دواتریش گرتنیان لەلایەن بابلییەکان و ڕۆمەکان، جولەکەکانی بە بیرۆکەی مەرگ و زیندبوونەوەی نەتەوەیی گەیاندبێت.
ئێرمان دەڵێت کە ئەم ڕوانگەیەی مردنی نەتەوەیی و زیندووکردنەوەی هێدی هێدی گەشەی کرد بۆ ئەو ڕوانگەیەی کە تاکەکان زیندوو دەکرێنەوە لە ڕۆژی قیامەتدا و تێیدا خودا پاداشتی جولەکە چاکەکار و ڕاستودروستەکان دەدات و بەدکارانیش لەناودەبات. ئەگەر سەرنج بدەین، بەپێی ئەم ڕوانگەیە، خراپەکاران هەتاهەتایە لەناو ''دۆزەخێکدا'' ئازار ناچێژن بەڵکو بەیەکجاری لەناودەچن. بەڵام نووسەر ئاگادارمان دەکاتەوە کە ئەم ڕوانگەیە لە دوای نووسینی پەرتووکی دانیال لە سەدەی دووەمی پێش زاین گۆڕانی بەسەردا دێت و کاریگەریی بەسەر تەواوی ڕوانگەی نووسەرانی کتێبەکانی پەرتووکی پیرۆزی دوای خۆی پەیوەند بە ئەودنیادا دەبێت.

 

یەکێک لە سەرسوڕهێنەرەترین بانگەشەکانی ئێرمان بۆ زۆر کەس لەوانەیە ئەم ڕوانگەیە بێت، کە بیرۆکەی ژیانی پاشمردن، زیندبوونەوە و دادوەری مردووان بەمشێوەیەی لە دنیای هاوچەرخدا باوەڕدارانی ئاینە ئیبراهیمەکان باوەڕیان پێی هەیە لە خودی عیساوە سەرچاوەی گرتووە.  ئینجیلەکان ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایان تێدایە بۆ پاداشت و سزای کاتی بۆ مردووان، ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا لە چیرۆکی عازر و پیاوە دەوڵەمەندەکەی لۆقا 16:١٩-٣١ دا هەیە. بەڵام ئێرمان بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەم چیرۆکە و مشتومڕی ئەوەش دەکات کە نابێت خودی ئەم چیرۆکە وەک ڕاستییەک بۆ دەستپێکی بیرۆکەی پاداشت و سزا وەربگرین و لە هیچ بۆنەیەک دا گوتنێکی ڕاستی عیسا نییە لەم بارەیەوە و بۆ ئێرمان بەهەشت و دۆزەخی هاوچەرخمان لە وشەی ڕاستەقینەی مەسیحەوە پەرەیان نەسەندووە.

 

ئێرمان لەو باوەڕەدایە کە وشەکانی قەشە پۆل نزیکمان دەکاتەوە لە ڕوانگەی مۆدێرنی بەهەشت و دۆزەخ. لەبەرئەوەی نامەکانی پۆڵس پێش ئینجیلەکان نوسراون، بەم شێوەیە وەک سەرەتایترین نووسراوی ڕاست و دروستی سەردەمی مەسیحییەتیی خزمەتمان دەکەن. لە کاتێکدا پۆڵس جەخت لە ئامۆژگاریی و فێرکردنەکانی مەسیح دەکاتەوە دەربارەی ئەودنیا و ڕۆژی دادوەری، هەروەها هەندێک نوێکاری و تازەگەریش پێشکەش دەکات. یەکێک لە تازەگەرییەکانی پۆڵ لە نامەی ٢ کۆرنسوس ٥:٨ ـدایە کە دەڵێت، ''ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین کە لە جەستە دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین،'' لێرەدا پۆڵ باس لە دۆخی باوەڕداران لە ماوەی مردنیان پێش دادوەری و زیندووکردنەوەی یەکجاری دەکات. هۆکاری ئەم باوەڕەی پۆڵ دوای ئەوە هات کاتێک مەسیح نەگەڕایەوە [لەکاتێکدا پۆڵ سەرەتا باوەڕی وابوو بەر لەوەی خۆی بمرێت مەسیح دەگەڕێتەوە و بەسەر خراپەدا سەردەکەوێت] و مردنی مەسیحییەکان بەدەستی دەسەڵاتی ڕۆمانی زیاتر دەبوو. لێرەدا پرسی ماوەی مردن، واتا ئەو کاتەی باوەڕدارێک دەمرێت تاوەکو کاتێک مەسیح دەگەڕێتەوە، چی بەسەر ئەم مردووە دێت بوو بە بابەتی نیگەرانی مەسیحییەکانی سەردەمی پۆڵ.

 

بەم شێوەیە بەرەو پێشچونێک پەیوەست بە ڕوانگەی ئەودنیای هاوچەرخ دەستیپێکرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دەقێکی تایبەت بە بەهەشت و دۆزەخ لە ئینجیلــدا نادۆزینەوە. بێگومان کۆتا پەرتووکی پیرۆز، پەرتووکی  ئاشکراکردنی عیسای مەسیح  بە ئومێدی ئۆرشەلیمی نوێ و دەروشاوە بۆ باوەڕداران و دەریاچەی ئاگرە تۆقێنەرەکەی بۆ بێباوەڕان ئەم پرسە چارەسەر دەکات. بەڵام، ئێرمان بە وریاییەوە، بە بەکارهێنانی بەڵگە لەناو خودی دەقی ئاشکراکردنەکاندا باس لەوە دەکات کە کتێبەکە وەک پەیمانێکی سیاسی بۆ کاتی خۆی نووسراوەتەوە، بە بەکارهێنانی وێنەی ڕەمزی بۆ ڕوونکردنەوەی کۆتایی هاتن و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم نەک چارەنووسی هەموو ڕۆحە زیندووەکان .

 

ئێرمان بەو ئەنجامە دەگات، ئەوە لە ڕووپەڕەکانی ئینجیلدا نییە کە بەهەشت و دۆزەخ بە شێوەی هاوچەرخی خۆیان کەم یان زۆر شێوەی گرتووە، بەڵکو ئەمە لە تۆخکردنەوە ە برەوپێدانی مەزهەبی کڵێسادا ڕوودەدات لە ماوەی 400 ساڵی یەکەمی دوای ژیانی مەسیحدا. نووسەر لێرەدا دیسان بانگەشەیەکی سەرنجڕاکێش دەکات: پەرەسەندنی بیرۆکەی دۆزەخ وەک شوێنی ئازاردانی هەتاهەتایی، پێویستییەکی تیۆلۆجی نەبوو کە لە دەقەوە وەرگیرابێت، بەڵکو بەزۆری قەرزداری ئەو ئەشکەنجە ترسناکانەیە کە لەلایەن ڕۆمەکانی سەردەست دژ بە مەسیحییە سەرەتاییەکان پێشکەش کراون. شەهیدبوونی مەسیحییەکان مەبەستێکی زیاتری لەپشتەوە بوو وەک لەوەی تەنیا کوشتنی زیاتری مەسیحییەکان بێت؛ مەبەستەکە ئەوە بوو کاریگەریی دەروونی قوڵ لەسەر ئەو کەسانە بەجێبهێڵێت کە گەواهیی شەهیدبوونەکانیان دەکرد. ئەمەش بە ئەنجام گەیشت بەڵام نەک بەوشێوەیەی کە مەبەستیان بوو. بۆ هەندێک مەسیحی زوو، مانەوەیان لەسەر باوەڕی کەمینە واتای ئەوە بوو کە لەم ژیانەدا ئازارێکی ترسناکی بە دوادا دێت، بەڵام بۆ ئەوان ئەم ئازار و ئەشکەنجەیە تەنیا ئەوکاتە واتایەکی دەبوو کە ئەوانەی سزا و ئەشکەنجەیان دەدەن ـ ڕۆمانەکان ـ لەلایەن خواوە لەودنیا سزا و ئەشکەنجەیەکی ترسناک چاوەڕوانیان بکات کە بۆیانی ئامادەکردووە.

 

ئێمە کۆتایی ئەم چیرۆکە دەزانین، بێگومان مەسیحییەت لەژێر زەمینەوە گەشە دەکات بۆ ئایینی زاڵی جیهانی ڕۆژئاوا و بەهەشت و دۆزەخ بەتەواوی لە باوەڕی کڵێسادا دەچەسپێت. بەڵام تەنانەت ئەمەش کۆتایی بە گەشەکردنی بیرۆکەی ئەودنیای مەسیحییەت ناهێنێت. بیروباوەڕ دەربارەی چارەنووسی گیانە مردووەکان بەردەوام لە گەشەدان دایە لە وەڵامی ئاڵانگارییە نوێیەکاندا، کە لە گرنگترینیان بە فەرمی ناسینەوەی بەرزەخ لەلایەن کڵێساوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدایە. ئێرمان لەو باوەڕەدایە کە ئەمە لەوانەیە وەڵامێک بووبێت بۆ کێشەیەک کە مەسیحییەت لەسەرەتای دەسەڵاتیدا، لەگەڵ باوەڕداری نوێ و تازەی ڕووبەڕووی نەبووبێتەوە: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو جەماوەرە دا بکرێت کە بەپێچەوانەی مەسیحییە سەرەتاییەکان کەمتر پابەندبوون بە ئایینی سەردەست کە دەوڵەت پشتگیری دەکات. مەسیحییە چاکەکارەکانی تێگەیشتنی بەهەشت یان دۆزەخیان قبوڵکردووە بەڵام ئەو جەماوەرە زۆرەی کە ببوون بە مەسیحی و لەنێواندا مابوونەوە واتا نە زۆر باوەڕداربوون و نە زۆر خراپەکار، دەبێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. وەک ئاشکرایە کێشەی نوێ، چارەسەری نوێ دەخوازێت.

 

ئێرمان دەڵێت ئەم پەرەسەندنی بیرۆکەی بەهەشت و دۆزەخە لەسەردەمی هاوچەرخیشدا بەردەوامی هەیە، ئەو بیرۆکانەی کە پێشتر وەک لادەری ئایینی هەژماردەکران، بۆ نمونە، ڕزگاریی جیهانی، واخەریکە لەلایەن زۆرێک لە نووسەر و کڵێسایی مەسیحییەوە بە دەستەواژەی لە کۆتاییدا ''خۆشەویستی سەردەکەوێت،'' زیندوو دەکرێنەوە و بیرۆکەی هەندێ ''لەڕێلادەری مەسیحی'' کۆن دەژێینەوە.  ئێرمان دەڵێت، بیرۆکەی ئەودنیا لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە هەتاوەکو ئێستا لە پەرەسەندندا بووە و لەمەودواش هەر بەردەوام دەبێت.

 

کتێبە پەخشانئامێزەکەی ئێرمان بەدرێژایی گەشتی لێکۆڵینەوەکەی هەر لەسەرهەڵدانی بیرۆکەی ئەودنیا، بەهەشت و دۆزەخ و زیندووکردنەوە و پاداشت و سزا  هەتاوەکو ئەم سەردەمەمان خۆشییەکی سەیر بە خوێنەر دەبەخشێت. بارت ئێرمان لە کۆتاییدا ڕەنگە نەتوانێت پێمان بڵێت لە ژیانی داهاتوودا چی ڕوودەدات، بەڵام بەم کتێبە پڕ لە زانیاری و زیرەکییەکەی، ڕێگەیەکی ترمان پیشان دەدات بۆ ئەوەی ئەم ماوەیەی ژیانمان لەسەر زەوی بەخۆشییەکی زیاتر بەسەر ببەین و چێژ و خۆشی لە هەر چرکەساتێکی وەربگرین.

_____________________________

[1] https://www.amazon.com/Heaven-Hell-Afterlife-Bart-Ehrman/dp/1501136739

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.