نەتەوەیەکگرتوەکان- خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ خەباتی
ژنان
دژوار ئەنوەر ئەحمەد
گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی مێژوو دانانی یاسا و رێساکان بۆ باشترکردنی
پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و رێکخستنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەو راستیە دەبینین کە
پیاوان سەردەست و بڕیاردەر بوون بۆ هەڵبژاردنی کامە شێوازی بەڕێوبردن و پێدانی ماف
و بەشداری کردن لە ژیاندا، لە بەرامبەردا ژنان دوورخراونەتەوە لە بەرجەستەکردنی
توانای هزری و بەدەنیان. ئەمەش بووتە هۆی
ئەوەی ژنان هەوڵ بدەن بە شێوازی جیاواز خەبات بکەن لە پێناو خۆسەلماندن و بەشداری
کردنیان لە سیاسەت و داڕشتنی یاسا و رێسا کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆمەڵگا بە پێی
قۆناغەکانی مێژوو.
قۆناغی یەکەم: دابينکردنی بنەمایەکی ياسایی بۆ
يەکسانی (١٩٤٥-١٩٦٢)
قۆناغی دووەم: دانپێدانان بە رۆڵی ژنان لە گەشەسەندن
( ١٩٦٣-١٩٧٥)
قۆناغی سێیەم: دەیەی نەتەوەیەگرتوەکان بۆ ژنان (١٩٧٦-١٩٨٥)
قۆناغی چوارەم: بەرەو يەکسانی و گەشەکردن و ئاشتی ١٩٨٦
بەدواوە
- دابينکردنی بنەمایەکی ياسایی بۆ يەکسانی (١٩٤٥-١٩٦٢)
نەتەوەیەکگرتوەکان هەر لە سەرەتاوە دانی نا بە مافەکانی
ژنان. لە دەستپێکی ميساقی نەتەوەیەکگرتوەکان جەخت لە مانەی خوارەوە کراوەتەوە :
باوەڕ بوون بە مافە
بەنەڕتیەکانی مرۆڤ .
کەرامەتی مرۆڤایەتی.
یەکسانی مافی پياوان و ژنان.
یەکسانی مافی وڵاتە بچووك و گەورەکان.
جگە
لەوەش هەمان ميساق چوار ماددەی جياوازی تێدایە بە راشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات کە
مافی مرۆڤ و ئازاديە بنەڕەتیەکانی موڵکی هەمووانە بەبێ جياوازی رەچەڵەك و رەگەز و
زمان و ئاين.
هەر بۆیە ئەمە يەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی بوو کە بە
راشکاوی ئاماژەی بەوە کردووە کە مافی مرۆڤ بۆ هەموانە و بەتايبەتی جەختی لە مافی
ژنان کردووە.
لە ساڵی ١٩٤٦ کۆمیتەیەك پێكهێنرا بۆ پاراستنی پێگەی
ژنان، ئەم کۆميتەیە سەربە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵەيەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو. لە
سەرتای ساڵی ١٩٤٧ کۆميتەکە وەکوو کۆميتەیەکی سەربەخۆ دەستی بە کارەکانی کرد و وەکوو
کۆميتەیەکی لاوەکی سەر بە لیژنەی مافەکانی مرۆڤ جێگەی ئاماژە پێکردنە تاوەکوو ئەمڕۆ
ئەو کۆميتەیە بە شێوەیەکی کارا کار دەکات لەگەڵ UN
Women و
بەشداری لە پرۆژەی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کرد و کاری سەرەکی ئەوە بوو کە
دڵنيابێت زمانی نووسینی جاڕنامەکە یەکسانی بەرجەستە کردووە.
لە دەیەکانی سەرەتای دروستبوونی نەتەوەیەکگرتوەکاندا کۆمەڵی
نێودەوڵەتی بۆ دوو ئامانج تێدەکۆشا؛
یەکەم: کاری بۆ
بڵاوکردنەوە و ناساندنی مافی ژنان دەکرد. دووەم: هانی وڵاتانی دەدا بۆ داڕشتنی پلان
بە مەبەستی باشترکردنی رەوشی ژنان.
هەر بۆیە کۆمەڵی
نێودەوڵەتی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە داوای لە وەڵاتانی ئەندام دەکرد لە یاسای
وڵاتەکانیاندا هەمواری ياسایی ئەنجام بدەن بۆ باشترکردنی مافە سياسی و ئابووريەکانی
ژنان و گەرەنتی خوێندن و چاككردنی بارودۆخی کار بدەن.
- دانپێدانان بە رۆڵی ژنان لە گەشەسەندن ( ١٩٦٣-١٩٧٥)
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ و١٩٧٥ وڵاتان بە شێوەیەکی
بەرچاو دەرگایان بەڕووی داواکاریەکانی
نەتەوەیەکگرتوەکاندا کردەوە. لەساڵی ١٩٦٧ کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتوەکان جاڕنامەیەکی
پەسەند کرد سەبارەت بە قڕکردنی جياکاریەکان دژ بە ژنان.
ئەوەی ئەو دەمە زانرا ئەو جاڕنامەیە تەنها راسپاردە
بوون و هەوڵی وڵاتان بۆ جێبەجێکردنی تا رادەیەك دياریکراو بوو، لە دەرئەنجامدا و
بە دیاریکراوی لەساڵی ١٩٧٩ رێکەوتننامەیەك پێشنيازکرا کە تۆکمەتر و سيفەتی ئيلزامی
هەبوو لە رووی ياساییەوە بۆ بەبنبڕکردنی هەموو جياکاریەك دژ بە ژنان.
لێرەدا ئەوەی شایەنی باسکردنە بابەتی رێکخستەوەی
خێزان بوو چونکە خێزان بووە مایەی مشتومڕێکی زۆر و خرایە ناو خشتەی
کارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە لە کۆتایی شەستەکان وسەرەتای حەفتاکاندا.
بەڵام بەداخەوە وڵاتانی كاسۆليك مەزهەب و وڵاتە ئيسلامیەکان بە توندی دژی رێکخستنەوەی خێزان وەستانەوە و چەندین وڵات هەڕەشەی راگرتنی کۆمەک و هاوکاریەکانیان
کرد بۆ يونيسێف و سندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ نيشتەجێبون، لە کاتێکدا ئەگەر نەتەوەیەکگرتوەکان
بابەتی رێکخستنەوەی خێزان لە پلانی وڵاتەکەیدا داڕێژێت.
وڵاتی ئێران لە جاڕنامەی تاران ساڵی ١٩٦٨ دانی نا بە مافی
رێکخستنەوەی خێزان و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بخرێتە نێو جاڕنامەی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە لەساڵی ١٩٦٩ کە دەربارەی
پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندن رێکخرابوو، بەڵام ناساندنی مافی رێکخستنەوەی
خێزان بە شێوەیەکی فراوانتر لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی گشتگير لە ساڵی ١٩٧٥ ئەنجامدرا،
دواتريش لە پەيماننامەی لەنێوبردنی هەموو جياکاریەك دژ بە ژنان ساڵی ١٩٧٩، بە یەکجاری
ناسێندرا.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژنان رۆڵێکی کاريگەرتر ببینن لە
نێو نەتەوەیەکگرتوەکاندا لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، بۆ نمونە دامەزراندنی خانمی
بەرەچەڵەك فينلەندی "هيلي سيبيلا" وەکوو يەکەم ژن ببێت بە جێگری
ئەمينداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٧٢دا و لە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو ساڵی
١٩٧٥ وەکوو ساڵێکی نێودەوڵەتی ژنان و لە هەمان ساڵدا لوتکەیەکی نێودەوڵتی بۆ ژنان
بەسترا.
مافی ژنان لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە کارە
پێشینەیەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو. بۆ نمونە یەکەم کۆبوونەوەی ژنانەی جيهانی لە
شاری مەکسيکۆ سيتی لە ساڵی ١٩٧٥ گێڕدرا، و لە هەمان ساڵدا نەتەوەیەکگرتوەکان رۆژی
٨ی مارسی دەستنيشانکرد وەکوو رۆژێکی جيهانی بۆ ژنان، هەرچەندە هەندێك وڵات ئەو
رۆژەی لەساڵی ١٩١١ دياری کردبوو. سەرجەم چالاکیەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەو
ساڵانەدا جەختی لەسەر دوو تەوەری کرنگ ئەکردەوە سەبارەت بە مافی ژنان. ئەويش:
گەشەپێدانی تواناکانی
ژنان و بەدیهێنانی ئاشتی بوو کە یەك دەیەی خاياند.
- دەیەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ژنان (١٩٧٦-١٩٨٥)
لە ماوەی ئەو دەیەی کە بۆ ژنان تەرخانکرا، رۆڵی ژن
گۆڕانکاری بەسەردا هات. چیتر ژنان وا سەیر نەدەکران کە ئامانجێکن بۆ کار و پاڵپشتی
و وەچە خستنەوە، بەڵکوو وەکوو کاراکتەرێکی کارا و گرنگ و چالاك سەير دەکران.
پشتبەست بەو کۆنگرە نێودەوڵەتیەی کە بۆ یەکەمجار بوو
بۆ ژن ببسترێت لە شاری مەکسيکۆ سيتی لە ساڵی ١٩٧٥، ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٨٥ وەکوو دەیەی
ژنان دياری کرا. هەر بۆیە نەتەوەیەکگرتوەکان
سندوقێکی تايبەت بە کۆمەك بەو مەسەلەیە دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٧٦، ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی
نەتەوەیەکگرتوەکان بڕياریدا بە دامەزراندنی پەيمانگای نێودەوڵەتی بۆ راهێنان و توێژينەوە
بە مەبەستی بەهێزکردنی ژنان، ئەو پەيمانگایە بە وردی کاری لە سەر بەهێزکردن و بەڕێوەبردنی
تواناکانی ژنانی دەکرد بۆ گەيشتن بە یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەز. ئەم پەيمانگایە
ساڵی ٢٠١١ بوو بە بەشێکی گرنگ لە ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتوەکان.
پاش پێنج ساڵ لە یەکەم
کۆنگرە، و بە دياری کراوی لە ساڵی ١٩٨٠
پاش پێنج ساڵ لە یەکەم کۆنگرە، و بەدياری کراوی لە
ساڵی ١٩٨٠ دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە ژنان لە کۆبنهاگن لەوڵاتی دانیمارک بەسترا،
لەم کۆنگرەیەدا زیاتر تیشک خرایە سەر بابەتی دامەزراند و تەندرووستی و خوێندن هەروەها هەڵسەنگاندنی ئەو ساڵەی کە پێشووتر
تەرخان کرابوو بۆ ژنان.
بۆ ئەو مەبەستە لە نەیروبی ساڵی ١٩٨٥ کۆنگرەیەکی
نێودەوڵەتی بەسترا و ئیدی دەیەی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆتایی پێهێنرا. لەم
کۆنگرەیەدا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرکرا بۆ دەیەی رابردوو ئەو دەستکەوتانەی تێیدا
بەدەستهاتبوون لە ماوەی رابردوودا سەبارەت بە ( ژن- گەشەپێدان- ئاشتی). لە دەرئەنجامی
ئەو هەڵسەنگاندنەدا ئەوە بە دیارکەوت کە سەرەڕای ئەوەی هەندێ ئامانجی بچووك بەدەستهاتوون بەڵام ئەو ئامانجە گرنگانەی کە ساڵی ١٩٧٥ لە مەکسيك دەستنيشان کرابوون
هێشتا بەدی نەهاتوون. هەر لەو ساڵەدا بڕياردرا بە دامەزراندنی سندوقێکی نوێ بە ناوی
سندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدانی ژنان کە جێگای سندوقەکەی پێشو بگرێتەوە.
ئەو کۆنگرە و کۆبوونەوە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامدەدران
گرنگی خۆیان هەبوو، جگە لەوەش کۆنگرەی رێکخراوە ناحکوميەکانيش گرنگی خۆیان هەبوو
کە بۆ هەمان مەبەست ئەنجامدەدران. ژمارەی بەشداربووان لە کۆنگرەی رێکخراوە
ناحکومیەکان لە مەکسيکۆ سيتی ٤٠٠٠ بەشداربووی تێپەڕاند و ئەم رێژەیە بە شێوەیەکی
بەرچاو ساڵانە زيادی دەکرد تا گەشتە ٥٠٠٠٠ بەشداربوو لە کۆنگرەی پەکين لە ساڵی
١٩٩٥.
- بەرەو يەکسانی وگەشەکردن و ئاشتی ١٩٨٦ بەدواوە
وەکوو ئاماژەمان پێکرد کە کۆنگرەی چوارەم لە ساڵی ١٩٩٥
لە پەکين ئەنجامدرا. ئەم کۆنگرەیە وەکوو پاڵپشتیەك بۆ کۆنگرەکانی پێشوو دياریکرا، و
لە ئەجێندای کارەکانی پاراستنی مافی ژنان و رەچاوکردنی پرەنسيپی جێندەری بوو بە بنەمای کارەکانی کۆنگرەکە، هەر لەسەر
بنەما و دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە، نەتەوەیەکگرتوەکان لەساڵی ١٩٩٩ بابەتی پاراستنی بنەمای جێندەری خستەناو هەموو
بەرنامە و سياسەتەکانيەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی
نەتەوەیەکگرتوەکان پێشتر بڕيارێکی دەرکرد و گشتاندنێکی بۆ هەموو ئۆرگانەکانی نەتەوەیەکرتوەکان کرد کە بنەمای جێندەری بخرێتە
نێو سەرجەم پلان و کارەکانی رێکخراوەکەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتوەکان دانيشتنێکی
تايبەتی رێكخست لە ژێر ناونيشانی " ژنان لەساڵی ٢٠٠٠ و يەکسانی رەگەزی و گەشەپێدان
و ئاشتی لە سەدەی ٢١ دا" و
پێداچونەوەیەك کرا بە هەموو بەرنامەکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا کە بۆ ژنان داڕێژرابوو لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا. ئەم کۆبوونەوەیە کە لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٠ ئەنجامدرا و بە
کۆبوونەوەی هەزارە ناسرابوو، مافی ژنانی
وەکوو ئامانجێکی گرنگ و باڵا دەستنيشانکرد .
هەر لە هەمان ساڵی ٢٠٠٠، ئەنجومەنی ئاسايشی نەتەوەیەکگرتوەکان
بڕياری گرنگی ژمارە ١٣٢٥ی دەرکرد دەربارەی ژن و ئاشتی و ئاسايش، تێیدا داوایکرد
ژنان بەشداربن لە هەموو پرۆسەیەکی پاراستنی ئاشتی و بونيادنانی ئاشتی. دوابەدوای
ئەم بڕيارە، بڕيارەکانی ژمارە ١٨٢٠ و١٨٨٨ و١٨٨٩ دەرکران، دواتريش لە ساڵی
٢٠١٠مارگوت والستروم وەکو نوێنەری تايبەتی ئەمينداری گشتی نەتەوەیەکرتوەکان بۆ
توندوتيژی سێکسی لەکاتی جەنگدا دامەزرا.
کۆمەڵەی نەتەوەیەکرتوەکان دواتر بڕياریدا بە یەكخستنی
یەکەکانی تايبەت بە ژنان و دامەزراندنی يوئێن بۆ ژنانUN
WOMENوەکو ڕێکخراوێکی نوێ و بەتوانا. ئەم ڕێکخراوە لە چوار هۆبەی سەرەکی پێكهاتوە،
یەکەم: سندوقی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدانی ژنان (UNIFEM).
دووەم: راوێژکاری تايبەت بە بابەتی جێندەری
هاستانەوەی ژنان (OSAGI).
سێیەم: پەيمانگای نێودەوڵەتی بۆ راهێنان و لێکۆلينەوە
بۆ بەهێزکردنی توانای ژنان (INSTRAW).
چوارەم: هۆبەی هەستانەوەی ژنان (DAW).
سەرچاوەکان:
http://www.un.org/en/globalissues/women/links.shtml
ا
http://www.un.org/womenwatch/daw/CSW60YRS/CSWbriefhistory.pdf
http://www.unsystem.org/ngls/documents/publications.en/develop.dossier/dd.06/contents.h