سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كاكەیی (یارسان) چیە؟ كتێبی پیرۆزیان چیە؟ بۆچی ئەم ئاینە تەماویە؟

20/11/2016


هەمو شتێك لەبارەی كاكەیی (یارسان) 

بەشی یەكەم

كاكەیی یان یارسان، ئاینێكە تائێستا لەچەند ناوچەیەكی جیهان بونی هەیە، بەشێكی زۆری پەیڕەوانی ئەو ئاینەش لەچەند ناوچەیەكی كوردستانی رۆژهەڵات و باشور دەژین. ڕەگ و ڕەچەتەی یارسانەكان بەپێی ‌جیاوای ناوچەو سەرچاوە مێژوییەكان چەندین ناوی تری هەیە وەك (ئەهلی هەق، كاكەیی، عەلی ئیلاهی..) بەڵام لەكۆی هەمویاندا ناوی یارسان بەكار دێت. لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان پێیان باشە بە (یاری و یارسان) ناویان بهێنرێت.

كتێبی سەرئەنجام

كتێبی یارسانەكان ‌ناوی "سەرئەنجام"ـە، كە كتێبی  پیرۆزیانە. 
ئەم كتێبە لەشەش بەش پێك دێت، یان ڕاستتر وایە بڵێین شەش كتێبە بەم ناوانە:
1-بارگە بارگە: دانەری ئەم بەشەی كتێبەكە (سەرای سان سەهاكی بەرزنجی، پیر بنیامین، سەی میر ئەحمەد، سەی مستەفا...هتد
2-دەورەی هەفتەوانە، حەوتەوانە: ئەم بەشە بریتییە لە سرودی دەهەجای یەكسانە دەبڕگەی كە لەلایەن ژمارەیەك لە رابەران و پیرانی یارسانەوە نوسراوە،‌ وەك: سان سەهاكی بەرزنجی، پیر بنیامین ، خەلیفە عەزیزی سلێمانی..... هتد
3-گڵیم وەكۆڵ: یەكێكە لەمەتنە مەعریفیەكانی سەدەی هەشتەمی كۆچی كە لەلایەن سان سەهاكی بەرزنجی، پیر بنیامین، داودی كۆسوار، سەی موحەمەدی شارەزوری و هتد.. دانراوە.
4-دەورەی چل تەن: سرودەكانی ئەم بەشەش لەلایەن ڕابەران و گەورە عارفانی یارسانی سە‌دەی هەشتەمی كۆچی یەوە نوسراوە وەك: سان سەهاكی بەرزنجی، پیر بنیامین، داودی كوسوار .....هتد.
5-دەورەی عابدی جاف عابدی پاش جاوەش: ئەم بەشەش بریتییە لە (31) سی و یەك بەند، بێجگە لەبابەتی دینی چەندین باس و خواسی سەبارەت بە كشتیاری لەگەڵ باس و خواسی ئەو سەردەمە تێدایە، سەبارەت بە پێكهاتەی كۆمەڵا‌یەتی تیرەكان و ناوەكانیان دەدوێت، لەوانە (لوڕ، لەك، لۆلۆ، جاف، گۆران)، هەروەها باسی گیای پیرۆزی هم، دەكات كە لەناو كورددا سوم- ی پێ دەوترێ، هەروەها ناوی ساری هورمزگان باسكراوە.
6-وردە سەرنجام: كورتەی سەرنجام لەم بەشەدا باسی هەندێ بنەماو پەیڕەوی دینی دەكا لەوانە: سەرسپاردن، جەم وجەم خانە، ڕۆژو و قوربانیكردن، بەهاوسەربون، ناونانی منداڵ و ....هتد.

هەمو بەشەكانی "سەرەنجام" بەشێوە‌ هەورامی (گۆران) نوسراون تەنها لەدەورەی عابدینی جاف نەبێت كە بەشێوە‌ی جافەكانی دەشت و بناری شارەزور  نوسراوەتەوە، ئەم شێوازە قسەكردنە بە هەورامی جافی ناوی هاتوە.
خوێندنە‌وەی سەرەنجام ئەركی ڕابەرە دینیەكانە كە پێیان دەوتن كەلام خوێن.

سەرهەڵدانی كاكەیی

ئیدمۆنز باس لە سەرهەڵدانی "یارسان" دەكات كە ئەو هەر بە "كاكەیی" ناوی دەبات و دەیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی  ژیانی سوڵتان سەهاك، ئەو لای وایە ئەم رێكخستنە سەرەتاكەی بۆ شێخۆ شێنی لوڕستانی دەگەڕێتەوە، هەروەها هەندێ رازی باس كردوە وەك رازی داواكردنی دیران خاتون بۆ شیخ عیسای بەرزنجی، هەروەها شەڕی سوڵتان سەهاك و یارانی لەگەڵ لەشكری چیچك.
لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەكات كە كاكەییەكان بەشێوەیەكی گشتی دەكرێن بە دوو بەشەوە (گۆران و شمشێر ئاوردە).
ئیدمۆنز سەردانی هاوارو شنروێ و شوێنە ‌پیرۆزەكانی تری كاكەیی لەناوچەی هەورامانی ئەودیو كردوە.‌

باسیل نیكتن لەكتێبی (الأكراد) لەلاپەڕە (213، 214) باس لە كاكاییەكان دەكات و دەڵێ مەسەلەی ئەهلی هەق تەنها بە خوازانینی خەلیفەی چوارەمی موسوڵمانان نی یە، بەڵكو پەیوەستە‌ بە ئەو قۆناغەوە كە‌ زاتی خودا دەچێتە ناو تەنی مرۆڤەوە لەهەر قۆناغێكیشدا چوار فریشتەی لەگەڵدان، هەروەها باس لەوە دەكات كە دابەزینی كەلامی خودا لەسەردەمی عەلیدا نەبوە بەڵكو لەسەردەمی شاخۆشینی لوڕستانیدا بوە. 

خاتو لێدی شێل هاوسەری باڵیۆزی بەریتانیا لەسەردەمی ناسرەدین شای قاجاردا لەیاداشتەكانیدا دەڵێت: گروپی عەلی ئیلاهی پێیان وایە عەلی خودایە.

بۆچی ڕێ و ڕەچەتە‌ی "یارسان" تائێستاش تەماوییە؟


1-ئەوان لەڕوی دینەوە زۆر گۆشەگیرن، هەروەك لەكۆنەوە دەڵێن یەكێك لەبنەماكانی دینەكەیان نهێنی پاراستنە، تەنانەت دركاندنی بچوكترین نهێنی دینەكەشیان بە تاوانێكی گەورە دادەنێن، ئەوەی بەكارێكی لەم چەشنە هەستێت بە كەسێكی لادەرو قێزەون و بێزراو لەقەڵەمی دەدەن، دیارە ئەمە ‌نەك بنەمایەكی دینەكەیانە، بەڵكو بوەتە بەشێك لەكلتورو رسوماتیان بۆتە بەشێك لەكەسایەتییان، هەر بۆیە دەبینیت چەند كەسێكی كەم نەبێت لە رۆشنبیران، ئەگینا كەم كەس هەوڵیداوە لێكۆڵینەوە لەسەر دینەكەیان بكات چونكە زۆر كەم زانیاری دەست دەكەوێت لەبارەیانەوە.
2-دابڕانێكی جوگرافی گەورە لەنێوان یارسانەكاندا هەیە، شوێنكەوتوانی ئەم دینە لەچەندین ناوچە و هەرێمی جیاوازو دور بەیەك هەن و بڵاوبونەتەوە، وەك هەرێمی ئیلیزابس پۆر ناوچەی قارس، چەند ناوچەیەك لە قەفقاس، هەریەك لەوڵاتانی توركیاو سوریا، لوبنان، هەروەها لە عیراق و ئێرانیش دەژین.
ئەم پەرتەوازەییەش بوەتە هۆی ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی دینەكانی ترەوەو سەرەنجام گەلێك شتیان لەخۆیان تێكداوە، بۆنمونە هاواریەكانی كوردستان بەزۆری لای مەلای ئیسلام ژن مارەدەبڕن!.
3-كتێبە پیرۆزەكانی یارسان و بەرهەمەكانی شاعیر و عارفەكانیان جیاوازی لەنێوانیاندا هەن. 

 

لەبەشەكانی تردا زانیاری زیاتر لەبارەی یارسان وەربگرە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.