سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تاچەند ڕوكنەكانی ئاینی ئیسلام لە زەردەشتی وەرگیراون؟!
بەشی یەكەم

20/11/2016


ئاینەكان بە تایبەت ئاینە یەكتاپەرستییەكان بەهۆی ئەوەی لەهەندێ ڕوەوە چەند دیدگایەكی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە چەمكەكانی: خوداو ڕۆژی دوایی و شەیتان... هتد، لەبەر ئەمە‌ كاریگەریان بەسەر یەكترەوە هەیە، ئەو ئاینەی كە پێش ئەوانی تر كەوتوە دەبینین كاریگەریی بەسەر ئەوەی دوای خۆیدا جێ هێشتوە، ئەكرێ زەردەشتیەت‌ نمونەیەكی رون بێت لەم بارەوە كە هەندێ بیروباوەڕی زەردەشتیەت دەبینین بەسەر دینەكانی كەی وەك جولەكەو مەسیح و ئیسلامەوە.
بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیسلام نزیكتر بوە لەزەردەشتیەت و ئیسلام بەر ئەو دینە و كلتورەكەی‌ كەوتوە، هەر لەبەر ئەمە چەند چەمك و سروتێكی زەردەشتی لەدینی ئیسلامدا دەبینین یان جوانتر بڵێین "ئیسلام توانیوێتی ئەم چەمك و سروتانە لەزەردەشتیەتەوە وەرگرێ"، لەخوارەوە كەشفی چەند سروت و تقوسێك دەكەین كە ئیسلام لە زەردەشتیەوە وەریگرتوە.

چەمكی یەكتاپەرستی


 یەكەم دین كە پەیامی یەكتا پەرستی بڵاوكردەوە "دینی زەر‌دەشتی بو"، كە هەندێ لەمێژونوسان مێژوەكە‌ی بۆ سێ یان چوار هەزار ساڵ پێش زاین دەگێڕنەوە.‌ هەندێ لایان وایە كە خودی زەردەشت 285 ساڵ پێش هاتنی ئەسكندەری مەقدۆنی لەدایك بوە. چون كاتێ ئەسكەندەر وڵاتی ئێرانی داگیركرد ئەوكات  200 ساڵ دەبو بەسەر مەرگی زەردەشتدا تێپەڕیبو.
 
پێش زەردەشت تەواوی كۆمەڵەكان و كۆمەڵی ئێرانیش لە سەردەمی فرە خوداوەندیدا دەژیان، ئەگەرچی كۆمەڵی ئارییای ئەوكات كە هەندێ مێژونوس بەهەڵە بەكۆمەڵی ئێرانی ناوی دەبەن، باوەڕیان بە ئاینی میترایزم هەبو "خۆر پەرستی"، بەڵام زەردەشت هات بانگەشەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گشت خوداوەندەكان كردو بانگی یەكتاپەرستی كرد، ئەو لای وابو تەنها یەك خودا هەیە كە خودای چاكە، جوان، خۆشەویستی و سۆز بێت، ئەویش خودای تاك وتەنهایە واتە "ئاهورامەزدا"یە.

كاتێ ‌ئیسلام بڵاودەبێتەوە لە نیمچە دورگە‌یەكی دواكەوتوی وەك نیشتیمانی عەرەبیدا، لە رۆژئاواو باكورەوە بەر شارستانێتی مەسیحی دە‌كەوێ لە رۆژهەڵاتەوە بەر شارستانێتی زەردەشتی دەكەوێ لە باشوریشە‌وە بەر شارستانێتی هندۆسی و بوزی دەكەوێ، بەتایبەت شارستانێتی مەسیحی و جولەكە و زەردەشتی بەهۆی ئەوەی كە سیستمی ئاینەكەیان یەكتاپەرستین و چەمكەكانی وەك بەهەشت و دۆزەخیان تێدایە.

دەبینین ئیسلام زۆرترین سودی لەو ئاینانە وەرگرتوە و بەكاریهێناوەتەوە، بەتایبەت دینی زەردەشتی، چون "تەماشاكردنی خودا لە دەرەوەی سیانەی پیرۆز وەك ئەوەی لای مەسیحیەكان هەیە"، دەبینین ئیسلام لە زەردەشتەوە نزیكترە وەك لە مەسیح و جولەكە.‌

هەندێك لایان وایە پێغەمبەری ئیسلام بەهۆی سەلمانی فارسی یەوە دواتر هەندێ شتی كەی هێناوە بەتایبەت لەزوهدانیەت و وێرد و شتی زەردەشتی وەریگرتوەو بڵاوی كردۆتەوە، بەڵام پێش سەلمانی فارسی پێغەمبەر چەمكی یەكتا پەرستیشی وەرگرتوە یە كە یەكێكبوە لەو شتانەی هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەیامەكەیدا بڵاوبوەوە،‌ واتە كاتێك "پەیامبەری ئیسلام" بانگەشەی بۆ یەكتاپەرستی كردووە پێشتر و 3 هەزار ساڵ لەوەوبەر زەردەشت بانگەشەی بۆكرد‌وە. ئەم چەمكە نەك تەنها ئیسلام بەڵكو بەپێی شارەزایان و هەم لەڕوی زانستیشەوە مادام زەردەشتیەت پێش ئاینی جولەكەو مەسیحەت كەوتوە، ناكرێ كاریگەری بەسەریانەوە نەبێت، واتە چەمكی خواپەرستی دواجار تەنها ئیسلام بەكاری ناهێنێت و لەزەردەشتەوە وەری ناگرێ بەڵكو ئاینی جولەكە و مەسیحیەتیش لەزەردەشتەوە وەری دەگرن كە دەتوانین بڵێین ئیسلام دوا دینە ئەم چەمكە لەزەردەشتەوە وەردەگرێت!.

شەیتان - خودا


شەیتان - خودا بە یە‌كێك لە چەمكە ئاڵۆزەكانی ناو دینەكان دەژمێردرێت، بۆیەكەم جار ئەم چەمكە لەلایەن زەر‌دەشتەوە بەكار هێنراوە، پێش زەردەشت شتێك بەناوی چەمكی خوداو شەیتان نەبوە.

بەڵام كە زەردەشت هات كۆی ئەم خودایانەی هەڵوەشاندەوە، بانگەشەی بۆ دوو هێزی خێر و شەڕ كرد لە ئاستی خوداوەند دا كە هەردوكیان لەململانێدان بۆ كۆنترۆڵكردنی ژیان و ئەوی دیكەیان، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاریكردنی ئەوانەی لەخۆیانەوە نزیكن.
بۆ نمونە هێزی چاكەو جوانی كە ئاهورامەزدایە، لەگەڵ هێزی ئەهریمەن كە شەیتانە، ئەویان ئاهورامەزدا هاوكاری هێزە چاكەكانە بۆ ئەوەی ئاشتی و خێر سەركەوێ ئەوی دیكەیان ئەهریمەنە كە هاوكاری رۆحە خراپەكانە بۆ ئەوەی رۆحی خراپە سەركەوێ بەسەر رۆحی چاكەدا.

موحەمەد كاتێك پەیامی ئیسلام بڵاو دەكاتەوە ئەم چەمكی ئەهریمەن و ئاهورامەزدایە دەگۆڕێ و بۆ (الله و شیگان)، بەڵام بەكۆمەڵێك دەستكارییەوە كە لێرەدا ئەو دەرفەتە نییە ئێمە بە قوڵی ئەو بەحسە بكەین، بەڵكو هەڵمان گرتوە بۆ كاتێكی تر كە بەدرێژی لەسەری بدوێین.
بەڵام خوداو شەیتان هەمان ئەهریمەن و ئاهورامەزداكەی زەردەشتە كە سێ هەزار ساڵ زەردەشت بانگەشەی باڵادەستی ئەو دوو هێزەی بەسەر گەردوندا بڵاوكردۆتەوە.

نوێژو روكنەكانی نوێژ كردن

نوێژ دیاردەیەكی نوێ نی یە وەك ئەوەی هەندێك لایان وایە كە‌ فۆرمێكی نوێی خوداپەرستییە و‌ لەئیسلامەوە هاتوە،‌ لە كتێبە مێژوییەكاندا و لەڕێگەی شوێنەوارەكانەوە بەتایبەت ئەو وێنانەی كە لەسەر پەرستگاكانی بابل و ئاشور و سۆمەریەكان هەڵكەندراون و دۆزراونەتەوە پێمان دەڵێن كە "نوێژ" ئاشورییەكان بەكاریان هێناوە وەك جۆرێك لێخۆش بون و پاڕانەوە لەخوداكانیان.
ئەم فۆرمی نزاكردنە رۆژ لەدوای رۆژ گۆڕانی بەسەردا هاتوە و جۆرێك لە دسپلین و رێكخستنی گرتۆتە خۆ، ئیدی چ بە كەمكردنەوەی بێت یان زیاد كردنی. 
بۆنمونە گەلانی ئاریایی كۆن كە لەسەر ئاینی میترایزم بون (خۆر پەرست) بون ئەوان رۆژیان دابەش كرد بەسەر سێ باردا یان سێ كاتدا، (بەیانی – نیوەڕۆ – ئێوارە) كە نوێژی خۆیان لەم سێ كاتەدا كرد‌وە، واتە رۆژ پەرستەكان كەكوردیش پێش زەردەشتیان ئەم دینیان پەرستوە سێ كات نوێژیان بۆ میترا خواوەندی خۆر كردوە، بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە.
زۆربەی ماڵەكانی ئاریایی كۆن ڕویان بەرەو ڕۆژهەڵات بو بۆ ئەوەی كە بەیانی خۆر هەڵهات یەكسەر بێ بەربەست خۆر بدات لەماڵ و ئەمانیش دەستبەجێ نوێژی خۆیان پێشكەشی خۆر دەكرد.

ئێستاش لەناو كورد دا باوە دەڵێن "هەر ماڵێك خۆری بەیانی نەیگرێتەوە ماڵ نییە"، هەر وشەی بانگەواز كە خۆی لە دوو وشە پێك هاتو بان واتە سەربان لەگەڵ گەواز واتە چرین، هەردو پێكەوە دەكاتە لەسەربان چرین یان قاودان، كاتی خۆی موغی زەردەشتیەكان لەگەڵ خۆر كەوتنی بومی لێڵی بەیانیدا بانگەوازیان بۆ نوێژ كردوە لەسەر بانی پەرستگاكان.

كاتێ كە ئاینی زەردەشتی دێ و كۆتایی بە ئاینی میترایی دێنێ، بەڵام هەمو رەمزو بیرو باوەڕانی ئاینی میترایی ناسڕێتەوە بەڵكو لەزۆر لایەنەوە ریفۆرمی تێدا دەكات، بۆ نمونە بابەتی نوێژ لە سێ نوێژەوە دەكات بە پێنج نوێژ، واتە دوو نوێژی تر زیاد دەكات بۆ سەر سێ نوێژەكە ‌و دەبێت بە پێنج نوێژ بەپێی ئەم كاتانە و ئەم ناوانە:
هاوەن: ماوەكەی لە بەیانی تاكو نیوەڕۆ
رەپەتون: نیوەڕۆ تاكو سەر لەئێوارە
ئوزیروەن: سەرلەئێوارە تاكو خۆرنشین
سروسرەم: لەخۆرنشین تاكو نیوەڕۆ 
ئەوشەهی نائی: لەنیوەشە و تاكو خۆركەوتن. 

كاتێ ئیسلام بڵاودەبێتەوە ئیدی وەك چە‌مكەكانی تری (یەكتاپەرستی و خوداو شەیتان و ئەوانی دی) چەمكی نوێژكردنیش وەردەگرێ و هەر پێنج فەرزەكە جێبەجێ دەكات، تەنها وێردەكانی نوێژ دەگۆڕێت لە زمانی ‌زەردەشتی و ئاڤێستاییەوە‌ بۆ عەرەبی و ئیسلامی.

سەرچاوەكان:
زەردەشت، نوسینی عەبدوڵڵا قەرەداغی (مەلا عەلی)
زەردەشت لەكلتوری كوردەواریدا، نوسینی هاوار بەهمەنی
چیرۆكی ئاینەكان سلێمان مەزهەر . و لوقمانی حاجی قادر.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.