سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گوزەرێك بە نێو هزر و ئایدیا و كەلتوری ئێزدییەكاندا

20/09/2021



پێشڕەو ئیسماعیل

ئێزدی وشەیەكی كوردی رەسەنە، لە یەزدان و خودا پەرستییەوە هاتووە، پاشماوەی ئایینی زەردەشتین، ئێزدی لە وشەی (ئێزدین)ەوە هاتووە، واتە دینی یەزدان. رایەكی تر دەڵێت: وشەی ئێزدی واتە خوداپەرست، ئەمەش لە وشەی (ئیزەت)ی ئاڤێستاوە نزیكە كە بە مانای گیانە ئاسمانییەكان دێت.

ئێزدییەكان بڕوایان بە خوای تاك و تەنیا هەیە، پێشەواكەیان ناوی(شێخ ئادی یان هادی كوڕی موجاور كوڕی ئەحمەد تیراهییە) و خەڵكی دەڤەری هەكارییە. شێخ ئادی ساڵی (465 یان 467)ی كۆچی لەدایكبووە و لە هۆزی تیراهی شەمسانی بووە و بە نازناوی (شێخ العارفین شرف الدین ابو الفج) ناسراوە، لەبەرئەوەی كە لە شام لە دایكبووە، نازناوێكی تری هەبووە بەناوی (شێخ ئادی شامی شەمسانی هەكاریی)، عەشیرەتەكەیان زۆر گەورە بووە، لەو كاتەدا(650) خێزان بوون، ئەمانەش هەموو ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە بەدرۆ دەخەنەوە كە هەندێك عەرەبی شۆڤێنی رایان وایە كە ئێزدییەكان ئەسڵیان عەرەبە و دەگەڕێننەوە بۆ یەزیدی كوڕی معاویە.

ئێزدییەكان پێیانوایە كە شێخ ئادی كەسایەتییەكی بەدەر لە ئاسایی هەبووە، ئەوان پێیانوایە كە هێشتا لە سكی دایكیدا بووە وەڵامی سەلامی داوەتەوە، هەر كە لە دایكیش بووە، یەكسەر قسەی كردووەو خاوەنی چەندین موعجیزە بووە، وەكو چاككردنەوەی نابینایان و چاككردنەوەی نەخۆش و تەنانەت توانیوێتی بارانیش ببارێنێت. ئێزدییەكان تەنیا سێ رۆژ لە ساڵێكدا بەرۆژ و دەبن، ئەویش لە چلەی زستاندایە، واتە مانگی رێبەندان، هەروەها لە رۆژێكدا دووجار نوێژ دەكەن، بەیانیان و دوای نیوەڕۆیان، كە نوێژ دەكەن روو دەكەنە خۆر و هەتاو لایان پیرۆزە.

ئێزدییەكان ماسی و كولەكە و بامێ و فاسۆلیا و كەلەرم و كاهو و گۆشتی بەراز ناخۆن، هەر شوێنێك كاهوی لێبێت، نابێت لێی نزیك ببنەوە، بەپێی ئایینەكەیان نابێت بچنە تەوالێت و حەمام، نابێت جلی خاكی لەبەربكەن. بەپێی ئایینەكەیان خوای گەورە حەوت مەلەك(مەلائیكە)ی هەیە كە هەر یەكەیان لێپرسراوە لە كارێك، سەرۆكی مەلائیكەكانیش ناوی( تاوس مەلەكە)، بەپێی هەندێك لە ئایینەكانی وەكو ئیسلام و جو و كریستیان (مەلەك تاوس) هەمان ئیبلیسی شەیتانە و لە فەرمانی خودا دەرچووە و خوا بەنەفرەتی كردووە، بەڵام ئێزدییەكان پێچەوانەی ئەم رایەیان هەیە و بڕوایان وایە كە خوای گەورە شەیتانی عەفو كردووە و لە گوناح پاك بۆتەوە، بۆیە ئەگەر گوێیان لە یەكێك بێت نەفرەت لە شەیتان بكات، یان دەبێت بیكوژن، یان خۆیان بكوژن، هەروەها بەپێوە میزكردن قەدەغەیە لایان، هەروەك رەنگی شینیش قەدەغەیە لەلایان، ژنهێنان و شوكردن هەروەك یاسای ئیسلامییە و مارەیی دەدەن، بەڵام كەسێك ناتوانێت براژن یان ئامۆژنی خۆی بهێنێت، بەڵام دەتوانێت ژنی تر بهێنێت.

لای ئێزدییەكان تەنیا كوڕ میراتگرە، ئەگەر كەسێك كوڕی نەبێت، براكەی بەش وەردەگرێت، دوای ئەوان مام و ئامۆزا وەریدەگرن، ئەگەر كەسێك كوڕ یان براو مامی نەبێت، ئەوا لەو حاڵەتەدا میر وەریدەگرێت.

لای ئێزدییەكان رۆژی چوارشەممە پیرۆزە، لەبەرئەوەی رۆژی دروستبوونی هەسارەی عەتاردە، رۆژی دروستبوونی مەلیكە تاوسە لە خودی خوداوەند و هاتنە خوارەوەی لە رۆژی چوارشەممەدا، هەروەها لافاوی نوح لە چوارشەممەدا دەستی پێكردووە و هەر لە چوارشەممەدا كۆتایی پێهاتووە. لەبەرئەوە لە رۆژی چوارشەممە و مانگی نیساندا ژنهێنان و ئاهەنگ و شایی ناكەن و هەروەك مانگی نیسان سەری ساڵی ئێزدییەكانە. هەر لەبەر ئەو كەلتور و رێوڕەسمە ئاینییەیان و نەتاشینی سەرو ریش لە حكومەتەكانی پێشووی عیراقدا لە خزمەتی سەربازی عەفو كرابوون و لەبری ئەوە دەبوو پارە بدەن.

ئەمە ماوەیەك بەردەوام بوو، بەڵام دوایی چەند پیاوێكی ئایینی داوایان لە حكومەت كرد كە لەبەرئەوەی ئێزدییەكان بەشێكن لە ئیسلام، دەبێت وەكو موسڵمانەكانی تر سەربازیی بكەن، ئیتر حكومەت كەوتە راوەدونانیان و چەند هێڕشێكی سەربازیی كردە سەریان و خەڵكێكی زۆری لێ كوشتن، كارەساتی(3/8/2014) كە لەلایەن چەتەكانی داعشەوە دژ بە ئێزدییەكان كرا، بە فەرمانی (73)هەمین دادەنرێت، واتە پێشتر (72) فەرمانی لەناوبردن و جینۆسایدكردنیان دەرچووە و بەرامبەریان كراوە، هەروەك (عومەر پاشای) والی عوسمانییەكان لە موسڵ تیپێك سەربازی بە فەرماندەیی كوڕەكەی خۆی ناردە سەریان و تاڵانیان كردن و ژن و منداڵەكانیان بەدیلگرتن و پیاوەكانیان كوشتن و ئاگریان لە چوار گوند بەردا و بە هەموو شتێكەوە سووتێنران.

كۆشكی میریان رووخاند و گومەزی گۆڕەكانیان تێكداو لە نێو گۆڕەكەی شێخ ئادی كاری زۆر ناڕەوایان كرد.

سەردانی مەلیك تاوس لە ساڵێكدا سێ جارە و سەردانی گۆڕی شێخ ئادی و هەڵگرتنی هەندێك لە خۆڵی مەزارەكەی بەڕێوەدەچێت. كتێبە پیرۆزەكانی ئێزدییەكان بریتین لە: مەسحەفا رەش یان مەسحەفی رۆژ لەگەڵ جلوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.