سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داعشەكانی عێراق و سوریا رویان لە ئەفغانستان كردوە

14/10/2021


راپۆرتێكی هەواڵگریی روسی ئاشكرای دەكات كە چەكدارانی داعش ئەوانەی لە عێراق و  سوریا لە ترسی هێزە ئەمنییەكان قەیسەریان لێ بوە كونەمشك، لە ئەفغانستان سەرقاڵی خۆ یەكخستنەوەن.
 
راپۆرتەكە لەلایەن ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە كۆبونەوەی چەند وڵاتێكی دۆست و هاوپەیمان لەگەڵ روسیا ناسراو بە CIS، بە بەشداری بەرپرسانی هەواڵگری خوێندرایەوە.
 
سەرۆكی روسیا وتی"ژمارەیەك لە گروپی تیرۆرستی نێودەوڵەتی سەر بە داعش لە وڵاتەكە جموجۆڵیان هەیە، چەكداران كە لە عێراق و سوریا فێری ئەزمونی شەڕ بون، چالاكانە لە ئەفغانستان یەكدەگرنەوە. بەدوری نازانین كە ئەو تیرۆرستانە لەوانەیە هەوڵبدەن دۆخی وڵاتانی دراوسێش بشێوێنن".
 
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەكەی روسیا، ئەو چەكدارانە بە سودبینین لەو چەكە پێشكەوتانەی لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەستیان كەوتوە، دەیانەوێ خاكی ئەفغانستان بكەنە گۆڕەپانی مەشق و راهێنان و خۆ یەكخستنەوە بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دەوروبەری ئەفغانستان.
 
روسیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆر لە هێرشی گروپە چەكدارییەكانی ئەفغانستان دەترسێت.
 
نیكۆلای پاتروشیڤ، سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی سەرۆكایەتیی روسیا رایگەیاند "هەر لە سەرەتاوە ئەمریكا بۆمبێكی تەوقیتكراوی لە ناوچەكە داناوەتەوە، ئەویش بە جێهێشتنی چەندین چەكی پێشكەتوە بۆ تاڵیبان. لەو بارەدا دەتوانرێت ئەو چەكانە بە ئاسانی بكەونە دەست تیرۆرستانی داعش، قاعیدە و گروپەكانی دیكە، كە هەڕەشەی جیدین بۆ سەر وڵاتانمان".
 
داعشی خوراسان ئەو گروپە چەكدارییە پەڕگیرەیە كە لەكۆتایی پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا تەقینەوەیەكی ئەنجامدا و 13 مارێنزی ئەمریكی و زیاتر لە 170 هاوڵاتی ئەفغانی و چەكداری تاڵیبانی كوشت.
 
ئەمریكا دەڵێت ئێستا 1500 بۆ 20O0 چەكداری داعشی خوراسان لە ئەفغانستان هەن، كە لە 2016دا ژمارەیان بە 3000 بۆ 4000 كەس مەزەندە دەكرا،  ئەو چەكدارانە هێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان، سیاسەتڤانان، چەكدارانی تاڵیبان، كەسایەتییە ئاینییەكان، موسڵمانانی شیعە و سیخ و ئەندامانی ناتۆ و ئەمریكایان لە ئەفغانستان كردوەتە ئامانج.
 
زۆربەی چەكدارانی داعشی خوراسان دەكەونە پارێزگای نانگەرهار، كە بە دەروازەی هاتوچۆی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و قاچاخچیان لەنێوان پاكستان و ئەفغانستان دەناسرێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.