هەموو شتێك لەبارەی كاكەیی (یارسان)
بەشی سێیەم
پێنج ڕابەرە دیینە گەورەكەی یارسان:
باڵوڵی مای
بەپێی كتێبی پیرۆزی "سەرئەنجام" یەكەم كەسە كە هەوڵی بڵاوكردنەوی ڕێوڕەچەی یارسانی داناوە، ناوی تەوای عومەر كوڕی لەهەب-ـە، لە ناوەڕاستی سەدەی دوەمی كۆچی لە لوڕستان لەدایك بوە، هەر لەسەرەتاوە هەوڵی پێگەشتنی زانست و عیرفانی داوە، پاشان كاری كردوە بۆ داهێنانی ڕێو ڕەچەیەكی دینی كە تایبەتمەندی دینە كۆنەكانی تێدا پارێزراون، بۆ ئەم مەبەستەش لەزێدی خۆیەوە هاتۆتە هەورامان، چون دڵنیا بوە لەهەوراماندا هاوڕازو هاوكاری بۆ دروست دەبێ بۆكارەكەی لەگەڵ ئەوەشدا زەمینەكە لەباردەبێ بۆی، پاشان لەگەڵ هەندێ لەهاوەڵانیدا ڕۆشتوە بۆ بەغدا بۆ خوێندن و لەژێردەستی ئیمام جەعفەر سادق خوێندوێتی.
باڵوڵ بۆچونە عیرفانیەكانی بێ پەردە لەكۆڕو كۆبونەوەكانیدا باس كردوە، هەر لەبەر ئەم بۆچونانەی لای هارونە ڕەشیدی خەلیفەی ئەوكات شكاتیان لێكردوە. دواجاردا تاوانبار كراوە بەزەندیق و گومڕا و فرمانی كوشتنی دراوە، مامۆستا جەمال نەبەز دەڵێت: باڵوڵ لەبەر شەتەحاتەكانی لەدیندا تاوانبار نەكرا بەڵكو هەوڵی بڵاوكردنەوەی دینی ئێرانی داوە، باڵوڵ خۆشی ئەم راستییە لەشیعرێكیدا دەڵێت، كاتێ خەریكە حوكمی لەسێدارەدانی دەدرێ لەژێر راسپاردی ئیمام جەعفەر سادق خۆی كردوە بە شێت و رزگاری بوە، هەرئەویش پاراستویەتی هەتا لەبەغدا دەرچوەو گەڕاوەتەوە بۆ هەورامان و لەوێ بۆ قرمساتان كرماشانی ئێستە دەستی داوەتە بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕەكانی ژمارەیەكی زۆر پەیڕەوی لەخۆی كۆكردۆتەوە.
گەر بەمێژوی ئەم عارفەدا بچینەوە دەبینین نوسینەكانی خۆی لەڕێگەی شیعرەوە بڵاوكردۆتەوە، هەوڵی داوە كە مێژوی دینە كۆنە ئێرانییەكان بڵاوبكاتەوە، هەر لەبەر ئەمەش حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوە وەك باسمان كرد لەسەرەوە. لەشیعرێكدا دەڵێت:
ئەو واتەی یاران ئەو واتەی یاران
ئێمە دیوانەین ئەو واتەی یاران
هەنێ مەگێلێن یەك یەك شاران
تازایندە كەریم ئاین ئیران
مەبەستی باڵوڵ لەمەیە كە خەڵك بەشێت و دیوانەیان لەقەڵەم داوە، بەڵام من یەك یەك شاران دەگەڕام بۆ بڵاوكردنەوەو ناسینی ئایینە كۆنە ئێرانیەكان.
ئەم زاتە ژمارەیەكی زۆر موریدی هەبوە لەوانە (باوا ڕەجەبی لورستانی، باوە حاتەم، باوە نجومی لوڕستان)، كە هەریەكێكیان عارف و شاعیرو تەمبور ژەن بون، ئەوان لە كۆڕ و جەمەكاندا شیعرو موناجاتیان خوێندۆتەوە لەمەڕ ڕێورەسمی یارسانی، بۆ نمونە باوە لوڕەی لوڕستانی لەیەكێك لەچامەكانیدا بەتەنیشت باڵوڵەوە دانیشتوە و شیعری خویندۆتەوە لەشیعرێكیدا دەڵێت:
وەهەفتینەوە وەهەفتینەوە
جەمیمان نیان وەهەفتنینەوە
شكارێم ئاوەرد وەكەمینەوە
بەهلول گەورەمان وە ئەمینەوە.
باوا سەرهەنگی دەوەدانی
دوەم زات و گەورەی ئەم ئاینە باوە سەرهەنگی دەوەدانی یە، ئەو لەم پارچە شیعرەیدا باسی ئەوەدەكات كە من بوم سەرهەنگی دەوەدان لەگەڵ هاوكاران و موریدانم دەگەرێم تێدەكۆشم بۆ بڵاوكرنەوەو زیندوكردنەوەی ئاینی كورد.
سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان
ئەز كەنامەن سەرهەنگ دەودان
چنێ ئێرمانان مگێڵم نەهەردا
مكۆشم پەری ئاین كوردان
ڕۆڵی ژن لای باوەسەهەنگی دەوەدانی
لەسەردەمی باوەسەرهەنگی دەوەدانیدا ئاینی یارسانی ڕۆڵی ژن تێیدا بەرچاو دەكەوێ و دەردەكەوێ، بۆنمونە سەرهەنگ چەندین موریدی هەبوە لە نێوانیشیاندا ژن هەبوە، نمونەی هەرە دیاریان دایە تەورێزی هەورامی یە كەشاعیرو تەمبور ژەنێكی بەناوبانگ و دیار بوە لەزۆربەی جەمە دینیەكاندا ئامادەبوە، پاشان لەقۆناغەكانی دواتردا چەندین ژنە عاریف و شاعیرو موریدی بەناوبانگ دەركەوتن كەشوێنی دایە تەورێزیان هەڵگرتوە لەوانە (دایە خەزانی سەرگەتی، لێزان خانمی لوڕستانی، لیزا خانمی جاف، جەلالە خانم، خاتو دایراكی رەزبار هتد.....) دایە تەورێزی هەورامی لەسەدەی چوارەمی كۆچیدا لەدایك بوەو لەناوەڕاستی ئەو سەدەیەشدا كۆچی دوایی كردوە، ئەمە نمونەیەكە لەشیعرێكی:
جەم پەی راسانەن جەم پەی راسانەن
یاران یاوەران جەم پەی راسانەن
هەر كەس نیوەكە كەرۆ ئاسانەن
جەم پەی رۆشنی زیل خاسانەن
باوا سەرهەنگی دەوەدانی لەسەدەی چوارەمی كۆچیدا كۆچی دوایی كردوە و مەزارگەكەشی لەخواروی تەوێڵەیە، ئێستا بوەتە جێگەی نزرگەو خەڵك سەردانی دەكەن، چون خەڵك پێی دەڵێن باوەسەرهەنگی غەزایی چون ئەوان لایان وایە (خەڵكی تەوێڵە) ئەو لە پێناو ئیسلام غەزای كردبێ لەكاتێكدا ئەو لەشیعرەكانیدا رێك پێچەوانەی ئەم بۆچونە دەنوسێ.
شاخۆشێنی لوڕستانی (موبارەك شا)
لەبەر رۆشنایی كتێبی پیرۆزی سەرەنجام باوە شاخۆشێن كوڕی جەلالە خانمی كچی میرزا ئامانی حاكمی لوڕستانە، لەساڵی (1015ز) لەلوڕستان لەدایك بوە، جۆرە لێكچونێك لەنێوان لەدایك بونی شێخ وەشین و حەزرەتی عیسا هەیە چون ئەمیش وەك حەزرەتی عیسا بێ باوك لەدایك بوە، وەك دایكی دەگێڕێتەوە لەشیعرێكیدا دەڵێت: لەڕێگەی حوكمێكی ئاسمانییەوە سكی پڕبوە، كەچی خەڵكی لوڕستان بە "زۆڵ"ـی دەزانن، هەر بۆیە توشی ناوناتۆرەی خراپ بوەتەوە وەك حەزرەتی مەریەم هەمان ئازاری ئەوی بینیوە بەدەست خەڵكەوە.
كاكە ڕەیا سواری دانا
یەحوكمێ ئاما جەهەفت ئاسمانا
خەڵكی لوڕستان بەزۆلیش مزانا..
موبارەك شا، لەمنداڵییەوە نازناوی شاخۆشێنی پێدراوە، لەهەمەدان خوێندنی تەواو كردوە، لەبەر ڕۆشنایی تێكستە پیرۆزەكان لەتەمەنی 32 ساڵیدا رۆحی خۆدای تێدا جێگیركراوە، بوە بەپێشەوای یارسان و چەندین هاوەڵ و زانای عارفی لەدوای خۆی پێگەیاندوە لەوانە (بابە تاهیری هەمەدانی، بابە فەقێی لوڕستانی، بابە بوزورگی لوڕستانی، پیرشالیاری هەورامی، كاكەڕەدا، هندۆڵە، خۆبیار، حەیدەر، قازی، نەبی سەرگەتی، پیر خدر، لزا خانمی جاف، ریحان خانم هتد.....)، لەسەر رۆشانی باوەڕی یارسان و پشت بەستن بە فەلسەفەی دوناو دون (گواستنەوی رۆح لەجەستەیەكەوە بۆ جەستەیەكی تر) كە شاخۆشێن پێشتر مەولا عەلی (ئیمامی علی) بوە وەك لەم شیعرەدا دەردەكەوێت:
من جەتەریقەت ئاوم بی زەلاڵ
وەنام خۆین ئام وەروی كار
دوسیت سال نەی ورنەدوم مەلام
ئامان وەبیسات وەشیرین كەلام
یانی كەمن ئێستە بەناوی خۆشێنەوە دێمە دونیاوە دوسەد ساڵێ لەمەو پێش لەدون تەنی مەولامدا بوم.
پیرشالیاری هەورامی كێ یە؟
بەپێی سەرچاوە یارسانیەكان دوان هەتا سێ پیر شالیار هەن، ئەو پیرشالیاری هەورامییەی كە دەكاتە پیرشالیاری زەردەشتی كە خاوەنی كتێبی ماریفەتە خوێندكاری شاخۆشین بوە، گوایە هاوتەمەن بون و شاخۆشێن لە بەیتە شیعرێكیدا بۆ پیرشالیار دەڵێ كە ئەسپی بەورینی زینبكات و دوژمنانی رێوڕەچەی یارسان لەناو بەرێت.
شەهریار دین شەهریار دین
ئەز چەنێ تۆمەن شەهریار دین
جلەو دودم وەدەستەن نگین
وەوارمای شا بەورت كەرە زین
باوا ناوسی جاف (باوا ناوسی سەرگەتی)
لەكتێبی سەرەنجامدا هاتوە دەڵێت: باوا ناوسی جاف لەسەدەی پێنجەمی كۆچیدا ژیاوە، هەوڵی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری داوە، پاشان وازی لێ هێناوەو وەك گەریدەیەك گەڕاوەو قسەی نەستەقی بۆ خەڵك كردوە، خەڵك بە شێتیان داوەتە قەڵەم، لەشیعرێكیدا دەڵێت:
ناممەن بلە و شۆرەتم ناوس
بابم ئەحمەدەو ساحب جە كاوس
پێكانم وەسەر جوقەی پەر تاوس
زات ئا سوارەنان چەنی كە یكاوس
دەردەكەوێ كە ناوی براهیمی كوڕی ئەحمەدە، هەرچەند خۆی باس لە سەرگەتی ناكا، بەڵام ئێستاش مەزارەكەی لەو گوندەدایە.
باوا ناوس شاعیرو عارف و تەنبور ژەن بوە، شیعرەكانی خۆی و هەنێ لەیاوەرانی لە تێكستە پیرۆزەكانی یارساندا بڵا بوەتەوە.
سەرگەت گوندێكە لەهەورامان مێژوی ژیان لەوگوندەدا بۆ سەردەمانێكی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە، بنەماڵەی شێخەكانی سەرگەت رەچەتەی بنەمای خۆیان دەبەنەوە سەر باوا یاوس، هەندێك لایان وایە باوا ناوسیش دەچێتەوە سەر باوا سەرهەنگی دەوەدانی.
سان سەهاكی بەرزنجی (سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجە)
كوڕی شێخ عیسای بەرزنجییە، دایكی ناوی دایرەك خاتونە، لەكتێبی سەرئەنجامدا دەڵێ لە ساڵی (1133ز) لەدایك بوە لەساڵی (1230ز) كۆچی دوای كردوە.
سان سەرەتا خوێندنی لای باوكی بوە، پاشان لای مەلا ئەلیاسی شارەزوری خوێندویەتی.
دواتر بۆ خوێندنی فیقهی ئیسلامی چوەتە قوتابخانەی نیزامەیی بەغدا، لەوێوە چوەتە شام و لەوێ ئیجازەی مەلایەتی وەگرتوە، پاشان حەجی كردوەو گەڕاوەتەوە مەڵبەندەكەی خۆی، لەتەمەنی 29 ساڵیدا ڕۆشتوە بۆ پەردیوەر لەهەورامان و ئیتر قۆناغێكی نوێی یارسان لە پەردیوەر لەسەر دەستی سان سەهاك دەستی پێكردوە.
ئەو پارچە شیعرەی سەردەمی هاتنی ئیسلام دەگێڕێتەوە كەچۆن ژن و كچەكانیان بەدیلی بردوە و پیاوەكانیان لەخوێنی خۆیاندا گەوزاندوەو كوشتوە.

شیعرەكە كە بە شێوەی زمانی كۆنی هەورامی نوسراوە لەسەر پێستی ئاسك نزیك بەسەد ساڵ پێش ئێستا لە ئەشكەوتی جێشانە دۆزراوەتەوە، كە بەپێی سەرچاوەكان ئەم هۆنراوەیە لەلایەن پیر شالیاری یەكەم نوسراوە كە موغێكی گەورەی زەردەشتیەكان بوە، ئەم شیعرە كۆنترین تێكستی شعری كوردین و كە پێدەچیت خاوەنەكەی لەبەر ترس نەیتوانیبێت ناوی خۆی بنوسێت .
هورمزگان رمان ئاتران كشان
وێشیان شاردەوە گۆرەگۆرەكان
زۆر كاری ئارەب كردنە خاپور
گناو پالەی هەتا شارەزور
شەن و كەنیكا وەدیك بشینا
مەرد ئازاتلی وەڕوی هوینا
ڕەوشت زەردەشت مانو وەبێ كەس
بزیكا ریكا هورمزد وەهیچ كەس
شیعرەكە دەڵێ پەرستگاكانی هورمزد روخێنران ئاگری ئاتەشگەكانیان كوژاندەوە، گەورەكان مەبەست لە موغ و پیاوە گەورەو رۆحییەكانی زەردەشتی بو هەمویان خۆیان شاردەوە، عەرەبەكان زۆر كاری خراپیان كردو هەمو ئەو ناوەیان كاول و خاپور كرد هەر لە پاڵەنەی هەتا شارەزور، ژنەكانیان بەدیلی برد، پیاوە ئازاكانیان لەخوێنی خۆیان گەوزاند و تلاندەوە، رەوشت وئاینی زەردەشتی بێ كەس مایەوەو هورمەز (ئاهورامەزدا) بەزەیی بەكەسدا نەهاتەوە.