سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بارودۆخی ئایینی كوردستان بەر لە دەركەوتنی ئایینی ئیسلام

04/11/2021



كەیوان ئازاد  

دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی یارسان- كاكەیی

(ئایینی كاكەیی) وەك ئایینێكی تری كوردستانی، مێژووییەكی ناڕوونی لەنێو تۆمارە مێژووییەكاندا هەیە. تەنانەت یەكێكە لەو ئایینانەی، بە چەندین زاراوەی جیاجیا هاتووە، وەك (كاكەیی، یارسان، عەلی ئیلاهی، قەڵغانی، درووز).

سەرەتای دەركەوتنی ئەو ئایینە ڕوون نییە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكان دەگەینە ئەوەی، كە دوای ئایینی ئێزدی دەركەوتووە و شوێنی دەركەوتنیشی خاكی كوردستان بووە. بەپێی چەند تۆمارێكی مێژوویی، لە سەردەمی دەوڵەتی ماد ئاماژە بە زاراوەی (كاك) وەك پێكهاتەیەكی نێو دەوڵەتەكە كراوە.

(ئەلمەسعوودی)ش وەك گەشتیارێكی عەرەبی و ئیسلامی، ئاماژەی بە هۆزێكی كوردی چیانشین كردووە، كە ئەو بە (كاهكاهی) ناوی هێناوه. زۆریش پێدەچێت مەبەستی ئەو گەشیتارە ئیسلامییە، بوونی كۆمەڵێكی ئایینی بووبێت لە ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان، كە لە چوارچێوەی سیستەمی هۆزایەتیدا ژیابن. ئەوەش دیاردەیەكی ئاسایی و باوی سەردەمەكە و تەنانەت قۆناغەكانی دواتریش بووە.

(فەیروز ئابادی)ش وەك فەرهەنگناسێكی عەرەبی و ئیسلامی، ئاماژەی بە زاراوەی (كاكا) كردووە، بەڵام وەك كۆمەڵێكی ئایینی نا، بەڵكوو وەك ناوێك بۆ مانای (ترسنۆكی هەڵاتوو و دوژمنی دز). مەبەستیش لێی ئەوانە بووە، كە یان ترسنۆك بوون، یان دژایەتیی كاری دزییان كردووە و هەوڵی بنبڕكردنیان داوە. بەو بۆچوونەش بێت (كاك) لە مانای یەكەمدا بۆ كەسێكی بێدەسەڵات و لە مانای دووەمدا بۆ كەسێكی ڕەوشتبەرز هاتووە، كە دژی دیاردەی دزیكردن بوون. هەردوو ماناكەش لە پەیڕەوانی ئایینی كاكەییدا كۆبوونەتەوە، بەوەی زۆر لە ئایینەكەیان ترساون و هەوڵی شاردنەوەی ناوەڕۆكی پەیام و ڕێوڕەسمە ئایینییەكەیان داوە. هەروەها دیاردەی دزی و دزیكردن لایان تاوان و قەدەغە بووە.

(پارێزەر عەباس ئەلعەزاوی)یش بە (كاكەیی) ناوی هێناون و زاراوەكەشی بۆ وشەی (كاك)ی كوردی گەڕاندووەتەوە و پێی وابووە، لە ڕووداوەكەی (سوڵتان ئیسحاق) وەرگیراوە. ڕووداوەكەش ئەوە بووە، كە كاتێك (شێخ مووسا و شێخ عیسا) كوڕانی (شێخ بابا عەلی هەمەدانی) لە زێدی خۆیانەوە هاتوونەتە گوندی (بەرزنجە) و ویستوویانە مزگەوتی گوندەكە نۆژن بكەنەوە، دەستیان داوەتە كارەكە و گەیشتووەتە ئەوەی سەری مزگەوتەكە دارەڕا بكەن و بیگرن، كاتێك كارەكەیان ئەنجام داوە، یەكێك لە دارەكان كورتی هێناوە و نەگەیشتووەتە ئەو سەری دیوارەكە، بۆیە لەو كاتەدا (شێخ عیسا) بە (شێخ مووسا)ی برا گەورەی گوتووە (كاكە بیكێشە). واتە (كاكە دارەكە ڕابكێشە).

دواتر (ئیسحاق)، كە یەكێك بووە لە كوڕەكانی شێخ (عیسا) و لەگەڵ برا گەورەكەی هاوكاریی باوكی و مامی كردووە، ئەویش بە بە برا گەورەكەی گوتووە (كاكە بیكێشە). كاكیشی دەستی داوەتە دارەكە و دواتر (ئیسحاق)یش ئەمسەری دارەكەی گرتووە و ئیتر دارەكە درێژ بووە و گەیشتووەتە ئەوسەری دیوارەكە. بەوەش كارەكەیان تەواو كردووە.

ئەو ڕووداوە لای كاكەییەكان بە موعجیزەیەكی (شێخ ئیسحاق) زانراوە، كە دواتر بە (سوڵتان ئیسحاقی بەرزنجی) یان (سوڵتان سەهاكی بەرزنجی) وەك گەورە كەسایەتیی ئایینەكە ناسراوە.

لەو تۆمارانەشەوە دەگەینە ئەوەی كە مێژووی دەركەوتنی ئایینەكە بۆ پێش دەركەوتنی (سوڵتان سەهاك) دەگەڕێتەوە، كە لای بەشێكی پەیڕەوانی ئەم ئایینە و ئایینناس و مێژوونووسان و توێژەران، بە ڕابەر و دامەزرێنەری ئایینەكە دانراوە.

تەنانەت پێش ئەویش چەندین كەسایەتی و پێشەوا و رابەڕی ئایینەكە هەبوون، وەك (بەهلوولی ماهی، شاخوشینی لۆرستانی). واتە ئەوەندە كۆن نییە هێندەی ئایینی ئێزدی، وەك لە (سەرەنجام) كتببی پیرۆزی ئەم ئایینەدا هاتووە. ئەوەندەش نوێ نییە، وەك سەرچاوەكانی مێژووی ئیسلام باسی دەكەن، بەڵكوو بۆ چەندین سەدە پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەمەو سەرچاوەكەشی بۆ شوێنكەوتووانی (عەلی كوڕی ئەبی تالیب/ڕ.خ) ناگەڕێتەوە، وەك هەندێك سەرچاوە باسیان لێ كردووە، بەڵكوو خودی ئایینەكە مێژووییەكی دوورتری بەر لە دەركەوتنی ئایینی ئیسلام و ئەو كەسایەتییە ئیسلامییە هەیە، بەڵام بەهۆی دەركەوتنی ئایینی ئیسلام و ئەو فشارەی لەلایەن دەوڵەتانی خەلافەت و بەتایبەت دەوڵەتانی (ئومەوی و عەباسی) كردیانە سەریان، ناچار كران بكەونە ژێر كاریگەریی ئایینی ئیسلام و ئەو كۆمەڵ و ئایینزایانەی لە ناواخنی ئایینی ئیسلام جیابوونەوە.

كاتێكیش لە مێژووی ئەو ئایینە و پێشەواكانیان ورد دەبینەوە، دەگەینە ئەوەی كە زۆربەی هەرە زۆری پێشەواكانیان كورد و خەڵكی كوردستان بوون. تەنانەت مەڵبەندی یەكەمی دەركەوتنی ئایینەكەش هەر خاكی كوردستان بووە، بۆیە بوون و بڵاوبوونەوەشی بە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا، دیاردەیەكی نامۆ نەبووە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.