سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

پەیامبەرێتی لە بۆتەی ڕۆحیگەریدا

04/10/2016


ئازاد قەزاز
دەسپێك
ئەم بابەتەی بەردەستت کە لە چوار زنجیرەدا بڵاودەکرێتەوە، تەواوکردنێکە بۆ هەردوو کتێبی " ئیسلام لە شەبەنگی فەلسەفەی ئایینەوە" و " کتێبی چرپە .. وەهای گوت خودا" کە لەم دواییەدا بڵاوکرانەوە. باوەڕم وایە کە مرۆڤ هەر چەند سەدەیەك پێویستی بەوە دەبێت کە لە بنەڕەتی شتەکان بکۆڵێتەوە و بە بنەماکاندا بچێتەوە و بە ڕەگوڕیشەکاندا شۆڕبێتەوە. مەبەستمە بڵێم: ئەوەی کە بووە بە سەوابت پێویستە بخرێتە ژێر پرسیارەوە و وەڵام بدرێتەوە، تا مرۆڤ بە هۆشیاری و ڕۆشنی بیرکاتەوە، ژیان بە دروستی بەسەر بەرێت و هەنگاو بەرەو باڵاتر بنێت. هەندێجار کاتێ گۆڕانکاری لە بنەماکاندا ناکرێن، گۆڕانکاری جەوهەریش بەشوێن خۆیدا ناهێنن. ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ تێگەشتن و پێداچوونەوە و هەڵکۆڵینێ، بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی دیاردەی پەیامبەرێتی. بێگومان هەوڵی لەم چەشنە کارێکی ئاسان و سادە نییە، وەلێ ئەمە دەسپێکێکە، دەکرێ فراوانتر و قووڵتر بکرێتەوە.

بەشی یەکەم
ڕۆحیگەری کەلتورێکە لەوەتەی مرۆڤ هەستی بەخۆی کردووە، ئەو کەلتورەشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، لەوەتەی مرۆڤ دەستی داوەتە خۆناسین، ئەو ماریفەیەشی بەرەو هەڵکشان بردووە، لە ڕێی ئەم کەلتورەوە و لەم پرۆسەیەشدایە، مرۆڤ توانیویەتی ئامانجێ بۆ ژیانی خۆی جێگیر بکات. پەیامبەری، سۆفیگەری، فەلسەفەگەری و مرۆگەری، ئەمانە گشتیان دەرکەوتەی  کەلتوری ڕۆحیگەرین، ئەو کەلتورەی کە مرۆڤ خۆی دایهێناوە، کە بەهۆیەوە هەم خۆی دەناسێتەوە و هەمیش بەرەو هەقێك ڕێگە دەگرێتەبەر و هەر لەوێشدا بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە. سەرەڕای دابینکردنی ئاتاجی ڕۆحی تاکێك لەم ڕێگەیەوە، مرۆڤ هەر بەم کەلتورە ژیانی کۆمەڵگەش لە چوارچێوەیەکدا دادەمەزرێنێ و بەرەو ئاڕاستەیەکی دیاریکراو لە ڕابردووەوە بەرەو ئاییندە، بەناو ئێستەیدا، دەیبات. ئیدی لێرەوە هەرچەندە مرۆڤ بەم کەلتورە، گەشە بە خۆی دەدات، هەمانکات کێشە بۆ خۆشی دەخوڵقێنێت، هەرچەندە ئازادی بۆ ڕۆحی خۆی دابیندەکات، وەلێ خۆشی تیادا بەنددەکات، هەرچەندە سیستەم بۆ ڕێکخستنی ژیان دادەهێنێ، وەلێ گەر لە مرۆڤبوونی خۆی هۆشیار نەبێتەوە، ئەوا لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی و دەسەڵاتداریدا، خراپیش بەکاری دەهێنێتەوە.

 کەلتوری پەیامبەرێتی یان پەیامهێنەری لەلایەن خوداوە، وەک لە پێشەوە ئاماژەمان دایە، یەکێکە لەو کەلتورە ڕۆحیگەرییانەی هەرچەندە لە مرۆڤ خۆیەوە داکەوتووە، بەڵام خوداش پەسەندی کردووە. جگە لەوەی کە پەیامبەرێتی خۆی جۆرێکە لە کەلتوری مرۆڤایەتی، هەمانکات گەر کەلتوری هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک بگری، دەبینین هەر ئەو کەلتورە جۆر و شێوازی هاتن و بانگەوازی ئەو پەیامبەرانە دیاریدەکات. بە مانایەکی تر: هەر کۆمەڵگەیەك لە ناو پرۆسەی پەیامبەرێتیدا بە چی ڕاهاتبێ، هەر لەوە تێدەگات، تەنانەت مرۆڤ واتای خوداوەندێتیش هەر لەو کەلتورەدا دەبینێتەوە، واتە ناوو سیفات و ناوەڕۆکیش هەر بەو کەلتورەدا بۆ خودا تێدەپەڕێت و واتایەکی تایبەتی وەردەگرێت. ئەگەر لە کەلتوری هەر نەتەوە و گەلێك بڕوانین و بەراوردیان بکەین، جیاوازیی بەرچاو لە پەیوەندیی مرۆڤ بە خودا و دیاردەی پەیامبەرێتیدا، بەدیدەکەین. نزیکترین نموونە لێمانەوە ئایینی یەهودی و ئایینی مەسیحی و ئایینی ئیسلامە. گەلی یەهودی و مەسیحی و موسڵمان هەر یەکە و  لە کەلتوری خۆیانەوە پەیوەندیی مرۆڤ بە خوداوە دەبینن و هەر بەو پێودانگەش ڕەخنە لەیەکدی دەگرن. لە کەلتوری یەهودیدا خودا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیامبەرەکانیدا دواوە، لە کەلتوری مەسیحیدا کە لەژێرکاریگەری گریکەکاندا بووە، خودا خۆی لە شێوەی مرۆڤێکی وەك عیسا دێتە سەرزەوی و ئەو دەکاتە کەلامی خۆی، بەڵام لە کەلتوری عەرەبیدا خودا نە راستەوخۆ بۆ مرۆڤ دەدوێ و نە خۆشی لە ئاسمانەوە بۆ سەرزەوی دێتە خوار و کەلامی خۆی بەرجەستە دەکات، بەڵکو لەڕێگەی نێوبەندێکەوە؛ واتە لە ڕێگەی فریشتەیەکەوە سرووش بۆ مرۆڤ دەنێرێ و لە دووتوێی کتێبێکدا ئەو سرووشە دەبێتە کەلامی خودا. ئەو جیاوازییە کەلتورییە لەوێدا دەرکەوت  کاتێ کە پەیامبەر موحەمەد ئەوەی ڕاگەیاند، کە ئەو پەیامی خودای هێناوە، یەکەم گومانی یەهودییەکان ئەوە بووە؛ ئاخۆ پەیامبەر موحەمەد خودای بینیوە وەک چۆن موسا بینویەتی؟! واتە لای ئەوان ئەگەر موحەمەد ئەوە نەسەلمێنێ کە خودای بینیوە، باوەڕ ناکەن کە پەیامی خودات هێنابێت. قورئانیش بەم ئایەتەی خوارەوە وەڵامی ئەوان دەداتەوە:
ۆمَا كَانَ لِبَشَرٍ أَنْ یُكَلِّمَهُ اللَّهُ إِلَّا ۆحْیًا أَوْ مِنْ ۆرَا‌وِ حِجَابٍ أَوْ یُرْسِڵ رَسُولًا فَیُوحِێ بِإِژْنِهِ مَا ێشَا‌وُ ۚ إِنَّهُ عَلِیٌّ حَكِیمٌ
واتە: "بۆ هیچ کەسێ نیە کە خودا ڕاستەوخۆ بیدوێنێ مەگەر تەنها لە ڕێگەی سرووشەوە یان لە پشتی پەردەوە بێت، یاخود نێراوێك دەنێرێ تا بە ئیزنی خۆی ئەو چی بوێت ئەوە بگەیەنێ، هەر ئەو بڵند و دانایە".


 کاتێ ئەم ئایەتە لە کۆنتێکستی خۆیدا، واتە لە جێبەندی کات و ساتی خۆیدا دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین کە چۆن کەلتوری پەیامبەرێتی جۆری بیرکردنەوە و باوەڕی دوو گەلی جیاوازی تەنانەت نزیک یەکتر و هاونیشتمانیش، دیاریدەکات. ئەم کۆنتێکستە ئەوەشمان پێدەڵێت کە چۆن کەلتوری مرۆڤ، بەجۆرێ جیهانبینی مرۆڤ داگیردەکات، خۆ ئەگەر لەو کاراکتەرەی خۆی هۆشیار نەبووبێتەوە کە چۆن کەلتورێ مرۆڤ درووست دەکات، ئەوا وادەزانێ کە نەک جیهان، بەڵکو خوداش لەو کەلتورەی ئەودا گیری خواردووە.

 کێشەی دیتنی خودا، هەر بۆ پەیامبەر موحەمەد نەخوڵقابوو، بەڵکو بۆ موسا پەیامبەر خۆیشی کێشەیەکی سەرەکی بوو. کاتێ موسا لەگەڵ خودا لە گفتوگۆدا دەبێت (بەگوێرەی ئەو مێژووەی کە تەورات و قورئان دەیگێڕنەوە)، ترسی ئەوەی دەبێت گەلی ئیسرائیل باوەڕی پێنەکەن، چونکە ناتوانێ ئەوان قایلبکات کە ئەو خودای بینیوە، لەبەرئەوە داوای چارەسەری ئەو گرفتە لە خودا خۆی دەکات. خوداش ئەو موعجیزانەی کە پێی بەخشیبوو، بۆ ئەو گرفتە دەروونییەی بەهۆی کەلتوری خۆیانەوە بۆیان خوڵقابوو، وەك چارەسەرێ دەیخاتە پێش موسا. خودا بە موسا دەڵێ: بەم موعجیزانەی کە بە تۆم بەخشیوە، ئیدی ئەوان باوەڕ بەوە دەکەن کە تۆ منت دیوە . 

لە کەلتوری عەرەبیدا پەیوەندیی مرۆڤ بە خودا و میتافیزکاوە شێوازێکی تری وەرگرتبوو. ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ نەبووە، بەڵکو لە ڕووی پەرستش و نزاکردن و هانابردن بۆ خودا، کۆمەڵێك بت نێوانگیریان بووە. لە ڕووی ئەدەبییەوە شیعر وەک ئیلهامێک لە جیهانێکی نادیارەوە بۆ شاعیر هاتووە. بە مانایەکی تر لە ڕێگەی کائینێکی نادیارەوە کە بە جنۆکە ناسێنراوە، ئەو شیعرە سرووش کراوە. واتە هەر شاعیرێک جنۆکەیەکی خۆی بووە و ئیلهامی شیعری پێبەخشیوە. هەڵقوڵانی شیعری لە ناخی هەر یەکێکیاندا لەو کاتەدا وا تێگەشتبوون یان وا خوێندبوویانەوە کە ئەوە شتێکی ترە ئەو واتاو مانایانەیان دەداتێ. لەوە تێنەگەشتبوون کە ئەوە هەر خۆیان بوون و دەرەنجامی کارلێکردنیان لەتەک سروشت و ژیان و ڕووداوەکاندا، گوزارشیان بۆ دێت، بەڵام لە ڕێگەی زمانی خۆیانەوە ئاشکرای دەکەن. لەگەڵ ئەم جۆرە شێوازە لە دەڕبڕیندا، لە ناو کەلتوری عەرەبدا شێوازی کاهینگەراییش دیاردەیەک بووە کە دەربڕینێکی تایبەتی باوی خۆی بووە. لەکاتێکدا شیعری عەرەبی سەرقاڵی ئەدەب بووە و بە ژیانی ڕۆژانە، ڕووداو، کارەسات، خۆشەویستی، جەنگ، پیاهەڵدان، زەم و هاندانەوە واتە لە ناو فیزیکادا، خەریك بووە، کاهینگەراییش سەرقاڵی پەیوەندیکردن بە میتافیزیکاوە بووە و خوێندنەوەی بۆ ئاییندە و بەخت و چارەنووس کردووە، نزاو پارانەوەشیان بە کەعبە و بتەکانیانەوە بەسترابوویەوە.

کاتێ لەم کەلتورەدا قورئان خۆی دەردەخات، ئەگەر چی نوێ و جیاواز بووە، بەڵام لە هەر سێ شێوازەکەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبوو. مەبەستمان ئەوە نییە کە قورئان شیعرە، وەک هەندێ کەس وا تێدەگەن، مەبەستمە بڵێم کە عەرەب خاوەنی کەلتورێ بووە؛ بە شێوازی شیعری لە ناو فیزیکادا و بە شێوازی ڕۆحیگەری لە میتافیزیکادا ئاشنا بووە. هەروەک شاعیر باوەڕی بەوە بووە کە کائینێکی غەیبی پشتگیری دەکات و ئیلهامی پێدەبەخشێت، کاهینیش باوەڕی بەوە بووە کە کائینێکی غەیبی هەواڵی بۆ دەهێنی و بەرچاوی ڕۆشن دەکاتەوە، بە هەمانشێوە خوداش بە نێوانگیری بتکانیانەوە گوێی لێگرتوون و دەنگی ئەوانی بیستووە. ئەم کەلتورە کەشێکی خوڵقاندبوو کە باوەڕکردن بەوەی مرۆڤ پەیوەندی بە غەیبەوە بکات ئاسایی بووە، کەسێ بەناوی خوداوە بدوێ کارێکی سەخت نەبووە لای ئەوان، وەلێ ئەوەی سەخت بووبێت، ئەوە بووە کە ئەو کەسە ئەوە بسەلمێنێ؛ ئەو لە لایەن خوداوە هاتووە و ڕاستگۆیی خۆی هەرچۆن بووە بسەپێنێ. واتە ئەو کەسە دەبوایە بە هەر ڕێگەیەکەوە بووبێت، ئەو شەرعەیەتە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، تا بتوانێ بەناوی خوداوە قسە بکات. 

 کاتێ کە ئیسلام سەرهەڵدەدات، لە کەلتورێکدا سەریهەڵنەداوە کە بە بانگەواز و بانگەشەی لەو جۆرە هێند نامۆ بووبێت، کەس نەزانێ ئەڵێ چی و کەس نەوێرێ خۆی لێدات، بەڵکو کەلتورێ بووە کە ڕۆحیگەری تیایدا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردبوو. ئەگەر وا نەبوایە چۆن قورئان وەک قورئانێکی عەرەبی و بە زمانێکی پاراو خۆی بەوان ئاشنادەکات. نزیکەی دە جار وشەی عەرەبی لە تەك وشەی قورئاندا لە قورئاندا هاتووە بەو مەبەستەی بەوان بڵێ، تا ئێوە ئەی گەلی عەرەب تێبگەن و بیر بکەنەوە و بە خۆتاندا بچنەوە، هانی دەدان تا ئەو ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن: بۆ خودا بەتایبەتی بە زمانی خۆتان کتێبی پیرۆزتان بۆ دەنێرێت! کەواتە قورئان بە زمانێك گوزارش کراوە کە زمانی ئەو مرۆڤانەیە شیعر و پەخشان و وتاریان پێدەربڕیوە، هەناسەی ڕۆحیگەری خۆیانیان پێئاشکرا کردووە. زمانی قورئان ئەو زمانەیە کە بە ڕێزمانێک ئەخوێنرێتەوە و ئەنوسرێتەوە و ئیعراب دەکرێت کە مرۆڤی عەرەب خۆی دایناوە. ئەو گوزارشە ڕۆحیگەرییەی قورئان هەرچۆنێک بووبێ و لە هەرکوێوە هاتبێ، هەر لە بازنە و چوارچێوەی یاسا و ڕێسای مرۆڤ نایێتە دەرێ.  

 هەرچەندە خوێندنەوە و نوسین لەناو گەلی عەرەبدا وەک نەبوو وابووە، بەڵام ئاستی ڕۆشنبیریان بەتایبەتی لە ڕەوانبێژی ئەدەبی و شیعر و وتار خوێندنەوە و ڕەوانبێژی کاهینگەرایی، لە ئاستێکی بەرزدا بووە. واتە نەخوێندەواری ئەوان مانای نا ڕۆشنبیر و ناهۆشیاری ئەوانی نەگەیاندووە، چونکە ئەوان متمانەیان لەسەر ئەزبەرکردن و دەماودەم گێڕانەوەی ڕووداوەکان و گەیاندنی شیعر و ئەدەبەکەیان بووە. کەسی وا بووە بە دەیان هەزار بەیتە شیعر و قەسیدەی لەبەر بووە و هیچ پێویستییەکی بەوە نەبووە بینوسێتەوە. واتە لەو سەردەمەدا بۆ ئەوەی مرۆڤێ ببێتە ڕۆشنبیر و کەسێکی هۆشیار، نوسین و خوێندنەوە، مەرجێ نەبووە. هەر لەم سۆنگەیەوەیە  کە ئێمە پەیامبەر موحەمەد بە کەسێکی هۆشیار و ڕۆشنبیرمان زانیوە، ئەگەر چی نە نوسەر بووە و نە خوێندەواریشی هەبووە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.