سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ڕەگ و ڕیشەی زمانی کۆنی ئارامییانەی قورئانی پیرۆزو دەروویەک بۆ تێگەیشتنێکی باشتر

پێش 3 هەفتە


نووسینی: لوئەی شەریف
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: زەند گەرمیانی


ئەو تێزو توێژینەوانەی کە (لوئەی شەریف)ی توێژەری سعودی پێشکەشیان دەکات، ھێشتا لە لایەن ئەو نێوەندانەوە کە گرنگی بە زمانە کۆنەکان و پەیوەندی و کاریگەریان دەدەن بەسەر زمانەکانی ئێستاوە کە ئەمڕۆ دەیانناسین و لە سەروو ھەمووشیانەوە زمانی عەرەبی، بوونەتە مایەی وەرگرتن و وەڵامدانەوەو ڕەخنە لێگرتن.

ئەو توێژەرە زیاتر لە جارێک ڕایگەیاندووە کە ئامانج لە لێکۆڵینەوەکانی بریتیە لە ناساندنی زمانە کۆنەکان و بایەخ و گرنگییان لە ژیانی ئەمڕۆماندا، سەرەڕای بوونی پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ کەلتوری گەلانی ناوچەکانی وڵاتی شام وکەنداو و ئەو دەوڵەتانەی بە زمانی عەرەبی قسان دەکەن و، ھەروەھا قەرزاری ئیسلامیشن کە سرووت و سەرەمۆنیاو ڕەفتارە ھەمەجۆرەکانی، بە شێوە زانراو و ناسراوەکەی ئەمڕۆی، لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیدا لەگەڵ زمانی عەرەبییدا پێکەوە دەبەستێتەوە.

بە ناونیشانی (ڕەگ و ڕیشەی زمانی کۆنی ئارامییانەی قورئانی پیرۆزو دەروویەک بۆ تێگەیشتنێکی باشتر)، لوئەی شەریف، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە یوتیوب بڵاویکردۆتەوە، تەئكیدی لەوە کردۆتەوە ئامانجی یەکەم و کۆتایی، کە ھەوڵی بە دوادا دەدات، بریتییە لە گەیشتن بە تێگەیشتنێکی باشتر بۆ قورئان، لە ھەمان کاتیشدا گوزارشتی لە خۆشی و دڵخۆشی خۆی کردووە لە ھەنبەر فێربوونی زمانە بیانییەکاندا، لە ناویشیاندا زمانی ئارامیی، کە چەندین زانیاری بەنرخی بۆ فەراھەم کردووەو، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش ئەو زمانەی نەزانیبایە ئەوا ھەرگیز ئەو زانیارییانەی بە دەست نەدەھێنا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کاتێک دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەو فێربوونی زمانی ئارامیی، تێبینی زۆرێک لە ڕستەو دەستەواژەی ئارامیی کردووە کە قورئان لە ناو ئایەتەکانیدا ھێناونی و بەکاریھێناون.

ئەو وەھا پێناسەی زمانی ئارامیی یان سریانیی دەکات بەوەی کە زمانێکی سامیی کۆنەو بڕواشی وایە کە بنەچەکی ھەموو زمانە ئارامییەکانە... (کاتێکیش کە دەڵێم زمانی سامیی، واتە ئەو زمانانەی ھاوبەشن لە ھەمان ئەلف و بێتکەو ڕەگ و ڕیشاڵدا (ئەلف - بیت - دالیت - ھا) کە ھاوتاو ھاو واتای پیتەکانی ( ئەلف - بێ - جیم - دال)ن و ئەوانیش ھەر لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسرێن).

ئەو توێژەرە بەوە کۆتایی ھێناوە کە زمانی عەرەبی شێوەزارێکە لە شێوەزارەکانی زمانی ئارامیی و دەڵێ: (ئیشمایل - ئیشمائیل، واتە ئیسماعیل- ی پەیامبەر) یەکەم کەس بووە بەو زمانە عەرەببیەی ئێستا ئاخڤیوە. ڕوونیشی کردۆتەوە کە ئیسماعیل عیبرانی (جوو) بووەو عەرەب نەبووە، لەبەر ئەوەشە کە نەوەو نەتیژە عەرەبییەکەی بە نەوەو نەتیژەیەکی عەرەبکراو ناودەبرێ، ئەمەش دوای ئەوەی لە یەمەن ژنی ھێناوەو وەچەی خستۆتەوە. ناوەکەشی لە لێکدانی ھەردوو بڕگەو وشەی ( ئیشما)و (ئیل) پێکھاتووە، (ئیشما) بە واتای (سمع - بیستن)و (ئیل) یش بە واتای (خوا) دێت. ئەو، واتە ئیسماعیل، بە زمانی ئارامیی کۆن قسەی دەکرد، جا بابەتەکەش ھەر لێرەوە دەستی پێکردووە. (دەکرێ واتای (خوابیست، ئەوەی کە ناوی خوا دەبیستێ) بۆ ناوەکەی دابنرێ.  - وەرگێڕ).

لوئەی شەریف دەڵێ کاتێک ئیسماعیل لە نیوە دورگەی عەرەب ژیاوە، شێوەزارێک ھاتۆتە کایە کە دەتوانرێ بە ناوی شێوەزاری نوێوە ناوببرێ کە لە ڕاستیدا ئەو زمانە عەرەبییەی ئەمڕۆیە. ئەگەر بگەینە ئەم ڕێککەوتنەو تێیدا ھاوڕا بین، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانین شتەکانی دیکەش باس بکەین و لێیان تێبگەین.

لوئەی شەریف دەڵێ: ئەمە ڕاستییەکی شۆكهێنەرە، بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین کە لە (٨٥٪) کتێبی خوا (واتە قورئان) بە زمانی ئارامییە.. ئەم فەرموودەیەی خوای گەورەشی (بلسان عربی مبین) بەوە لێکداوەتەوە کە عەرەبی شێوەزارێکی زمانی ئارامییە... لێرەشدا چەند نمونەیەکی ڕاست و حاشاھەڵنەگر پێشکەش دەکەم کە لە تێگەیشتنێکی زیاتری قورئانی پیرۆزدا یارمەتیتان دەدا.

*لەو نمونانەدا کە لوئەی شەریف خستوونیتە ڕوو، باسی سورەتی (إخلاص)ی کردووە: (قل ھو اللە احد، اللە الصمد)و، پەژارەو نیگەرانی خۆی لە لێکدانەوەکانی لێکدەرەوەکاندا دەربڕیوە بەوەی کە ھەندێکیان واتای وشەی (الصمد)یان بەوە لێکداوەتەوە کە (ھیچ کەلەبەر و بەتاڵایی و بۆشاییەکی تێدا نییە، واتە بەھێزو پتەوە)، بەڵام لە ڕاستیدا وشەی (صمد) وشەیەکی زمانی ئارامییەو بە واتای (ڕێگا، ڕێباز) دێت و بە (سامد) دەخوێنرێتەوە، واتە خودا ئەو ڕێگەو ڕێبازەیە کە من دەیگرمەبەر بۆ داواکردنی پێداویستییەکان.

*ھەروەھا ئایەتی (قل ھو االە أحد) واتای ئەوەیە کە خوا تاک و تەنیایە (أحد)، نەک کەسێک بێ (أحد ما)، وشەی (أحد)یش وشەیەکی ئارامییەو لە بنەڕەتدا (إیخاد)ە و واتای (یەک ، تاک، تەنیا) دەبەخشێ و، سوورەتەکەش بەمشێوەیەی لێدیت: (قل ھو اللە أحد، اللە الصمد - بڵێ خوا تاک و تەنیایە، خودا ڕێگەو ڕێبازە).

*ھەروەھا لوئەی شەریف باسی ئەو قورئانە کۆنەی کردووە کە پێش دانانی خاڵ (نوکتە) لەسەر وشەکان بە زمانی ئارامی نووسراوەتەوە. (مەبەستم لە قورئانی کۆن، ئەو قورئانەیە کە بە ڕێنووسی ئارامیی نووسراوەتەوە بەر لە دانانی خاڵ و نوکتە لەسەر وشەکان).

*تویژەر دەڵێ: (نار، ئاگر) لە ھەموو کتێبە ئاسمانییەکاندا ھەر ناوی (نار، ئاگر)ە، بەڵام وشەی (جەھەننەم، دۆزەخ) لە کوێوە ھاتووە؟... ئەویش ھەر وشەیەکی ئارامییەو بە (گۆھنیم، جۆھنیم) دەخوێنرێتەوەو ناوی ئەو دۆڵەیە کە پەیامبەر (سولەیمان) خەڵکانی ھەڵگەڕاوەو جندۆکە کافرو بێباوەڕەکانی تێدا ئازارو ئەشکەنجە دەدا.

*ھەروەھا وشەو دەستەواژەی (جنات عدن)... لە وشەی (أیدن) ھاتووە کە واتای (باخ، بێستان) دەگەیەنێ، بەڵام دەستەواژەی (کونوا ربانیین) واتە وەک ئەو کەسە بن کە ڕێز لە گەورەیی خوا دەگرێ. ھەر بۆیە لە ناو بەنی ئیسڕائیلدا بە پیاوی ئاینی دەگوترێ (ڕابای) واتە (حاخام) و، بنەچەکی وشەکەش لە زمانی ئارامییدا بریتیە لە (ڕابانی).

*ھەموو لێکدەرەوەکانی قورئان، ھیچ واتایەکیان بۆ (وفاكهە وأباً) بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمیش ئارامییە (أبا) ش بە واتای میوەی گەییو دێت.

*لە ئایەتی (فی علیین، وما ادراك ما علییون)یشدا، (علییون)  یان  (إلییون) وشەیەکی ئارامییە.. تەنانەت ناوی (علی، عەلی، بەرزە)یش لە ڕاستیدا ناوێکی ئارامییەو پێیدەگوترێ (إیلیا) یان (إلیون)، واتە ئەو کەسەی کە بەرزبۆتەوەو چۆتە شوێنێکی بەرز.

لوئەی شەریف گوتوویەتی کە ئەو باسی زۆرێک لە ئایەتەکانی قورئان دەکات، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە ئەگەر یەکێک ئەو ئایەتانە بە گوێی کەسێکدا بدات کە بە زمانی ئارامی دەئاخڤێ، ئەوا یەکسەر دەیسەلمێنێ و تةركيز لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە ڕێژەی لە سەدا ملیۆن ئارامیین.

*(إن من شيتعه لأبراهيم، اذا جاء قلبه بقلب سليم، إذ قال لأبيه وقومه ماذا تعبدون أإفكاً آلهة دون الله تريدون، فما ظنكم برب العالمين فنظر نظرة في النجوم)... لێرەدا شەریف دەڵێ: (نجم) یان (ناجم) لە زمانی ئارامیدا بە واتای (دەلیل، ڕێ نیشاندەری بەرز) دێت، واتە (النجوم، ئەستێرەکان) بە واتای دەلیل و رێ نیشاندەرە بەرزەکان دێن.

*(ولی عنھم مدبرین فراغَ) ... وشەی (راغ) لە زمانی ئارامییدا بە واتای (انصرف، وازی ھێنا، ڕۆیشت) دێت. 

*وشەی (رب)یش بە زمانی ئارامی بە واتای (رب، پەروەردگار)، یان (اللە، خودا)، یاخود (گەورەو سەردار) دێت کە وەکو ھەر کەسێک لە کەسەکانیش بە واتای سەرۆک دێت.
دیارە لوئەی شەریف دەیان نمونەی دیکەی ھێناوەتەوە کە لێرەدا لاپەڕەکان جێیان نابێتەوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.