هەموو شتێك لەبارەی كاكەیی (یارسان)
بەشی چوارەم
مرۆڤ چۆن دروست بوە لای یارسانەكان
دروست بونی مرۆڤ لە (ڕێواس و گیا) لە ئاینی مانی، هندۆسی، یارسانی، زەردەشتیدا بەرچاو دەكەوێ، بۆنمونە لەم بەیتەدا پیرشالیار دەڵێ شاخۆشێن لە دانەی رێواس دروست بوە:
یاران جە رێواس
یاران جە رێواس
پادشام پەیدابی جەدانەی رێواس
مەشیەو مەشیانە بەر ئامان جەواس
پەری ئازامای میردان رەواس
ئەو كەسانەی كە لە ئاینی یارسانیدا رۆحی خودایان تێدا جێگیر بوە نۆ كەسن، ئەوانیش: باڵوڵی دانا، بابەسەرهەنگی دەوەدانی، شاخۆشێنی لوڕستانی، بابە ناوسی سەرگەتی، بابە سەهاگی بەرزنجی، شاوەیسقوڵی قرمزی، ئاتەش بەگ، شاهەیاس، بابا حەیدەری.
بنەما دینییەكانی یارسانەكان
1-تێڕوانینیان بۆ دروست بونی دونیا، یارسانەكان دەڵێن لەسەرەتادا هیچ شتێك نەبوە، مەولا دوڕ بوە لەناو دەریادا، لەگێژاوی دەریا هاتۆتە دەرەوە و دونیای پێك هێناوە، ناوی خۆی ناوە خاوەندگار، 72 هەزار ساڵ لەكەناری دەریادابوە دوای جوبرەئیلی دروست كردوە. بۆ هامڕازی خۆی پاشان فریشەكانی دروست كردوە.
كاتێكیش ویستویەتی مرۆڤ دروست بكات داوای كردوە لەئیزرائیل كە خۆڵی كێوی سەرەندیی بۆ بهێنن، ئەویش خۆڵەكەی بۆ هێناوە، سەرەتا خەمیرەی لێ دروستكردوە ئینجا لەشێوەی مەولا عەلی دایڕێژاوە، دواجار خودا لەتەنی لەناو زاتی مەولا عەلی دا خۆی نیشانداوە گشت فریشتەكان كڕنوشیان بۆ بردوە.
2-یارسانەكان لایان وایە خودا بەدرێژایی ژیان حەوت جار خۆی دەخاتە تەنی مرۆڤەوە، هەر جارەی چوار فریشتەی لەگەڵدایە.
3-دوناو دۆنی رۆحەكان، یارسانەكان لایان وایە مرۆڤ كاتێ دەمرێ رۆحەكەی لەجەستەی جیا دەبێتەوە و هەزارو یەك تەن دەگەڕێت. پاشان دەچێتە دونیای جاویدان دونیای نەمریەوە، بەمەش دەڵێن دۆناو دۆنی رۆحەكان، ئەم گەڕانی رۆحەش چوار جۆری هەیە وەك (نەسخ لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، مەسخ لەمرۆڤەوە بۆ گیانلەبەر، رەسخ بۆ ناو ڕوەك، فەسخ بۆ ناو گیانلەبەری چزدار وەك مارو دوپشك لەوشێوانە).
ئەمان باوەڕیان وایە مردن وەك ئەو مرواریە وایە خۆی نوقم دەكات لەناو ئاوداو دوای لەجێگەیەكی كەوە سەردەردێنێت، ئەم تێڕوانینەیان لەگەڵ هندۆسەكان یەك دەگرێتەوە، ئەوانیش باوەڕیان بەدۆناودۆنی رۆحەكان هەیە، بۆ نمونە شاخۆشێن لەشیعرێكیدا دەڵێت:
مامام جەلالێ كاكم رەنگینە
دون وەدو ئامام چینە وەچینە
هائیسا یۆرت و نامم خۆشینە
هەركەس بش ناسۆم پاكش مەو كینە
واتە دایكم ناوی جەلالەو كاكم ناوی رەنگینە، رۆحەكەم چەند تەنێك گەڕاوەو ئێستا ناوم خۆشینە، هەركەس بەڕاستی بم ناسێ رق و كینە لەدڵ ناگرێ
4-بەپێی باوەڕی یارسانەكان هەمو مرۆڤێك خاوەن گەردیلەی خودایە، ئەو گەردیلانە لەمرۆڤی ئیماندار و چاكدا گەشەدەكا لەمرۆڤی خراپیشدا دەپوكێتەوە، هەر لەكتێبی سەرەئەنجامدا هاتوە ئەگەر ئەو رۆحە چاكە كاربێت هەزارو یەك تەن دەگەڕێ و دەچێتە جەستەیەكی باشەوە، ئەگەر خراپیش بێت ئەوا بەپێچەوانەوە دەچێتە جەستەیەكی خراپ و پیسەوە.
5-رۆژو و نوێژ: یارسانەكان ساڵی سێ ڕۆژ بەڕۆژو دەبن پاش ئەو سێ رۆژە جەژن دەكەن، خواردنەكانیشیان لەجەژندا گۆشتی كەڵەشێر بەكوڵاوی، لەگەڵ برنج و شیرینی، بەڵام یارسانەكان نوێژ ناكەن، چون وەك خۆیان دەڵێن ((ئێمە نیازین نەك نمازی))، بەو مانای ئێمە خەریكی وێردو پاڕانەوەین نەك نوێژ كردن.
6-قوربانی كردن: هەڵگرانی دینی یارسانیش بۆ رزگاربون لەتەنگ و چەڵەمەو باری گران و ناهەموار، بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمی باش، قوربانی دەكەن، ئاژەڵی قوربانیش دەبێت تەمەنی لەشەش مانگ كەمتر نەبێت و لەهەمو ڕویەكەوە باش بێت.
سمێڵ درێژكردن
یارسانەكان بەشێوەیەكی گشتی سمێڵ درێژ دەكەن و دەیهێڵنەوە، هەتا ئێستاش وەڵامێكی ڕون نییە لەسەر ئەوەی كە بۆچی سمێڵ درێژ دەكەن، بەڵام لەم بارەوە تەنها سێ ریوایە هەیە:
یەكەم: دەڵێن گوایە ئەو سێ دەروێشەی كە لە ئەشكەوتەكە لەگەڵ سوڵتان سەهاك بون، هاوكاری سوڵتانیان كردوە لەشەڕی جیجەكەكاندا سمێڵیان درێژ بوە و لەلایەن غەیبەوە بۆ هاوكاری سوڵتان نێردراون.
دووەم: هەندێكی كە لایان وایە ئەم نەریتە دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی سەفەویەكان، گوایە شائیسماعیل سمێڵی درێژ بوە و قەت تیغی لێ نەداوە، ئەمانیش هاوكاری ئەوبوون.
سێیەم: ئەوانی كە دەڵێن كاتێ پێغەمبەری ئیسلام كۆچی دوایی كردوە ناوكی چاڵ بوە ئاوی تێدا وەستاوە، لەكاتی شۆردنەكەیدا ئیمامی عەلی ئاوی ناو چاڵی ناوكی خواردۆتەوە، لەو كاتەدا ئاوەكە دراوە بەسمێڵی ئیمامی عەلییەوە، ئەویش لەبەر موبارەكی نەیتاشیوە.
حەرامكراوەكان
هەمو خواردنەوەیەكی ڕۆحی، لەگەڵ ئەوەشدا درۆكردن، دزی، خیانەت، سوێندی درۆ بە تاوانی گەورە دانراون.
یارسانەكان دەبێت نهێنی پارێزبن، ئەمەش بوەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە باسی دینەكەیان بۆ كەس نەكەن، بەڵام جیاواز لەگەڵ ئاینی ئیسلام، زۆرینەی كاكەییەكان گۆشتی بەراز دەخۆن، كە لەئاینی ئیسلامدا حەرام كراوە.