سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

با زانیارییەکانمان ڕاست بکەینەوە

15/08/2021


هاوژین زیبا


سەرباری تێپەڕبوونی  دەیان ساڵی پڕ لە خەبات و قوربانیدان و بەرھەم  بەسەر بزووتنەوە فێمێنیستییەکاندا  لە ناوچە جیاجیاکانی جیھان و مەیدانە جۆراوەکانی کار و ھزردا، ھێشتا چەندین تێگەیشتنی ھەڵەو ئەنجامگیری نا دروست لە ئارادان کە  بێدەنگبوون لێیان زیان بە  فێمێنیزم و بە تێکڕای ئەرکی ڕۆشنگەری  دەگەیەنن ، لەوانە:

 

١-فێمێنیزم دژی پیاوە:
بزووتنەوە فیمینیستییەکان لە خەباتیاندا دژی چەوساندنەوەی  ژن سیستیمی پیاوسالاری دەخەنە بە ڕەخنەو ھێرشی بابەتیانەوە، بەڵام مەبەست لە سیستمی نێر سالاری خودی پیاو  نییە بەڵکو ئەو یاسا و ڕێسا و دابو نەریتانەن کە  رۆڵی ژنان لە کۆمەڵدا کاڵ دەکەنەوە و ھەل ومەرجەکان دەخەنە بەرژەوەندیی پیاوان و  کۆت و بەندی سیستمەکە توندوتۆڵتر دەکەن، بنەماکانی پیاوسالاری  لە کۆت و لێکدانەوەدا زیان بە پیاویش دەگەیەنێت لەو ڕوانگەیەوە کە پیاو نان پەیداکەری خێزانە و ھەر پیاوێک ئەو ئەرکەی  پێ جێبەجێ نەکرێ لە سیستەمەکەدا شوێنی نابێتەوە، پیاوسالاری دەڵێت ژن ھەستیار و بێ لۆجیکە ، پیاویش لۆجیکی و بێ ھەست.. ئەم جیھانبینییە نە لەبەرژەوەندی پیاو و نە لە بەرژەوەندیی ژنە ، کەواتە بزووتنەوەی فێمێنیزم بە کردەوە ئەو دیوارانە دەڕوخێنێت کە لەسەر بناغەی جێندەری بنیاد نراون و زیان بە ھەردوو ڕەگەزەکە دەگەیەنن.

 

٢- فێمێنیزم دەیەویت دەسەڵات بگرێتە دەست
تێگەیشتنێکی  دیكەی ھەڵە ئەوەیە کە بزووتنەوەی فێمێنیزم ، ھاوچەشنی حیزبە سیاسییەکان دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی و حوکمی وڵات بگرێتە دەست، کە مەسەلەکە ھەرگیز بەو شێوەیە نی یە،  ئامانجی فێمێنیزم دەستەبەرکردنی ھوشیاریەکی بەردەوام و چەسپیوە لە ناو تاکەکانی کۆمەڵدا، بە مەبەستی ڕیشەكێشكردنی   ستەمی جێندەری لە دوور مەودادا، نەک دەستگرتن بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا لە قۆناغێکی دیاریکراوی  ھەڵبژاردندا.

 

٣-فێمێنیزم کۆتایی ھاتووە
گۆڕینی چەند یاسایەک لە بەرژەوەندی ژنان و دابینکردنی کۆمەڵێک مافی گرنگ بۆ ژنان لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی  ھەرگیز ئەو مانایە نابەخشن کە فێمێنیزم ھەندێک داواکاری دیاریکراوی ھەبووە و ئەو داواکارییانە لە ھەندێک  وڵاتدا جێبەجێ کراون، نەخێر  فێمێنیزم بەمزوانە کۆتايی نایەت بەڵکو ھەتا پێکھێنەرەکانی ستەمی  جێندەری بمێنن  بزووتنەوی  فێمێنیزمیش دەمێنێت و بەردەوام دەبێت.

 

٤-یەک جۆر فێمێنیزم ھەیە
ئەمەش باوەرێکی ھەڵەیە، فێمێنیزم لە ھەر کۆمەڵێکدا زادەی ھەل و مەرجی ئەو کۆمەڵەیە، جا لەبەر ئاستی گەشەکردنی کۆمەڵێک جیاوازە لە کۆمەڵێکی دیکە کەواتە بزووتنەوە فێمێنیستییەکانیش جیاواز دەردەچن، فێمێنیزم لە سۆماڵدا ھەرگیز کتومت  ھەمان فێمێنیزمی دانیمارک دەرناچێ، فێمێنیزم لە ئەوروپا وەک فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست نابێت لەگەڵ ئەوەی دۆخی گشتی ژنان هاوشێوەی یەکترین لە ژێر ستەم و زۆرداری پیاوسالاریدا، بەڵام هەلومەرجی کۆمەڵگاکان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و شێوازی کارکردنی فێمێنیستەکانیش بەرامبەر بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری جیاواز دەبێت بەڵام لە ئامانجیاندا هاوبەشن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.