سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لە مانگێكدا حكومەتە كاتییەكەی تاڵیبان چی بەدەستهێناوە؟

6 رۆژ پێش ئێستا


مانگێكە بزوتنەوەی تاڵیبانی ئیسلامی ئەفغانستان كابینەیەكی حكومەتی كاتی بۆ راپەڕاندنی كاروباری وڵاتەكەی پێكهێناوە، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا رون نییە.

بە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەكە وەستاوە، ئاستی توندوتیژییەكان دابەزیوە و ئەمەش ئەنجامێكی ئەرێنی گەڕانەوەی تاڵیبانە.

وەستانی شەڕ دوای ئەوە دێت ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە دەنگی تەقە و تەقینەوە لە گوێی ئەفغانییەكاندا دەزرینگێتەوە.

سەرەڕای رەواندنەوەی مەترسی شەڕی ناوخۆ، ئەوەی ئەفغانییەكانی نیگەران كردووە، چارەنوسی پرۆسەی سیاسی وڵاتەكەیانە.

تاڵیبان رایگەیاندبو، حكومەتێكی گشتگیر پێكدەهێنێت، بەڵام ئەو كابینە كاتییەی دروستیكردوە، بە گشتگیر هەژمار ناكرێت.

رەخنەی ئەوە لە تاڵیبان دەگیرێت، وەزیرەكان سەرجەمیان لە زانا و سەركردە ئاینییەكانی بزوتنەوەی تاڵیبانن.

هۆزی هەزارە شیعەكانی ئەفغانستان جێگری وەزیری تەندروستیان پێدراوە. كابینەكە هیچ ژنێكی تێدانییە. هەموو ئەو كەسانەش پێشتر پۆستیان هەبوە لە پۆستە وەزارییەكان پشكیان پێ نەدراوە.

تاڵیبان بەڵێنی دابوو، رێزی مافی ژنان بگرێت، بەڵام لە "چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامدا"، لە یەكەم كاریشدا، ئەو وەزارەتەی پێشتر بۆ كاروباری ژنان دانرابو، هەڵیوەشاندەوە و فەرمانبەرەكانی بەسەر وەزارەتەكانی دیكەدا دابەش كرد.

هاوكات ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان، وەزارەتێكی بە ناوی وەزارەتی بانگەواز و رێنموونی و فەرمان بە چاكە و رێگرتن لە خراپە دامەزراند.

تاڵیبان نەیشاردوەتەوە، كە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پشت بە سەرچاوە متمانەپێكراوەكانی شەریعەتی ئیسلام دەبەستێت.

ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوان پابەندن بە دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی و دەبێت وڵات لەسەر بنەمای شەریعەت بەڕێوە ببرێت.

بە هۆی ئەو رەوشە نوێیەی وڵاتەكەوە نرخی خواردنە سەرەكییەكان بە رێژەی نیوە بەرز بونەتەوە و بەهای دراوی ئەفغانی دابەزیوە.

هۆكاری ئەو كێشە ئابوورییە، بلۆك كردنی 9 ملیار دۆلاری ئەفغانستانە لە بانكە بیانییەكان و راگرتنی كۆمەكی داراییە بۆ ئەو وڵاتە.

تاڵیبان پێشتر بەڵێنی دابو، هیچ هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی دراوسێكانی دروست ناكات، بەڵام لە سەر سنوری تاجیكستان هێزی كۆكردوەتەوە.

لەگەڵ هەمو ئەوانەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بەوەدا ناوە پێویستە وەك ئەمر واقیعێك مامەڵە لەگەڵ حكومەتی تاڵیباندا بكرێت، تەنانەت ئەگر دانیشی پێدا نەنرێت.

هیوای ئەوەش هەیە بزوتنەوەی تاڵیبان سودی لە هەڵەكانی رابردو وەرگرتبێت و رێزی بەرژەوەندی وڵاتانی هاوسنوری ئەفغانستان بگرێت.

روسیا و چین لە ئاستی نێودەوڵەتی و پاكستان لە ئاستی هەرێمایەتی زۆرترین هەوڵیان خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی تاڵیبان گوێ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرێت و ئەفغانستان نەبێتە نەوایەك بۆ ئەو گروپ و رێكخراوە چەكداریانەی لە لیستی تیرۆری وڵاتاندان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.