سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

پرسى ئارەزوو لە دەروونشیکاریی "ژاک لاکان"دا

30/05/2021


 

نوسين: جولێتا دی باتیستا
وەرگێڕان:  بۆتان بەختیار

سەرچاوە: وێبسايتی گروپی نێگەتيڤ

 

 

دەروازە:

 ئارەزوو چەمکێکی سەنتراڵی ناو تیۆر و پراکتیسی لاکانییە، سەرەڕای ئەوەشی ڕەنگە یەکێک نەبێت لە چوار چەمکە بنەڕەتییەکی دەروونشیکاری; نەست، پاڵنەر، دووبارەکردنەوە، گواستنەوە. بەڵام دەشتوانین وا لێی تێبگەین کە لەبن هەموو ئەمانەدا خۆی مەڵاسداوە. ئارەزوو(Desire) چەمکێکی زاتى و زگماکی ناو ئەو ئیتیکە دەروونشیکارییەیە وا لاکان فۆرمولەیکرد، کەوابێ ئارەزوو بەتایبەت پەیوەستە بەو پراکتیسەوە کە پرۆسە و کردارەکانی  بە ئارەزووی دەروونشیکار دەناسرێت. سەرەڕای ئەمانە، ئەم تێزە سەنتڕاڵەی لاکان لەچێوەی دەروونپەشێوی(سایکۆسیس)دا خراوەتە ژێر گومانەوە. هەندێ لە شارەزا لاکانییەکان بە گەڕانەوە بۆ چەمکی ناو-ی- باوک(Name-Of-Father) ئەوە دەبێژن کە دەروونپەشێوی خاڵییە لە ئارەزوو. غایەتی ئەم نوسینە باسکردنی ئەو غیابە ڕێژەییەی سەرچاوەیە بۆ چەمکی ئارەزووی دەروونپەشێوانە(سايكۆتيك) لە قوتابخانە لاکانییەکاندا. ئەم پرس و مشتومڕە تەواو پەیوەستە بە بابەتەکەوە چونکە لاکان لە باس و چەمکاندنی چارەسەری شیکارییانەدا نە دەروونپەشێوی و نە ئارەزووشی وەدەرنەناوە. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە لە گواستنەوەی ئەم دۆز و کەیسانەدا بۆ نێو قوتابخانە لاکانییەکان، [چەمک]ـی ئارەزوو بەکارنەهێنراوە، بەڵکو پێ لەسەر دەرئەنجامەکانی غیاب(Absence)ـەکەی داگیراوە. بۆنمونە، لە کۆتا دوو بڵاوکراوەدا کە ژاک ئالان میلەر کۆیکردوونەتەوە، ئەویش کە زیاد لە بیست نمونەی کلینیکیی چارەسەرکردنی دەروونپەشێوییان لەلایەن دەروونشیکارە لاکانییەکانەوە تێدایە، هیچ باسێک دەرهەق بە ئارەزوو نەورووژێنراوە بۆ ئەوەی بیر لەو گۆڕانکارییانە بکرێنەوە وا بەهۆی چارەسەرەکەوە هاتوونەگۆڕێ. لە دۆزە کلینیکییەکانیشدا کە ئاماژە بەم بابەتە کراوە، نوسەرەکان ئەوەیان وتووە کە ئارەزوو هیچ ڕۆڵێکی نەبووە. لە ئارگۆمێنتسازیی ئەم نوسەرانەدا، ئەم ئارەزووە پەککەوتووە دەستاودەست لەگەڵ ئەو دیاردە تێهەڵکێبشووانەدا دەڕوات کە سەر بە حاڵ‌وحیسابی ژویسانسی جێگۆڕکێکردوون; ئەو ژویسانسەی وا بەرتەسکی و داگیرکردنەکەی بەندە بە هاوشووناسبوون، میتافۆری وەهمئامێز یان کردەی نوسینەکی[1] و ناساندنی سنورداریی ژویسانسەوە. هەندێ لە نوسەرانی دی پێیان وایە ئارەزوو ون‌نابێت لە دەروونپەشێوی‌دا. بەڵکو سنووردار و بەندە بە پارانۆیاوە و نەمانی خۆی لە شیزۆفرینیادا دەردەخات. بەهەرحاڵ، سەرەڕای ئەوەشی کە لە هەندێ دۆزدا ئارەزووی دەروونپەشێوانە ڕەچاوکراوە، هێشتا ئەمە بوون و ئامادەگیی ئارەزوو لە کرداری چارەسەرکردندا ڕوونناکاتەوە. لێرەدا، نوسەران دووبارە کۆمەک لە ئایدیای دەستبەسەرداگرتنی ژویسانس وەردەگرن: ئەو ئایدیایەی وا دەبێت ژویسانس سنورداربکرێت. سنووردارکردنی ژویسانس، ئەو بیرۆکەیەیە وا لەمڕۆدا زۆرتر و زۆرتر لە چارەسەرکردنی [دەروون]شیکارییانەی دەروونپەشێوی‌دا بەکاردێت. بە تێڕوانین لە دۆخی کاروبارەکانی چارەسەرکردنی سوبێکت لەمڕۆدا، بە تێڕوانینی من، ئەم پرسیارانەی خوارەوە شایەنی لێکۆڵینەوەن. هەوەڵین پرسیار ئەمەیە، ئاخۆ ئارەزوو هەر ئەو میراتە پشتگوێخراوەی ئەم تایپە لە کلینیکانەیە وا لە دیدگای père-version  (عوساب/لادان)ـەوە بنیاتنراون؟ ئارگۆمێنتە لاکانییەکان چی و چین دەرهەق بە بەردەوامیدان بە [ئایدیا]ی غیابی ئارەزوو لە دەروونپەشێوی‌دا؟ دووهەمین پرس و بەپێی گریمانەکانی من لەمەڕ گرنگیی ئارەزووی دەروونپەشێوانە، چ جۆرە ئارەزوویەک لە دەروونپەشێوی‌دا کاردەکات؟


چەمکی ئارەزووی لاکانى

 لە گەڕانەوەکەیدا بۆ فرۆید، لاکان دووبارە دەروازەیەک بۆ (ئارەزوو وەک بنەچەی ئەزموونی دەروونشیکارییانە) دەکاتەوە. بە دیدی فرۆید، نەست و ئارەزوو پێوەندی یەکدین. ئارەزووی فرۆیدی، پێوەندە بە کارکردن لەسەر جووڵە و جیاوازیی نێوان ئەوەی دۆزراوەتەوە و ئەوەی گەڕانی بۆ کراوە: ئەو نێگەتیڤیتە و نوقسانییەی وا پاڵ بە گەڕانێکی  دەستلێهەڵنەگیراوەوە دەنێن ڕووەو ئارەزوو. کەوابێ ئارەزووی نەست کرۆکی بوونمانە. ئارەزوو بەناوماندا دێت و دەچێت، دەمانبزوێنێت، هەروابێتەوە هەڵگری ڕەهەندی ژێوەر و ژینەکی[2] و سێکسییشە. سوپاس بۆ خاوەن نەریتی هەڵەیەک، ئارەزوو هاوشێوەی پاڵنەر لە نەستدا کاردەکات. لێرەشەوە ئارەزوو دەبێتە دوائاماجی پاڵنەر و بەرخوردی ڕیاڵی جەستە. لاکان (لە ١٩٦٦دا) ئاماژەی بەوە دا وا پرسی ئارەزوو لە ئەزموونی دەروونشیکارییانەدا هێشتا بە ڕووپۆشکراوی ماوەتەوە. لاکان پێشنیاری ناساندنەوەی ئارەزوو دەکات لەچێوەی ئیتیکێکدا کە ئیتیکی ئەرستۆیی نیە-واتە ئەوەی ئارەزوو لە بوار و پانتایی عەقڵ دەکاتەدەرێ-، بەڵکو ئیتیکێکە زیاتر لە مەبەستە سپێنۆزاییەکەوە نێزیکە کە ئارەزوو بە ماهیەتی بوون-مرۆڤ دەزانێت. گەشتێک دەنێو سەرچاوەکاندا، گەشتێکی کورت و میتۆنۆمیک کە ڕەنگە بابەتەکەمان وەهامان لێ بخوازێت، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لای لاکان ئارەزوو پێوەندە بە ئەنگێزە ژینەکی و ژێوەرییەکان و لیبیدۆشەوە. ئارەزوو ناوترێت، بەڵکو لە مەودا و کەلێنەکاندا مانیفێستدەبێت و لای لاکان بە میتۆنۆمیی بوون لە سوبێکتدا یان بە میتۆنۆمیی نووقسانیی لە بووندا پێناسەدەکرێت. لە کۆی وانەکانی لاکاندا ئەم ئایدیایە بەبەردەوامی بوونی هەبووە. تەنانەت لە ١٩٧٥دا لاکان دەڵێت ئەوە نەستە کە خەسڵەت بە سوبێکت دەدات وەک هەبوویەک-هەبوویەک کە لە میتۆنۆمییەکدا لووشدەدرێت وا تێیدا ئارەزوو ڕاگیراو و پاڵپشتیکراوە- وەک مەحاڵێک. ئارەزوو ناوترێت، کورتناکرێتەوە بۆ داواکردن(Demand) و پێویستى(need)، ناونانرێت، بێژنگناکرێت، ئارەزوو سەر بە نەزمی هەڵەی نەستـە. سەرەڕای ئەمانەش، دەکرێت ئارەزوو لە کلینیکدا بگۆڕدرێت. لە دیدی لاکاندا، ئارەزوو لە دیالەکتیکی هەڵە[3]دا درووستدەبێت. ئەویتر the other  ئەزموونی ئارەزوو بە سوبێکت دەدات، ئەو ئەزموونەی بنچینەی پێگەیە[4]لە بنیاددا. ئەمە پەیوەستیی توندی ئارەزووی سوبێکت بە ئارەزووی ئەویترەوە ڕووندەکاتەوە; لێرەشەوە ڕەهەندە جەوهەرییەکە ئارەزووکردنی ئارەزووە. (لاکان)

 

سوبێکت لە زماندا لەدایکدەبێت و پێشوەخت لە نەستیدا لەڕێی ئارەزووی ئەویترە خەسڵەتیپێدراوە، سوبێکت لە ئارەزووەوە بووە(لاکان)[سادەتر، سوبێکت مناڵی ئارەزووە]. ئامانجی ئەمەش ئەوەیە ئارەزووبکرێیت، ئەمە ئەو دەرەنجامەیە وا لە ئەزموونە دەروونشیکارییەکانەوە هەڵمانگۆزیوە، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش ڕاستە وا ئەم ئەزموونەیان لە کاتی درووستبوونیاندا شێوێنراوە.


پێگەی عوسابیانە و دەروونپەشێوانە لەپەیوەند بە ئارەزووەوە

پەیوەستیی ئارەزووی سوبێکت بە ئارەزووی ئەویترەوە بنیادێک نیە تەنها لە عوسابدا بوونی هەبێت. ئەوە ڕوونە کە لاکان لەپەیوەند بەم بابەتەوە دەڵێت ئارەزوو بنیادێکی جەوهەرییە، نەک تەنها لە عوسابدا، بەڵکو لە هەر بنیادێکی تریشدا کە لەڕێی دەروونشیکارییەوە پێناسەکراوە. ئەمە دەستهەڵگرتن نیە لە دانانی پێگەی ئارەزوو لە بنیادە جیاوازەکاندا، بەڵکو فۆرمی جیاوازی ئارەزوو و بونیادی سوبێکتیڤی تر هەن. پەیوەندییەکانی ئارەزوو دەبنە ئەو کایەیەی وا ئەزموونی دەروونشیکارییانەی تێدا دەردەبڕدرێت و ئەمەش ئیتیکی ئارەزوو و خەسڵەتی دەروونشیکاری پیشاندەدات; ئیتیکێکە پرسی ئارەزووی شکارکەر(دەروونشیکار) دەخاتەڕوو. دەروونشیکارەکان نێوەندگرن، ڕابەرایەتیی سەرهەڵدانی ئارەزوو دەکەن، ئەوان جۆرێک لە "مامان"ـی ئارەزوون. (لاکان)

 

گەر بگەڕێینەوە بۆ بنیادە سوبێکتیڤە جیاوازەکان و فۆرمە جیاوازەکانی ئارەزوو، ئەوە دەبینین کەسی عوسابی- کە پێگەی وی لە ئارەزوودا فەنتازیایە-بە ئاماژەی میتافۆڕیی بۆ ناو-ی-باوک کۆی تۆمارەکان گرێدەدات و واقیعی دەروونیی ئۆدیپی درووستدەکات; کەوابێ ئایینیشە. ئۆبێکتی a واتە هۆکاری ئارەزوو، ڕێک لە چەقی ئەو گرێ(Knot)یەدا بەسراوەتەوە. ئارەزوو لەلایەن مەرجەعێکی فالوسییەوە نێوەندگیرکراوە، مەرجەعێک وا پێوانەیەکی باوی بۆ دادەنێت و Xـی ئارەزووی دایک دەڕەمزێنێت. کارکردی باوک ئارەزوو بە یاسایەکەوە گرێدەدات، ئەویش قەدەغەکردنی مەحرەمە: ئەمەش ڕێک père-version (عوساب/لادان)ـە. ئۆبێکتی ئارەزوو(یان Xـی ئارەزوو) لە فەنتازیادا دادەچەقێنرێت و ئەمەش شاڕێی لێکدانەوەیە. سوبێکتی عوسابی، پەیوەندیی خۆی بە ئارەزووەوە لەڕێی فەنتازیاوە دەڕەخسێنێت، ئەمەش لەو ڕاستییەوە تێدەگەین کە کارکردی فەنتازیا بەردەوامیدان و بەهێزکردنی ئارەزووە. ئاشکرایە کە ئەمە بۆ سوبێکتی دەروونپەشێو جیاوازە، لەبەر ئەوەی دۆخی وی ئەوە دەردەخات کە مەرجەعیەتی میتافۆڕیی باوک ڕەتکراوەتەوە، ناو-ی-باوک‌یش بارودۆخی پێگەی سوبێکتیڤە لای لاکان. بەڵام غیابی میتافۆڕی باوک پێشمەرجی هەبوونی ئارەزوو نیە، چونکە پاڵپشتی ئارەزوو میتافۆڕ نیە بەڵکو میتۆنۆمییە. دەرئەنجام، ئەگەر ناو-ی-باوک ڕەتبکرێتەوە ئەوا کاریگەرییە میتافۆڕییەکە درووستنابێت و ئۆبێکتی ئارەزووی دایکیش لەلایەن دالی فالوسەوە ناڕەمزێنرێت: هەر لەبەر ئەمەیە ئارەزووی ئەویتر نەڕەمزێنراوە. بە تێڕوانینی لاکان، ئارەزووی دایک ئارەزووی پێکهێنەری کۆی بنیادەکەیە، و لە سوبێکتی دەروونپەشێودا ئەم ئارەزووە لەدەرەوەی ئیمکانی ڕەمزاندنەوەیە لەلایەن میتافۆڕە باوکانەکەوە. کەوابێ گرێدانی ڕیکۆرد و تۆمارەکان بەشێوەیەکی ئۆدیپانە ڕوونادات. ئەم ئارگۆمێنتە بەس نیە بۆ ئەوەی بڵێین ئارەزوو لە دەروونپەشێویدا بوونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە ئارەزوویەکە نەڕەمزێنراوە و لەلایەن مەرجەعێکەوە دالی فالوسی پێ ئاشنانەکراوە. بێگومان نیەتی لاکان ئەوە نەبووە ئارەزوو لە دەروونپەشێوی بکاتەدەرەوە، ئەوەی جێی پرسیارە ئەو سەرچاوەیە وا ئارەزوو دەتوانێت لە دالی نووقسانیدا(فالوس) بیدۆزێتەوە نەک بوونی خودی ئارەزوو. ئاوهاش، پرسیارەکەمان دەربارەی غیابی ئارەزوو نابێت لە دەروونپەشێویدا بەڵکو دەربارەی ئەو ئارەزووە دەبێت وا ناو-ی-باوک نەیڕەمزاندووە. ئەمە ئارەزوویەکە کە نەدووراوە بە یاساکانی باوکەوە، ڕەهەندێکە وا سوبێکتی دەروونپەشێو وەک ڕەتکەرەوەی فریوی باوکانە لەقەڵەمدەدات. ئارەزووی دەروونپەشێو، مۆری قایلبوونی باوکی لێنادرێت. بە تێڕوانینی لاکان، پێکبەستی نزیکی نێوان یاسای سەر بە باوک[5] و ئارەزوو، ئارەزووی وەک مەرجی ڕەها و موتڵەق شاردۆتەوە. بە دەربڕینێکی تر، ئارەزوو پەیوەست نیە بە هیچ شتێکەوە بەڵکو لە هەر پەیوەستییەک دابڕاوە. ئارەزوو یاسا درووستدەکات بەڵام ئەو یاسایە نا کە دەروازەیەک بۆ ئارەزوو دەکاتەوە. ئارەزوو سەربەخۆیە لە هەر نێوەندگیرییەکی یاسا، یاسا خۆی ڕیشەی لەناو ئارەزوودایە نەک بەپێچەوانەوە(لاکان). [هەندێ] بە ئەنجامگیرییەکی گوازراوەوە ئەم وتەیەی لاکانیان پێچەوانەکردۆتەوە. ئەوان دەڵێن ئەوە یاسای باوکە کە دەرگا بەڕووی ئارەزوودا ئاوەڵادەکات، دەشڵێن ڕەتکردنەوەی دواتری ناو-ی-باوک لەلایەن دەروونپەشێوەوە ئەوە دەردەخات کە ئارەزووش وەدەرنراوە [بە دەربڕینێکی تر، بەپێی ئەم گریمانە، کە پێچەوانەی دیدی لاکانە، ئارەزوو تەواو پەیوەستە بە ناو-ی-باوکەوە. بە نەمان و ڕەتکردنەوەی ناو-ی-باوک ئارەزووش نامێنێت]. بەڵام لاکان ناو یان یاسای باوکی وەک مەرجی ڕەها وەرنەگرت، بەڵکو بۆ لاکان ئارەزوو مەرجی ڕەها بوو. بەم شێوەیە، پرسی ئارەزوو لای لاکان لەودیو باوکەوە دەمێنێتەوە، پرسەکە پەیوەستە بە هەلومەرجی بوونی قسەکەرەوە لە زماندا نەک باسکردنی کارکردی سەرچاوە و مەرجەعێکی میتافۆڕی. کۆمەکی ئارەزوو بۆ ئێمە ئەوەیە، سەرەداوێکمان دەداتێ کە پێمان بڵێت چ شتێک [هەر سێ پانتایی] ڕیاڵ، ڕەمزی و خەیاڵی پێکەوە گرێدەدات بەبێ گەڕانەوەش بۆ ناو-ی-باوک. ئارەزوو مەرجی ڕەهایە، پەیوەست نیە بە هیچی ترەوە، ئارەزوو جەوهەری مرۆڤ[سوبێکت]ـە. لە ساڵانی پەنجاوە تاکو هەشتاکان ئەم تێزە هەمیشە ئامادەبووە لە وانەکانی لاکاندا، ئارەزوو لە چەقی ئەزموونی دەروونشیکاریانەدایە(لاکان). لە ساڵی ١٩٦٢دا لاکان ئەوە ڕادەگەیەنێت کە عاجباتی پرسی دەروونپەشێوی لەپەیوەند بە ئارەزووەوە ئەوەیە کە هەر لە بنیادەوە سوبێکتی دەروونپەشێو فالوس و ئەویتر ناناسێت بۆیە جەستە گرنگیی دەرەجە یەک وەردەگرێت. سیندرۆمەکەی کۆتار دەکرێت ببێتە نمونە بۆ ئەم تێزە، لاکان لەوێدا تێبینی ئارەزووی مەرگی کرد. ئەمە تاکە فۆرمی ئارەزووی دەروونپەشێوانە نیە، بەڵکو لە ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥دا ئاماژە بە "ئارەزووی بەستوو"ش لە پارانۆیادا دەکات.


دەرئەنجام

هەرچۆنێک بێت، پێگەی ئارەزوو لە هەریەک لە عوساب، دەروونپەشێوی و لاداندا جیاوازە. لاکان دەڵێت ئارەزووی دەروونپەشێوانە پەیوەندییەکی ڕیشەیی لەگەڵ جەستەدا هەیە. سەرچاوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە کێشەکە نەبوونی ئارەزوو نیە لە دەروونپەشێوی‌دا، بەڵکو ئەوەیە چ شتێک پاڵپشتیی ئارەزوو دەکات. دەتوانین کۆمەڵێ پاڵپشتیی وەهمئامێزی ئارەزوو بدۆزینەوە، وەک ئەوەی لە دۆزەکەی شریبەردا هەیە، یان کۆمەڵێ پاڵپشتیی سەمپتۆماتیک، وەک ئەوەی لە دۆزەکەی جۆیسدا هەبوو "ئارەزووی بوون‌بە هونەرمەندێک کە ڕەخنەگران بۆ ماوەی سێسەدساڵ بەخۆیەوە سەرقاڵبکات". ئەم دووە زاراوەیەکی هاوبەشیان هەیە: کارەکتەری بێ‌سەمپتۆم. ئیمکانێکی کلینیکی بۆ بەکارهێنانی ئەم سەرچاوانە پرسیارکردنە لە پێگەی دەروونپەشێو لەناو ئارەزوودا. لەم تێڕوانینەوە، پێگەی دەروونشیکاریش بەهۆی تایبەتمەندێتییەکانیەوە پەیوەستدەبێتەوە: دەروونشیکار دەبێتە هۆکاری ئارەزووی نەخۆش، دەبێتە جۆرێک لە هاوەڵی دادووراو بە دەروونپەشێوەکەوە، کە دواتر بەئەستەم دەست بە ئارەزووەکەیەوە دەگرێت.

__________________________

[1]writing 
[2] Vital
[3] Dialectic of fault
[4] Position
[5] Law of Father

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.