سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

جياكردنەوەى ئاسمان لە زەوى

11/09/2021


د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

لە سەرەتاى ئەفسانەيەكدا كە باسى ئەفراندنى مرۆڤ دەكات، ئاماژەيەك بۆ كێوى ئاسمان و زەوى دەبينين:
لە كێوى ئاسمان و زەويدا
ئان شوێنكەوتووە ئەنۆناكييەكانى هێنايە بوون

ئەم كێوە جاويدانى نەبوو، بەڵكو خوڵقێنرابوو. لە تابلۆيەكى ديكەدا كە تايبەتە بە ژماردنى ناوى ئەنوناكیی ژنەخواوەندى سۆمەر، دەزانين ژنەخواوەند نمو كە بريتييە لە ئاوى يەكەم، ئاسمان و زەويى هێنايە بوون كە دواتر لەيەكدى جيابوونەوە. سەرەتاى ئەفسانەيەكى ديكە ئاماژە بۆ ئەو جيابوونەوەيە دەكات و دەڵێ:
پاش ئەوەى ئاسمان لە زەوى دوور خرايەوە
زەويش لە ئاسمان جيا كرايەوە
مرۆڤ خوڵقێنرا
(ئان) ئاسمانى برد و
(ئينليل)يش زەوى
خواوەند (كوور) ژنەخواوەند (ئيريشكيجال)ى
وەك دەستكەوتێك برد بۆ خۆى

لە ميتۆلۆجياى سۆمەريدا (كوور)ى خواوەند خواى جيهانى خوارەوەيە، جيهانى مردووان، كە رۆحەكان بۆى دەچن. بەڵام ژنەخواوەند (ئيريشكيجال) خواوەندى سەر زەوى بوو كە دواى ئەوەى كوور رفاندى بۆ جيهانى خوارەوەو لەوێ  خواستى، ئيدى بوو بە شاژنى ئەو جيهانە، رێك وەكو ژنەخواوەند (بيرسفونى) لە ميتۆلۆجياى يۆنانيدا كە (هاديس)ى خواوەندى جيهانى خوارەوە لە ديمترى خواوەندى پيتاندن و دايكى بيرسفۆنى فڕاندى و ئيتر بوو بە خواى جيهانى خوارەوەو هاوسەرى پياوێكى جيهانى مردووان.

ئەوەى پەيوەستى نێوان ئەو دوو ئەفسانەيە پێكەوە دەسەلمێنێت، ناوى كوور كە لە زمانى سۆمەريدا تا ماوەيەكى زۆر ماناى جيهانى خوارەوە يان جيهانى ژێرەوە دەگەيەنێت، ناوى هەمان خواى جيهانى خوارەوەيە لەلاى گريكەكان.

لە سەرەتاى ئەفسانەى سێيەمدا زانياريى زياترمان دەبێت لەسەر جياكردنەوەى ئاسمان لە زەوى و ئەو خواوەندەى ئەو كارە مەزنەى كرد:
ئەو خواوەندەى هەموو شتێكى سوودبەخشى دەرهێنا
خواوەندێك وشەكانى ناگۆڕدرێن
ئينليل كە گەشەى بە خۆشەويستى و لەوەڕگە دا
ئاسمانى لە زەوى دوورخستەوە
زەويى لە ئاسمان دوورخستەوە.

ئەو ئەفسانە سۆمەرييانە بۆمانى دەسەلمێنن، چەندين نەريتى سۆمەرى، لە بيرى ئەفسانەيى شارستانيەتى ناوچەكەو شارستانيەتى ديكەى دراوسێكاندا، ماوەتەوە. بيرۆكەى لەدايكبوونى ئاوى، دواتر لەو ئەفسانە بابلييانەشدا دووبارە دەبێتەوە كە باسى لەدايكبوونى گەردوون لە ئاوى يەكەمەوە (توعامە) دەكات بەرامبەر (نمو)ى سۆمەرى . لە ئەفسانەى سوريدا دەبينين ئاوى يەكەم (يم)، بەعل-ى خواوەند بەسەريدا سەردەكەوێت و دەست دەكات بە رێكخستنى جيهان . لە ئەفسانەى ميسريشدا (ڕەع) يەكەمين خواوەندە لە ئاوى يەكەمەوە دێتە دەرێ، هەر ئەويش دواتر خواوەندەكانى ترى بوو . لە ئەفسانەى گريكيشدا دەبينين ئۆكيانوس بريتييە لە ئاوى يەكەم و لە خواوەندى سەرەتايى كە گەردوونى لێوە سەرهەڵدەدات . لە تەوراتى عيبرانيشدا دەبينين بەر لە پەيدابوون ئاوى يەكەم هەيە كە رۆحى خودا بەسەريەوەيەتى "زەوى وێران و خاڵى بوو، رۆحى خوداش بەسەر روخسارى ئاوەكەدا دەفڕی" (پەيدابوون: 1)، قورئانى پيرۆزيش، كە كۆتايى سروشە، ئەو سروشەى لە ئادەمەوە دەست پێدەكات، بۆى سەلماندووين كە ئاوى سەرەتا هەبووە، يان لەپێشدا ئاو هەبووە: (وَهُوَ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ وَكَانَ عَرْشُهُ عَلَى الْمَاءِ) سورەتى هود ئايەتى 6،  (وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُڵ شَيْءٍ حَيٍّ) سورەتى ئەنبيا ئايەتى 30.

 
سەرکێشی یەکەمی ئەقڵ
نووسینی: فراس السواح
وەرگێڕانی: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.