سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ململانێی نێوان زانست و ئاین
بەشی یەكەم

19/11/2016


ئا: شاژیر محەمەد

- جاک بنینی بوسوێ: (تەواوی زانست و زانیاری دنیا لە خاچەکەی مەسیح دایە)

- رۆجێ بیکۆن: (هەموو زانست لە ئینجیل دا هەیە)

- گالیلۆ: (هیچ كام له‌ پیاوانی ئاینی ناتوانن ئیدیعای ئەوە بکه‌ن کە زانستی ئەندازە یان گەردون یاخود میکانیک یان پزیشکی ناوەڕۆکەکەی لە کتێبی پیرۆز دا هەیە چاکتر لەوەی کە لە کتێبی ئەرخەمیدس یان بەتڵیمۆس و جالینۆس یاخود بۆیسی و گالینۆس دا هەیە)

- گالیلۆ: (دەبێت پیاوانی ئاینی دەربارەی ئەو زانستە سروشییانەی هیچی لەبارەوە نازانن و بەدرێژایی تەمەنیان ئەزمونیان نەکردوە هیچ بڕیارێک نەدەن و هیچ نەڵێن)

- بیلارمان: (گەر لە داهاتودا کەسێک توانی دروستی تیۆریاکەی کۆپەرنیکۆس بسەلمێنێت ئەوا پێویستە لەسەرمان سەر لەنوێ تەئویلی ئینجیل بکەینەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو تیۆریایەدا هەنگاو بنێ و لەگەڵ حەقیقەتێکی زانستی حاشاهەڵنەگردا ناکۆک نەبێت، چونکە ناکرێت مانای ڕاستەقینەی کتێبە پیرۆزەکان لەگەڵ هیچ حەقیقەتێکی دیکەدا ناکۆک بێت ئیتر ئەو حەقیقەتە فەلسەفی بێت، زانستی، یان گەردونی بێت)

- کڵێسای مەسیحی: (لە حاڵێکی وەهادا کە زانست و ئاین ناکۆک بن دەبێت زانست بگۆڕدرێت نەک دەستکاری دەقە پیرۆزەکان بکەین)

                                                        
زانست لە سەدەکانی ناوەڕاست

سەرەتای سەرهەڵدانی زانست لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست دا دەگەڕێتەوە بۆ سەر لەنوێ سەرهەڵدانەوەی فیکری یۆنانی، ئەویش لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەرستۆ و بەتلیمۆس و ئەقلیدس و جالینۆس و هیپۆکرات، کە لە بواری ئە ندازە و پزیشکی و ئەستێرەناسی و گەردونناسی دا نوسرابون، وەرگێڕانی ئەم سەرچاوانە جموجوڵێکی گەرمی زانستیی دروست کرد. ئەندرۆ دی وایت لە کتێبی (میژووی جەنگ لە نیوان زانست و تیۆلۆژیا لە جیهانی مەسیحی دا) باس لەو جەنگە سەختە دەکات کە فەندەمێنتالیزمی مەسیحی لە دژی زانست بەرپایکرد بۆ ئەوەی ڕێگە لە بڵاوبونەوەی بگرێت، پیاوانی ئاینی، زانست و فەلسەفەی یۆنانیان بە هەڕەشەیەک دەزانی بۆ سەر دەسەڵاتی ئاین، چونکە له‌ سايه‌ی زانست دا ئەقڵ ئەو ئازایەتییەی پەیدا کرد داوا لە ئاین بکات کە بە بەڵگە ڕاستی و دروستی ئەو شتانە بسەلمێنێت کە باسیان دەکات. سەدەکانی ناوەڕاست هەزار ساڵی خایاند و بە درێژایی ئەو ماوەیە بزاوتی بەرەوپێش چونی زانست ڕاگیرا، و لە جیهانی ئیسلامی دا ڕێبازی سۆفیگەیی و دەروێشی تەشەنەی کرد و لەگەڵیشیدا فیکری زانستی و ئەقڵانی پاشەکشەیانکرد. .


قەشە ئۆگستین هەوڵی بە مەسیحی کردنی ئەفلاتون دەدات!


(ناکرێت لە هەمان کات دا مەسیحت خۆش بوێت و ئەفلاتون و شیشرۆنیشت خۆشبوێ)، ئەمە ئەو دێڕە بوو کە لە سەدەکانی ناوەڕاست دا لە لایەن مەسیحە  توندڕەوەکانەوە وەک ڕەخنەیەک دەوترا بەرامبەر بەو هەوڵانەی بۆ زیندوکردنەوەی زانست و فەلسەفەی یۆنانی دەدرا، بیروباوەڕی قەشە ئۆگستین دەچوەوە سەر ئەفلاتونیزم وە بیروڕاکانی بۆ ماوەی چەند سەدەیەک لة ماوه‌ی نێوان (٣٥٤ - ٤٣٠) بە سەر مەسیحییەت دا زاڵ بوو، ئۆگستین هەوڵی ئاشت کردنەوەی  زانست و ئیمانی دەدا. دوای چوار سەدە لە پشێوی و ناکۆکییان، ئۆگستین دەیگوت: (گەر هاتو تێکستە پیرۆزەکان لەگەڵ زانست دا ناکۆک بوون ئەوا دەبێت سەر لە نوێ شرۆڤەی تێکستە پیرۆزەکان بکەینەوە) بەڵام کڵێسا پێچەوانەی ئەو بۆچونەی هەبوو و دەیوت (لە حاڵێکی وادا دەبێت زانست بگۆڕرێت نەک دەسکاری دەقە پیرۆزەکان بکەین). بیروڕاکانی قەشە ئۆگستن توانی تا بەراییەکانی سەدەی دوانزە بمێنێتەوەو لەوە بەدواوە کاریگەریی نەما. 
 

تۆما ئەکویناس هەوڵی بە مەسیحیکردنی ئەرستۆ دەدات!

 هەرچەندە مەسیحییەت لەگەڵ ئەفلاتونیزم دا تاڕادەیەکی باش هەڵی کردبوو، بەڵام نەیدەتوانی لەگەڵ ئەرستۆ دا هەڵبکات، چونکە بیروڕاکانی ئەرستۆ خاڵی ناکۆکیان زیاتر بوو لەگەڵ مەسیحییەت، بەنمونە، ئەرستۆ باس لەوە دەکات جیهان ئەزەلییەو لە دێر زەمانەوە هەیە، لە کاتێکدا مەسیحییەت بۆچونێکی پێچەوانەی هەیە و پێیوایە جیهان ئەزەلی نیە و لە لایەن خالقێکەوە دروست کراوە؛ هەروەها ئەرستۆ پێی وانەبوو رۆح بە بێ جەستە بونی هەبێت، بەڵکو پێی وابوو رۆحیش لەگەڵ جەستەدا دەمرێت، بەڵام بە گوێرەی مەسیحییەت (دوای مەرگی جەستە ڕۆح دەمێنێتەوەو نامرێت) لەم ڕووەوە ئەفلاتون لەگەڵ مەسیحیەت کێشە ی نەبوو.
لە مێژوودا، یەکەمین  شۆڕشی زانستی گەورە، شۆڕشی زانستی یۆنانی و ئەرستۆتالیسییە، بەر لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی زانستی ئەرستۆ، تیۆلۆژیای مەسیحی باڵادەست بوو، هێنانەوە ئارای بەرهەمەکانی ئەرستۆ هەژانێکی لە ناو کایەی مەسیحی ئەوروپیدا دروست کرد، لە ڕاستیدا ئەرستۆ ڕابەری فیکری بتپەرستی یۆنانی بوو و زۆر لە پرەنستیپەکانی بیروباوەڕی مەسیحی دووربوو.

بۆیە جۆرج گۆسدروف دەڵێت: "پێویستە لە نێوان ئەرستۆ و یەسوعی مەسیح واتە لە نێوان ئەقل وئیمان یەکێکیان هەڵبژێرین"، گەر هەوڵیش بدەین هەردوکیان پێکەوە هەڵبژێرین، ئەوا سەرەنجام بەوە دەگەین لە یەک کاتدا هەر یەک لە ئەقل و ئیمان بشێوێنین.

به‌ڵام ئامانجی تۆماس ئەکویناس ئەوەبوو دەیویست زانستی یۆنانی و عەقیدەی مەسیحی لەگەڵ یەک دا ئاشت بکاتەوە، هەروەها پێی وابوو ئەگەر کێشەیەک لەنێوان ئەم دوانە دروست بوو، ئەوا قسەی کۆتایی بۆ ئاینە. واتە سەرەنجام هەر دەبێت زانست هەوڵی خۆگۆڕین و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاین بدات و ببێتە قوربانی. قەشە تۆماس ئەکویناس تێکەڵییەکی لە تیۆلۆژیای مەسیحی و زانست و فەلسەفەی ئەرستۆ سەپاندبوو، ئەمەش لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، کە تێکەڵ بوو لە زانست و ئیمان، بەسەر ئەقڵییەتی ئەوروپییەکاندا زاڵ بوو. دواتر ئەکویناس کایەی زانست و ئاینی لەیەک جیاکردەوە، تا کێشە لە نێوانیان ڕونەدات و بەر یەک نەکەون. ئەوەی لەو سەردەمەدا باڵادەست بوو دنیابینییەکانی ئەرستۆ و بەتڵیمۆس بوو. تا ئەوکاتەی کۆپەرنیکۆس هات و شتەکانی سەرلەبەر گۆڕی. بەتڵیمۆس پێی وابوو زەوی جێگیرە و سەنتەری گەردونە و خۆر بە دەوریدا دەسوڕێتەوە. کۆپەرنیکۆس (١٤٧٣ - ١٥٤٣) باسی لەوە کرد کە زەوی دەسوڕێتەوە و چەقی گەردون نیە، ئەوەی دەسوڕێتەوە بەدەوری خۆردا زەوییە نەک بە پێچەوانەوە. بەم جۆرە بۆیەکەمین جار تیۆریاکەی ئەرستۆ کەوتە ژێر پرسیارەوە، پاش ئەوەی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا کۆتایی سەردەمی ڕێنسانس باڵادەست بو، دنیابینییەکانی بۆ جیهان و گەردون لەق بوو.

کۆپەرنیکۆس کودەتا بەسەر ئەرستۆدا دەکات!


زانستی ئەرستۆیی بە درێژایی دوو هەزار ساڵ لە ئەوروپا باڵادەست بوو، واتە لە سەردەمی گریکەوە تا سەدەی حەڤدەهەم. کۆپەرنیکۆسی پۆلەندی و کیپلەری ئەڵمانی و گالیلۆی ئیتاڵی و دیکارتی فەرەنسی، بنەمای زانستی مۆدێرنیان لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەدا داڕشت و بەم جۆرە گەورەترین کودەتا لە دژی ئەرستۆ ڕویدا. لە ڕاستیدا تیۆری ئەرستۆ لە ڕووی زانستییەوە لە سەدەی چواردەوە هەرەسی هێنا، بەڵام لەبەرئەوەی بۆ ماوەی سەدان ساڵ لە مێشک وبیرکردنەوەی خەڵکیدا چەسپی بوو و فەزای کلتووری و کۆمەڵایەیتی پاوان کردبوو، هەروەها کڵێسا پەیڕەوی دەکرد، بۆیە تا سەردەمی دیکارت و گالیلۆ هەژمونی هەرمابوو. تەنانەت زۆرینەی خەڵک تا دوای ئەو میژووەش هەر دەستبەرداری نەبون، واتا تەنها سەلماندنی نادروستی تیۆریاکە لە ڕووی زانستییەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی هەرەس بێنێ و لەناو بچێ، بەڵکو کاتێکی زۆری ویست تا ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئەقڵییە باوە بگۆڕێت کە پشتیوانی لێدەکات و لە ئامێزی گرتووە. فرانسیس بەیکۆن لەم ڕوەوە دەڵێت: (لەمڕۆ بەدواوە نابێت شکۆ و دەسەڵاتی ئەرستۆ یاخود کتێبە پیرۆزەکان بەکاربێنین بۆ کۆسپ خستنە بەردەم پێشکەوتنی زانستی).

"فەلسەفەی سیکولائیستی"، ئاشت کردنەوەی زانست و ئاین
خەسڵەتی سەرەکیی فەلسەفەی سیکولائیستی ئەوەیە لە هەوڵی ئەوەدایە عەقل و ئاين پێکەوە بگونجێنێت. ئەوەی ئاقاری سیکۆلائیستی پێیەوە خەریک بوو ئەوە بوو نیشانی بدات کە چۆن دەکرێت فەلسەفەی بتپەرستی (ئەفلاتۆنیزم و ئەرستۆ تالیزم) لەگەل پرنستیپەکانی بیروباوەڕی مەسیحی دا بگونجێنێت، واتە پێویستە فەلسەفەی یۆنانی وایلێبکرێت لەگەڵ پرەنستیپەکانی ئاینی مەسیحی دا بگونجێت. لەسەر دەستی سیکۆلائیستەکان، فەلسەفە و زانستی ئەرستۆ بوو بە عەقيدەیەکی پیرۆز. لە ڕاسیتدا، ئەم ئەرستۆ مەسیحییە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە ئەرستۆی ڕاستەقینەوە نەبوو. لەو سەردەمەدا هەرکەسێک دژ بە تێزەکانی ئەرستۆ بوایە، کە باس لەوە دەکات زەوی چەقی گەردونە و خۆر بە دەوری دا دەسوڕێتەوە، ئەوا خۆی دوچاری سزایەکی توند دەکرد، چونکە دوای تەبەنی کردنی لە لایەن کڵێسای مەسیحییەوە، بوو بە باوەڕێکی موقەدەس. هەر لەم چوارچێوەیەدا گالیلۆ لە ساڵی ١٦٣٢ دادگایی کرا. لە ڕاستیدا کێشەی هەڵکردنی عەقڵ و زانست لەگەڵ بیروباوەڕی ئاینیدا لە بەراییەکانی سەدەی دوانزەوە دەستی پیکرد و لەسەدەی سیانزەدا گەیشتە لوتکە، واتە لەسەردەمی تۆما ئەکویناس. له‌ڕاستیدا ناوه‌ڕۆكی فه‌لسه‌فه‌ی سیكولائیستی زۆر زوو له‌ ئه‌وروپا كه‌وته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و شكستی هێنا، به‌ڵام له‌ جیهانی ئیسلامی دا ئێستاش وه‌ك بابه‌تێكی نوێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.