سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كاریگەریی ژن لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا

16/10/2021



رۆزا دڵشاد مەریوانی

كاتێك باس لە رۆڵی ژن دەكرێت لە كۆمەڵگەدا رەنگە زۆر كەس بە تایبەتی لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا تا ئێستا بە چاوێكی كەم تەماشای رۆڵ و گرنگی ژن بكەن لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا، ئەو توێژینەوانەی بەردەوام لە بوارەكانی گەشەپێدانی مرۆیی و پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا دەكرێن دەریانخستووە تا بەشداری ژن لە كۆمەڵگەدا زیاد بێت ئەو كۆمەڵگەیە زیاتر پێشدەكەوێت، واتا رەخساندنی بوارە جۆراوجۆرەكان بۆ ژن و ئاسانكردن نەك رێگریكردن لێی بۆ سەلماندنی خودی خۆیان وادەكات ئەو كۆمەڵگەیە پێشبكەوێت، دیارترین نموونەش وڵاتە پێشكەوتووەكانن كە تێیدا ژن بوارێك نەماوەتە تێیدا جێی خۆی نەكاتەوە راستە ئەوانیش لە زۆر رووەوە تا ئێستا هەندێك بۆشایی و نایەكسانی هەیە لە نێوان هەردوو رەگەزدا، بەڵام ئەو راستییە ناشارێتەوە كە ژنان بە هەوڵ و بەشداریكردنیان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا وایانكردووە كۆمەڵگەكانیان پێشبكەوێت.

كاریگەریی چییە؟

رەنگە زۆر كەس بپرسێت بۆچی؟ ژن چییە تاوەكو كاریگەری هەبێت لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا؟ بێگومان جگەلەوەی ئەم دونیایە هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە بەیەكسانی دابەشبووە بەسەر هەردوو رەگەزدا، ژن و پیاو ناتوانن بە تەنیا بژین، هۆكارێكی دیكە ئەوەیە ژن لەگەڵ هەموو ئەركە مێینەكانیدا وەكو ژن و كابانی ماڵ هەستی دایكایەتی و بوون بە دایك وایلێدەكات ببێتە مرۆڤێكی باشتر لەوەی هەیە، بوون بە مرۆڤێكی باشتریش وادەكات توانای باشترت هەبێت پێشكەشی بكەیت و كاریگەریت هەبێت لەسەر پێشكەوتنی كۆمەڵگە، بەو پێیە هەر كۆمەڵگەیەك رێگەكانی هاتنە دەرەوەی ژن لە ماڵ و بەشداریكردنیان بگرێت ئەو كۆمەڵگەیە لە دواكەوتوویی و نەداریدا دەژی كە زیندووترین نموونە ئەفغانستان و ژنانی ئەوێن، كاتێك دوای نەمانی تالیبان چۆن كاریان كرد و كاریگەرییان هەبوو لەسەر بوژانەوەی وڵاتەكەیان و ئێستاش دوای گەڕانەوەی تالیبان وردە وردە رێگەكان لەبەردەم ژناندا دادەخرێنەوە و وا چاوەڕواندەكرێت وڵاتەكە رووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری قورس بێتەوە، لەبەرامبەردا وڵاتە پێشكەوتووەكان رێگەیان دا ژن بەشداری مەیدانی كار و تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی و سیاسەت..هتد بكات، چونكە ئەو وڵاتانە زوو دركیان بەوە كرد كە دونیا بەبێ رۆڵی ژن و دەستی كاری ژن بەڕێوەناچێت و ناتوانرێت ژن بكرێتە پەراوێزەوە و مافەكانی زەوت بكرێت، بۆیە وڵاتەكانیان بەرەو پێشكەوتن و گەشەسەندن چوو، نموونەش بۆ ئەو جۆرە وڵاتانە زۆرن.

خۆی بسەلمێنێت

كەواتە تا رێگە بە ژن بدرێت جگە لە ماڵ و منداڵ و دایكایەتی خۆی بسەلمێنێت زیاتر كۆمەڵگە پێشدەكەوێت، ناتوانرێت چاوەڕێی ئەوە بكەین وڵاتەكەمان پێشبكەوێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ژن لە ماڵەوە بەند بكەین یان رێگەكانی بەردەم دەركەوتنی قورس بكەین، هەرچەندە وڵاتێكی وەكو وڵاتی ئێمە راستە بە وڵاتێكی دواكەوتوو دادەنرێت، بەڵام كورد لە چاو زۆر نەتەوەی تری وڵاتانی جیهانی سێدا پێشكەوتووترە، راستە زۆرمان ماوە بگەینەوە بە وڵاتەكانی ئەوروپا و ئەمریكا لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ نەریت هەر لە كۆنەوە لە نێو كوردا هەبووە و تێیدا رێز لە ژن گیراوە و مامەڵەی تایبەتی بۆ كراوە، هەروەها هەندێ یاسای كار لەم وڵاتەدا هەیە تێیدا لە شوێنی كار بە تایبەتی شوێنە حكومییەكان زۆر ئاسانكاریی بۆ ژن كراوە كە بتوانێت هەم كار بكات و هەروەها رۆڵی خۆی وەكو دایك و ژن بگێڕێت، جگەلەوەی ئەوەی لەم وڵاتەدا نییە ئەوەیە بڕی مووچە بەپێی رەگەز جیانەكراوەتەوە كە تائێستا لە زۆر وڵاتی پێشكەوتوو مووچەی ژنێك كەمترە لە پیاوێك تەنیا لەبەرئەوەی ژنە و بۆشایی لە نێوان مووچەی هەردوو رەگەزدا هەیە لەسەر بنەمای رەگەز نەك كار، هەروەها لەوێ بەرزبوونەوەی پلەی وەزیفی پەیوەندی بە رەگەزەوە هەیە و تەنیا لەبەرئەوەی ژنە تا پیاوێك وەستا بێت پلەی ژنەكە بەرز ناكرێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە جیاوازییە لێرە ئەگەر هەشبێت زۆر كەمە.

مەیدانی سیاسەت

شتێكی دیكە كە تێیدا هەوڵدراوە لێرە ئاسانكاریی بۆ ژن بكرێت مەیدانی كاری سیاسییە كاتێك كۆتا لە پەرلەمان بۆ ژن دانرا لای زۆر كەس دڵخۆشكەر نەبوو تائێستاش زۆر رای نێگەتیڤ لەبارەیەوە دەوترێت، بەڵام بە رای من هەبێت باشترە تا ئەو كاتەی دەبینە وڵاتێك پێویستمان بە كۆتا نابێت بۆ دەركەوتن و هاتنە پێشەوەی ژنان لە كاری سیاسیدا، لە ئێستاشدا زۆر ژنی بە توانا لە مەیدانی سیاسەتدا هەن و جێ دەستیان دیارە و بەبێ كۆتا گەیشتوون بەو پلەو پۆستانە راستە ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام كاتێك تواناكانیان دەبینرێت دڵخۆشكەرە یان كاتێك دەبینم ژنێك بەبێ كۆتا دەنگی پێویستی لە هەڵبژاردندا هێناوە و بە توانای خۆی گەیشتۆتە ئەو پلەیە من وەكو ژنێك شانازی پێوە دەكەم.

كەموكوڕیمان زۆرە

هەرچەندە كەموكوڕیمان زۆرە و هێشتا زۆر كەس بە بینینی ژنێك و دەركەوتنی تواناكانی لە هەر بوارێكدا بێت لەسەر تیڤی یان سۆشیال میدیا هێرشی دەكەنە سەر، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبینین زۆرێكی دیكە رایان جیاوازە و بەرگری و دەستخۆشی لێدەكەن، زۆر ئاسانە هەوڵبدەیت بە وشەی نەشیاو ژنێك بشكێنیت و هێرشی بكەیتە سەر، بەڵام ژنێك بە توانا بێت چەندە هەوڵی شكاندنی بدرێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە و لە گرنگی كەمبكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە ژنی كورد جا لە هەر بوارێكدا بێت نەترسێت و متمانەی بە خۆی بێت و هەوڵبدات بۆ بەشداریكردنی لە گەشەسەندنی كۆمەڵگەكەی خۆیدا تەنیا لەبەر خۆی نا، بەڵكو لەبەر كچ و نەوەكانی دوای خۆی، دەبێت ئێمەی ژنان بزانین ئەم دونیایە پێویستی بە ئێمەیە و كۆمەڵگەكەمان بە بێ دەستی ئێمە پێشناكەوێت ئەگەر نا ئەوا هەموو لە تاریكی و نەداریی و دواكەوتووییدا دەژین.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.