سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تالیبان و داعش، ئایدیۆلۆژیایەكی‌ هاوبەش

14/10/2021


شاناز هیرانی 

دوا بەدوای‌ گەڕانەوەی‌ تالیبان و گەیشتنی‌ بە هەرەمی‌ دەسەڵات لە ئەفغانستان و كۆنترۆڵكردنی‌ تەواوی‌ جومگەكانی‌ حوكمڕانی‌، پرسیارێك هاتە ئاراوە: ئایا تالیبان بەتەنیا دەتوانێت ئارامی و ئاسایشی‌ ئەفغانستان جێگیر بكات و بیپارێزێت؟

مۆڵگەی‌ گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان

سەرجەم ئاماژەكان تائێستا پێمان دەڵێن كە تالیبان ناتوانێت دڵنیایی‌ بدات لەڕووی‌ ئارامی و ئاسایشەوە، چونكە دەركەوت لەو ماوە كورتەدا ئەفغانستان بۆتە موڵگەی‌ گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان و ئێستا وڵاتەكەش كەوتۆتە نێوان بەرداشی‌ گروپە توندڕەوەكانەوە، كە باشتر و ئازادانەتر دەتوانن جووڵە بكەن، هەروەها بێ‌ توانایی‌ بزووتنەوەكەش لە دابینكردنی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆیی‌.

ئەمەش وادەكات ببێتە بارێكی‌ قورس بۆ سەر شانی‌ ئەفغانییەكان. جگە لەوەش‌ بوونی‌ ململانێ‌ی چەكداری‌ و سیاسی‌ له ‌نێوان خودی‌ فەرماندە سەربازییەكانی‌ بزووتنەوەكە لە ژوورە داخراوەكاندا.

بە پێی‌ زانیارییەكان ژمارەیەكیان لەسەر چەندین پرس و رێوشوێن ناكۆكن و ناتوانن بگەنە رێكەوتنێك. ئەمانە هەموویان ئاماژەی‌ زەقن بۆ كەوتنێكی‌ نزیكی‌ بزووتنەوەكە یان بەرپابوونی‌ شەڕێكی‌ ناوخۆیی‌ سەرتاسەری‌ لە وڵاتەكەدا، هەر ئەوەشە ترسی‌ لای‌ وڵاتانی‌ دراوسێی ئەفغانستان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی‌ دروست كردووە.

گروپی‌ ویلایەتی‌ خۆراسان توانیان چەندین كردەوەی تیرۆریستی‌ بكەن و خەڵك و چەكدارانی‌ سەربە بزووتنەوەكەش بكەنە ئامانج. تالیبانیش نەیتوانیووە بەر بەو خوێنڕێژییە‌ بگرێت. بۆیە خۆرهەڵاتی‌ وڵات ئێستا بۆتە موڵگەی‌ رێكخراوی‌ داعش و تیرۆریستان. ئەفغانستان بۆتە بارستەیەكی ئاگرین و رۆژانە خەڵك دەبێتە سوتماكی‌ ئەو دۆخە. چ لەلایەن بزووتنەوەكە خۆی‌ بێت یاخود رێكخراوەكانی‌ تری‌ وەكو (قاعیدەی‌ جیهادی‌) و (شەبەكەی‌ حەقانی‌) یان گروپەكانی‌ تری‌ وەكو گروپی‌ ویلایەتی‌ خۆراسان.

ئەوەی‌ شایانی‌ باسە لێرەدا ئەوەیە كە ناتوانین بڵێن: تالیبان دژی‌ داعشە، چونكە خۆی‌ هۆكاری‌ دروستبوون و سەرهەڵدانی ئەو رێكخراوە و هاوشێوەكانی تری داعشە. راستە جۆرێك لە ناكۆكی‌ و دوژمنایەتی‌ هەیە له ‌نێوانیاندا، بەڵام داعش نەیدەتوانی‌ بەو شێوەیە ئامادەیی‌ هەبێت ئەگەر تالیبان دووبارە نەگەڕابایەوە ئەفغانستان.

تالیبان بەرپرسە لەو رەفتارانەی‌ داعش و بەرپرسیارێتی‌ رووداوەكانی‌ ناوخۆیی‌ هەڵدەگرێت، چونكە تائێستا خوێندنەوەیەكی‌ روون لەبارەی‌ بزوتنەوەكە و گۆڕینی‌ شێوازی‌ كاركردنییەوە نییە. ئەو بیرۆكە و ئایدیایانەی‌ لەسەری‌ دروستبووە، تائێستا كاریان پێدەكات و دەستبەرداری‌ نەبووە.

هەر لەبنەڕەتیشدا ئەو بیرۆكە و ئایدیایانە بەشێكی‌ گرنگی‌ پێكهاتنێتی‌.

بەڵێنی‌ بریقەدار و دروشمی‌ ساختە

تالیبان لەوەتەی‌ جڵەوی‌ دەسەڵاتی گرتۆتەوە دەست، جگە لە بەڵێنی‌ بریقەدار و دروشمی‌ ساختەی‌ بێ‌ ناوەڕۆك هیچی‌ تری‌ نەكردووە. سەرەتا رایگەیاند كە پێكهاتەی‌ حكومەتی‌ نوێ‌ سەرجەم نەژاد و كەمایەتییەكان دەگرێتەوە و هەر پشتونەكان نین، بەڵام دەركەوت زۆرینەی‌ ئەندامانی‌ حكومەتەكەی‌ هەر ئەندامانی‌ بزووتنەوەكەن، نەك هەر ئەوە، بەڵكو پێكهاتەی‌ حكومەتەكەی‌ بریتییە لەو كەسانەی‌ كە پێشتر لە لیستی‌ تاوانبارانی‌ تیرۆر بوون. بۆ نموونە: وەزارەتی‌ ناوخۆ دراوە بە (سەراجەدین حەقانی‌) كوڕی‌ جەلالەدین حەقانی‌. وەزارەتی‌ بەرگریی دراوە بە مەلا محەمەد یەعقوب كوڕە گەورەی‌ محەمە عومەر، سەركردەی‌ پێشووتری «موجاهیدەكانی‌ ئەفغان» و یەكێك بوو لە یاریدەدەرەكانی‌ (هیبەتوڵڵا ئا‌خوندزادە). سەرۆكایەتی‌ حكومەتیش بۆ محەمەد حەسەن ئا‌خوند، كە لەساڵی‌ 2001 دا وەزیری‌ دەرەوە بوو، كاتێك ئەمریكا داوای‌ لە بزووتنەوەكە كرد ئوسامە بن لادن رادەستی‌ هێزەكانی‌ بكات و رەتیكردەوە، ئەو بە وتەیەكی‌ بەناوبانگ دەناسرێتەوە كە دەڵێت: «ئوسامە بن لادن میوانی‌ ئەفغانستانە و رادەستی‌ ناكەین».. تەنانەت پارێزگاریشی‌ لێ دەكرد.

تالیبان هەر زوو بۆ راكێشانی‌ رای‌ گشتی‌ و هێوربوونەوەی‌ دۆخەكە رایگەیاند: كە ئەوان رێز له ‌مافی‌ ژنان دەگرن و بەشدارییان پێدەكەن لە كابینەی‌ حكومەتدا، بەڵام نەك هەر بەشدارییان پێنەكراوە، بەڵكو هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن تەنانەت لە خوێندن و كاری‌ ئیدرایش بێبەش كراون.

لەماوەی‌ رابردووشدا هەر گردبونەوەیەكی‌ ژنان هەبووبێت، بە زەبری‌ لێدان و هێز بڵاوەی‌ پێكراوە. بۆیە پێناچێت ژنان هیچ پێگەیەكی‌ان هەبێت لەژێر سایەی‌ تالیباندا.

دواجار دەركەوت تالیبان ناتوانێت بەرەنگاری‌ ئەو رێكخراوە ببێتەوە، چونكە له ‌راستیدا جیاوازییەكی‌ ئەوتۆیان نییە لە بیرو ئایدیۆلۆژیادا، راستە هەریەكە و ئەویتر رەتدەكاتەوە، تالیبان پێوایە بەڕێوەبردنی‌ وڵات مافی‌ بزووتنەوەكەیە و داعشیش خۆی‌ پێ‌ رەواترە و پێگەیەكی‌ لەنێو ئەمارەتەكەدا بۆ خۆی‌ خولقاندووە كە پێی‌ دەوترێت ئەمارەتی‌ ئیسلامی‌.

چەندین هێزی تیرۆریستی و توندڕەوی تێدایە

ئەفغانستان ئێستا لەلایەك دابەش بووە له ‌نێوان تالیبان كە كاروباری‌ دەوڵەت و حكومەت بەڕێوە دەبات، رێكخراوی‌ قاعیدەش كە دەبێتە كارەكتەرێكی‌ سەرەكی‌ سەر شانۆی‌ رووداوەكانی‌ داهاتوو لەو وڵاتە. هەروەها شەبەكەی‌ حەقانی‌ كە نوێنەرایەتی‌ باڵی‌ سەربازیی‌ بزوتنەوەكە دەكەن و داعش ــ ویلایەتی‌ خۆراسان، كە پێیوایە ئەوانە هەموویان دوژمنی‌ ئەون و پێویستە بیانسڕێتەوە.

بەڵام لەهەمان كاتدا ئەو دوژمنایەتییەی‌ نێوانیان رێگر نابێت لە دابەشكردنی‌ دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی‌ وڵاتەكە، بەتایبەتی‌ چونكە ئێستا تالیبان توانای‌ روبەڕوبوونەوەی‌ داعشی‌ نییە، بەمەش داعش بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی‌ ئەجێنداكەی خۆی، چ بۆ خەڵكی‌ وڵاتەكە یان بۆ خودی‌ بزووتنەوەی‌ تالیبان. سەرباری‌ رووخانی‌ خەلافەتی‌ ئیسلامیش لە رەقە و موسڵ‌ لە 2016 و 2017، بەڵام پێدەچێت داعش بە بەرگێكی‌ ترەوە خۆی‌ نمایش بكاتەوە.

ئەوەی‌ زۆر روونە لێرەدا جیاوازیی‌ نێوان ئەو رێكخراوە و تالیبان تەنیا له ‌میكانیزمی‌ جێبەجێكردندایە، چونكە قەبارەی‌ ناكۆكییەكانیان لاوازە و لەڕووی‌ فیكری‌ و ئایدیۆلۆژیاوە هەمان رێچكە و رێبازیان هەیە. ئەمارەتی‌ ئیسلامی‌ یان دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌، كوشتنی‌ كافرەكان یان هەڵگەڕاوەكان، هەمووی یەك ئامانجە. بۆیە هیچ جیاوازییەك له ‌میتۆد و بیركردنەوەیاندا بەدیناكرێت تەنیا له ‌شێوازی‌ بەرێوەبردندا نەبێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.