سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ململانێی نێوان زانست و ئاین
بەشی دووەم

19/11/2016


ئا: شاژیر محەمەد

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەگشتی کاتێک ڕاستییەکی زانستیی ناکۆک لەگەڵ ئاین ئاشکراکراوە، سەرەتا ڕەوتی ئاینى بەرپەرچیان داوەتەوە، بەڵام پاش چەسپاندن و شوێن گرتن و سەلماندن و بڵاوبونەوەی ڕاستییەکە و شکستهێنانی دژایەتییەکە، وردە وردە ڕەوتی ئاینی هەوڵی دروستکردنی ئاشتەوایی و گونجان و دروستکردنی خاڵی لێکچونی لەگەڵ داوە.

 

ڕێنیسانس و وەستانی گەشەی زانستی ئیسلامی و بوژاندنەوەی زانستی ئەوروپی
دوای جەنگ و ماڵوێرانییەکی زۆری ئاینی، کە ئەوروپا بەخۆیەوە بینی، خەڵکی هەستیان کرد پێویستیان بە سەقامگیربونی سیستم و بەرەوپیشچوونی زانست و کلتور هەیە، هەربۆیە پادشاکانی ئەورپا کەوتنە کێبەرکی کردن لەسەر پشتیوانی کردنی زانایان و دامەزراندنی ئەکادیمیای زانستی. ئەمانە بونە هۆی ئەوه‌ی زانست لە ئەوروپاو لە نیوەی یەکەمی سەدەی حەڤدەهەم دا قەلەمبازی گەورە بدات، هاوکات جۆریک لە ڕیفۆرمی ئاینی بە دی بیت. لەسەردەمی رینیسانسدا، ئەوروپییەکان ویستیان شوێن پێی گریکییەکان هەلگرن و بەرهەمی ئەمەش سەرهەڵدانی چەندین زانای بە توانا بوو، وەک کۆپەرنیکۆس، بارسیلیس و ڤیزال. لە سەردەمی رینسانسەوە ئەوروپا بە شێوەیه‌کی بەرچاو پێشی تەواوی شارستانیەتەکانی دیکەی دایەوە، وه‌ك شارستانييه‌تي هیندی و چینی، به‌تايبه‌ت پێشی ڕکابەرە مێژووییەکەی، واته‌ شارستانیەتی عەرەبی ئیسلامی، دایەوە.  ئیتر لەو چرکە ساتەوە، ئەوروپا دەستی بە هەڵکشان کرد و هه‌موو ئەوانی تری لە دوای خۆیەوە بەجێهێشت. تا کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست، موسوڵمان و مەسیحییەکانی ئەوروپا لە ڕووی شارستانیەتەوە هاوتا بوون. ئیبن روشد تاڕاده‌يه‌ك هاوشانی تۆماس ئەکویناس بوو، بەڵام لە سەدەی شانزەهەمەوە ڕەوشەکە بەتەواوی گۆڕا. رێنیسانس سێ سەدە بەردەوام بوو، پێیەکی لە سەدەکانی ناوەڕاست دابوو پێیەکیشی لە مۆدێرنە بوو. لە کاتێکدا زانستی کلاسیکی عەرەبی لە سەدەی سیانزەهەم دا لە جوڵە کەوت، ئەوا زانستی ئەوروپی لەو چرکەساتەوە دەستی پێکرد و لەسەدەی شانزەدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی. شۆڕشی زانستی لەسەردەستی فرانسیس بەیکۆنی ئینگلیزی و گالیلۆی ئیتاڵی و دیکارتی فەڕەنسی دەستی پێکرد. هاشم سالح لەم بارەیەوە دەلێت: (سێ سەدەیەک ماوەی جیاوازی ئێمەو خۆرئاوایە، لەماوەی ئەو سێ سەدەیەدا زانست گەشەیەکی قوڵی کرد، ئێمەش بەقوڵی لێی نوستين. کاتێکیش بەخەبەرهاتین، لە هیچ حاڵی نەبوین! لەسەردەمی ڕێنسانسەوە کەلێنێکی گەورە لە نێوان شارستانییەتی ئیسلامی و عەرەبی دروست بوو و کاتێک بە ئاگا هاتین، ئەوروپییەکان لە سەدەی نۆزدەدا لە دەرگایان داین و مۆدێرنەی ئەوروپی توشی شۆکێکی گەورەی کردین). هەروەها دەڵێت: ( لەو قۆناغەدا مەسیحییەکان کەوتنە نێوان بەرداشی زانست و بەرداشی ئایین، نەیاندەزانی باوەڕ بە کامییان بهێنن؟! گەر متمانەی خۆیان بدایەتە دەست زانست، ترسی ئەوەیان هەبو دینەکەیان بدۆڕێنن، گەر بە ئاینیشیان بدایە، دەترسان لە ڕۆحی سەردەم و ڕۆشنایی زانست داببڕێن، بەم جۆرە دووچاری قەیرانێکی قوڵ هاتن، کە بە قەیرانی هۆشیاریی ئەوروپایی ناودەبرێت. کارێکی هەروا ئاسان نییە کە دەستبەرداری شتێک بیت کە لە باوو باپیرانتەوە بۆت مابێتەوە).


زاناکان لەبەردەم دادگای بیرپشکنیندا

هەر یەکە لە گرنگترین و بە ناوبانگترین ئەو زانايانه‌ی لەبەردەم مەترسی دادگای بیرپشکنین دا بون، زانای بەناوبانگ گالیلۆ و کۆپەرنیکۆس بوون کە باسیان له‌ سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا دەکرد. کۆپەرنیکۆس توانی زۆر بە ووریاییەوە خۆی لە دەستیان قوتار بکات. ئەو کتێبەی کە باسی لە تیۆریا تازەکەی دەکرد، بڵاوکردنەوەی دواخست بۆ کاتی لە دنیا دەرچونی! دیکارت دوای سەرکۆنەکردنی گالیلۆ سالی ١٦٣٢، زۆر لە ژیانی خۆی دەترسا، لەو کاتەدا خەریکی ئەوەبوو کتێبێک چاپ بکات، بەڵام کە ئەو هەواڵە دەبیستێت، دەستبەجێ پەشیمان دەبێتەوە و کتێبەکەی دەشارێتەوە تا کەس پێی نەزانێت. لەساڵی ١٦٦٦ دا کتێبەکانی دیکارت  بە بڕیارێکی تیۆلۆژی قەدەغەکران. جۆردانۆ بڕۆنۆ کە پەیڕەوی لە تیۆریاکەی کۆپەرنیکۆس دەکرد، ئەو تیۆریایەی پاپا و فەندەمینتالیزمی مەسیحی قەدەغەیان کردبوو، گومانیان لێی پەیدا کردو کەوتنە ڕاوەدونانی، بۆیە ناچار بوو ئیتاڵیا جێبهێلێت. دوای ساڵانێکی زۆر ئاوارەیی، بازرگانێکی گەورەی شاری ڤینیسیا داوای لێدەکات بگەڕێتەوه‌ ومنداڵەکانی فێری خوێندن بکات.  دەستبەجێ لە کاتی گەڕانەوەیدا، دایە دەست دادگاکانی بیر پشکنین لە ڤاتیکان و ئەوانیش زمانیان بڕی و سوتاندیان. زانای بەناوبانگ گالیلۆ، هەمان چارەنوسی دەبوو، ئەگەر لە دوا ساتدا فریای خۆی نەکەوتایە و دەستبەرداری تیۆریا بەناوبانگەکەی نەبوایە. لە بەرامبەردا ڤاتیکان چاوپۆشییان لێکرد و حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ نەکرد، بەڵام دواتر ڕەوانەی فلۆرەنسایان کرد و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارەدا دەست بە سەریان کرد، بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێری خۆیاندا لێکۆلینەوەکانی ئەنجام بدات. دوای تێپەربونی زیاتر لە سێ سەد ساڵ بەسەر دادگاییکردنەکەیدا، کڵێسای کاتۆلیکی دانی بەودا نا کە ناهەقی بەرامبەر گالیلۆ کردووە!
 

جیهانی ئیسلامی لەبەردەم ئەگەری جەنگی زانستدا


له‌ ئێستادا، دونیای مه‌سیحی تاڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ زانست ئاشته‌وایی کردووه،‌ ئه‌ویش به‌ جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو کایه‌یه‌ لە یەکتر. ئێستا بە نزیکەیی دۆخەکە بەو جۆرەیە، کە زاناکان لە تاقیگەکانی خۆیان سەرقاڵی زانست و کاری خۆیانن و پیاوانی ئاینیش لە کڵێساکان سەرقاڵی سروت و مەراسیمی ئاینین، بێ ئەوەی بەریەک کەون، یان ڕێگە لە یەکتر بگرن. بەڵام ئەوەی ماوەتەوە دونیای ئیسلامە، کە تا ئێستا هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای لەم بابەتەدا نیە. بەشێکی زۆری هۆکارەکەش ئەوەیە لە دونیایی ئیسلامیدا جموجوڵی زانستی زۆر لاوازە و تاڕادەیەک دەتوانین بڵیین (جموجوڵی زانستی به‌ مانا قوڵه‌كه‌ی) هه‌ر نییە! ئەوەی کە هەیە، هەوڵدانە بۆ بە ئیسلامی کردنی زانست و سەلماندنی ئەوەی هەموو زانست لە قورئان دا هەیە، واتە هەمان ئەو شتەی مەسیحیەکان بەر لە سێ سەدە هەوڵیان بۆ دەدا! بەڵام دەبێت پیاوانی ئاینی لە دونیای ئیسلام لایەنی کەم لەوە بگەن کە هەوڵدان بۆ بەزانستی دەرخستنی قورئان و هەر دەقێکی ئاینی، بەر لە هەموو شتێک بە زیانی دەقە ئاینییەکە دەشکێتەوە و شێواندنی پەیامی ئاینە و ئەمە بچوککردنەوەی ئاینە، نەک شکۆدارکردنی. لە ڕاستیدا، پێویست نیە ژمارەی ئۆکسانی توخمەکان لە ناو دەقێکی ئاینی وەک قورئان دا هەبێت، کە نیە، پێویست نیە جیاوازی نێوان ویندۆزەکانی کۆمپیوتەر لە قورئان دا هەبێت. دواتر هەموو بیردۆزە زانستییەکان ئەگەری هەڵوەشانەوە و گۆڕانکاری و شوێن گرتنەوەیان لە لایەن بیردۆزی تازەترەوە هەیە. دەشێت لەوکاتەدا کە پیاوانی ئاینی سەرقاڵی دۆزینەوەی خالی لێکچونن لە نێوان بیردۆزێکی زانستی و دەقێکی  ئاینیدا، لە هەمان کاتدا زانایان لە تاقیگەکانیان سەرقاڵی پوچەڵکردنەوەی ئەو بیردۆزە و بناغەدانانی بیردۆزێکی نوێ بن! هەروەک ئەوەی لە سەدەکانی ناوەڕاست ڕوویدا، هەتا کڵێسا زانستی ئەرستۆی قبوڵکرد و پیرۆز و تەبەنی کرد، کۆپەرنیکۆس و گالیلۆ پێچەوانەی ڕاکانی ئەرستۆیان سەلماند! بۆیە لە ڕاستیدا، ئەوەی لە دونیای ئیسلام دەگوزەرێت، ڕێک دوبارەکردنەوەی هەڵەیەکی مێژوویی مەسییحەکانە.  ئەو جۆرە لێکچونانەی ئێستا لە جیهانی ئیسلامی لە نێوان زانست و دەقە ئاینییەکان دروست دەکرێت، هێندە لاوازە کە ئەگەر ئەو جۆرە بەراوردکاریانە بەس بێت و بەڵگە بێت لەسەر لێکچونی زانست و قورئان، ئەوا دەکرێت لە دەقێکی وەک ئەلیازە و ئۆدیسا و گلگامشیش، یان هەر چیرۆکێکی کۆنی ئەفسانەییدا، هەندێک لێکچونی لەو جۆرە بدۆزینەوە.

 جیاوازیی نێوان دونیای ئیسلام و دونیای مه‌سیحی له‌ بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ بواری زانست و ئاینه‌وه،‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ جیاوازی نێوان منداڵ و گه‌وره‌ ده‌چێت. ده‌کرێت دونیای ئیسلامی منداڵه‌که‌ بێت، که‌ هێشتا هه‌مان ئه‌و شتانه‌ی ئه‌زمون نه‌کردووه‌ که‌ دونیای مه‌سیحی ئه‌زمونی کردوه‌. به‌ڵام لێره‌دا قسه‌یه‌کی دیکه‌ش هه‌یه‌، مه‌رج نیه‌ دونیای ئیسلام ناچار بێت ده‌قاوده‌ق هه‌مان ئه‌و ئه‌زمونه‌ دووباره‌ بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌وروپا پیایدا تێپه‌ڕیوه،‌ هه‌روه‌ک چۆن خوشکێکی بچوک پێویست نیه‌ هه‌مان ئه‌و هه‌ڵانه‌ دووباره‌ بکاته‌وه‌ که‌ خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ی کردویه‌تی، مه‌رج نیه‌ ببێته‌ نوسخه‌یه‌کی کۆپی کراوی ئه‌و. ده‌شێت بتوانێت سود له‌ هه‌ڵه‌کانی وه‌رگرێت و به‌وه‌ش ببێته‌ مرۆڤێکی باشتر و سه‌رکه‌وتوتر.

هەروەک پیشتر ئاماژەمان پێکرد، کاتێک مێژووی فەندەمینتالیزمی مەسیحی دەخوێنینەوە، زۆر لە فەندەمینتالیزمی ئیسلامی دەچێت. کەواتە پرسیارێک دێتە ئاراوە: بۆچی رۆژئاوا بەم دۆخەی ئێستا دەگات بەڵام دونیای ئیسلامی هەر لە سێ سەدە لەمەوبەردا دەمێنێتەوە؟ وەڵامەکە دەشێت ئەوە بێت، ڕاستە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان پیاوانی ئاینی مەسیحی و ئیسلام، یاخود لە نێوان مزگەوت و کڵێسا دا نیە، یاخود نەبووە، بەڵام جیاوازییەکە لە بیرمەندانی خۆرئاوا و بیرمەندانی دونیای ئیسلامی دایە.

ئەو گۆڕانکارییانەی لە دونیای مەسیحیدا ڕوویداوە، قەشەکان بە ویستی خۆیان نەیانکردوە، بەڵکو بوێری و جموجوڵی زانستیی زاناکان بەرهەمیان هێناوە. بیرمەندانی دونیای ئیسلام، سەرباری ئەوەی هیچ داهێنانێکی زانستی ئەوتۆیان نەبووە، تا ئێستاش بوێریی ئەوەیان نیە کە بڵێن ئەوەی زانست دەیڵێت لە قورئان دا نیە و پێویستیش نیە هەبێت، دەقە زانستییەکان و دەقە ئاینییەکان لێک  جودان. بیرمەندانی دونیای ئیسلام، لە ترسی لە دەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی و سۆزی جەماوەر، سڵ دەکەنەوە لە داننان بە ڕاستییەکی سادەی لەم جۆرە، کە زیاتر لە سێ سەدە لەمەوبەر زانا و بیرمەندانی ئەوروپا ڕووبەڕووی کڵێسای سەرکوتکاری مەسیحی دانیان پێداناوە. تا ئێستاش وتووێژی بیرمەندانی دونیای ئیسلامی لە چوارچێوەی بابەتە کۆمەڵایەتی و بابە تە لاوەکییەکان تێپەر ناکات.


به‌كورتی
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەگشتی کاتێک ڕاستییەکی زانستیی ناکۆک لەگەڵ ئاین ئاشکراکراوە، سەرەتا ڕەوتی ئاینى بەرپەرچیان داوەتەوە، بەڵام پاش چەسپاندن و شوێن گرتن و سەلماندن و بڵاوبونەوەی ڕاستییەکە و شکستهێنانی دژایەتییەکە، وردە وردە ڕەوتی ئاینی هەوڵی دروستکردنی ئاشتەوایی و گونجان و دروستکردنی خاڵی لێکچونی لەگەڵ داوە. بەجۆرێک زۆرجار، چ ئاین و چ زانست، شێوێنراون، بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێبکرێت! هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاشتەوایی و لێکچوون لە نێوان زانست و ئایندا، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. ئەگەر ئەم ئاشتەواییە نەبوایە، ڕەنگبوو زۆرێک لە زاناکان ژیان و بەرهەمەکانیان لە دەست بدایە و لەوانەبوو بڵاوبونەوە و گەیشتنی ڕاستییە زانستییەکان بە مرۆڤ سەخت و دژوار بوایە، یان هەر ڕووی نەدایە، یاخود درەنگ ڕوویبدایة. بەدەر لەوەش، جێگرتنەوەی ڕاستەوخۆی ئاین لە لایەن زانستەوە، بابەتێکە لەسەر دەرونی مرۆڤەکان قورس دەکەوێت. بەڵام ئەم تێکەڵکردنە وادەکات خەڵکی نە لە دەسکەوتە زانستییە مۆدێرنەکان بێبەشبن، نە لە موژدەی بەهەشتی ئاینەکان. بە گشتی، ئەم ئاشتەواییە ڕێگەی لە ڕودانی زۆر جەنگ و توندوتیژی گرتوە. ئەمانە بەشێکن لە لایەنە ئەرێنییەکان. لەکاتێکدا لایەنی نەرێنیی کارەکە لەوەدایە، زۆرێک لە ڕاستییەکان لە خەڵکی دەشێوێنرێن. تێکەڵکردنی زانست و ئاین، لە لایەک ئاین لە ئەفسون و ئێستاتیکا و پێگەی ئاسمانی و شکۆمەندی دادەماڵێت و دەیکاتە کەرەستەیەکی سادە و ساکاری مادی و زەمینی، لە لایەکی ترەوە زانست سنوردار دەکات و ڕەوتی گەشەی زانست خواروخێچ دەکات. بەگشتی، لەکاتی تێکەڵکردنی زانست و ئاین، هەردوو کایەکە زۆرێک لە ماناکانی خۆیان لە دەست دەدەن و ڕێ لە گەشەی یەکتر دەگرن و  زۆرجار خۆیان بۆ یەکتر بچوک دەکەنەوە و سیمای خۆیان لە دەست دەدەن. بۆئەوەی لە یەکتر بچن، دروست کردنی ئەم جۆرە لێکچونە لە نێوان زانست و ئاین دا گورزێکی کوشندەیە لە خودی ئاین، بەپێچەوانەی ئەوەی کە پیاوانی ئایینی وەک دەسکەوتێک لێی دەڕوانن. 

سەرچاوە:
(دابڕانی ئەپستمۆلۆژی لە فیکرو ژیان دا) ،نوسینی هاشم ساڵح ، وەرگێڕانی شوان ئەحمەد
(سەرەتایەک دەربارەی ڕۆشنگەری ئەوروپی) نوسینی هاشم سالح ، وەرگێڕانی شوان ئەحمەد

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.