سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەرقەدی "عەبابەیلێ" دەسوتێنرێت

12/05/2021


 

 تایبەت 

بەپێی زانیارییەكانی سایتی دابڕان، شەوی ڕابردوو (مەزار) مەرقەدی "ئەبی عوبەیدە" لە گوندی "عەبابەیلێ" لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجە بە دەستێكی نادیار سوتێنراوە، و ئێستا لێكۆڵینەوەكانی هێزە ئەمنییەكان لەو بارەوە بەردەوامە.

 

"بەمەبەست بوە"
بەپێی وتەی سەرچاوەیەك بۆ دابڕان، كارەكە بەمەبەست كراوە، درەنگانی شەوى ڕابردوو كارەكە ئەنجامدراوە، ئەو كەسانەى كارەكەيان ئەنجامداوە بۆ ئەوەى پلانەكەيان بەتەواوى سەربگرێت "تایەی ئۆتۆمبێل"ـيان لەناو مەزارەكەدا ئاگری تێ بەرداوە بەو مەبەستەی بەتەواوی مەزارەكە بسوتێت، دواتريش هەڵاتون.

 

"گوندى سازگار"
بەپێی سەرچاوەكان، گوندی عەبابەیلێی ئێستا كە ناوەكەى لە "ئەبی عوبەيدە"ـوە هاتوە، لەناوچەكەدا مێژوويەكی دێرينی هەيەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زەردەشتييەكان، گوندەكە دەكەوێتە بناری شاخی شنروێ، پێشتر ناوی گوندی "سازگار" بووە، لەدواى هاتنی ئاينی ئيسلام بۆ ناوچەكە ناوەكەى گۆڕدراوە.

 

"گوندى رۆشنگەران"

ئەو گوندە بە لانكەى شاعيران و ڕۆشنگەران لەناوچەكەدا دەناسرێت، لەسييەكانى سەدەى ڕابردوودا قوتابخانەى تێدا كراوەتەوەو خوێندەوارى بۆتە باو، چەندين كەسايەتی و شاعيرو ئەديب و ڕۆشنگەرى كوردستان يان خەڵكی ئەو گوندەن، يان لەوێ بەشێكی زۆرى ژيانيان بردۆتە سەرو هەندێكيان گۆڕەكانيان هەر لەوێدايە وەك: "شاعيرو ڕۆشنگەر ئەحمەد موختارجاف، شاعيرو ڕۆشنگەر تاهيربەگی جاف و ژنە هەڵكەوتوى مێژووى كورد عاديلەخانم و چەندين كەسی تر".

 

"سەحابی يان پيرى زەردەشتی"

مەرقەدی ئەبی عوبەیدەش لەو گوندە، بەمێژوويەكی ناديار، بە گۆڕی هاوەڵێكی پێغەمبەری ئیسلام بەناوی "ئەبی عوبەیدەی ئەنساری" ناسراوە، گوایە لەسەردەمی هاتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەكانی كوردستان لەو جێگایەدا كوژراوە، بەڵام لەمێژووی ئیسلامدا و بەپێی سەرچاوە ئیسلامییەكان، هیچ یەكێك لە سەحابەكان بەناوی ئەبی عوبەیدە لەناوچەكانی كوردستان نەمردون، لەم ڕووەوە و بە چەند بەڵگەیەك، بۆچونێكی تر دەڵێت كە ئەو مەزارە كەسایەتییەكی پیرۆزی "زەردەشتییەكان" بووە و لەبەر پاراستنی گۆڕەكەی لەو جێگایەدا لەپاش هاتنی سوپای ئیسلام، ناوی كەسایەتییەكی ئیسلامییان پێوە لكاندوە.

شێوەى مەرقەدەكە لەگەڵ ڕەنگەكەى كە ڕەنگی سەوزە، لەگەڵ مەرقەدەكانی كاكەييەكانی ناوچەكە لە گوندى "هاوار" يەكدەگرێتەوە، گوندى هاوار دەكەوێتە پشت گوندى عەبابەيلێ و دانيشتووانەكەى سەربە ئاينی "كاكەيی"ـن، هاوار تاكە گوندە لەناوچەكەدا بە ئاينی جياواز و نائيسلامی ماوەتەوە.

 

"بۆچونێك لەبارەى سوتاندنی"
لەماوەی ڕابردوودا لەبەرنامەی یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكاندا لەبارەی ئەو مەرقەدەوە، بۆچونی دووەم خرایەڕوو، چەند بەڵگەيەكيش خرانەڕو بۆ ئەوەى ئەو بۆچونە بسەلمێنێت و دڵنيايى درا لەوەى كە بنەماى ئەو مەزارە بۆ ئاينی زەردەشتی دەگەڕێتەوە، بۆیە.. سەرچاوەیەك لەناوچەكەوە یەكێك لە هۆكارەكانی سوتانی مەرقەدەكەی بۆ ئەو بۆچون و بەرنامەیە گەڕاندەوە!.

 

"سەلەفيەكان و مەرقەدەكان"

لە پاش هاتن و سەرهەڵدانی ڕەوتی سەلەفییەكان لە كوردستان و ناوچەكە، بەئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ گشت شوێنە پیرۆزەكانی ناوچەكانی كوردستان ڕاگەیاند بەتایبەت گۆڕی كەسایەتییە ئاینییەكان و مەرقەدەكان كە تائێستاش ئەو دژايەتييە بەردەوامە، ئەوان هەمو ئەو كەسانە تەكفير دەكەن كە باوەڕيان بە مەرقەدو كەسايەتى پيرۆز هەيە، هەركەسێكيش هاتوچۆى ئەو جێگايانە بكات و سەردانی گۆڕەكان بكات بە موشريك ناوى دەبەن!.

هەروەك چۆن لەماوەى دەسەڵاتياندا، گروپی چەكداريی "ئەنسارولئيسلام و جوندولئيسلام" گۆڕى شێخەكانی نەقشبەندييان لەناوچەى هەورامان هەڵتەكاندو دەوڵەتی خەلافەى ئيسلامی "داعش" لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆى، هەموو گۆڕو مەرقەد و تەنانەت شوێنە ئاسەوارى و كەلەپورييەكانی تەختی زەوى كرد.

 

"يەكەمجار نيە"

ئەم ڕووداوى سوتاندنە، يەكەم دەستدرێژيی نيە بكرێتە سەر مەزارى "ئەبی عوبەيدە" لەگوندى عەبابەيلێ، بەڵكو لەماوەى ڕابردوودا چەند جارێكی تريش ئەم ڕووداوانە ڕوويانداوە و تەنانەت جارێك بەشێك لە بيناى مەرقەدەكە تەقێندراوەتەوە كە زۆربەى تۆمەتەكان ئاراستەى لايەنێكی ئيسلامی لەناوچەكەدا دەكران.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.