سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

شوێنە پیرۆ‌زەكانی یارسان كوێن؟

20/11/2016


هەموو شتێك لەبارەی كاكەیی (یارسان)

بەشی پێنجەم


شوێنە پیرۆ‌زەكانی یارسان

پەردیوەر
دەكەوێتە نزیك گوندی دەوەدان، لەڕوی پیرۆزیەوە گرنگترین جێگەی یارسانەكانە چون هەم قیبلەیانە و هەمیش شوێنی نیشتەجێبونی سان سەهاكی بەرزنجی بوە، كاتێ ناوبراو لەبەرزنجەوە هاتوە بۆ هەورامان لە پەردیوەر دابەزیوە، لەوێ ماڵ و جەمخانەی دروست كردوە و یارانی لەدەوری خۆی كۆكردۆتەوە. 

هاوار
 گو‌ندی هاوار شوێنی هانا بۆبردنی یارسانەكان بوە،‌ واتە هەركەسێك كێشە‌ی بۆ دروستبوبێت و مەترسی لەسەر بوبێت وتویانە بڕۆ بۆ هاوار ئیتر خەڵكی ئەم گوندە بەهانەیەوە چون و پارێزگارییان لێكردوە، هەربۆیە ناویان ناوە هاوار، دەگێڕنە‌وە و دەڵێن نزیك بە 800 ساڵ شوێنی داڵدەدانی یارسانەكان بوە. وەك سوڵتان سەهاك لەم دیدارەیدا دەڵێ بە داودی كۆسار بڕوات بۆ هاوار:

داود ئۆ هاوار داود ئۆ هاوار
داود هەواڵەن بلۆ ئۆ هاوار 

شاخی شنروێ

 لەدەفتەری یارسانەكاندا بە (شندروێ) ناوی هاتوە كە دەكەوێتە سەرو هەڵەبجەوە، دەگێڕنەوە "كاتێ خاتو جەلالێ دایكی شاخۆشین باوك و براكانی بردویانە بیكوژن كاكە ڕەیا كاكا‌ رەدائی وتویەتی ئەو منداڵەی تۆ زۆڵ نییە بەڵكو خاوەنی هەر حەوت چینی زەوی هەرحەوت چینی ئاسمانە".

تەشار
گوندێكە لەهەورامانی لهۆن و لەڕوی ئیداریەوە سەربە قەزای پاوەیە، پیرۆزی تەشار لای یارسانییەكان لەوەدایە كە باوا یادگار، كانی غەسلانی تێدا هەڵكەندوە، ئەو كانییە ئێستا وەك حەوزی كەوسەر وایەو ئاوەكەی وەك ئاوی كەو‌سەر وایە لای یارسانەكان.
یارسانیەكان هەركاتێ خۆیان بشۆن دوای ئەنجامدانی سێكس بەنیەتی ئاوی تشار خۆیان دەشۆن و خۆیان پاك دەكەنەوە.

سەرگەت


یەكێكە لەگوندە دێرینەكانی هەورامان و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی بیارەیە، سەرگەت شوێنی ژیان و نیشتەجێبونی باوا ناوسی سەرگەتی و دایە خەزانی سەرگەتی و قازی نەبی سەرگەتی یە، لەكتێبی پیرۆزی یارسانەكا‌ندا چەندین هۆنراوەو لاوانەوەی بەباڵادا وتراوە. 

مۆردین
گوندێكی رازاوەیەو دەكەوێتە سنوری قەزای هەڵەبجە لەگەڵ كوردستانی رۆژهەڵات، دەڕوانێتە ‌سەر روباری سیروان، ئەم گوندە جێگەی پیر نالی مۆردینییە، لەم گوندەدا قەڵایەك هەیە بەناوی "قەڵای مۆردین"، هەم گوند‌ەكە و هەم قەڵاكەش بەلای یارسانەكانەوە پیرۆزن. 

قەڵای سیمان
ئەم قەڵایە بەسەر لوتكەی شاخێكی بەرزەوەیە لەپشت گوندی سیمانی خۆرهەڵاتی كوردستان بەرا‌مبەر بە هەردوو گوندی مۆردین و چاناری كۆكۆییەوە.‌ 

تەپەسو (تەپی سەفا)
تەپێكە دەكەوێتە نێوان سەر شاڕێی هەردوو پردی زەڵم و ناحیەی سیروان، لەنزیكی و لەدامێنیدا دو گوند بەنا‌وەكانی تەپی سەفای سەرو تەپی سەفای خوارو هەن "تەپەسو" شوێنێكی پیرۆزە بەلای یارسانەكانەوە لە هۆنراوەكانیاندا پیرۆزی ئەم جێگەیە‌ رەنگی داوەتەوە:

داود تەپەسو داود تەپەسو 
داودی رەهبەر پەری تەپەسو 
پیر رۆستەمی بار بەریوە یەجۆ
بزانمێ ساوام چ شەرعی ماچۆ

تەوێڵە

 یەكێكە لەشارەدێ كۆنەكانی هەورامانی لهۆن سەربە ناحیەی بیارەیە، ئەم ناوچەیەش بەلای یارسانەكانەوە پیرۆزە، چون مەزاری باوا سەرهەنگی دەوەدانی لێیە،‌ لەگەڵ مەزارگەی تری وەك بابا ئەسكەندەرو پیر وەزەسور. 

كەلی داود (دوكانی داود)
شوێنەوارێكی دێرینەو میهراوەیەكی میترای تێدایە، دەكەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی سەرپێڵی زەهاو، تەنها سێ كیلۆمەتر لێیەوە دورە، لەم شوێنەوارە پەیكەری مرۆڤێكی لەبەرد داتاشراو هەیە،‌ كە دوو گەڵا خورمای بەدەستەوەیە و لەدۆخێكی پاڕانەوە و نزاكردندایە، بەپێی هەندێ سەرچاوە مێژوی ئەم شوێنەوارە بۆسەردەمی مادەكان دەگەڕێتەوە. 

تاشی هۆرێن
پیرۆزی تاشەبەردی هۆرێن لەوەوە هاتوە، دیارە شاخۆشێنی لوڕستانی (موبارەك شا) كاتێك ماڵئاوایی لەدونیا كردوە، قەباڵەیەكی لەژێر ئەو تاشەبەردەدا شاردۆتەوە، هەر كەسێك لەقۆناغی دواتردا ئەو قەباڵەیەی دەرهێنایەوە ئەوە خودی شاخۆشێنە لەتەنێكی تردا، هەر وەك لەم سروتەدا هاتوە:

ئەوتاش هۆرین ئەو تاش هۆرین 
بارگەی شام وەستەن ئەو تاش هۆرین 
پیری قەباڵەش نیا نەسەرین 
هەركەس بەر ئاوەرد ئەوەن خۆشین 


مەڕی نەوی (ئەشكەوتی نەوی) 
نەوی یەكێكە لەگوندە دێرینەكانی شارەزور، گەلێك شوێنەواری گرنگی تێدایە وەك (قەڵا، زیندان، كورەی نان كردن).
شوێنەكانی تریش وەك ئەحمەد برنە، كە گوندێكە دەكەوێتە باكوری زەڕایەنەوە،‌ ناوی گوندەكەش لەمەزارێكەوە هاتوە كە ناوی مەزاری ئەحمەد برنەیە. 

دەرەشیش

گوندێكە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە.

چەند جێگایەكی تریش وەك:
مەزاری شێخ رەش
دەكەوێتە ناوچەی شارەزور
میری سور 
كاكەی جاور 
مەزاری باوا یادگار 
شارەزور 
دزوار


سەرچاوە:
یارسان، لێكۆلینەوەیەكی مێژویی دینی.
نوسینی: ئەیوب رۆستەم. 2006  

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.