هەموو شتێك لەبارەی كاكەیی (یارسان)
بەشی دووەم
ناوە جیاوازەكانی ئەم دینە
شوێنكەوتوانی ئەم دینە چەندین ناوی جیاوازیان هەیە لەوانە: (یارسان، ئەهلی هەق، كاكەیی، عەلی ئیلاهی، قەڵخانی، تفەنگچی)، بەڵام تەنها چوار ناو پەیوەندی بە ڕەگ و ڕیشەی دینەكەوە هەیە، ئەوانی دیكە زیاتر ناوی ناوچەیین.
یارسان
خۆی وشەكە لە (یاری ستان)ـەوە هاتوە، دیارە ئامرازی پەیوەندی نەماوە تائێستاش لەكوردستانی ناوچەی گەرمیان ئامرازی پەیوەندی زۆر بەكارناهێنن، بۆیە بوە بە یارسان.
هەریەك لە مەردۆخ سیسێل، جۆرج ئەدمنۆز، هەدی بەهمەنی لایان وایە ستان كاتی خۆی نازناوێك بو پاشای سەفەویەكان دەیدا بەحوكمڕانەكانی هەورامان، چونكە عوسمانیەكان نازناوی پاشایان دەدا بە دەرەبەگ و دەست وپێوەندەكانی خۆیان.
مامۆستا موحەمەد ئەمین هەورامی لەكتێبی مێژوی هەوراماندا دەڵێت: ناوی (سان) لەوشەی ستراپی میدی یەوە هاتوە بەمانای گەورەی ناوچە، حاكمی ناوچە.
یۆنانیەكان لایان وایە كە لەسەردەمی ئەشكانیەكاندا وڵاتی میدیا بۆ چەند ناوچەیەكی بەناو ساپرتمان دابەش كرابو، شوێنكەوتوانی ئەو شوێنەی سوڵتان سەهاكی تێدابو ناوی نابو سان سەهاك، وەك رێزێك بۆ سوڵتان سەهاك، هەركەسێكیش شوێنكەوتەی سوڵتان سەهاك بوایە ناویان دەبرد بە یارسان واتە یاوەرانی سان.
ڕایەك هەیە دەڵێ كاتی خۆی كە سوڵتان سەهاك لە زێدی خۆی هەڵهاتوەو هاتوە بۆ هەورامان، لە پەردیوەر خانو جەم خانەی دروست كردوە، لەپاڵ سروتە دینیەكەیدا و تەقوا رۆحیەكانیدا حوكمڕانیشی كردوە، زۆربەی یارسانەكانیش هەمان ئەم بۆچونەیان هەیە.
كاكەیی
دەوترێت شیخ عیسا و شێخ موسا كە هەردو كوڕی شێخ بابە عەلی هەمەدانین، پاش ئەوەی لەزێدی خۆیان دەركراون هاتونەتە بەرزنجەی ئێستا، ئەوكات ویستویانە كە مزگەوتی بەرزنجە نوێ بكەنەوە، كاتێك دارەڕا دەكەن دارەكە ناگاتەوە، ئیتر شێخ عیسا بە شێخ موسا دەڵێ كاكە ڕای كێشە، هەندێكی تر دەڵێن ئیسحاق كە سوڵتان سەهاكی دواتر دەكا كاتێ بینوێتی كە باوكی ریشی سپی یەو دارەڕا دەكات ئەو رۆشتوە بان و وتویەتی رایكێشە، ئیتر دارەكە زیادی كردوەو درێژ بوە !.
ئەهلی هەق
ئەمانیش باوەڕیان وایە هەرچی دین هەیە كۆتاییان پێ دێ تەنها ئەوەی ئەمان دەمێنێتەوەو نەمرە، چون لەسەر هەقن و لەڕاستی و خودا پەرستی گەیشتون، لەم بوارەدا دەڵێن هەریەكە لەباڵوڵی مای و حسێنی كوڕی مەنسور و كە بە "مەنسوری حەلاج" بەناوبانگە لەگەڵ بابە تاهیری هەمەدانی و خواجە حافیزی شیرازی و چەندین كەسی تریش لەناو خۆشەویستی خودادا خۆیان تواندۆتەوە و لەسەر دینی ئەمان بون.
عەلی ئیلاهی
عەلی ئیلاهییەكان لایان وایە كە خودا وەك رۆح دەچێتە ناو تەنی بەدەنەوە، هەر بۆیە لایان وایە رۆحی خودا لە بەدەنی حەزرەتی عەلیدا جێگیر بوە، ئەوان لایان وایە عەلی نەمردوە، بەڵكو رۆحەكەی خودا بەرزی كردوەتەوە بۆ ئاسمان و رۆحەكەی خستۆتە ناو خۆرەوە، خۆریش هیچ جوڵەیەك ناكات بە ئەمری ئەو نەبێت.
هەرلەم بارەوە میتراییەكانیش دەڵێن خوایەك لەناو خۆردایە ئەویش میترایە ئەوان ناڵێن خۆر خودی خودایە بەڵكو خوایەك لەناو خۆردایە كە ناوی میترایە "خواوەند میترا"!.
تێكەڵكردنی حەزرەتی عەلی و ئەفسانەكەی لەلای یارسانەكان بۆ؟
دیارە كاتێك پیاوانی دەوڵەتی ساسانی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ موغەكانی زەردەشتیدا یەكیان گرت و ئەو یەكگرتنەشیان بوە هۆی لەناوچون و تێكدانی هەمو شوێنەوارەكانی ئاینی میترایزم، ئەم تێكدانەش بەردەوام بو هەتا كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ساسانییەكان.
بەڵام هەندێك لەپیاوانی ئەو دینە هەڵهاتون بۆ ناوچەی خۆرئاوای ئێران "هەورامان"، لەوێ بەردەوامییان بە دینەكە و بیروباوەڕی خۆیان داوە، دینی میترایزم كاریگەری لەسەر دینی زەردەشی داناوەو ئەم كاریگەریەش هەتا ئێستاش ماوەتەوە.
كاتێك لەشكری ئیسلام هاتۆتە سەر كوردستان و ئێران و دینی زەردەشتیش بەهەمان چارەنوسی دینی میترایی چوە، لەبەر ئەمە هەندێ لە پیاو و موغەكانی زەردەشت هەڵهاتون بۆ ناوچەكانی هەورامان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەردولا بەر دوژمنێك كەوتون كە ئیسلامە، لەبەر ئەمە پێكەوە هەڵیان كردوە، ئەمە جگە لەوەی كە نزیكایەتیەك لەدینی زەردەشتی و میترایشدا دەبینرێت سەرەڕای جیاوزای و نەیاریان بۆ یەكتر، بۆ نمونە رۆژ یان خۆر كە لای میترایەكان خوداوەندی تێدایە یان جوانتر بڵێین میهر كە لەناو رۆژ دایە خوادی ئەوان بوە، لای زەردەشتییەكان مهر بە یەكێك لەیەزد دەدرێت لەقەڵەم، كەلە پلەدا لەخوار خوداوەیە، لەپایەداشدا لەخوار ئاهورا مەزداوەیە، ئیتر بەو شێوەیە جۆرە هامۆجینێتێك دروست بوە كە لەناو یەكدا تواونەتەوە.
دیارە كاتێك ئاینی ئیسلام دەگات بەو ناوچەیەش ئیدی ئەو خەڵكە كە لەوێیە نایانەوێ دەست لەدینە كۆنەكەی خۆیان هەڵگرن، بەڵكو هەوڵ دەدەن ڕێگەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەلایەكەوە دینە كۆنەكەی خۆیان بەردەوامی پێ بدەن لەلایەكی تریشەوە وەك روخسارێك شكڵیك بڵێن ئێمە موسڵمانین!.
هەر بۆیە عەلی لای یارسانەكان جێگەی میهر دەگرێتەوە واتە میهر كە خوداوەندەو لەناو خۆردایە دەگۆڕێت بۆ "عەلی" لەناو خۆردا وەخۆریش بەبێ ئاگاداری ئەو خوداوەندە ناجوڵێتەوەو كار ناكا، واتە میهر پەرستەكان لەگەڵ بڵاوبونەوەی دینی ئیسلامدا ئیدی رێوڕەسمەكانی خۆیان لەژێر دینی یارسانیدا بەردەوامی پێداوە. وە خۆرئاوای ئێران كە جێگەی میهر پەرستی بوە دوای رۆیشتونەتە سەر دینی یارسانی.
بەردەوام دەبێت..