سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

جێندەر لەسایەی جەندرمەدا

20/05/2021



حەمەسەعید حەسەن

 

 وڵات مێیە، نەتەوەیش مێیە و خاكیش هەروەها، ئەوە نییە بەردەوام وەتەن بە دایك دەچوێنین! ئەوە زادەی ئارەزووكردنی پیاوە بۆ جەستەی ژن كە وەك مێ سەرنجی نیشتمان دەدات. كە چەكدار دەستی بەسەر وڵاتدا گرت، زەبروزەنگ دەبێتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانە و ئەو بەهایانە سەروەر دەبن، بەلای چەكدارەوە، بەرز و باڵان، ئیدی وەتەن دەبێتە دایكێك كە هەمیشە چاوی لەوەیە، ڕۆڵەكانی لە هێرشی دوژمنی دەرەكی بیپارێزن، نیشتمان دەبێتە شەرەف و پێویستی بە قارەمانی نێر دەبێت. سەردار ئاسف عەلی كە وەزیری دەرەوەی پاكستان بوو، جارێك گوتی: بەرنامە ناوكییەكەمان وەك دایك و خوشكمان وایە، بە هەر نرخێك بووە، دەبێت بیپارێزین.

لەو وڵاتانەدا كە عەقڵی عەسكەر زاڵە، نیشتمان یاری شیرینە و شاعیری نێر، بۆی دەسووتێت و عیشق لە شتێكی تایبەتی نێوان دوو كەسەوە، دەبێتە شتێكی گشتیی نێوان میللەت و وەتەن. (نیشتمان باخچەیە و بولبولەكانی ئێمەین. نیشتمان مۆمە و پەپوولەكانی ئێمەین،) ئەوە شیعرێكی هیندییە و هەر دەڵێیت، دڵدارێك، بۆ دڵبەرەكەی گوتووە.

پێوەندیی نێوان دایك و وەتەن، دێرینە و لایەنی هاوبەش لەنێوانیاندا زۆر‌ن، هەردووكیان پێویستیان بەوەیە، پارێزگارییان لێ بكرێت، هەردووكیان خۆشەویست و هێژان، بە هەردووكیان سەرسامین و ئامادەین لە پێناوی شەرەفی هەردووكیاندا خۆمان بە كوشت بدەین. پارادۆكس ئەوەیە، لە كاتێكدا، هەموو وەتەن یەكسانە بە یەك دایك، كەچی هەموو دایكانی وەتەن، بەردەوام ستەمیان لێ دەكرێت و هاووڵاتیانی پلە دوون و لە هیج بوارێكدا، هەمان مافی پیاوانیان نییە.

زۆربەی دایكان، لە زیندانی ماڵدا ژیان بەڕێ دەكەن و لە ڕووی ئابووریشەوە ئازاد نین. ئەوەیش هەر پارادۆكسێكی دیكەیە، بە ناوی بە خاوێن هێشتنەوەی نەتەوەوە، پیاو چالاكییە سێكسییەكانی ژن دەخاتە ژێر سانسۆر و كۆنترۆڵەوە، ئەوە نییە سێكسواڵیتیی ژن، تەنیا كاتێك شەرعییە كە لە پێناوی خستنەوە و پێگەیاندنی وەچەدا بێت، بۆ وەتەن. وەك چۆن، ئەوە نێری تێكۆشەرە، سنووری وەتەن دەپارێزێت، هەر نێریشە سنوور بۆ چالاكییەكانی مێ دەستنیشان دەكات و شەرەفی دەپارێزێت!

گوێ لە سروود و گۆرانی بگرن! دایك منداڵی ئازا بۆ نیشتمان پێدەگەیەنێت و كە ئەو منداڵە گەورە دەبێت و لە پێناوی وەتەندا شەهید دەبێت، ‌پێویستە دایك بە ئاشكرا شانازیی بە ڕۆڵەكەیەوە بكات و بە نهێنی بۆی بگری. دایك هەر ناگری، هەندێك جار سترانیش بۆ خۆشەویستەكەی یان مێردەكەی، یان كوڕەكەی دەڵێت، بەڵام بە مەرجێك سەرباز بن.
ئەوە دایكت بوو، تۆی خستەوە،
بەڵام خاكی وەتەنیش هەر دایكی تۆیە،
ئەوە بۆیە تۆی لە ئامێزی من ڕفاند و
باوەشی خۆی بۆ كردییەوە،
گیانیشم پێشكەشی تۆ بێ،
ئەی ئەو كەسەی بە دایە گیان، بانگم دەكەی.
بە نامەیەك هەواڵی شەهیدبوونی تۆ، 
گەییشتە لام،
لێیان پرسیم:
تۆی ئەو دایكە شكۆدارەی، 
كە شانازی بە ئەم شەهیدەوە دەكەی؟
گیانیشم پێشكەشی تۆ بێ، 
ئەی ئەو كەسەی بە دایە گیان، بانگم دەكەی.

دایك دەبێت هەم قوربانی بدات و هەم شانازیشی پێوە بكات، ئاخر ئامێزی خاكیش هەر ئامێزی دایكە و كوڕ لە پێناوی شەرەفی دایكی وەتەندا، خۆی بە كوشت داوە. وەتەن ئەو ڕۆڵەی بە ژنان ڕەوا بینیوە، ڕۆڵە بەرهەم بهێنن و چەپڵەی بۆ لێ بدەن، گۆرانی بۆ بڵێن، هانی بدەن و ستایشی بكەن، بەڵام قارەمان و مەزن و نەمر، پیاوە، پارێزەری ئاوڕووی خاكی وەتەن پیاوە. ژن ئەگەر شانازییەكی پێ ببڕێت، ئەوەیە دایكی یەكێك لەو قارەمانانە بێت، یان شەیدای یەكێك لەو پیاوە دلێرانە بێت و سەباح ئاسا، (مەحبووبی جوندی بیجەییش)ی بۆ بڵێت.

شەڕیش بەسەر نێر و مێدا دابەش كراوە، ئەوی سەركەوتوو بێت، پیاوە و ئەوی دۆڕاو بێت، ژنە. هیندییەكان دەڵێن: (شەڕ، گەمەكردنە‌ بە شمشێر، بەزمی ژنان نییە.) كەواتە جەنگ، ئیشی پیاوە، نەك ژن. لای بابسالاران، هێز و ئازایەتی هەر لای پیاوانن، ژنانی لاواز و ترسنۆك، كوا كەڵكی جەنگیان پێوەیە. ئەگەر ڕاستییەك لەو قسانەدا هەبێت، ئەوەیە، هەمیشە پیاوان جاڕی شەڕ دەدەن. لە پاكستان وا باوە، سەربازی هیندی، كەسێكە ترسنۆك و ژنانی، كەسێك كە حەزی لە شەڕ نییە، بە پێچەوانەی پیاوی موسوڵمانەوە، كە زیاد لە پێویست، نێر و شەڕكەرە. (مەترسە! ورەت بڵند بێت، كافران قەلاچۆ بكە و پانیان بكەوە!) ئەوە لای جەندرمەی پاكستان، گۆرانییە، ئاخۆ سروودیان چەند توندوتیژتر بێت؟

لوتكەی پیاوەتی لای عەسكەر و جەندرمە، ئەوەیە، پێت وابێت، شەڕ، شەڕی نێوان ئیسلام و كافرانە و زوو زوو دەست لە دوژمن بوەشێنێت و خوێنیان بڕێژیت. كارەسات ئەوەیە، منداڵ بەو پەیامە‌ شەڕخوازە خوێناوییە، پەروەردە دەكرێت. پەیامێك كە دەڵێت: (هەر یەكێك لە ئێمە، بەردەوام كفنی خۆمان پێیە، هەر وەختێ، وەتەن بخوازێت، ئامادەین بۆ مردن).

پاكستان و هیندستان كە گەمەیش دەكەن، پێیان وایە، سەرقاڵی شەڕن و هەر بەو زمانە باسی یارییەكە دەكەن، وەك باسی جەنگ بێت. بە یاریگەكە دەڵێن: گۆڕەپانی جەنگ، بە یاریزان دەڵێن: جەنگاوەر، بە بردنەوە دەڵێن: ژیان و بە دۆڕاندن دەڵێن: مەرگ! جێندەر لە گەمەیشدا، دێتەوە ناوەوە، براوە، خرخاڵ و بازنگ و گوارە، بۆ دۆڕاو دەنێرێت! ئەوانەی بە خەمە نەتەوەیییەكانەوە سەرقاڵن، زۆر بایەخ بە نێرایەتی دەدەن، وای بۆ دەچن، ئەگەر گەنجێك قژی درێژ بكاتەوە، یان ئەڵقەیەك لە گوێ بكات، ئیدی لە پیاوەتی دەكەوێت و توانای داكۆكیكردنی لە خاكی وەتەن، نامێنێت. ئەوە بۆیە زوو زوو، جەندرمە، پەلاماری لاوانی قژدرێژ و خەناوكە لە مل دەدات. جەندرمە پێی وایە، كوڕ ئەگەر هەمیشە باسی خوێن و هێز و مەرگی بۆ بكەیت، ئازا دەردەچێت. 

كە شەڕ دەكەوێتە نێوان دوو وڵات، یان دوو مەزهەبەوە، پیاوانی هەردوو لا، گەر ژنانی وڵاتەكەی تر، یان مەزهەبەكەی تریان بەر دەست بكەوێت، ئەتكیان دەكەن و بەو جۆرە تۆڵە لە دوژمن دەكەنەوه. نەتەوەپەرستان و مەزهەبخوازان، بە هۆی دەستدرێژیكردنە سەر ژنانی یەكدییەوە، پیاوەتیی خۆیان نمایش دەكەن و شكۆمەندیی پیاوانی دوژمن بریندار دەكەن. سوپای پاكستان لەو بوارەدا، مێژوویەكی ڕەشی بۆ خۆی تۆمار كردووە و عەسكەری (سەرب)یش لە بۆسنە، تاجی هەمان ڕیسوایی لەسەر نا.

كە شەڕ كەوتە نێوان هیند و پاكستانەوە، جەستەی ژن، بەشێك بوو لەو ململانێیە. سەروەختی دابەشبوونی هیند و دواتریش لە بۆسنە، عەسكەر ژنی ڕووت دەكردەوە و بە قەمە، جەستەی دەشێواند و مۆری خۆی لەسەر جێ دەهێشت. ڕێك كەوتووە، بەبەر چاوی كەسوكاری قوربانییەكە‌وە، وێڕای ئەتككردن، هەم مەمكی ژنیان لێ كردووتەوە و هەم (زێ)یان هەڵقڵیشاندووە. ژن چونكە ڕەمزە بۆ نیشتمان، ئەو ئەتكردنە، هاوزەمان ئەتككردنی وەتەن و كولتووریش بووە، كە ئایین بەشێكی پێك دەهێنێت. 

جەندرمە كە مۆرێك بە چەقۆ، یان بە ئاگر، لە جەستەی ژنێك دەدات، پێی وایە، چیرۆكی سەركەوتنی خۆی و ژێركەوتنی دوژمن دەنووسێتەوە. عەسكەر كە ژنێك زەوت دەكات، مەبەستی ئەوەیە، خوێن و ڕەچەڵەكی گەلی ژێركەوتوو پیس بكات، ئاخر لای ئەو، پیسكردنی شەرەفی ژنێك، وەك پیسكردنی شەرەفی نەتەوەیەك دەكەوێتەوە و ئەوە ئەوپەڕی سووكایەتیكردنە بە شكۆی میللەتێك. عەسكەر كە ئافرەتێك بە دیل دەگرێت، پێی وایە، خاكێكە و داگیری كردووە، بۆیە چی بخوازێت، لێی دەكات. ئەو هەڵسوكەوتەی عەسكەر، زیانێكی گەورەی بۆ ئەو ژنانەیش هەیە كە لە شەڕگەوە دوورن، ئاخر ئیدی بە پاساوی پاراستنیانەوە، زیاتر لە جاران لە چوارچێوەی ماڵدا، زیندانی دەكرێن.(*)
 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.