سەركەوتنی گەورەی ئەو ژمارەیە لەكاندیدە ژنەكان لەسەرجەم هێزە سیاسییەكان بەیەكێك لەگەورەترین موفاجەئەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت دادەنرێت و 97 كاندیدی ژن توانییان كورسی لە پەرلەمانی داهاتوودا بەدەستبهێنن ئەوەش بۆ خۆی ژمارەیەكی پێوانەییە كە پێشتر ژنانی عیراق نەیاتوانیبوو ئەوە بەدەستبهێنن لەوكاتەوەی پرۆسەی سیاسی دیموكراتی لەوڵات دەستیپێكرد و رزگاركردنی لەدەستی رژێمی بەعس لەدوای ساڵی 2003دا.
لەدەقی دەستووری عیراقدا باس لە سیستمی كۆتای ژنان كراوە تاوەكو نوێنەرایەتیان لەپەرلەماندا هەبێت، لەمادەی (49) دا هاتووە كە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان رێژەیەك بۆ ژنان مسۆگەر بكات كە نابێت كەمتر بێت لە چارەكی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەمجارە 83 ژن توانییان سەركەون و كورسی لە پەرلەمانی عیراق بەدەستبهێنن لەكۆی 329 كورسی، ئەمەش بەمانای زیادبوونی 14 كورسی دەگەیەنێت و 57 پاڵێوراوی ژنیش بەبێ كۆتا و بەهێزی دەنگدەرانی خۆیان توانیویانە كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن، هەروەك چۆن یوسرا كەریم موحسن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی (بەتواناكردنی ژنان) لەئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردۆتەوە لێی و لەراگەیەنراوێكدا تەئكیدی كردەوە كە 97 كاندیدی ژن سەركەوتوون و كورسیان لە پەرلەمانی داهاتوودا بەدەستهێناوە.
سەركەوتنی 97 پاڵێوراوی ژن بەڵگەی سەركەوتنی ژنانی عیراقە
د. نەرمین مەعروف كە یەكێكە لەكاندیدە دەرچووەكانی هاوپەیمانی كوردستان و توانی كورسی لەپەرلەمانی داهاتوودا بەدەستبهێنێت، سەركەوتنی ئەم ژمارەیە لەژنان بۆ پەرلەمانی داهاتوو بەخاڵی وەچەرخان دادەنێت لەپرۆسەی سیاسیدا.
د.نەرمین مەعروف رایگەیاند، سەركەوتنی 97 پاڵێوراوی ژن بۆ پەرلەمانی داهاتوو رێژەی 30%ی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی عیراق پێكدەهێنێت و ئەمەش بەخاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لەپرۆسەی سیاسی و بەشداریكردنی كۆمەڵگە تێیدا، گەیشتنی ئەم ژمارەیە لەژنان بۆ پەرلەمان بەڵگەی سەركەوتن و مكووڕبوون و پەرۆشی ژنانە لەبەشداریكردنیان لەپرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیاردا، هەروەها هەنگاوێكە رووەو ئەوەی ژنان نوێنەرایەتی سیاسیان بدرێتێ كەیەكسان بێت بەو قەبارەیەی لەناو كۆمەڵگەدا هەیانەو ئەو كورسیانەشیان تێپەڕاند كە بەشێوەی كۆتا بۆیان تەرخانكرابوو، هیواشی خواست كە بوونی ئەم ژمارەیە لەپەرلەمانتارانی ژن لەئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو ببێتە دەرفەتێك بۆ یەكخستنی دەنگی ژنان بەئاراستەی ئەو پرسانەی كەپەیوەستن بەمافەكانی ژنان و بەهێزكردنی پێگەیان و پارێزگاریكردن لەمافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان.
جێی ئاماژەشە بەپێی ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی راگەیەنراوە، لەكۆی ئەو 18 كورسییەی كە هاوپەیمانی كوردستان لەپەرلەمانی داهاتووی عیراقدا بەدەستیهێناوە 11یان پاڵێورای ژن بوون، ئەمەش بەلای د.نەرمین مەعروف بەرجەستەكردنی ئەو پرەنسیپانەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕوای پێیان هەیە سەبارەت بەمافی ژنان.
ئەم ئەنجامە گەورانەی سەركەوتنی پاڵێوراوە ژنەكان سەرجەم ژنانی عیراق دڵخۆش كرد بەتایبەتیش لەنێو میدیاكارانی ژنان كەهیواخوازن سەركەوتنی ئەم ژمارە گەورەیە لەكاندیدانی ژنان بۆ پەرلەمانی داهاتووی عیراق رۆڵی كاریگەریان هەبێت لەدەركردنی بڕیارو دانانی ئەو یاسانەی كەلەبەرژەوەندی ژنان و خێزاندا بێت و دۆخی ژنانی عیراق چاك بكات.
بوونی ژنان لەپرۆسەی سیاسیدا پێویستە
ئیخلاس خەلیفە میدیاكار دووپاتیكردەوە كە بوونی ژنان لەپرۆسەی سیاسیدا یەكجار پێویستەو بەتایبەتی كەلەعیراق پرۆسەی دیموكراتی هەیە، بۆیە پێویستە ژنان بەشداری بكەن و ژمارەیەك یاسا هەیە دژ بە ژنانە و زۆرێك لە مافەكانیان پێشێلكراوە، وەك لەپرسەكانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، بەخێوكردنی منداڵ ،پێویستی بەوەیە ژنان پچنە پەرلەمان و رۆڵی تەواوی خۆیان لەوێ بگێڕن.
بوونی ژنان لەپەرلەمان خۆی لەخۆیدا هێزە بۆیان
زوحا مەعازیدی میدیاكار وایدەبینێت كە ژنان هێشتا هەر سەكەوتوون و وێرای ئەو سەرزەنشت و رەخنە پیاوسالارییانەی لێیان دەگیرێت، دووپاتیشی كردەوە كە هەبوونی ژنان لەناو پەرلەماندا تروسكاییەك لەهیوا بەسەرجەم ژنانی عیراق دەبەخشێت.
مەعازیدی راشیگەیاند، زیادبوونی دەرفەتی بەشداریكردنی ژنان لەهەڵبژاردنەكاندا بەڵگەیە لەسەر رەزامەندی لایەنە پیاوسالارییەكە كە دەڵێت (ژنان نیوەی كۆمەڵن) دوای ئەوەی پیاوان رەتیان دەكردەوە ژنان لەپێگەكانی دروستكردنی بڕیاردا ببینن و ئەوەش بەهۆی داب ونەریت و سروشتی كەلتووری كۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە.
وتیشی، بوونی ژنان لەپەرلەمان و بێگوێدانە ئەو ژمارەیەی هەیە هێزێك و تروسكاییەكی هیوایان پێدەدات تاوەكو یاساكان لەبەرژەوەندی ژناندا بێت، ئاماژەشی بەوەدا ژنان بەسەرسەختی خۆیان توانیویانە بوونی خۆیان بسەلمێنن و لەسەرجەم بوارەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنن وێرای ئەو گازندەو گلەییانەی كەلەلایەن كۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە ئاراستەیان دەكرێت.
مەعازیدی ئاماژەی بەوەشكرد، كەئەو وەك میدیاكارێك كە لەرێكخراوێكدا كاردەكات پەیوەستە بەكاروباری ژنان و میدیا و گرنگی بەكێشەكانی خێزان و ژنان دەدات پێخۆشحاڵە بەسەركەوتنی ئەو ژمارە بەرچاوەی كاندیدە ژنەكان بۆ پەرلەمان و پەسەندكردنی ئەو یاسایانەی كە تایبەتن بەپاراستنی خێزان و مناڵان.
پێویستە سەركەوتنی ئەم ژمارەیە لەژنان بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی پرسی ژنان
میدیاكار د.سابرین خەزعەلی داوای لە كاندیدە دەرچووەكان كرد بوونی خۆیان بەو ژمارە گەورەیە لەپەرلەمانی داهاتوودا بخەنە خزمەت بەرژەوەندی پرسەكانی ژنانەوە.
د.سابرین خەزعەلی راگەیاند، یەكێك لەو بابەتە ئەرێنییانەی لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا تێبینیمان كرد ژمارەیەك باش لەپاڵێوراوانی ژن بۆ پەرلەمان سەركەوتوون و ئەمەش خاڵێكی یەكجار گرنگەو هیوادارین بەشێوەیەكی باش سوودی لێوەربگرن و بخرێتە خزمەت بەرژەوەندی پرسی ژنان لەعیراقدا.
وتیشی، سەرباری بەربەستە گەورەكان و كۆنترۆڵی دیاری فراكسیۆنە گەورەكان بەڵام هێشتا هیوامان هەیە كە كاندیدە ژنە دەرچووەكان بۆچوونی خۆیان پسەپێنن و بەشێوەیەكی راستەقینەو بەجددی و بەكۆمەڵ كاربكەن لەپێناو چارەسەركردنی سەرجەم ئەو پرسانەی كە پەیوەستن بە دۆخی ئێستای ژنان لەعیراق و پەسەند كردنی ئەو بڕیارو یاسایانەی كە تایبەتە بەخێزانەوە، داواشی لە كاندیدە ژنە دەرچووەكان كرد كە ئەوەی پەرلەمانتارە ژنەكانی پێشوو نەیاتوانیبوو بەشێوەیەكی واقیعی بیهێننەدی و خزمەت بەهاووڵاتیان بكات ئەوان تەواوی بكەن و چونكە ئەمە دەرفەتێكەو هەموو جارێك ئەوە دووبارە نابێتەوە تاوەكو بەو ژمارە زۆرە بوونیان لەناو پەرلەماندا هەبێت.
سەرچاوە/ پیوكەی میدیا