سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

من قەرزاری فەلسەفەم!

15/07/2021



ئازاد حەمە

بەشی یەكەم

دەستپێك:

بۆیەكەمجارە سەربوردەی خۆم دەگێڕمەوە، گەدائاسا باس لەقەرزاری فەلسەفیی خۆم دەكەم، ئەوەی چۆن لە هەڕەتی لاوییەوە قەرزێكی زۆری فەلسەفە كەوتە كنم. لەدیدی بەندەوە پەیبردن بەو قەرزە بەرپرسیارییەكی ڕەوشتییە، زۆریش گەرەكمە پەیتا پەیتا تا ماوم بیدەمەوە. بەڵێ باس لە قەرزاری فەلسەفیی خۆم دەكەم، باس لەوەدەكەم فەلسەفە وایلێكردم خۆم بم، باس لە سەرەتاكانی هەژاریی ئاوەزمەندی ئەو دەمانەم دەكەم فەلسەفە هێشتا تووخنم نەكەوتبوو، هێشتا لە سایەدا بووم و سێبەرم تێنەپەڕاندبوو. هەربۆیە هەستی "من قەرزاری فەلسەفەم" دەبێتە زنجیرە ڕاڤەكردنێكی فەلسەفیی، كە لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە و پەیكەربەندی هزریشی بەجۆرێك دادەڕێژرێت كۆڵینكارییەكان بەرەو ئەو شوێنانە بچن، كە پێویست و تایبەتن، گرنگن بۆ مشت و مڕ و خستنەگەڕی دید و بۆچوونی جیا. لەوێندەرێ فەلسەفە دەهێنرێتەگۆ و ئەركی جوداوازیشی لێچاوەڕواندەكرێت. هەر لەبەرئەوە لێرەوە داوای پشوودرێژی لە خوێنەرانم دەكەم تا ئەو شوێنەی دەكارم هەل و مەرجی قەرزاری فەلسەفی خۆمیان بۆ دەستنیشانكەم و ئەو تەقەلایانەش، كە بۆ دانەوەی ئەم قەرزە دەیگرمەبەر. چۆن قەرزبدەینەوە، بەتایبەت قەرزی فەلسەفی؟ ئەو پرسیارە خۆی دەكاتە كۆڵەكەی گشت پرسیارەكان و جێ پەنجەی خۆی لەناو گشت پرسیارەكانی ئەو زنجیرە ڕاڤەكردنە دادەنێت لە دواتردا وەسەرەتای دێم. چونكە كرۆكی ئەو قەرزە تێگەیشتن لەسەر گشت ئەوانەش دروستدەكات لە مندا گۆڕان، كە منیان لە بارێكەوە بۆ بارێكی سەرلەبەر جیا برد.

پوختەی ئەوەی لایسەرەوە باسكرا، قەرزاری فەلسەفیی من لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، دوای ئەوەی بە فەلسەفە ئاشنابووم سەرلەبەری ژیانم پشتڕاستبووەوە و فەلسەفەش لە مندا بەری بە زۆر شتی ناڕاست و دزێو گرت. فەلسەفە كۆششێك بوو بۆ بنكۆڵكردن و سڕینەوەی ئەو منەی لە مندا دەیویست چرۆدەركات، كە منێكی ناپێویست و ناچیزە بوو. ئەوە چ منێكە ژینگەیەك دەیسازێنێت كاری داڕمان و داتەپاندنە. جۆرە دەورووبەرێك خەریك بوو منێك لە مندا دروستبكات بەخۆی لە تەقەلای بنكۆڵكردن و ڕوخاندنی خودی خۆی دایە.

بۆ من ئاسان نەبوو پێش بەریەككەوتنم لەتەك فەلسەفەدا وشەدانی خۆم بناسمەوە، فەلسەفە وەك دەرمانسازی هزریی ببینم، حەكیمانە دیوارێك لە نێوان دوو جیهانی دەرهەست و بەرهەستدا دابنێم. وامدەزانی ڕاستی لە گشت شوێنێكدا هەیە. ئافراندنم لە چێژدا نەدەبینییەوە. پێموابوو سروشتی جوانی لێڵ و نابەرهەستە، هەستئامێزی هزریشم بە وڕێنە دەزانی. فەلسەفە هەنگاوێك بوو بۆ كۆكردنەوەم، بۆ دەربازكردنم لەو پەرتییەی دەورووبەرم پێوەیدەگلاندم. ئاه... چ دەورووبەرێكی نافەلسەفییم هەبوو. ئەگەرنا پەرتی و گەڕیدەیی لە فەلسەفەدا تامێكی تریان هەیە و تەقەلان بۆ وتنی نەوترای تەلیسماویی.

پوختەی هەموو ئەوەی تا ئێرە باسكرا، كۆڵەكەی گشتی ئەو زنجیرە باسە پێكدێنن لەژێر ناوی ""من قەرزاری فەلسەفە"" م دەنوسرێت، كە لە خودی خۆیدا ئەو تێگەیشتنە خودییانەن نوسەرەكەی هەڵگریەتی و وەڵامی جیاواز بە پرسی بیركردنەوە و بەرپرسیاریەتی و  سروشتی جیهان دەدەنەوە. ئەگەرچی ئێستاشی ڕالەگەڵدا بێت گومان دەكەم ئەو ئەركە فەلسەفییەم پێڕاپەرێنرێ لە فەلسەفەدا پەنهانە.

ئیدی فەلسەفە بووە چراوكی بەردەوامی من

بە پوختی و بەرلەهەر شتێك دەخوازم هێما بۆ ئەوە بكەم، لەو دەمەوەی بەریەككەوتنم لەتەك فەلسەفەڕا پەیداكردووە پێمەوەلكانی فەلسەفە پایانی نییە و جێگەوپێگەی فەلسەفەش لە خەمڵاندنی بیركردنەوەی مندا بە ووردی دركی پێدەكرێت. وێجا فەلسەفە هەر زوو بووە خاڵی وەرچەرخاندنی ژیانم. وایلێكردم وردبینانە تر بڕوانم و تامەزرۆی ژیانیش بم، ژیانگەلێك، كە لەوەوبەر تامم نەكردووە. ژیانێك، كە ناهاوشێوەی ئەو ژیانە بوو لێرە و لەوێ بە تۆپزی بەڕێمدەكرد. هەر لەو دەمەوە شاكارە ناوازەكانی بیریارە مەزنەكان منیان تا بینەقاقا قەرزاری خۆیان كرد. بەڵێ تا بینەقاقا ڕۆچوونە ناومەوە. ناوەوەم، ئەم ئێستا هەوارگەی هزرانە، پڕە لە شادی، ئارامی و هەستی بەرپرسیاریەتیش تیاما بێوچان چرۆدەكەن. ئێستاشی لەگەڵدابێت مێژووی فەلسەفە بۆ بەندە داگیركارە و بەشێكی ڕوناكیبیریشم پێكدێنێت. لەمبەینەدا فەلسەفە ئەوەی دامێ، كە ژیانی سادەی ڕۆژانە پێینەدابووم. ڕۆژانە بینیم فەلسەفە، بێ سڵەمینەوە، لەناوما بێ ڕكابەر دێت و دەچێت. لەوێوە پەلەكێشی نێو ڕووبەرێكی هزریی بێ تخووب و واڵای كردم. لەو دەمەوە عەوداڵی مانا و حاڵیبوون لە شتەكانی دەورووبەرم بووم. ئەمە وایكرد زۆری پێنەچێت فەلسەفە گشت كونوكەلەبەرەكانی ژیانم بتەنێتەوە.

گرێگەلێكی زۆر هەبوون مناڵی و هەرزەكاریم تیاما سازاندوبوویان، فەلسەفە لەسەرەخۆ لەسەر چۆنیەتی كردنەوەی گرێ كوێرەكان ڕایهێنام. ئەمە هۆكاربوو ووردە ووردە فەلسەفە سەرسامبوونم تیا دروستكات. سەرسامبوونەكان فەلسەفەسازییان تیاڕسكانم و پاشماوەكانی فەلسەفەش تیاما زوو زوو زەنگیان لێدەدا تا لەوە بەئاگامبهێننەوە ترسناك و هێرشبەری سەر بوونمە. ئەو دیاردانەش، كە دەستیان لێدەوەشاندم تارماییەكانی فەلسەفە، كە بەسەر منەوە دنیابینیینی نوێیان پێدەبەخشیم،  نەیاندە‌هێشت سامناكی بخەنە ژیانمەوە.

بیرمەندە فەرەنسییەكان هەر زوو، لە هەڕەتی لاویی و سەركەشی خۆمدا، جێی سەرنجڕاكێشانم بوون. فەلسەفەیان لە مندا تا ئەوپەڕی بەخێوكرد. بەهۆی ئەوانەوە لەوە تێگەیشتم، لەگەڵ فەلسەفەژیان تا ئەوپەڕی ژیان تا كەناری مردن لەگەڵت  دێت. كە فەلسەفەش لەگەڵت بوو تەنیا نابیت و لە ناو دڵشكاوی ژیان سەرگەردان نابیت، یان دڵشكاوی بۆ ماوەیەكی زۆر كورت لاتدەمێنێتەوە. بیریارەكان بەو گریمانەیان گەیاندم، ژیانی مرۆڤەكان، بگرە كولتووریشیان، بێ فەلسەفە لاسەنگ دەبێت. فەلسەفە پارسەنگی خودیی مرۆڤ دەپارێزێت. وەك هێزێك لەناوەوەی ئەم خودە خەریكی ئامادەسازییە. ئەوەشیان حاڵیكردم پێویستم بەوەیە لەتەك فەلسەفەدا پشوودرێژ بم. فەلسەفە زەفەربەرە و دێتیشە ناوی ناوەوەی مرۆڤەوە. دێتە ژووری ژوورەوەی ناخ. فەلسەفە لەوێندەرێ بە ئاسپایی و زۆر لەسەرەخۆ باروبارگەی دادەنێت و دەستدەكات بە كردنەوەی بەر و بوخچەی خۆی.

بەریەكەوتن لەتەك فەلسەفە سەرەتای بارگەتێكنان بوو بەرەو هەوارێكی تر. هەوارێكی زیدە نوی. هەوارە ڕاستەقینەكەی مرۆڤ، كە ئەوەش بریتییە لە بیركرنەوەی قوڵ و تێڕامانی زۆر و بەردەوام. بەمە فەلسەفە بووە بارەكۆڵی سەرەكی و بەردەوامی بەندە. بۆ هەر كوێ دەچووم ئەم بارە بە كۆڵمەوە بوو. ئەم كۆڵكێشانە بۆ من بووە سەرەتایەكی تازە بۆ تێگەیشتن لە مانای ژیانی خۆم و خۆسازانیشم لەگەڵ كرداری بیركردنەوەدا. لەو دەمەوە فەلسەفە ئەو كۆڵە بوو شانمخستەژێری. كۆڵكێشانەكەم ئەوەی بۆمەیسەركردم لە پەنای فەلسەفەدا بحەوێمەوە و پشوویەكبەم. بەمە فەلسەفە لە مندا بارێكی زۆری بەست. بارەكەم دید و تێڕامانی تیۆریزەكارە فەلسەفییەكان بوو، كە بوونە مەشخەڵی هەمیشەی ڕێگاكانم. هەر لەو دەمەوە بە كۆڵباری خۆم ئاشنابووم و لە كوێ ویستم بارگەم خست. ئالێرەوە خۆدۆزینەوە دەستیپێكرد. دۆزینەوە بەو مانایەی واڵنشتاین بەكاریدەبات، داهێنان نەك بەدەستهێنان(1).

قەرزاری فەلسەفیی قەرزارییەكی بووناوییە

دەمێكە قەرزاری فەلسەفەم. قەرزی وا بە ئاسانی نادرێتەوە. ئەم جۆرە قەرزە بڕانەوەی نییە و بە سانایی لەكۆڵمنابێتەوە. چ بانكێك ئەم ئەركە دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەركی دانی قەرزی فەلسەفی و وەرگرتنەوەی؟ مەگەر زۆر نیین ئەوانەی ئەم جۆرە قەرزەیان لە كنە؟ بی ئەندازە زۆرن ئەوانەی قەرزەكانیان خستۆتەگەڕ و دەرامەتێكی گەورەشیان بۆ مرۆڤایەتی مەیسەركردووە تا ئەم جۆرە قەرزە شیاو بێت. بێ سڵەمینەوە دەڵێین، هزرمەند و فەیلەسوفەكان "گرووپی بانكی جیھانی" ئەم جۆرە قەرزە پێكدێنن. نەختی ئەم گرووپە داناییە، دراوەكەی گڵوباڵە و وەبەرهێنانیشی لە گشت كولتوور و شارستانییەكان دا بەردەوام كاری خۆی دەكات. شایانی وتنیشە، فەلسەفە دراوێكە بەردەوام لە گشت كاتەكاندا بەكارمانبردووە. دراوی لەم جۆرە لە ژیاندا بێوچان دێتە بەكاربردن.

ڕەوشت، لە ئەم ئێستادا و لەژێر زەبری تەكنەلۆژیای زانیاری، گەیشتووەتە بنبەست بۆیە فەلسەفە لە گشت كاتێ پتر پیویستە. تا ئەندازەیەكی زۆر گشت كولتوورەكان لەسەر ئەوە كۆكن فەلسەفە جێپەنجەی خۆی لەناو ژیانی ڕەوشتیمان داناوە، لێ داوای گۆڕانی گەورەتر و ڕیشەیی تر لە فەلسەفە دەكرێت. كارەساتبارە مرۆڤەكان لەژێر فشاری تەنیایی، دڵشكاوی و بێمتمانەیی پەنا بۆ زانیارییەكانی ناو سۆسیال میدیای هاوچەرخ ببەن. لە كاتێكدا ئەم میدیایە بەتەواوەتی پشتی لە فەلسەفە كردووە و مرۆڤی سەردەمیشی دووچاری گیرۆدەبوونێكی نوێ كردووە، كە زێدەڕۆیی و پووچییە.

فەلسەفە شوێنێك بۆ دڵنەوایم، سەرەتای گەڕیدەییم

ئەوە ڕێكەوت بوو فەلسەفەی بۆ دۆزیمەوە، منی توڕهەڵدایە ئامێزی گەرمی فەلسەفەوە. هەر لەیەكەم ژوانم لەتەك فەلسەفەدا جوانكیلەیێكم لە فەلسەفەدا بەدیكرد. ئەو دەمەی من و فەلسەفە لە شوێنێكدا (كە دواتر دێمەوە سەری) پێكگەیشتن لەوە حاڵیبووم پێویستە لە شتێك پشكنین بكەم زانینم لەبارەیەوە هیچە. شوێنی ژوانی ئێمە بووە شوێنێك بۆ پەیپێبردن. بۆیە بێ چەند و چۆن دەڵێم، ئەوە فەلسەفە بوو منی خستە بەردەم زۆرێك وەڵامی سەیرەوە. پێشتر وەڵام لە كن بەندە وەڕەس و دەستەمۆبوو، لێڵ و ناروون بوو.

فەلسەفە بوارێكی دڵخوازی مرۆڤایەتییە، چەقی زانینەكانە. بوارە دڵخوازەكەی گشت كولتوورەكانیشە. فەلسەفە دەتكاتە كۆچەر. گەڕیدەئاسا ئۆقرەت لێدەبڕێت. تەنیا گەڕۆك و ئاوارەكان لە مانای داڵدە دەگەن. ئەوە گەڕندەكانن بێ شوێن و زێدن، ئەوانن لە پەناگا و داڵدە حاڵیین. كاتێك فەلسەفە دەبێتە پەناگا، شوێنێك بۆ حەوانەوە دروستدەبێت، لەوێوە لێدانی دڵی ژیان دەستپێدەكات. ئەمانەش دەمانباتەوە نێو لێكئاڵانی ژینگە بە فەلسەفەوە.

من لە شاری كەركوك لەدایكبوم، لە گەڕەكێكی ناسراوی ئەو شارە (ئاخور حوسێن لە حەسیرەكە). ئەوێ پڕبوو لە ماتریاڵەكانی فەلسەفە. ئەو گەڕەك و دەڤەرە شانۆیەك بوو ڕۆڵی زۆری پێبەخشیم. فەلسەفە  پێویستی بەو شانۆیە بوو. ئیدی فەلسەفە لەناوما هات و چوو، دەڤەری ناوبراو بووە هەوێنی فەلسەفە، ڕۆژانە تیامدا بیركردنەوە چرۆیدەكرد. چەمكسازی فەلسەفیی خۆم لەو دەڤەرەوە هێنا. فەلسەفەكاری لە مندا زارۆكی ئەوێندەرێیە. ئیدی لەسەرەخۆ، مەینەتییەكان فەلسەفەسازییان فێركردم. سەرلەبەری ژیانمیان یەكسانكرد بە سۆراغ. بەواتایەكی دی، دەڤەر و زێد لێكەوتەی جیاوازی هەیە. سەرسوڕمان و حاڵینەبوونە ڕاستەقیینەكانیش لەوێ لەدایكدەبن.

وێڕای ئەوە، كۆچەریی و بێدەرەتانیی لەگەڵ فەلسەفە فۆڕمی تر وەردەگرن. بەشێك لە فۆڕمەكانی خوگرتن و ڕاهاتنە لەسەر دڕدۆنگ و دوودڵی و گومان. ڕەنگە بەشێكی تری مەیلبێت بۆ بەسۆراغداچوون و پشكنین. چونكە فەلسەفە پڕ پڕە لە عەوداڵبوون و بەدواداگەڕان، پەیبردن بە پەیپێنەبراو و بینینی نەبینراو. ئەمەش وادەكات پێشهاتی نوێ بێتە پێشەوە، ژیان شتی تری تێدەكەوێت. بوونی كۆمەڵایەتییش دەستكاریدەكرێت و وێڵی ئاقاری دی دەبێت.

فەلسەفە منی لە گرفتاربوونەكانم دەربازكرد، لێ خستمییەناو گرفتاربوونی نوێووە. گرفتاربوونی من بەدەست فەلسەفەوە گرفتاربوون بوو لە جۆرێكی تر. گرفتاربوون بوو بەدەست بیركردنەوەوە، مشتومڕ و سۆراغەكانەوە. لە هەوارگەی فەلسەفەدا گرفتابوون تامێكی تری هەیە. چێژێكی بووناوی هەیە، كە مانا بە بوون دەدات. بەمە فەلسەفە بێمنەتیكردم ، نەك هەر ئەوە بگرە فەلسەفە وایلێكردم هەست بە بوونی سەرمایەیەكی مەعنەوی لە خۆمدا بكەم. زۆرجار لەبەردەم مەترسییەكی ڕاستەقینەدا بوومە، لێ فەلسەفە وزەی پێبەخشیوم و لە وێرانبوون پاراستوومی.

قۆرخكاری بۆ گەیاندن بە پلەی حاڵیببون، گڕگرتن لە هەناوی فەلسەفەدا ئامادەیە، لێ ئامانجی سەرەكی لەوە گەیشتنە بە ڕاستی. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی لە فەلسەفەدا ڕووشكێنی زۆرە. فەلسەفە دەكارێت پێمانبڵێت بەرەو چی و كوێ دەڕۆین، لێ فەلسەفە دەجال (فێڵباز) نییە و كاری هەمیشەیی سەرزەنشتكردنی بەدی و بێدادییە.

پێش ئەوەی ڕێكەوتی فەلسەفە بكەم لە غەفڵەتدا دەژیام

بەڵی، پێش ئەوەی ڕێكەوتی فەلسەفە بكەم لە غەفڵەتدا دەژیام. لە سۆراغی ئەو شتەدا بووم بێ تام و بێ ناواخنە. مشتومڕی زۆر تووندم لەسەر بی ماناترین شت دەكرد. لەسەر ئەوە دەوەستام شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبوو. وامدەزانی گشت بوونم ئەو نەختە شتە ناچیزەیەیە، من خۆمم لەسەری ڕاهێناوە. سەیربوو لە بێدەرەتانی، مەینەتی، ئاوارەیی، نسكۆ و چەندین واتا و چەمكی دی تێنەدەگەیشتم. پێموابوو ئەو واتا و چەمكانە دیوی تریان نییە و لە ئەزەلەوە بەو جۆرەن.  ئەفسوس، زوو زوو دەستەمۆدەبووم بە شتێكی بچووك، دەرەتان و دەرەچەم لە شتی بێ ناواخندا دەبینییەوە. بەردەوام خۆم لەناو پەرشوبڵاویی و هەڕەمەكیدا دەدۆزییەوە. پێموابوو دڕدۆنگ، دوودڵی و گومان ترسناكن. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم و بیرمبێت شتكانم وەك خۆی دەبینی، نەمدەزانی هەر ئەو شتانە بزاڤ، ئاقار و ڕەوتی تریشیان هەیە. ناحاڵیبوونم لەناو ناحاڵیبووندا دەبینییەوە. لێدەگەڕام ناحاڵیبوون یەكلاینەكرێتەوە. نەمدەپرسی بۆ ئەمە نا ئەوەیتر دەبێتە بەها؟ نەمدەزانی لە دەرئەنجامی پەیوەندی نێوان بەهاكانەوە ئەوە ڕوودەدات(2). تەنانەت ئەوەش، كە خوێندنەوەی دەقێكی فەلسەفیم پێ وانەبوو ئەوە ڕاڤەكردنەكەشیبێت(3). بە كورتی سپی بیرمدەكردەوە سپی. سپییەكی بێزاركەر. بێ چێژ و بێ بۆن.سپییەكی بەتاڵ، بەدەر لە مانا و ڕاڤە. سپییەكی كەمتەمەن و ئٶقرەگرتوو.

خوا ئەو نەتەوانە بەختەوەردەكات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف

هزرمەندی فەرەنسی دێكارت پێیوایە، خوا ئەو وڵاتانە بەختەوەردەكات، دەیانكات بە خاوەنی فەیلەسوف. نەتەوەكان لە خۆڕا نابنە خاوەنی فەیلەسوف. بە فەیلەسوفبوونیش شتێكی پلانبۆداڕێژراو نییە. خودی فەلسەفەش لە خۆڕا نەهاتووەتەدونیاوە. ئەو ڕێكەوتەی لە پشت فەلسەفەوە بووە پێویست و تایبەتبووە. بۆئەوەی فەلسەفە هەبێت بیركردنەوەی مرۆڤەكان ناكرێت دووبارە بێت. خودی فەلسەفە كردەیەكە لە بیركردنەوەی نادووبارە و جیا. فەلسەفە جیایە، بەرهەمی جیاوازیەكانە، بێئۆقرە و فرە ڕەنگە.

فەلسەفە لە زیاد لە گۆشەیەكەوە دێتە ناو ژیانمانەوە، هونەر، زانست، سیاسەت تادەگاتە هاوڕێیەتی و ئەڤینداری. ئەمەش ڕوانگەمان دەگۆڕێت. ڕوانگە گۆڕین كارێكی دژوار و ناسانایە، لێ فەلسەفە لە مێژەوە ئیشی بۆكردووە و مرۆڤایەتیش لەوە سودمەند بووە. بۆیە جێگای سەرنجمە بڵێم، چنینی هزری فەلسەفیی بەرهەمی زۆر بیركردنەوەی قوڵ و تێڕامانە.

سوكرات پێیان وابووە فەلسەفەكردن مادەیەكە لە پاكسازی (خاوێنكردنەوە) Purgationو بەپێی قاموسی وێبستەر  Webster  یش بێت، فەلسەفە جۆرێكە لە پاكسازی ڕوناكبیریی (4). هەمیشە سوكرات لەو باوەڕەدا بووە، فەلسەفەكردن لە چوار شت ئازادمان دەكات : 1 : لە غرور ، بەتایبەت غروری بیركردنەوە؛ بیركردنەوە لەوەی دەزانین، كە چی نازانین، 2 : لە پەرێشانی، كە بەرهەمی بێ مانای، ناڕوونی و گومڕاییە، 3 : لە ترسی بێ بیانوو، بۆنموونە بیانووی ترس لە مەرگ، 4 : لە سۆزی زیانبەخش، بۆنموونە، سۆزی چێژ، خاوەنداریەتی، هێز و شوهرەت. سوكرات وای بۆ دەچێت ئەم شتانە تۆێكلی ڕۆح ،وەك قووڕ، دادەپۆشن و ناهێڵن ڕوناكی ڕاستی و باشەی پێبگات (5). كەوابێت، لای سوكرات فەلسەفەكردن بۆ پاككردنەوەی ڕۆحە لەم ڕێگرانە. ئەو چوار شتەی سوكرات ئاماژەی پێدەكات ڕۆح پیسكەرن، ڕۆحیش پاش پیسبوونی پێویستی بە خۆپاقژكردنەوەیە. بۆ ئەوەی ڕۆح خۆی لەو پیساییانە پاقژبكاتەوە فەلسەفەكردن دێتەكایەوە. ئەو چوار دیاردەیەی سوكرات باسی لێوەدەكات گوشار دەخەنە سەر ڕۆح و ناهێڵن كاری خۆی بە پاكی بكات. بیرۆكەكەی سوكرات لێرەدا خۆی لەوە پوختدەكاتەوە، فەلسەفە كار لەسەر ڕۆح خاوێنكردنەوە دەكات، بەڵام ئێمەی مرۆڤ، كە هەمیشە ترسی مەرگ دەمانتۆقێنێت هیچ تێگەیشتنێكمان بۆ ئەم ترسە نییە، ئەمەش وادەكات ڕۆحمان بەدەم ئەم ترسەوە پیس بێت. ئەو دەمەش مەیلی شەهوەت و هێز و خۆشیەكان دەكەین ڕۆحمان پریشكی ئەم مەیلەی بەردەكەوێت و پیس دەبێت، یان كە خۆمان هەمیشە لە ناڕوونی و بەدحاڵییدا دەبینینەوە دووچاری بەهەڵەتێگەیشتن دەبین و ڕۆحمان لەكەداردەكەین، وێرای ئەوە، ئەو فیزە زۆر و لووتبەرزییە گەورەیەی تیاماندایە دیسانەوە ڕۆحمان شەكەت و ناشرین دەكات. بەم جۆرە، پێویستە هەموو ئەمانە لە ڕۆح دورخرێنەوە و ڕۆحیش خاوێن و پاك بمێنێتەوە تا هەست بەبوونی خۆی بكات. بۆئەوەی ئەمەش ڕووبدات پێویستمان بە فەلسەفە دەبێت.

بایەخدان بە فەلسەفە دەكرێت لە شێوەی ئەو بایەخپێدانە بێت، خوێندكارێكی فەلسەفە دەیدات بە مادەی فەلسەفە، تا دەگاتە ئەوەی ئەم خوێندكارە دەبێت بە پسپۆر لە فەلسەفەدا. هەشە بایەخپێدانەكەی بە فەلسەفە وەك بوارێكی لۆژیكی و تێڕامانئامێزانە خۆی بەرجەستەدەكات و دەبێتە هەنگاوێكیش بۆ تێگەیشتن لە جیهان و بوونی. مرۆڤ لەڕێگای فەلسەفەوە جیهان دروستناكات، لێكدانەوە بۆ جیهان دەكات، لێ دواتر فەلسەفە ئەمەی پێكەم بوو و پێیباشتربوو جیهان بگۆڕێت.

بەشداری فەلسەفە لە گۆڕینی جیهان بووە داوا گەورەكە لە سەدەی 18 بەولاوە. ئەمەش بەواتای باشكردنی گوزەرانی خەڵك دێت. دەستكاریكردنی دۆزی تاك و كۆمەڵگە، بەڵام هیچ كات ئەوەمان بیرنەچێت فەلسەفە بریتییە لە سێستەمێكی ئاگایی دیاریكراو، كە تایبەتمەندی و پەیكەربەندی خۆی هەیە.

پوختەی گشت ئەوەی لای سەرەوە ترا، گۆڕینی شوێنی فەلسەفە لە بیركردنەوەی كولتووریمان گۆڕینی تێگەیشتمانە بۆ خودی خۆمان. بەم گۆڕینە فەلسەفە دێتەناو ژیانمان. فەلسەفە لەگەڵ ژیاندا یەكدەگرێتەوە. لێرەوە فەلسەفە لەوە دەكەوێت تەنیا بریتی بێت لە قوتابخانە و بزاڤ و بیروبۆچوونی بیریاران. واتە ژیانمان فەلسەفی بێت. كاتێك ژیانمان ئەوە بوو زۆرتر لە خودی خۆمان نزیكدەبینەوە تا ئەوەیتر. تێگەیشتن و تێڕامان لە خودی خۆمان دەروازەی فەلسەفەكردنەكانمانیشە بۆ گۆڕینی بینینمان سەبارەت بەو گرفت و پەشێوەییە ڕۆژانەییانەی تیای دەژین.

فەلسەفە لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی وڕێنە، هەڵە و  بەدییەكان بوەتەوە، گشت ئەوانەش ویستویانە خۆیان وەك تێڕامانی فەلسەفی، یان دانایی نمایشبكەن. بۆئەوەی فەلسەفە بكارێت فەلسەفە لە نافەلسەفە، فەلسەفە لە زۆر وتن جیابكاتەوە پێویستی بەوە دەبێت لە تەقەلا شیكارییەكانی نەوەستێت. لەم بارەیەشەوە تەگەرە و ئاستەنگی بۆهاتۆتەپێش. ململانێی فەلسەفە لەتەك بیری ناڕاست و خورافی تادەگاتە بیری نەزۆك و مردارەوە بوو بەسەرهات و چیرۆكی زۆری لێبووەتەوە و بیری بیریارانیش لە دەرئەنجامی ئەو ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوانە نەشونمای زۆری كردووە. 

لە بەشەكانی دواتردا

لە بەشەكانی دواتردا پەیتا پەیتا ڕۆدەچمە نێو داڵانەكانی قەرزارییەكانم بە فەلسەفە و ئەو بەرپرسیارییەتانەش بەسەردەكەمەوە بە هۆی ئەم قەرزوەرگرتنەوەیەوە هاتووەتەسەرم. لەوێڕا دیدار و ئامادەبوونم لە سمینارە سەرسامكەرەكانی بیرمەندە گەورەكان (دێریدا، ئاگامبێن، بادیۆ، ڕانسیێر، نیگری، ژان-لۆك نانسی، ژیژێك، ئێتیان بالیبار Étienne Balibar و......) بەنموونە دێنمەوە. بەهۆی ئەوەوە دانیشبەوەدادێنم، بینین و گوێبیستنی هزرەڤانە مەزنەكان چ ویستێكی فەلسەفی و چ هیوایەكی بۆ سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی تێفكرین پێبەخشیم. هاوكات ئاوڕ لەو جۆرە باس و خواسانەش دەدەمەوە بۆ خۆم و بۆ ئێستای فەلسەفە، لەو ژینگەی لێیدەژیم، پێویست و گرنگن، لەوانە: كاردانەوەی سەردەمی ڕۆشنگەری، لە هەڕەتی لاویم، بەسەر سەرەتای بیركردنەوەی فەلسەفییمەوە، ئەوەی مۆدێرنە گشت شتێك نییە، ئەوەش كە ساڵانێك پەلەكێشی نێو گفتوگۆی پۆستمۆدێرنە و پاشبنەماخوازی كردم. لە هەموو ئەو شوێنانەش كە دێمەگۆ، باسی ئالوودەبوونم (گیرۆدەبوونم) بە فەلسەفەوە كۆڵەگەی تێكڕای وتنەكانم پێكدێنێت،، ئەوەش، كە چۆن فەلسەفە لە ئێستادا گێچەڵ بە دەروونناسی دەكات، چونكە شتێكی ئەوتۆی بۆ وتن پێ نییە، باسێكی گەرمی منن. هەر فەلسەفەش بوو فێریكردم شكۆداری بیركردنەوە شایانی پاراستنە، یان فەلسەفە نەبایە ئێستام بەشێك بوو لە هیچی. هاوكات فەلسەفە فێریكردم حەكیمانە ڕەفتاربكەم، لە واتای ترس و تەنیایی و بێزاریی، لە چییەتی هاوڕێیەتی، حاڵیبم، دیسانەوە هەر فەلسەفە حاڵیكردم كوردایەتی لە مەترسیدایە، پەرواێزخراوەكان، لە هەركوێدابن، هەوێنی فەلسەفەن، دەستكاریكردنی ژیانی پرایڤتی ئەوەی دی نابەجێیە، ڕق لە فەلسەفەش ناساغییە.

سەرئەنجام:

بەڵێ من قەرزارێكی زۆری فەلسەفەم. بۆ بەندە ئەوە هەمیشە پرسیارێكی نەبڕاوە بوو چۆن قەرزە فەلسەفییەكانم بدەمەوە؟ قەرزاری من لەوبارەیەوە دیرۆكی خۆی هەیە. قەرزارییە ڕەوشتی و ڕۆحییەكانم بەشیكن لەو قەرزە. ئەوەش، كە چۆن فەلسەفە فێریكردم بەختەوەری بناسم شتێكی كەم نەبوو. دانەوەی قەرز، قەرزی لەم شێوەیە سانا نییە. قەرزی فەلسەفی قەرزی ئابووری نییە. لەمیانەی ئەو قەرزەشەوە پرسیاری فەلسەفە بۆلەمەودوا چیپێدەكرێت؟ لە كن من زوو زوو دەهاتەسازان. تێگەیشتم ئەم پرسیارە تەنێ لە ڕێگای بەشداریپێكردنی فەلسەفەوە وەڵامی خۆی چنگدەكەوێت، هاوكات دەتوانرێت كارێواشبكرێت فەلسەفە زۆرێك شتی پێبكرێت.

قەرزی فەلسەفی من لەو كاتەوە دەستپێدەكات، كە بیركردنەوەم گۆڕا. بیركردنەوەم بۆ دیاردەكانی ناو بوون، دەوروبەرم وەك خۆی نەمایەوە. ئێستا وەك پێشتر، پێش ئاشنابوونم بە فەلسەفە، بیرناكەمەوە. فەلسەفە فێری بیركردنەوەی كردم، بیركردنەوە لە جۆر و ئاستێكی تر. بیركردنەوەیەك، كە فێری وەستانی كردم لەسەر شتەكان. فێری ئەوەی كردم خێرا نەڕۆم بەسەر شتەكاندا و شپرزە و پەرشوبڵاو بیرنەكەمەوە. بە كورتی فەلسەفە والێكردم خۆمبم.

رفڕێنسەكان
1.Sven-Olov Wallenstein. Uppfinnandet av estetiken. TFL 2008:3-4. s. 62. Stockholm.
2.Torbjörn Tännsjö.  Värdegrundens vara eller icke vara. Nordisk Tidskrift för Allmän Didaktik. Vol. 2, No. 1, november 2016, s. 71 . Stockholm.
3.Hans Ruin. Kommentar till Heideggers varat och tiden. Södertörns högskola 2005, s. 5. Stockholm.
4.Richard E. Creel. Thinking Philosophically: An Introduction to Critical Reflection and Rational Dialogue , p.25.
Ibid..5

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.